دەورانی ڕابەر ، ڕابەری دەوران و فۆرمەکانی ڕابەری !
Monday, 08/04/2013, 12:00
کات و شوێن، پێویست و ڕیککەوت، هۆ وبەرئەنجام کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا و ڕابەر:
هەموو دەوران و کاتێ ڕابەری هەر بزوتنەوەو حزبێکی سیاسی لە شوێنی دیاریکراودا خۆی بەیان دەکات، ڕێککەوت و پێویست، هۆیەکان و بەرەنجام یەکلاکەرەوەی مەسەلەکەن ئایا ئەم ڕابەرە پڕ بە پێستی کات و شوێنەکەیە یان نە.
پراکتیک تووتسی (تاقیکردنەوەی) هەموو مەسەلەکانە و خەڵکی لە مێژووی سیاسی و دەورانی دیاریکراودا هەست بە سەرکەوتن و خۆ پێوەشۆڕکردنەوەی ڕابەر دەکەن لە کۆمەڵگادا. لە ووڵاتانی کە ئازادی سیاسی یەکلابووەتەوەو کۆمەڵگا یاساییە ڕابەران لەکاتی هەڵەکانیان باج دەدەن و زوو شوێنەکانیان چۆل دەکەن لە ووڵاتانێ کە ئازادی سیاسی هەروا لە ژێر مەترەقدایە ئەوا خەڵکی قوربانی هەڵە و هەڵوێستە نادروستەکانی ڕابەر دەدەن.
زۆر تیۆر و نەزەر بۆ ڕابەری نموونەیی لە سەرچاوەکانی کۆمۆنیکەیشندا هەیە بەڵام هەموویان لە چوارچێوەی نەزەری نووسەرەکانیان پەیوەندی بە شوێنی ژیان و گوزەرانی ئەوان هەیە. بەڵام لەم ووتارەدا باس لە دەورانی دیاریکراوی ڕابەر و پێداویستی دەوران بە ڕابەری خۆی و فۆرمەکانی ڕابەری دەکەین.
خەڵکی لە گشت دا یان شەقام سلوکێکی گشتی هەیە کاتێ کە ڕابەرێکی سەرکەوتووی لە دەورانێ بینی ئیتر هەموو لایەنەکانی تر لە بیر دەکەن و هەر ئەم لایەنە دەبینن، ئەمە زیاتر جۆرێ لە تاک لایەنی دروست کردووە لە هەندێ کۆمەڵگادا. خۆ بە پێچەوانەشەوە ئەگەر هەڵەیەک ببینن ئەوا هەر باس لە هەڵە کە دەکەن و هەر بەمە دەیناسنەوە. بەڵام مرۆڤی هۆشیار واوەتر دەچێت و تەماشای هەموو دەورانەکان دەکات و هەموو هەڵوێستەکان یەکلا دەکاتەوە ئەمانەش کەمایەتیەکی کەمن.
ئەگەر بەناچاری بۆ تیۆریەکانی کۆمۆنیکەیشن بچمەوە کە لە هەندێ ووتاریتریشم دا باسم لە ڕابەری کردووە ئەوە ئەم جارە باسەکانی فۆرمی ڕابەریم لەلا گرنگە ئەم شکل وشێوەیەی ڕابەری زۆر مەسەلە یەکلادەکەنەوە و تیشکێ دەخەنە سەر ڕابەری دروست لە دەورانی دروستدا و نووسینی مێژووی کۆمەڵگا لە دەورانی خۆیدا.
فۆرمەکانی ڕابەری:
١.ڕابەری ئۆتۆریتۆر (ڕابەری سەرکوتگەر ئیستبدادی).
.٢. ڕابەری دیموکراسی
. ٣. ڕابەری بەشدارکەر
هەر کۆمەڵگایەک و ڕێکخراوێ فۆرمێ لە ڕابەری داوادەکات و هەموو خەڵکی و مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی کۆمەڵگا بەشدارن لە دروستکردنی فۆرمی تایبەت بە ڕابەری لە کۆمەڵگا.
لە رابەری ئۆتۆریتۆردا ؛ هیچ مەودایەک بۆ گفتوگۆ نیە و وەک یاسای سەربازی وایە هەر دەبێ هەموو بڕیارێ بێ گفتوگۆجێبەجێ بکرێت و گفتوگۆ هەڵناگرێ و کەسیش توانای ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی نیە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سزای دیاریکراو. لەم فۆرمەدا ئامانج گرنگە و هۆیەکان مەسەلەک نین. بەهەر هۆیەک بێت دەبێ بڕیارەکان بە ئەنجام بگەن. ئەم فۆرمە لە هەندێ دەوران و ڕێکخراودا دەبێ وجودی هەبێت و دیسپلین لە بەرزترین حالەتی دایە. بەنموونە لە مەسەلەکانی ئاژانسی نەتەوەیی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێ ئەم فۆرمە لە ڕابەریە هەبن. بەڵام ئەگەر سەرۆکی ووڵات ئەم فۆرمەی هەڵبژارد وەکو لە زۆر ووڵاتاندا هێشتا هەن ئەوە سیستەمێکی سەرکوت و توقێنەر بەرهەم دێنن.
ئەگەر کۆمەڵگایەک بیەوێ ڕابەری ئۆتەریتە قەبووڵ نەکات. گۆڕینی ئەم فۆرمە لە ڕابەری لە کۆمەڵگای دیاریکراودا نەک هەر قوربانی دەوێ بەڵکو گۆڕینی ئەم پێشمەرجانەی دەوێ کەوا خودی ئەم فۆرمەی دروستکردووە، بەبێ ئامادەگی کۆمەڵگا بۆ گۆڕانی ئەم پێشمەرجانە هەندێ جار قوربانیش داد نادات. چوونە سەری فەرهەنگی خەڵک و گۆڕینی کەڵتووری ڕێکخراو و کەڵتووری کۆمەڵگا و ستراکتووری ڕێکخراوبوون لە کۆمەڵگا یارمەتی دەری گرنگن بۆ ڕادەدانان بۆ بەردەوامی ئەم فۆرمە هەروەها هاوسەنگی لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و بەیاسایی بوونەوەی کۆمەڵگا زۆر لەم پێشمەرجانە فەراهەم دەکەن.
ڕابەری دیموکراسی و فۆرمەکەی بۆهەمووان وەکو فەهمی دروستی دیموکراسیە لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا یەکێ لەهەرە سیفاتە باشەکانی ئەم فۆرمە بوونی گروپی فونکنشیەکانە (کاروتایبەتمەندەکاندا) لەکاتی بڕیارداندا.
ئەم گروپە بڕیاردەرە شوێن بە بڕیاری تاک و یەکلایەنەی ڕابەر تەنگ دەکاتەوەو مەودایەک بۆ ڕابەر تەنگ دەکاتەوەو دەبێ هەموو گروپەکە کێش بکات و دەسەلاتی تاک تەسک دەبێتەوە، لەلایەکی تریش لێپرسراویەتیەکە کۆمەکیە و هەرتاک یان ڕابەر لێپرسراو نیە بەڵکو هەموو گروپەکە دەگرێتەوە.
لە فۆرمی ڕابەری بەشدارکەردا ئەمە فۆرمێکی نێوەندیە لە نێوان فۆرمی ڕابەری سەرکوتکەر و دیموکراسی دا. ئەمە لە هەندێ کۆمەلگادا بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوسەنگیەکی ڕووکەشی یان هاوسەنگیەکی دروست لە نیوان ڕابەری و گروپی فونکشیەکاندا پەیدا دەبێت و خودی ڕابەر و گروپی فونکشیەکان کاردابەشکردنێ دەکەن. ئەم فۆرمە دەکرێ بە فۆرمی تێپەڕین ناوبنرێت یانی لە فۆرمی ڕابەری سەرکوت بۆ دیموکراسی. ئەم فۆرمە لەم دەورانەی دواییدا کە هەوڵ دەدرێت ببێ بە فۆرمی بەڕیوەبردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و بەرەنجامی بەهاری بەناو عەرەبی کە دوای ئەوەی شۆڕشە جەماوەریەکان لە ڕێڕەوی خۆیان و ئامانجەکانیان هەروا دێت دوور دەکەونەوەو ئیسلامی سیاسی بە مۆدێلی لە مۆدێلەکان خۆی بەسەر شەپۆلی نارەزایەتی دەسەپێنێ و ئەمەش ناکۆک نیە لەگەڵ ویست و داخوازیە سەرماداریەکان لە ناوچەکاندا.
لە زۆر لە کۆمەڵگاکاندا هەر دەورانێ فۆرمێکی ڕابەری هەیە یان داوادەکات، ئەمەش لەکاتی پراکتیکدا یەکلا دەبیتەوەو کۆمەڵگاش توانای قەبووڵی هەیە. بەڵام لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کۆمەڵانی خەڵک و ڕابەریش هەم درک بەوە بکەن کەوا ڕابەری و کاتەکان و شوێنەکانیان ئەوا لە گۆڕانێکی بەردەوام دان. هەروەها فۆرمی ڕابەری یموکراسی هەنگاوێکی بەسوودە بۆ دەورانە جیاجیاکان و کۆمەلگا چونکە هیچ مەجالێ بۆ سەرکوت و هەڵەکانی ڕابەر و تاک لایەنی ناهێلێتەوە. لەم فۆرمەدا هەم کۆمەڵانی خەڵک و هەم ڕابەر لە هاوسەنگیەکی مناسب دادەبن.
لە لایەنێکی تری تیۆری ڕابەردا لە زانستی کۆمۆنیکەیشن ئەوە تیۆری ڕابەرە لە دایەگرامی خۆیدا (هێڵی بەیانی) کە بە تەوەرەکان دەناسرێتەوە.
تەوەرەی ئاسۆیی و تەوەرەی ستوونی ڕابەر بریتین لە ڕابەری ئاگاداری خەڵکی ووڵاتەکەی دەبێت، لە تەوەرەی ستوونیدا ڕابەر ئامانجەکانی کۆمەڵگا بە گرنگ وەردەگرێت. هاوسەنگی ئەم دووە زۆرگرنگن و کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە نیوەدا بەڵام هەر ووڵات و کۆمەڵگایەک ئەوا ئەم مەسەلانە دیاری دەکەن و خودی فۆرمی ڕابەر ئەم وەزعە دیاری دەکات.
زۆر ڕۆشنە کە کات یەک ئاراستەی هەیە یان وەستان بە مانەوەی گەڕانەوە بۆ دواوە دێت و شوێن سێ ئاراستەی هەیە یان دووری هەیە کە ئەوانیش ئاسۆیی و ستوونی و قووڵیین، مێژوو لەسەر کەس ناوەستێ و ڕەحم بەکەس ناکات و هەموو شت و هەلوێستێ دەچێتە چوارچیوەی خۆی لەهەمان کات ڕابەر دەتوانێ مۆر بە هەموو کۆمەڵگاوە بنێت و تەکان بە کۆمەڵگا بدات و میژوویەکی تر بنوسێتەوە. زۆر نموونە هەن لە کۆمەڵگای جیاجیادا لە هەمان کات رابەر دەتوانێ کۆمەڵگا بەرەوهەڵدێر ببات و کاولی بکات ئەم نموونەش لە زۆر کۆمەڵگا و مێژوودا زۆرن.
بۆ زانستی کۆمۆنیکەیشن هیچ کام لەم فۆرمانە نێگەتیڤ نین بەڵکو پەیوەندی بە ئامانجی ڕێکخراو هەیە و هەر ڕێکخراوێ جۆرێ لە ڕابەرداوا دەکات. لە تیۆردا دەبێ هەموو جۆری ڕابەرەکان هەبن تا ڕێکخراوەکان بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا ببینن بەڵام بۆ ڕابەری ووڵات و فەرمانڕەوایی ئەوە مەسەلەیەکی ترە و ڕۆشنە.
بۆ کۆمەڵگای کوردستان خوێنەران دەتوانن خۆیان پۆلێنی ڕابەری بکەن و هەروەها ترسناکیەکان و هەڕەشەکان و شانسەکان و لایەنە پۆزەتیڤەکانی بۆ دەورانی مێژووی گەل هەڵبسەنگێنن.
بەڵام دەکرێ ڕابەران لەم دەورانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا میژوویەکی گرنگ تۆماربکەن دەکرێ خۆیان لە پراکتیکدا بە دوو فۆرم دابەش بن بۆ ناوەخۆ (نادوژمنانە) بە فۆرمی دیموکراسی بگۆڕین و هاوسەنگیەکی دروست لە کۆمەڵگا دروست بکەن و کۆمەڵگای بەرخۆر بۆ کۆمەڵگای بەرهەمهێن ببەن یانی نەرم ونیان ببن و یەکترقەبووڵ بکەن بەمەش مێژوویەکی تر دروست دەکەن تا نەوەی ئایندە شانازیان پیوەبکات. لە ڕووبەدەرەوەش (دوژمنانە) ئەوا بە فۆرمی ئۆتۆریتۆر کار بکەن و قازانجی بەرزی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی وەکو هێلی سوور لە هەوڵوێستەکانیان بەیان بکەن. بەڵام ئەم ڕابەریەی ئێستا فەهمی ئەم دەورانە ناکات و توانای هەزمی کاری هاوبەشی نیە ولە خەیاڵی حزبدا نقوم بووە و کۆمەڵگاش قوربانیەکەی دەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست