کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر و کێشەکانی حکومەتی ئایندە لە کوردستان

Saturday, 05/10/2013, 12:00



سەرەتا؛
‌هەڵبژاردن کۆتایی هات، ئەمجارە پارتی کورسیەکانی لە هەمووان زیاترە و گۆڕان کورسیەکی لە دەست دا و یەکێتییش کورسیەکانی کەمی کرد و ئیسلامیەکانیش لە هاوسەنگی سیاسی کوردستان بوونە پەراوێز و ١١ کورسیەکەی سێبەری پارتی کە بەناوی تورکمان و فەلەکان و ئەرمەنیەوە وەیە وەکو خۆیەتی یانی کۆی کورسیەکانی پارتی لە پەرلەمان ٤٩ کورسیە. براوە لەم هەڵبژاردنە لە ڕووکەشدا پارتی بوو بەڵام لە واقع دۆڕاو بوو لە زۆنی سەوزدا و کەمترین دەنگی هەبوو لە چاو ئەم هەڵجوونە و خۆ بەزل زانینەی لە کوردستان دا. بوونی پارتی وەک حزبی بنەماڵەیی و ناوچەگەری شتێکی نوێ نیە. چۆن هەڵکشانی جەماوەری گۆڕان لە سلێمانی و گەرمیان کارێکی سەرسووڕ هێنەر نەبوون و نین. سەرکردایەتی یەکێتی لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان شکستی هێناوە تا ئەوکاتەی بەرامبەر بە پارتی و ئیسلامیەکان. بەڵام کەسانی باڵای یەکێتی لە زۆر مناسەباتدا دەڵێن جەماوەری یەکێتی و گۆڕان یەکن و دەنگەکانی هەردووکیان چەندین کورسی لە دەنگی پارتی زیاترە بە بەراوورد بە هەڵبژاردنی یەکەم. خۆیان باسی هەلبژاردنی هاوپەیمانیەکەی ٢٠٠٩ ناکەن. سەرکەوتنی پارتی شتێکە ئەمڕۆ بەرەنجامەکەی چۆن بەدەست هاتووە ئەوا کۆمەڵگا قەبوولیەتی هەمووان دەزانن کەوا بەنموونە لە دهۆک لە سەدا ٧١ دەنگدان بووە ئەوە لە سەدا ٧٠ی بۆ پارتی بووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە کە لە هەڵبژاردنی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند دەکات و لە سەدا ٩٩یەکەی هەندێ لە حزبە فەرمانڕەواکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەندن.
پێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕی هێناوەتە ئاراوە . لە واقعی کوردستان هەڵبژاردن هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی نیە جگە لە سەرکەوتنی گۆڕان لە زۆنی سەوز نەبێت ئەمەش چاوەڕوان بوو، هەروەها وانەیەکیش بوو بۆ سەرکردایەتی یەکێتی بەبێ تاڵەبانی کە هەناسەی یەکێتی بوو کە چەند گرفتیان هەیە و ئەم هەموو ڕابەرە هەریەکێ ڕووی لە ئاراستەیەکە و سێنترال چەندە گرنگە بۆیان، هەروەها پەراویزی ئیسلامی سیاسی و ڕوون بوونەوەی بە جەماوەر نەبوونەوەی هەندێ کەسایەتی لە واقعی کوردستاندا. بە تایبەتی سەرۆکی هەرێم بە واقعی سەرۆکی پارتی و ناوچەی زەردە و هیچی تر یان هەندێ کەسایەتی تر کە بە دوو یان سێ ووتار نووسین یان حزبۆکەیەک دەبن بە نوێنەری خەڵک و دوایش وا نەبوو.
کۆمەڵگای کوردستان بە حوکمی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووی ناوچەکە ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن و دەستاودەست کردنی دەسەڵات و ئازادی بیروباوەڕ و شەفافیەت نیە. ئەم وەزعە وای کردووە کۆمەڵگا چەق بەست بێت و لە شوێنی خۆی پێمەلە بکات. بەنموونە لە کاتە ناسکەکاندا یان لەکاتی بنەبەستی گفتوگۆکان لە کوردستان ناوەندێ نیە مەسەلەکان یەکلابکاتەوە لە قازانج و بەرژەوەندی گەل و نەتەوە بەڵکو هەمووی حزب بڕیاری سەرەتا و کۆتاییە. نەبوونی ئەم ناوەندە گەلیە هەموو مەسەلە چارەنووسسازەکانی تەسلیم بە حزبەوە کردووە. لە دوای ئۆپراسیۆنی بەناو ئازادی عێراق حزبە دەسەلاتدارەکانی کوردستان ناوەندێکیان پێکهێنا بەڵام لەبەر قازانجی حزبی هەر زوو توایەوە ئەنجومەنەکە بووە بلقی سەرئاو و وون بوو. هەروەکو لێژنەی ماددەی ١٤٠ و لێژنەکانی تری بەڕێز سەرۆکی هەرێم بۆ هەر مەسەلەیەک لێژنەیەکی هەیە و خەلکیش دەزانن وەکی ناوی لیژنەی بارزانی هات یانی بەرەنجامەکەی هیچ دەبێ!.
بۆ ئێستای کۆمەڵگای کوردستان پیویستە ناوەندێکی گەلی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم ناوەندە بتوانێ هەموو مەسەلەکان بە قازانجی بەرزی نەتەوەیی یەکلابکاتەوە نەک قازانجی حزبی، کۆنگرەی نەتەوەیی ئەم ئەرکەی نیە و بۆ مەسەلەی تر بیناسازی دەکرێت.
بەنموونە بوونی ینفۆرماتۆری سیاسی (دارێژەری سیاسی) بۆ ئەم دەورانەی کۆمەڵگای کوردستان پیویستە تا هەموو حزبە سیاسیەکانی براوە لە هەڵبژاردن بتوانن حکومەتێکی گەلی پێک بهێنن لە جیاتی حکومەتی حزبی. ئەمە گەورەترین وەرچەرخان دەبێ لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگا. نەک کینە و چاوبەستن و دووبارە کردنەوەی کیشەکان و وەستان لەسەر هەڵەکان و ڕق و یەکتر قەبووڵ نەکردن. بەڵکو بەگیانێکی هاونیشتمانی و دلسۆز بۆ تەواوی کۆمەڵگا کارکردن لە جیاتی هەموو ئەمانە. ئەم نەوەیەی کە لە دەسەڵاتدایە زۆر زەحمەتە قەبووڵی هەموو ئەمانەی بێ، بەتایبەتی لە زۆنی زەرد و سەوزدا. هەربۆیەش دەبێ هێزە کەمەکان یان حزبەکانی کە کورسیان کەمە زۆر بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ وەزعەکان بکەن بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بەڵام ئەم سەرکردایەتیە سیاسیە زۆر گرفتی هەیە و هەردەم رووی لە ڕابردووی خۆ دەکات و خەریکە دووبارە بچێتەوە بۆ پاشکۆی پارتی بۆ سارێژی برینەکانی. ئەگەر ئەم سەرکردایەتیە بیەوێ خۆی سازبداتەوە دەبێ لە سەنگ و سوکی هێزەکانی کۆمەڵگا بگا و خۆی بە کاریگەری گرنگ ببینێ لە بە بەراوورد بە هێزی سەرەکی بێت ئینجا دەتوانێ قورسایی خۆی بپارێزێ. بەڵام ئەمەش سیاسەتی دروست و حەکیمی دەوێ. لە غیابی تاڵەبانی یەکێتی ناتوانێ ئەم هێزە کاریگەرە بێ لە مێژووی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان دا ئەگەر وا کاربکەن.
‌هێزی پارتی لە چاو حزبە سیاسیەکانی تری کوردستان
پارتی وەک حزبێکی بنەماڵە و ناوچەگەری بە چەند ڕوواڵەتێ دەناسرێتەوە کە توانا و هێزی ئەمیش دیاری دەکەن و هەروەها لە حزبەکانی تریش جیای دەکەنەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی مانەوەی و لەبەر ئەم هەموو ئەگەرانەی ناوچەکە، دیارە میژووی ئەم حزبەش لە میژووی سیاسی کۆمەڵگا جیا نیە و بەشیکە لە مێژووی میللەتیش جا هەرچۆنێ بێت. پارتی دوای کشانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە کۆنگرەی ماوەت بووە بە حزبی بنەماڵە، بارزانی باوک و کوڕەکانی و نەوەکانی بوونە زەخیرەی سەرەکی سەرکردەی حزب و ئەم میراتگەریەی سەرکردایەتی قەت تەواو نابێ لە باوکەوە بۆ کوڕ هەر بەردەوام دەبێ. ئەندامانی سەرەوەو خوارەوەی نێو پارتی ئەمەی بە منەتەوە پێ قەبووڵە و بەزیادەوەش بەڵام بۆ کۆمەڵگای کوردستان مەسەلەیەکی لاوەکیە و لە هەڵبژاردن ئەمەی نیشان دا.
بە کورتی هیزی پارتی لە چاو حزبە سیاسیەکانی تر لەمانەوەیە؛
1. بوونی سینترالێکی بەهێز لە نێو پارتی. کەس بۆی نیە بڕیارەکانی سەرۆک بخاتە لاوە، ئەم ناوەندە بەهیزە سیاسەتی حزبی یەکلاکردۆتەوە بەچاک و بەخراپەوە.
٢. بوونی هێزی پاراستن وەک دەزگایەکی هەواڵگری و پەیوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ هێزە هەوالگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ناوچەکەدا. سەرکردایەتی کردنی ئاژانسی هەوالگری کوردستان.
٣. بە دەستەوەگرتنی ئابووری کوردستان لە لایەک بە کۆنتراکتەکانی نەوت و گاز و هەم لە لایەنی بودجە و هەم هەژموونییان لە بازاڕدا.
٤. گەشەدان بە دیپلۆماسیەت و کردنەوەی باڵوێزخانەکان لە هەولێر و نوێنەرایەتی کردنی گەلی کورد بە ناوی حزبەوە.
٥. بوونی هێزێکی ئاسایش و سەربازی بەهێز لە ناوچەکە و پڕچەککردنی بە شیوەیەکی تۆکمە بە ناوی هێزوسوپای گەل و سەرکردایەتی کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
٦.بە دەستەوە گرتنی هەولێر لە دوای ٣١ی ئاب و هەژمووونی ئیداری لە سەر هەموو بەڕێوەبەری و کاربەدەستەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
٧.هەندێ کاری ڕیشەی لە هەولێر بەتایبەت لە مەسەلەی بینا سازی و ڕێگاوبان بۆ کار ئاسانکردنی ژیان و گوزەرانی حکومەت و هاووڵاتیان.
ئەگەرچی زۆرێ لەم خاڵانەش بۆ یەکێتی نیشتمانیش ڕاستە بەڵام پارتی دوای بە سەرۆک کۆماربوونی تاڵەبانی و جیابوونەوەی گۆڕان یەکێتی تێپەڕاند لەم سەردەمەی کە هێز باوی نەما و درا و بەرنامە جێگای گرتەوە.
هەموو ئەمانە بە بەرنامە ڕیزیەوە کاری بۆ کراوە و دەکرێ. هەموو ئەمانە لە زۆنی زەردا بە هەماهەنگی تەواوی ئیمکاناتەکانی تری پارتی کار بۆ بەهیزی دەکەن و دەسەڵاتی خۆیان لەم ناوچانە بە هەموو شێوەیەک دەپارێزن و بەڵام هەڵبژاردن زەنگێک بوو بۆیان کەوا گەل لێپرسینەوە دەکات و هێواش هێواش بۆ ئاواتەکانی خۆی کاردەکات.
ئەگەرەکان و کێشەکان

ئەگەرەکان هەرچیەک بێ حکومەت بەبێ پارتی پێک نایەت، ئەگەریش پێکهات ئەوا لە ناوچەی زەرد شکست خواردوو دەبێ، یان مەحکومە بە شکست. ئەگەریش گۆڕان و پارتی و یەکێتی لە حکومەت بن، ئەوا ئیسلامیەکان لە ئۆپۆزیسیۆن دەبن و هیچ کارێکی حکومەت چاودێری نامێنێ و گۆڕانیش دەبێ لە حکومەت هەمان ئاراستەی پارتی و یەکێتی بگرێ کە ئەوەش جەماوەرەکەی ڕای لەسەر نیە. لەلایەکی تریش ئەگەر هەمووان بن ئەوا حکومەتی شەراکە هەمووان لە وەزعی مەوجود وەردەدرێن و گەل دەبێتە قوربانی. ووڵات ودەسەڵاتێ ئۆپۆزیسیۆنی نەبێ مۆدێلێکە گەل مەحکومە بە خنکان. هەرچۆنێ بێ گریمان حکومەتێ پێکهات لە هاوسەنگی سیاسی کۆمەڵگا بەدەر نیە و گریمانی زۆرە هەر یەکێتی و پارتی و حزبە بچوکەکان دووبارە حکومەت دروست بکەنەوە و هەندێ دەستکەوتی شکلی بە سەرکردایەتی یەکێتی بدەن. خۆ ئەم مەتەڵە هەر دەبێ هەڵ بێت. بەڵام بەتەکید گۆڕان و یەکێتی دەتوانن لەم نێوەدا هەژموونی پارتی کەم بکەنەوە ئەوانی تر ئەم توانانەیان نیە. ئەم دووهێزەش لەگەڵ یەکدا مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە و گەورەترین گرفتن بۆ پارتین لەم دەورانە. سەرچاوەی فشار و سەرئێشەن بۆ پارتی و بارزانی . لە هەر حالەتێ دا کارکردنی هەمووان بۆ دروستکردنی حکومەتی گەلی لە جیاتی حکومەتی حزبی کارێکی پۆزەتیڤە.
کێشەکانی حکومەتی ئایندە

هەر هاوپەیمانیەتێ دروست بێت، بەدەر نیە لەو ئەگەرانەی باسکراون. پارتی بە (٣٨ + ١١) ٤٩ کورسی توانای نیە حکومەت دروست بکات، ئەگەریش بە هاوکاری حزبە یەک کورسیەکان دروستیشی کرد زۆرینە نیە بەبێ هێزێکی کورسی زۆر تەنها لە حالەتێ دەبێ کە ئۆپۆزیسیۆن بەم حالەتەی هەیە هەڵوەشێتەوە؛
گرنگترین مەسەلەکانی ئەمڕۆ لە کوردستان ئەمانەن و کێشەی زۆریش دروست دەکەن؛
١.مەسەلە ی ئابووریەکان (سیستەمی ئابووری و ڤینانشێل لە کوردستان)
٢.مەسەلەی ئارام و ئاسایش و ئازادی بیروڕا لە کوردستان (تیرۆر و کاری تیرۆریستی دژی گەل و دام و دەزگاکانی حکومەت، هەروەها سەرکوتی سیاسی لە ناوەخۆ)
٣.مەسەلەی فیدرالی و ماددەی ١٤٠ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەسەلەی سامانە سروشتیەکان (لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق) و ڕۆڵی حکومەتی ئایندە لە چارەسەری مەسەلەکان.
٤.مەسەلەی ژینگەی کوردستان (تەواوی گرفتە ژینەگەییەکان)
٥. سیستەمی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئیداری لە کوردستان
٦.مەسەلە دەرەکیەکان مەوقعی کورد لە ناوجەکە و ئینتەرناسیۆنال کە خۆی لە دیپلۆماسیەتی نەتەوەیی دەگرێتەوە
بەکورتی نان، کار ، ئازادی لە ووڵاتێکی ئارام و ئاسایش و باوەڕپێکراو و ووڵاتێکی خۆشگوزەران و ژینگەیەکی تەندروست هیوای زۆرینەی گەلە. لە ووڵاتێ کە وەزعی سیاسی یەکلا نەبووبێتەوەو گەندەڵی و بەهەدەردان و داگیرکردنی موڵکی گشتی و سەرکوت هەبێ و ئەم هەموو هێرش و دوژمنانەی دەرەوەی هەبێ ئەوا کاری حکومەت قورس و قورستر دەکاتەوە.
پەرلەمان و حکومەتی ئایندە بە حکومی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هێندە جیاوازیان لە دەورەی پێشوو و کابینەی پێشوو نابێت. خەڵکی هەردەبێ سەبری ئەیوبیان هەبێ و ئەزموونەکەمان ساوایە و دوو پۆلی لە کۆمەڵگا گەشەی زیاتر دەکات، پۆڵێ هەر سەرمایە کەڵەکە دەکات و زل دەبێ، پۆلێکیش هەر هەژارتر دەبێ. بەکورتی هەر هەمان سیستەمە و دووبارە دەبێتەوە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە