گۆشەیەک لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی لە کوردستان
Friday, 30/08/2013, 12:00
ووتەیەکی پێویست؛
بەدەستکاریەوە هەندێ لە پەراوێزەکانی پەرتووکی (بەشداری لە نوسینەوەی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری لە عێراق هەتا ساڵی ١٩٥٨ لە نوسینی نەسیر سەعید ئەلکازمی یەو لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی لێکۆلینەوەی سوسیالیستیە لە جیهانی عەرەب) لە زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە بە هیوام خوێنەران سوودی لێوەربگرن.
دەبێ ئەوەش بڵێم نوسەر خۆی ئەندامی حزبی شوعی عێراقە وخۆی لە نوسینەکەی تەرەفداری ئەو حزبەیە بەڵام من هەر بە پێویستم زانی وەک خۆی بڵاوی بکەمەوە، چونکە بۆ خوێنەری ئێستا ڕوونە و باوەڕناکەم خوێنەر گرفتێکی لەم بارەوە هەبێ.
تاکە ئامانج لەم وەرگێڕانە سوود وەرگرتنە لە مێژووی کۆمەڵگا بە مەسەلەی نەتەوایەتی و چینایەتیەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕابردوو بگەین و هەڵسەنگێنین وانەی بۆ ئێستا و ئایندە لێوربگرین. (وەک دەستەواژەی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە لە کات و شوێنی دیاریکراودا یان ئاڵوگۆڕدا).
سەرەتایەک لە مێژووی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە کوردستانی باشوور
پەراوێزی ٥ لاپەڕە ٢٠٤؛
سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، ئەو شۆڕشەی کە بەدرخانیەکان و شێخ عوبیدوللەی نەهری سەرکردایەتیان کردوو ئەمە بەرکەوتی لەگەڵ تەماحەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ڕووسیای قەیسەری و ئینگڵتەراو فەرەنسا هەبوو.
شۆڕشی کورد ئەوکات لە ژێر کاریگەری شۆڕشی ١٩٠٥ ی ڕووسیە و شۆڕشی مەشروتەی ئێرانی و خەبات بۆ دەستوور لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا بوو.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا کۆمەڵەی سیاسی و کەڵتووریە کوردیەکان دەستیان بە سەرهەڵدان کرد. شۆڕشی ئۆکتۆبەر کاریگەری زۆری لەسەر شۆڕشی کورد هەبوو، یەکەمین چاڵاکیەک کە بەکاریگەری بیری کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا شایانی باس بێت ئەوە گەڕانەوەی ئەو کوردە ئەسیرانە بوو کە سوپای سوور ئازادی کردبوون.
ئەم ئەسیرە کوردانە هەڵسان بە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی بەلشەڤیەکان و ڕابەرییان لینین لە سلێمانی و کۆیە. ناودارترینیان جەمال عیرفان بوو کە بەدەستی بەکرێگیراوانی داگیرکەرانی بەریتانیایی و کۆنەپەرستان لە سلێمانی تیرۆر کرا.
ڕەفیق حلمی لە ساڵی ١٩٢٠ کۆمەڵەی ئازادی کوردستانی دامەزراند، بەڵام تەمەنی درێژ نەبوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٢ مستەفا پاشا یامولکی و ڕەفیق حلمی و ئەوانی تر کۆمەڵەی کوردستانیان دامەزراند، بەڵام دوای سێ ساڵ خۆیان هەڵوەشاندەوە. وە لە ساڵی ١٩٣٥ حەمە ئاغای عەبدولرەحمان و عزەت بەگ پاشا و هاوڕیانی کۆمەڵەی فیداییانی نیشتمانیان دامەزراند، کۆمەڵە داواکاری بۆ چاکسازی دەکرد بەڵام دوای ساڵی خۆیان هەڵوەشاندەوە لەگەڵ ئەوەش کە دەسەڵات هیچ ڕێگریەکی ئەوتۆی بۆ نەهێنابوون.
لە ساڵی ١٩٣٧ هەندێ لە لاوە کوردەکان چاپکراوێکیان بە ناونیشانی کورد و عەرەب دەرکرد، داوای مافەکانی کوردیان دەکرد ئەمەش لە نووسینی ئیبراهیم ئەحمەد بوو.
شێخ لەتیف کوڕی شێخ مەحموود کۆمەڵەی کاری دامەزراند بۆ ڕزگاری کوردستان بەناوی کۆمەڵەی برایەتی. هەروەها گۆڤاری گەلاوێژ ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕۆشەن کردنەوەی بیری نەتەوەیی لە کوردستان گێڕا کە لەساڵی ١٩٣٩ دەردەچوو. هەر لە ساڵی ١٩٣٩ ڕەفیق حلمیی و هاوڕێیانی حزبی هیوایان دامەزراند بۆ ڕزگاری کوردستان. ئەم حزبە سوزێکی زۆری لەنێو سەرباز و ڕۆشەنبیرانی کورد پەیدا کرد. بەڵام سەرکردە ڕاستڕەوەکانی حزبی هیوا خۆی لە هاوکاری و هەرەوەزی شۆڕشی عەرەبی دوورکردەوە، هەربۆیەش کوردە ڕۆشەنبیرە چەپەکان نەبوون بە ئەندام لە حزبی هیوا و خۆیان لێ بەدوورخست. بەڵام دوای کێشە کەوتە نێوانیانەوەو لە ساڵی ١٩٤٤ هەڵوەشانەوە.
زۆربەی ئەندامانی حزبی هیوا بوون بە ئەندام لە حزبی ڕزگاری کورد کە لەساڵی ١٩٤٥ دامەزرا. کە ئەمەش کۆمەڵێک لە ئەندامانی حزبی شوعی کوردستان-عێراق دایان مەزراندبوو و ناسیونالیستە کوردەکان هاتنە ناویەوە.
لە هاوینی ١٩٤٦ هەمزە عەبدوللە کە بەوەفدێ لەلایەن مەلا مستەفاوە ناردرابوو بۆ دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کورد-عێراق دەستی بە مفاوەزات کرد لەگەڵ سالح حیدەری کە ئەوکات سەرکردایەتی حزبی شوعی کوردستان عێراق ی دەکرد. بەڵام دواتر کێشە لەنێوانیان دروست بوو، کێشەکە لەسەر ڕۆڵی ئاغاکان بوو لە حزب کە هەمزە عەبدوللە دەیویست لە سەرکردایەتی حزب دایان بنێ.
ئەم جیاوازیە بووە هۆی دووشەق بوونی حزبی شوعی لە کوردستان لە ئابی ١٩٤٦ سالح حەیدەری و جەمال حەیدەری و نافع یونس وحەمید عوسمان و عەلی پێشکەوتن و هاوڕێیانیان چوونە ناو حزبی شوعی عێراق. بەڵام عەلی عەبدوللە و محەمەد ئەمین مەعروف و ڕەشید عەبدولقادر چوونە ناوحزبی نوێ و کۆنگرەی خۆیان بەست کە ئەمانە تیادا بەشداریان کرد سالح یوسفی و ئیبراهیم ئەحمەد و عەونی یوسف و گە محی دین مەعروف و نوری شاویس. لە کۆنگرەدا مەلا مستەفا بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردراو و هەمزە عەبدوللە ش بوو بە سکرتێری. (چاوپێکەوتن لەگەل عەزیز محەمەد، النهچ ژمارە ٩ ساڵی ١٩٨٥ جەعفەر عەباس ئەحمەد ٢١٧ ئەلحەسەن ج لاپەڕە ٣٢٤، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شوعی عێراق سیاسەتەکانمان و ڕێگای چارەسەری مەسەلەی کورد لە عێراق- چارەسەری دیموکراسی و عادیلانە، ئەوکات ١٩٦٢ جەلال تاڵەبانی لاپەڕە ٥٩، ٨٢-٨٧)
نامەکەی شێخ مەحموود بۆ سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەت؛
شێخ مەحموودی حەفید سەرۆکی کوردەکان نامەیەکی بۆ حکومەتی سۆڤیەتی نارد لە ساڵی ١٩٢٣ لە ڕێگای قونسولیەی سۆڤیەت لە تەبرێز. شێخ تیایدا دڵخۆشی خۆی نێشاندا بۆ سەرکەوتنی شۆڕش و گەلی ڕووسیای بە ڕزگارکەری ڕۆژهەڵات وەسفکرد. لاپەڕە ٨٢.
پەراوێزی ٥ شێخ مەحموود دەڵێ (لە ساڵی ١٩١٧ کاتی دونیا گوێ لە ئازادی ڕاستەقینە بوو، هەروەها زانی کە گەلی ئێوە لە دەست چەوسانەوە و تاوانباران ڕزگاری بوو، خۆشی گەلی ئێوەی گرتەوەو هەموو گەلانی دونیا پێی شادبوون.
ئەمڕۆ لانی کەم هیوایەکمان هەیە،کە مافەکانی ڕەوای گەلی کورد بێنە جێ کە ئێمە دەستمان بۆتان درێژدەکەین و بەهیوایین بە دڵسۆزیەوە لە دڵەوە بە برایەتی و خۆشەویستی لەگەڵتان بژین. ئێوە ئاگاداریتان لە گرفتەکانی وەستانی شەڕ هەیە، ئێوە دەزانن شۆڕشی باشووری کوردستان دژی کێ هەڵساوە هەروەها ئێوە دەزانن کە هەڵوێستی ووڵاتانی ناوچەکە لەم بارەوە چۆنن.
ئێستا جێگای ئەوەنیە هەموو شتێ بەدرێژی بنوسین لەبەر ئەوەی هیچ کەناڵێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێمە و حکومەتی سۆڤیەتی نیە کە جێگای باوەڕمان بێت و وەکو سەنەدێک چاوی لێ بکەین.لەگەڵ هەموو ئەمەشدا ڕێگام بدەن با تاکە شتێکتان پێبڵێم، گەلی کورد بەتەواوی پێوایە کە گەلی ڕووس ڕزگارکەری ڕۆژهەڵاتە، هەروەها ئامادەیە و زۆربەتواناشەوە چارەنووسی خۆی بە گەلی ڕووس گرێبداتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەلامان مەبەستە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کۆمەکی مەسەلەکەمانە. گەل بە هەموو توانایەکیەوە چاوەڕوای بینای پەیوەندیەکی هاویەکە لەگەڵ ئێوەدا. (عبدولرەحمان قاسملۆ لاپەڕە ٥٩).
نامەی سەرۆکی ئەنتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستەکان کە وەڵامی سەرکردە عێراقیەکان دەداتەوە
پەراوێزی ٦ نامەی سەرۆکی ئەنتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستەکان کە وەڵامی سەرکردە عێراقیەکان دەداتەوە؛
برادەرانی هێژا،
نامەکانتانم بە قوڵی خوێندەوە، جیرۆکی چەوسانەوەی گەلانی دۆڵی ڕافیدێن بۆمان باس دەکات. کە بەتەواوی و بە ڕوونی سیاسەتەکانی غەدرڵێکەری حکومەتی ئینگلیزی پەیڕەویان دەکات. بەڵام لە هەر شوێنێ هەڵوێستی ئیمپریالی ئینگلیزی چ لە هیند یان میسر و باشووری ئەفریقا یەکە کە ئەویش بریتیە لە درۆ، غەدر و وەحشیەت و دڵڕەقی. چۆن لە ڕۆژنامەکانتان خوێندوومەتەوە بەبەردەوامی هەواڵی دژایەتەی فراوان لە ووڵاتی ڕافیدێن بەهۆی ئەمەوە تۆڵەسەندنەوە بەردەوامە.
ئەنتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستەکان بەردەوام ئاگاداری ئەم خەباتە پاڵەوانانەیە و بە گرنگەوە لێی دەڕوانی.
هەموو هەوڵەکانی جەللادە ئینگلیزەکان هەر بەوە ناوەستێ بەڵکو دەیەوێ زۆرینەی ووڵات لە خوێن نقوم بکات.
هەروەها هەوڵیش دەدات لە ڕێگای درۆ و فڕوفێلەوە پەردەپۆشیان بکات.
ئێستا بانگەشەیەک هەیە کە بەریتانیاییەکان دەیانەوێ لێبوردنی گشتی بۆ هەموو سەرکردەو دوورخراو و زیندانیەکان دەربکەن. هەروەها ئامادەشن ڕێگا بە خەڵکی بدەن تا بچنە ناو وەزارەتەکەی ئەمیر فەیسەڵی خۆفرۆش.
من دڵنیام بە پشتیوانی ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەمانە ڕەت دەکاتەوە، هەروەها ڕوونە بۆ هەر نیەتێکی ئەلسبیرس کۆکس بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ تەسدیق کردنی پەیمانی نێوان بەریتانیا و عێراق تا حکومەتی خوێناوی بەسەر ووڵاتی ڕافدێن زاڵ بکات.
لە نامەکاندا ئیشارەتان بەوە داوە کە سیستەمی ئیمپریالی ئینگلیز دروستی کردووە هەموو پرنسیپەکانی کۆمەڵەی نەتەوەییەکان ژێرپێدەخات. ئەمەش ڕوونە کە ناڕۆشنیەک لەم بارەوە هەیە.
هێزە ئیمپریالیە سەرکەوتووەکان ئینگلیز و فەرەنسا هتد. خۆیان کۆمەڵەی نەتەوەکانیان دوای شەڕ دروستکرد ئەمە بۆ ئەوەبوو تا بە هەموو ڕێگایەک ژێرکەوتووەکان بچەوسێنەوە. ئینگلتەراش لەسەر سەری ئەم دەزگای دزیە قەراری گرتووە.
هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان پرنسیپەکانی کۆمەڵە نەتەوەییەکان و پرنسیپەکانی ئێستا کە ئینگلتەرا لە ڕافدێن جێ بەجێ دەکات بە بۆردومانی خەڵکی بێ تاوان بە هێزەئاسمانیەکانەوە.
دەمەوێ سەرنجتان بۆئەوە ڕابکێشم کە ناڕۆشنیەک هەیە ڕێگام بدەن با داواتان لێبکەم ئەمە بۆ هاوڕێیەکانتان ڕوون ببێتەوە، تا لە کارەسات و ماڵوێرانی بەدووربن.
هیچ ڕێگایەک نیە بەڵکو بیرێکی هەڵەشە ئەگەر سروشتی ڕاستەقینەی کۆمەڵە نەتەوەییەکان بە ڕزگارکەری ووڵاتی ڕافدێن بزانن، ڕزگاری ووڵات بە پشتیوانی ووڵاتە ئیمپریالیەکان یان لە ڕێگای کۆمەڵەی گەلانەوە ئیمکانی نیە. بەڵکو بە خەباتی جەماوەری بەرفراوان لە هەموو عێراقدا دژی داگیرکەران بەدەست دێت. دەبێ جەماوەر دڵنیابکرێت کە توانا ماددیەکانیان زۆر چاکتر دەبێ بە دەرکردنی ئینگلیز هەروەها دەست کۆتا کردنی هەموو خۆفرۆشان لە ووڵاتی ڕافدێن، لەسەر سەری هەموویانەوە ئەمیر فەیسەڵ. ئەم خۆفرۆشانە سامانەکانیان بە چەوسانەوەی گەل کۆ دەکەنەوە. هەروەها یارمەتی و دڵنیایی گەلانی دەرووبەر بۆ ئەم هەوڵانە سەرکەوتنی یەکجاری و خەباتی قارەمانەتان دژی ئنگلیز بە ئامانج دەگەیەنێ.
ئەنتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستەکان کە بە ملیۆن کرێکار و جوتیار و شۆڕشگێران لە ئینگلتەراو فەرەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیە ڕابەری دەکات دڵنیاتان دەکاتەوە کە هاوسۆز و پشتیوانی خەباتتانە بۆ ئازادی.
ئەی برادەرانی بەشەرەف، ئەگەر دەزانن هاتنتان بۆ مۆسکۆ یارمەتی دەردەبێ من پێشوازیتان لێ دەکەم،
بەڵام ئەگەر ڕووداوەکان وایکرد کە هاتنتان مەحال بێت، تکایە هەموو بەڵگەکان،ماددەکان و وێنە فۆتۆگرافیەکان لەبارەی سیستەمی ئینگلیزی لە ووڵاتی ڕافدێن کۆبکەنەوە.
وەئەگەر پێتان باشە ئەوە پەرتوکێک لەسەر مەسەلەکەتان بە زمانەکانی ئەوروپایی و ڕۆژهەڵاتی چاپ دەکەین.
ڕیزو سڵاوی لە دڵەوەم قەبووڵبکەن.
سەرۆکی ئەنتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستەکان.
(پەیوەندیە ئەنتەرناسیونالیەکان، ٣ی ٥ی ١٩٢٣ بەرگی ٣ ژمارە ١٧ لاپەڕە ٢٠٦) (ڕۆشەنبیری نوێ ژمارە ٦٧، تشرینی دووەم ١٩٧٤)
گۆشەیەک لە مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان
نوسەر لە لاپەڕە ٢٠٥ دەنوسێت؛
لە ساڵەکانی ١٩٤١ و ١٩٤٢ یەکەم شانەکانی کۆمۆنیستی (مەبەست لە حزبی شوعی عێراقە_ وەرگێڕ) لە هەولێر سەریان هەڵدا. دوای ساڵێ لە دوای ئەمە شانەکانی سلێمانی و کەرکوکیش دروست بوون.
ڕیککەوتی گەشەی لایەنی کریکاری لە بزوتنەوەی کوردایەتی دا هاوکۆک بوو لەگەڵ چاڵاکیەکانی جیابوونەوە و دووشەق بوونی کۆنەپارێزی کۆمەڵەی (بۆ پێشەوە) و (بڵێسەی نوێ) ئەم دوانە ئەندامەکانیان یەکیان گرتوو یەکێتی تێ کۆشین یان دامەزراند. دواتر نووسەر دەنووسێ بڵاوکراوەکیان بڵاوکردەوە بەناوی بڵێسە.
پەراوێزی ٦ لاپەڕە ٢٠٦
هەروەک ووتمان کۆمەڵی بڵێسە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی لینینی بوون لە کوردستان و مەڵبەندی چاڵاکیەکانیان لە هەولێر بوو. دواتر بوون بە یەکێتی تێ کۆشین کە دووبەش بوون (بۆ پێشەوە) و (بڵێسەی نوێ). دوای خۆ ئاشکرا کردن یەکێتی تێکۆشین خۆی لە بەغدا هەڵوەشاندەوە و زۆربەی ئەندامانیان هاتنەوە ناو حزبی شوعی عێراقی ئەم کۆمەڵە هەوڵیاندا لەگەڵ حزب مفاوەزات بکەن بۆ ئەوەی هەموو ئەندامانیان بێنە ناو حزب. بەڵام ئەم کۆمەڵەیە مەرجێکی پێش وەختیان هەبوو ئەویش سەرپەرشتی و سەرنوسەری ئازادی و سەرۆکایەتی ڕێکخراوی هەرێمی کوردستانی حزب بکەن. بەڵام هاوڕێ فەهد کە ئەوکات سەرۆکی حزب بوو داکۆکی لەوەکرد کە هاتنە ناوەوەی حزب دەبێ بێ مەرج بێت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە سەرکردایەتی حزب بڕیاردەدات کێ سەرکردایەتی لێژنەی هەرێم و سەرنوسەری ڕۆژنامە دەبێت بەگوێرەی پرنسیپەکانی ڕێکخراوەیی حزب کە هەیەتی.
دوای هەرەسی مفاوەزات کۆمەڵێک بە خێرایی خۆیان ڕێکخراوکردوو ناوی حزبی شوعی کوردستان-عێراق یان لە خۆنا و ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد بەناوی شۆڕش.
لەم بارەوە حزبی شوعی عێراق هەڵسا بە دروستکردنی کۆمەڵێک و ڕیکخراوێک بە ناوی ڕزگاری کورد کە ئەندامانی ڕۆلێکی زۆریان بینی بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرێک لە لایەنەکانی حزب و کارکردن بۆ شۆڕش و پوچەڵکردنەوەی هەراوهۆریایەکانی کۆمەڵی تێ کۆشین. هەروەها یارمەتی خەباتی چینایەتی و نیشتمانی ساڵەکانی ١٩٤٥-١٩٤٦ یان دا. دوایی دێینە سەرباس و ئاواڵاکردنی ڕووی چینایەتی حزبەکانی تر. ئەم کارە بووە هۆی خێراکردنی کۆمەڵی شۆڕش بۆ یەکلابوونەوەی خۆیان و هاتنە ناوەوەی حزب.
لە هاوینی ١٩٤٦ ئەم کۆمەڵە کۆنگرەیان کرد و خۆیان هەڵوەشاندەوە، زۆربەی ئەندامانیان هاتنە ناو حزبی شوعی عێراقی و هەندێکیان هەوڵی زۆریان دا بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد-عێراق.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست