کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرگری ژنان لە کۆبانێ مۆدێلێکی تر لە توانای ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان

Friday, 14/11/2014, 12:00




نەک هەر لە میدیای کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بە ڵکو میدیا هەموو جیهان سەرنجی خستە سەر ژنە گریلاکان و شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن لە بەرگری لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەمە نموونەیەکی جوانی کۆمەڵگای کوردستانە و سەرەتایەکە بۆ بەرگریکردن لە یەکسانی ژن و پیاو و بە پیادە بوونی جێندەر لە کۆمەڵگادا کە شەڕێکی بەسەر سەپێنراوەو بەڵکو هەڕەشەی مان و نەمانی لە کۆبانی دەکرد و هەروەها شەنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوای هەلپێچایەو دووبارە بۆ دەورانی سەردەمانێ گەڕاندەوە کە بازاڕی کۆیلە و فرۆشتنی ژنان و منداڵانی غەیرە ئیسلام نرخی یان بۆ دانراو بوونە کالایەکی هەرزان و تاڵان.
دەستپێکی ئەم نەزەرە لە هاتنە مەیدانی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا لە فەرهەنگی کۆمەڵگاکەمان نوێ نیە و هەردەم شاعیرانی وەکو بێکەس و دڵدار گەلێکی تر باسیان لە هاتنەمەیدانی ژنان و پیاوان کردووە بە هاوشانی تا بتوانن ووڵات بپارێزن و ئاوەدانی بکەنەوە. لە ڕووی سیاسیەوەش کۆمۆنیستەکان و هێزە چەپەکان لە کوردستان بە شانازیەوە ئەم هەنگاوەیان ناوە و لەم نێوەدا جێ پەنجەیان دیارە، ئەوەی تایبەتە بە یەپەژە و هاتنە مەیدانیان لە کۆبانی تایبەتمەندەکانی بەیان دەکات سەرەتای لە هێزەکانی پەکەکەوە سەرچاوەدەگرێ و خودی ڕابەرەکەیان کە ئێستا لە نێو کونجی زیندان دایە بەڵام شوڕشێکی مەزنی ژنانی بەرپاکردووە چ لە کوردستانی باکوور و چ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و لە باشووریش سەرکردەی ژنیان هەیە و نموونە و مۆدەی تازەی کۆمەڵگان کەمایەی شانازی و سەرکەوتنی هێزێکی وەک پەکەکەو پەیەدە نێشان دەدات لە دیاردەیەک کە وەزعە سیاسیەکانی هەمووی دووبارە بوونەوەیەکی مێژووی ترسناکن لە سەر کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگا جیاجیاکاندا، ئەمەش کەم نیە و دەبێ ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ژنان لە کوردستان هەمان ڕێجکە بگرن.
قوربانیەکانی ژنان لەناو شەڕو پێکدادانی نە خوازراو و فەرزکراو بەسەر کۆمەڵگای کوردستان کەم نین. دەیان شەهیدی وەک ئارین و دەنیزی ڕۆژنامەنووس و شەهید ڕەنگین نیشانەی ئەم هێزە گیانفیداکارەن و بەیان دەدەن کە ئەوان هیچیان کەمتر نیە لە شەرڤان و گریلاو پێشمەرگە پیاوەکان،توانای بەرگری سەربازانی ژن کەمتر نیە لە پیاوان لە سەردەمی تەکنەلۆژیای سەربازی بەرزدا.
ئەگەر ئەم دیمەنەی قوربانی و فیداکاریە بەراوورد بکەین بە دیمەنی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان لەسەر ناموس پەرستی کە كەلتوورێکی کۆنەپەرست بەڕێوەی بردووە و دەبا ئەوا دوو دونیای بەتەواوی جیامان پێ نیشان دەدات.
بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان بەهەزاران ژن تیرۆرکران و کوژران لەسەر مەسەلەی شەرەف و نامووس پەرستی کە خەڵکی دواکەوتوو بە پیرۆزیان دەزانێ لە کاتێکدا ئەم هەموو ژنانە زەخیرەی هێزولەشکرێکی بەهێز بوون و هێزی کاری کرێکار و کارمەندان بوون بۆ بەرگری کردن لە ووڵات و ئاوەدان کردنەوەی ووڵات. کۆنەپەرستەکان و یاساکانیان دیفاعیان لەم ژن کوشتنانە کردوو تاوانباران وەک بەرزەکی بانان بۆ دەرچوون و ژنە کانیش هێواش هێواش لە بیروزەینی کۆمەڵگا وون بوون. ناو نەما نەکوژرێ و تەمەن نەما نەکوژرێ لە باشووری کوردستان و لە کۆبانێ ی کوردستانیشدا ژنان هەلهەلەکانیان چۆک بە دڕندەترین دوژمن دا دەدات. ئایا ژنانی باشووری کوردستان نابێ ئینێرژی و هێز لەم ژنە بەڕێزو بەهێزانە وەربگرن و مۆرالیان بەرز ببێتەوەو بێنە مەیدان بۆ ئازادی و یەکسانی.
ئەگەر ژنان شانازی بەم هێزەوە بکەن ئەوە پیاوان لە پێش ئەوان ڕێز بۆ ئەم هێزو ئیرادەیە دادەنێن، ئەمە سەرەتایەکە کە کۆمەڵگا دەبێ وەکو بەردی بناغە و بەردی گۆشەی دیوار هەموو بنەماکانی لەسەر بیناسازی بکات. ژنان دەبێ نەک هەر لە کۆمەڵگای کوردستان بەڵکو لە هەموو دونیا دا دەبێ دەستی یارمەتی بۆ ئەم هەنگاوە درێژ بکەن و پەرەی پێبدەن کە لەم کەلتوورە کۆنەپەرستیەو شەڕی دژ بە کۆنەپەرستان ژنان بەم ئیرادەوە هاتوونەتە مەیدان و بەرگری لە ووڵات دەکەن. ڕووکردن لەم ئیرادەیە کە تواناکانی لە ئیرادەی مرۆڤەکان وەرگرتووە بۆ بەرگری لە ئازادی و شوێنی ژیان و کاری ئینسانەکان، زۆر ڕوونە کە هەموو کەس ناتوانێ ڕوو لە کۆچ و کۆچبەری بکات، ڕوونیشە هەندێ ناتوانن بەرگەی هێزە قورسەکان بگرن. بەڵام لە هەر حالەتێ دا بەرگری و بەرخۆدان هەرچەندە قورس و ناخۆش بێ سەد هێندە باشترە لە تەسلیم بوون بە کۆنەپەرستان یان پەنابەری و سەرگەردانی باوەڕ. ئەم هێزەی ژنان توانی سەرەتایەکی کۆنکریت لە پراکتیکی سەربازی بۆ بنەماکانی ئازادی ژنان بینا بنێ و تواناکانیان لەم وەزعە ئاڵۆزو ناخۆشانەدا نیشان بدات ئەرکی ژنانە کە بتوانن ئەم پراکتیکە لە مەیدانی ئاشتیشدا بۆ پێشەوە ببەن. ژنان لەم نێوەدا دەتوانن هێزەکان ئاوەژوو بکەنەوەو خۆیان لە مەڵبەندەکانی بڕیاردان لە جەنگ و ئاشتی دا ببیننەوە ئەگەر بە ڕوحیەتی بەرگری لە کۆبانیەوە کاربکەن ئەوە ئایندەیەکی ڕوونیان هەیە. بە کورتی هێزی ژنان دیاردەیەک و مۆدێلێکی نوێیە لەم دەورانە کە کۆمەڵگای کوردستان تەواو دەکەن و هەنگاوێ لە ئاشتی و بەیەکەوە ژیان و ئازادی و یەکسانیان نزیک دەکاتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە