کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسه‌ته‌ سه‌ربازیه‌کانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و هه‌ڵبژاردن

Thursday, 04/03/2010, 12:00


له‌ دوایین پێشهاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراقی فیدراڵی و له‌ ئاڵوگۆڕه‌کی چۆنایه‌تی دا به‌ قه‌ولی ڕۆشه‌نیرانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌ مالکی سوپای سه‌دام زیندوو ده‌کاته‌وه‌ و هه‌م له‌لایه‌ک زه‌مانه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ خۆیی و حزبه‌که‌ی ده‌کات له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تریش هێزێکی سه‌ربازی به‌هیز بۆ خۆیی و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بینا ده‌نێت و دووباره‌ شوفینزمی عه‌ره‌بی پانئیسلامی و شیعی له‌ ناوچه‌که‌ زیندوو ده‌کاته‌وه‌.‌ 
له‌لایه‌کی تر نفوزی کورد له‌ سوپای عێراق و ده‌وله‌تی توافقی هه‌روا که‌م ده‌بێته‌وه‌و باڵایان ده‌چێته‌وه‌ یه‌ک ‌ و سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراقی که‌ کورده‌ خۆی به‌ ڕاشکاوی باس له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌کات و له‌ چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردیدا و ددانی پێداده‌نێت.
کشانه‌وه‌ی که‌سایه‌تیه‌ پله‌دارو ئه‌فسه‌ره‌کان له‌ سوپای عێراق به‌ بڕیاری سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کیتی و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ زۆر ناوچه‌کانی جێیناکۆکیه‌کان له‌ جه‌باره‌ و دیاله‌ و موسل و ته‌لکیف و سووک بوونی هێزه‌کانیان له‌م ناوچانه‌ هه‌موویان له‌ ژێر فشاری شوفینزمی عه‌ره‌بی و هێزه‌کانی ئه‌مریکا و غه‌رب بووه‌.
له‌لایه‌کی تر هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ میلیشیا ناو ده‌بن و ده‌رکردنیان له‌ کوردستان.
ئه‌م دوو ڕوویه‌ له‌ سیاسه‌تی سه‌ربازی توند بوون به‌ ناوه‌خۆ و فشه‌ڵی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وورووبه‌ر ڕیک پێجه‌وانه‌ی یه‌کترین و دژی قازانجه‌کانی گه‌لی کوردن. چۆن ده‌کرێ به‌م شیوه‌یه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی سه‌ربازی له‌ ووڵاتێکی فیدراڵ و مۆدێلی نوێ ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌نددا بکرێ. گرفته‌کان و ئاسته‌نگه‌کان و هۆیه‌کانی چین و له‌ئه‌نجامی چیه‌وه‌ ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟.
تواناکانی سه‌ربازی هه‌رێم له‌ باری سه‌ربازیه‌وه‌ و کۆلیژه‌کان و چه‌ک و تفاق و بودجه‌ و ئیمکاناتی هه‌واڵگری و ڕێکخراو و ڕاهێنانه‌کان و مه‌شق و هتد دیاره‌ له‌ چ ئاستێکدان له‌ به‌رامبه‌ر به‌ ووڵاتانی ئه‌قلیم و سوپای ئه‌مریکایی و غه‌ربی ئه‌مه‌ش هیچ شارراوه‌ نین و که‌میه‌تیش نیه‌ به‌ڵام هێزه‌که‌ بۆ ناوه‌خۆ جۆرێکی تره‌. ئایا ئه‌مه‌ وای کردووه‌ یان نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی سه‌ربازی و سیاسه‌تی سه‌ربازیه‌ که‌ خۆی له‌ خۆیدا نه‌بوونی سوپایه‌کی نیشتیمانی تۆکمه‌ و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت و په‌رله‌ماندا هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ شکستی سیاسه‌ته‌کان نه‌ک گرفتی تواناییه‌کان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ که‌مهێز و له‌ به‌رامبه‌ر ناوه‌ به‌هێزبێت.
له‌ نێو خودی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا هیزی پیشمه‌رگه‌ به‌هیزترین هێزبوو به‌ڵام هه‌روا هاوسه‌نگی هێزه‌کان به‌ڵای هێزه‌ کانی سوپای عیراقی ده‌شکێته‌وه‌و هیزی پێشمه‌رگه‌ش گرفته‌کانیان زیاد ده‌بێت.
زۆر له‌ مێژه‌ بانگه‌وازی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌کان و سه‌روه‌ری یاسا له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا هه‌مووانی هه‌راسان کردووه‌، به‌ ووته‌ هه‌مووان ڕازین به‌ڵام له‌ پراکتیکدا که‌س به‌رداری هێزه‌کانی خۆی نابێت و یاسا قه‌بووڵ ناکات.
گرفتترین مه‌سه‌له‌ لێره‌دا که‌ڵتووری زاڵی کۆمه‌ڵگا و که‌ڵتووری ڕێکخراوه‌یی یه‌ که‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ حزبیه‌کان له‌ کوردستان دا دروست بوون. تا ئه‌م که‌ڵتووره‌ کۆنانه‌و‌ مابن ئه‌وا هیزی سه‌ربازی حزب و لایه‌نه‌ کانیش ده‌مێنن.
هه‌ر خودی په‌رله‌مان یش دامه‌زراوه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده‌ی حزبه‌کانه‌ زیاتر ته‌نسیبکراون ئه‌مه‌ش خۆی له‌ سیاسه‌تی هه‌ڵبژاردن و مۆده‌ی دیموکراسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندو کوردستاندا ده‌دۆزێته‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌قالیده‌ کۆنانه‌ له‌نێو بچن ده‌بێ سه‌ره‌تا کۆمه‌ڵگا خوازیاری ئه‌م ئاڵوگۆره‌ بێت و ئاماده‌گی بۆ هه‌بێت و پێشمه‌رجه‌کانی بۆ ده‌ورانی داهاتوو ئاماده‌ بکات. له‌ ده‌ورانی ئه‌مڕۆدا گرفتی ئه‌مه‌ش نه‌بوونی هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یدا بوونی هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هۆشیار به‌ به‌رنامه‌یه‌کی دریژخایان و پان و به‌رین به‌ چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگای له‌به‌رچاوبگرێت و هه‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی توندی زانستی له‌ ده‌سه‌ڵات بگرێت و له‌گه‌ڵ پێداویسته‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ ئۆپراسیۆن و تاکتیک و ستراتیژدا بێته‌وه‌.
تاکه‌ ده‌سکه‌وتی سیاسه‌تی سه‌ربازی هه‌رێم پاراستنی ئارام و ئاسایشی کوردستانه به‌ هێزه‌کانی ناوه‌خۆ‌ که‌ به‌ڕاستی هه‌موو که‌س ناتوانێ له‌م باره‌وه‌ بڵێ که‌مته‌رخه‌میه‌کی به‌ به‌رنامه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هێزه‌ ناوخۆییه‌کانه‌وه‌ بووه‌، ئه‌گه‌رچی قوربانی زۆریش دراوه‌ به‌ڵام شایانی باسکردنه‌. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له‌باری ئابووریش هه‌مان ئارامیان هه‌با یانی هه‌موو ژیانی یان له‌ بیمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ته‌ندروستیه‌کان فه‌راهه‌م بوا ئه‌وا به‌ڕاستی ده‌بووه‌ نموونه‌یه‌کی زیندوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا.
گرفتێکی سیاسه‌تی سه‌ربازی هه‌رێم هه‌روا ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ قه‌راریان گرتووه‌ که‌سانی سه‌رده‌می شاخن و به‌هه‌مان بیر و هه‌مان بۆچوون کارده‌که‌ن و گه‌نده‌ڵی له‌نێو ده‌ستگاکانیاندا هیچ که‌متر نیه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و دام و ده‌زگاکانی تردا.
سوپا له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ دیموکراسیه‌کاندا به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و کێشمه‌ کیشه‌ سیاسیه‌کانن، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مووان ڕوونه‌ به‌ڵام دیاره‌ له‌ کوردستاندا به‌ پێچه‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ی بێلایه‌نیشی بۆ ده‌کرێت.
له‌م نێوه‌شدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی قوربانی ئه‌سلی یه‌ و چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگا بۆ نادیاری و یه‌کلانه‌کردنه‌وه‌دا ده‌ڕوات. هه‌مووان ده‌زانین ته‌مه‌نی فیدرالیزم له‌ نێو گه‌له‌ جیاجیاکاندا له‌ مێژوودا کورته‌ و باشترین نموونه‌ش ده‌وڵه‌تی فیدراڵی یۆگسلاڤیایه‌.
بوونی سوپایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌ زانستی و پڕمه‌شق له‌ ده‌ره‌وه‌ی کێشه‌ سیاسیه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌بێ ببێته‌ ئاواتی نه‌وه‌کان له‌ کوردستاندا. 
به‌ڵام ته‌شهیری هه‌ڵبژاردن و چاوسوورکردنه‌وه‌ و ده‌رکردنی یان له‌ کوردستان بنه‌مای سیاسه‌تی سه‌ربازی حیزبگه‌رایی له‌ کوردستان به‌یان ده‌کات و دووباره‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ دواوه‌ ده‌باته‌وه‌.
شکستی سیاسه‌ته‌کانی سه‌ربازی سه‌رکردایه‌تی کورد له‌م ده‌وارانه‌ی دواییدا به‌م هه‌ڕه‌شانه‌ پاساوناکرێنه‌وه‌. له‌لایه‌کی تریش کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێ هه‌رچی زیاتر داوای ئه‌وه‌بکه‌ن که‌ سووپایه‌کی پته‌وی هه‌رێم بینابکرێت و دامه‌زراوه‌کانی له‌ چوارچیوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم دا بدۆزێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ زۆر له‌مه‌ هه‌ڵده‌گرن تا له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌کی بچوکی ووتارێکدا یه‌کلابکرێنه‌وه‌، به‌ڵام مه‌به‌ست لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا سیاسه‌تی سه‌ربازی هه‌رێمی کوردستان سیاسه‌تیکی ته‌ندروسته‌ و به‌ گوێره‌ی قازانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکی کوردستان دیاریکراوه‌ یان هه‌روا قوربانی حزبه‌ و حزبایه‌تیه‌ له‌ سنووری هه‌رێمدایه‌و بێ به‌رنامه‌یه‌کی درێژخایان هه‌ناسه‌ ده‌دات. خوێنه‌ران ده‌توانن زیاتر بیر له‌م چه‌مکه‌ بکه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو دووری ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی دا که‌ ووڵاتانی ئه‌قلیمی و ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق و کوردستان و ووڵاتانی ئه‌نته‌رناسیوناڵ ده‌گرێته‌وه‌. 
  







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە