کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆنگره‌و کۆنگره‌کاری ئه‌حزابه‌کانی کوردستان و که‌ڵتووری سیاسی

Thursday, 19/08/2010, 12:00


کۆنگره‌ پێناسه‌ی سیاسی دروستی خۆی هه‌یه‌، هه‌موو که‌سێکی سیاسی و حزبی له‌ مانا و ناوه‌رۆکی کۆنگره‌ ده‌گات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ حزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کان هه‌ندێ حزبی تر هه‌یه‌ ته‌نها کۆسمه‌تیکایه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی یان نوێکردنه‌وه‌ی رووی ناشیرنیان له‌ نێو خودی حزبه‌کانی خۆیانداو کۆمه‌ڵگادا. له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ کوردستان چه‌ندین حزب کۆنگره‌ی به‌ست و ده‌به‌ستێ.

پێش هه‌موویان یه‌کگرتووی ئیسلامی کۆنگره‌ی به‌ست و چه‌ند بچمێکی (سه‌روکه‌لله‌ ی) گۆڕی و له‌ ناوه‌خندا هیچ له‌ ماهیه‌تیان نه‌ گۆڕا و خۆیان سازداوه‌ له‌ نێو په‌نهانی ئیلاهی و عه‌بای سعودی و شێخه‌کانی خه‌لیچ تا ده‌گاته‌ ئاک پارتسی و کۆماری ئیسلامی ئێران. په‌یامی یه‌کگرتوو ڕۆشنه‌ هه‌تا دونیا مایه‌ ته‌وقی کۆیله‌تی له‌ ملی خه‌ڵکی کرێکاروزه‌حمه‌تکێشان دایه‌ و ئه‌مه‌ش خوا جیاوازی له‌ نێوان ئینسانه‌کان داناوه‌و یاسای شه‌ریعه‌ی ئیسلامی سوونی تاکه‌ سیسته‌مه‌ بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان و ده‌یانه‌وێ کۆمه‌لگا بۆ دواوه‌ ببه‌نه‌وه‌. ئه‌م بنه‌مایانه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ پراکتیکدا تووشی شکست ده‌بن و هه‌رده‌م ئیسلامیه‌کان چه‌ندین شه‌ق ده‌بن و هه‌ر یه‌کێکیان له‌ ئاشێ لێده‌کات به‌ڵام له‌ گشتدا یه‌ک په‌یامیان هه‌یه وبه‌ڵام یه‌ک ئه‌ویتری پێ لاده‌ره‌، له‌م باره‌وه‌ له‌ حزبه‌ کۆمۆنیسته‌کان ده‌چن که‌ هه‌مان ده‌ردیان هه‌یه‌‌. چونکه‌ هه‌ردووکیان ئه‌رته‌دۆکسین و حزبی عقایدی و ئایدیۆلۆژی دیاریکراو له‌م کاته‌دا گه‌وره‌ترین گرفتی پراکتیکی هه‌یه‌، چونکه‌ کات ده‌رواو گۆڕاوه‌ و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌وانیش نه‌گۆڕن.

له‌ 1ی حوزه‌یرانی ئه‌مسالیش‌ یه‌کێتی کۆنگره‌ ی به‌ست و کۆنگره‌ی یه‌کێتی دووباره‌ و چه‌ند باره‌ هه‌تا تاله‌بانی هه‌ناسه‌ی بێ که‌س له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی ناهێڵی دابنیشێ وهه‌ر خۆی له‌ ڕابه‌ری ده‌هێلێته‌و که‌سیش ناتوانێ ڕکابه‌ری ئاشکرای بکات. ئه‌یه‌‌کێتی ته‌نها یه‌ک هه‌نگاویش له‌ قه‌یرانه‌کانی ڕزگار نه‌کرد به‌ڵکو زیاتر گرفته‌کانی قووڵکرده‌وه‌و زیاتر ساردی خسته‌ نێو ته‌شکیلاته‌کانیه‌و هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتی گرت له‌ دووباره‌ مانه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی و میراتگری سه‌رکردایه‌تی.

ئه‌مجاره‌ش تاڵه‌بانی جگه‌ له‌ خێزانه‌که‌ی که‌سی تر نه‌هێنایه‌ نێو سه‌نته‌ری بڕیاردان به‌ ئاشکرا به‌ڵام له‌ ناوه‌نده‌کانی تر هه‌روا جێگای که‌سانی خۆی قایم ده‌کات و هه‌ناسه‌ی یه‌کێتی به‌ده‌ست خۆیانه‌وه‌ گرتووه‌.

یه‌کێتی دوای کۆنگره‌ هه‌مان گرفتی ڕابردووی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ پارتیش هه‌مان وه‌زعیه‌تی هه‌یه‌‌، نه‌ده‌توانن مه‌ڵبه‌نده‌کانیان له‌ بادینان و هه‌ولێر چاڵاک بکه‌ن و نه‌ ده‌توانن ڕێگا خۆشکه‌ر بن بۆ ئازاده‌ی چاڵاکی لقه‌کانی پارتی له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا. به‌کورتی ئاڵوگۆڕێکی چۆنایه‌تی ئاوا پێشبینی نه‌ده‌کراو هه‌رواش ده‌رچوو.

کۆمه‌ڵی ئیسلامییش کۆنگره‌یان له‌ هه‌ولێر به‌ست وابزانم ئیشاره‌ کردن به‌ ناڕاستی ووته‌کانی سه‌رکرده‌یان که‌ پێده‌ڵێن ئه‌میر له‌ساڵی 2010 کافیه‌ که‌ گووتی من نه‌م ده‌ویست خۆم هه‌ڵبژێرمه‌وه‌ به‌ڵام ڕکابه‌رم نه‌بوو، ئه‌مه‌ قورئانی خوێندووه‌ و ئیسلامی عه‌یار 24 ه‌ و ئاوا به‌ڕۆژی ڕووناک خۆڵ ده‌کاته‌ چاوی ئه‌ندامانی ساده‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌ی که‌ له‌ واقعدا ناڕاسته‌ و له‌به‌ر ڕێزم بۆ ئینسان ده‌نا به‌یه‌ک ووشه‌ ده‌مگووت درۆیه‌کی شاخداره‌ و هیچی تر، به‌س خۆ شه‌رم نه‌ماوه‌ ئێستا و هه‌مووی بۆ بلۆک و دۆلار له‌سه‌ر سنگ ده‌خشن جا مه‌لا کان و ئیسلامیه‌کان و کۆنه‌ شوعیه‌کانی نێو پارتی له‌ هه‌مووان نه‌فس نزم ترن..

کۆنگره‌ی پارتییش که‌ قه‌راره‌ ببه‌سترێ له‌ هه‌موویان جیایه‌ ، پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو حزبه‌کانی تر له‌ کوردستان سێنترالیستی به‌هێزی هه‌یه‌ و ئه‌ندام بوون له‌ پارتی یه‌که‌مجار مانای ره‌عیه‌ت بوونه‌ بۆ ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ی که‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ که‌س شارراوه‌ نیه‌ ‌. پارتی هه‌ر له‌دوا جیابوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی له ماوه‌ت ئیتر بوو به‌ حزبی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بارزانی باوک هه‌موو خه‌ت و ختوته‌کانی تری بڕی. له‌ دوای سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر باڵی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌ کورتی بڵێن جه‌لالیه‌کان که‌ به‌یانی 11ی ئازاری 1970 یه‌که‌مین مشاهه‌داتی ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌ بوون ئیتر دامه‌زرانی پاراستن و سه‌رکردایه‌تی به‌ده‌ست کوڕی مه‌سعود (سه‌رۆکی ئێستا) و چه‌قکردنه‌وه‌ی مفاوه‌زاته‌کان به‌ ئیدریس بارزانی و خۆی و ده‌ورووبه‌ره‌که‌ی ئیتر ئه‌و حزبه‌ سیاسیه‌
ڕوویه‌کی تری وه‌رگرت و هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانیش ئه‌مه‌یان له‌به‌ر ڕابه‌رایه‌تی بارزانی باوک قه‌بووڵکرد و پارتی و بارزانی بوونه‌ دوو رووی یه‌ک دراو. دیاره‌ حزبی شوعی عێراق و هه‌ندێ ئه‌ندامانیان ڕۆڵێکی نێگه‌تیڤیان گێڕا ئه‌وکات دژی بزوتنه‌وه‌ی کورد دواتر ئه‌وانیش له‌ 1978ه‌وه‌ هه‌رده‌م وه‌کو گه‌سک پێش ره‌شماڵی بنه‌ماڵه‌یان ده‌ماڵی ‌ که‌ دیاره‌ هۆکاری خۆی هه‌بوو.

هه‌ر دوای هه‌ره‌س هێنانی شۆڕشی ئه‌یلول و دووباره‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی میلله‌تی کورد، دووباره‌ پارتیش هاته‌وه‌ سه‌حنه‌ی سیاسی به‌ ڕووی جیاجیا و هه‌ڵوێستی جیاجیا که‌ قازانجی بنه‌ماڵه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو مه‌سه‌له‌کانه‌وه‌ بووه‌ تا قازانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ش گه‌ل به‌ڕه‌وای بۆ ده‌دیتن، ته‌نانه‌ت ووته‌ به‌نرخه‌که‌ی ئیدریس بارزانی کافی بوو بۆی کاتێ ووتبووی ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌کرێ خۆ پێمان تێکده‌درێ. شکستی نه‌یارانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ زۆربه‌یان یان بوونه‌ حه‌لیفی سیاسی یان گه‌ڕانه‌وه‌ دیوه‌خان و سه‌ریان نه‌وی کرد و پشتیان له‌ به‌شێکی مێژووی خۆیان کرد. ده‌کرێ زۆر ناو بهێنین به‌ڵام من ته‌نها ناوی جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و سامی عبدولره‌حمان و نوری شاویس ده‌به‌م که‌ کافیه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانی تر.

جا له‌به‌ر ئه‌م مێژووه‌ که‌ به‌رده‌وام بووه‌ و له‌ پارتیش هه‌ر به‌به‌رده‌وامی ده‌مێنێته‌وه‌ چونکه‌ تاکه‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌م حزبه‌ خه‌ڵکی ناو حزب به‌ ڕه‌وای بۆ که‌سی تر نابینن و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.

په‌یڕه‌وپرۆگرامی حزبیش به‌ ووشه‌ جوانه‌کانی کۆنه‌ شوعیه‌کان ده‌ڕازێننه‌وه‌ که‌ خودی ئه‌ندامانیش ده‌زانن له‌ پراکتیکدا یه‌ک بست بڕ ناکات.‌ ئه‌م نه‌وه‌ له‌ ئینتهازیه‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ که‌ له‌ پێناوی مه‌کسه‌بی شه‌خسی ڕوویان له‌ قاپی بنه‌ماڵه‌کردووه باشترین نموونه‌ی نه‌وه‌ی هه‌ڵپه‌رستین و هیچ پێویست به‌وه‌ ناکا چونکه‌ رابه‌رانی پارتی ئه‌وان باش ده‌ناسن و هه‌موو ڕۆژێ به‌ سه‌دان شێوه‌ ڕه‌زیل و سه‌فیلیان ده‌که‌ن و هێشتا ئه‌وان مه‌منوونن. بۆیه‌ ئه‌م کۆنگره‌ی داهاتوو ته‌نها کار بیکات پیره‌کان بۆ خانه‌نشین و گه‌نجه‌ دلسۆزه‌کانی سه‌رکردایه‌تی بۆ پیشه‌وه‌ بێت. ئه‌مه‌ش هیچ له‌ بنه‌مای کۆمه‌ڵگای کوردی ناگۆڕێ.

به‌کورتی ئه‌م کۆنگره‌ و کۆنگه‌ره‌کاریه‌ ته‌نها کۆسمه‌تیکایه‌ و مکیاژێکی ته‌ڵخه‌ و وه‌کو بۆیه‌ی‌ قژی هه‌ندێ له‌ که‌سایه‌تی سه‌رکردایه‌تی کورد و لۆچه‌کانی ده‌موچاو و لێواری ملیانن. ڕۆژێ هه‌ر جارێ با سه‌یری خۆیان بکه‌ن ئینجا ده‌زانن چ ڕووخسارێکی جوانیان هه‌یه‌ یان من هه‌ڵه‌م ئه‌وه‌ داوای دۆست یان‌ ژنه‌ گه‌نجه‌کانیان به‌م ده‌رده‌یان ده‌به‌ن و ڕۆژانه‌ چه‌ند سه‌عات له‌ ته‌مه‌نی پیریان بۆ مکیاژ ته‌رخان ده‌که‌ن خوا قوه‌تتان بدات. (ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ شه‌خسیه‌ و داوای لێبووردنیان لێ ده‌که‌م به‌ڵام کات و ئیمکاناته‌کان له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌. ده‌بێ ئه‌وانیش له‌گه‌ل لێپرسراویه‌تی خۆیان گه‌ل دروست بن و ڕاستگۆ بن)

به‌کورتی له‌ واقعدا چاره‌نووسی میلله‌تی کورد له‌م نێوه‌دا قوربانی سه‌ره‌کی ئه‌م کۆنگره‌و کۆنگره‌کاریه و هیچی تر که‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ به‌رده‌وامی سلوکی کۆنی سیاسی ده‌دۆزێته‌وه‌ و به‌هه‌رده‌ردانی سامانی نیشتمانیه‌ له‌ گشتدا.

ئه‌م ده‌ورانه‌ی کۆنگره‌و کۆنگره‌کاریه‌ وه‌کو بارانی پایزه‌ ڕه‌نگه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بگرێته‌وه‌ و دواتریش حزبه‌ چه‌په‌کان و ئیتر یه‌ک له‌دوای یه‌ک به‌ڵام هه‌موویان له ده‌وری که‌ڵتوورێکی سیاسی کۆن دا ده‌سوڕێنه‌وه‌و هیچ ئاڵگۆڕێکی جدی ناخه‌نه‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ڵکو مانه‌وه‌ی هه‌مان وه‌زعی مه‌وجوده‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ زیانی گه‌ل کۆتایی دێت. ئه‌گه‌رچی له‌ واقعدا ده‌بوا حزبه‌کان که‌ڵتوورێکی سیاسی نوێ بێته‌ ئاراوه‌و کۆمه‌ڵگا وه‌رچه‌خانێ بکات له‌م وه‌زعه‌ ئاڵۆزانه‌یدا. هه‌روا دێ گرفته‌کانی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان که‌ڵه‌که‌ ده‌بن له‌ جیاتی چاره‌سه‌ر ببن. . کاتیش هه‌موو شتێکمان نیشان ده‌دات ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن ماوه‌مان بدات.


ئاسۆ حامدی

هۆله‌ندا 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە