ڕابەر و بەڕێوەبردنی جەنگ لە ڕوانگەی زانستی کۆمۆنیکەیشندا
Sunday, 26/10/2014, 12:00
بەیەک ووشە لە زانستی کۆمۆنیکەیشن بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ و سەرکەوتنی ڕابەری دروست و مەیدانی پێویستن، ئەم ڕابەریەش دەبێ دوو شتی بەردەوام هەبێ، ئەویش زانیاری دروست لە هەموو بەرەکاندا و دیسپلینی سەربازی بەهێز. ڕابەر دەبێ ئۆتۆریتەی هەبێ لە کاتی هەموو کارە سەربازیەکاندا و کات و ساتی هێرشکردن و کشانەوە بە تاکتیکی دروست وکەمترین زیان دیاری بکات. لێرەدا ڕۆڵی ڕابەر لە بەڕێوەبردنی شەڕ دەبێ رابەرێکی بە ئەزموون و ڕابەرێکی خاوەن بەهرە و چاونەترس بێ، لە زانستی کۆمۆنیکەیشن پێی دەڵێن ڕابەری یۆتۆپیایی و زۆر نەرم و نیان و لەسەرەخۆ ئەنالیزەی زانیاریەکان دەکات و هەوڵ بۆ بە دەستکەوتنی زانیاریەکان دەکات لە هەمان کات دەستی بڕیاردانی دەبێ بەهێز بێ و چاونەترس بڕیاری قورس و بەردەوام بدات چونکە لە شەڕدا کاتی بیرکردنەوە کەمە و لە بەرەکاندا دەبێ هاوسەنگی هەبێ و دوژمن بە پلان بێ یان بێ پلان دەیەوێ شکستت پێ بێنێ.
ڕابەری دروست لە شەڕدا دەبێ خوێندنەوەی بۆ ستراتیژ و تاکتیکی نەک هەر خۆی و سەرووی خۆی هەبێ بەڵکو دەبێ بە زانیاریە دروستەکانی لە ستراتیژ و تاکتیکی دوژمنەکەشی بگات تا بتوانێ بەرامبەر کارەکانی ئەوان هێزێکی بەرگری بە هێز دروست بکات ونەتوانن دوژمن سەربکەون. ئەم جۆرە ڕابەرانە زۆرنین و دەبێ شانس یاوەری بەرەکان بێ چونکە ڕابەر لەم نێوەدا کاریگەری سەرەکی هەیە لە بەڕێوەبردنی جەنگەکاندا.
ڕابەر دەبێ کۆنترۆلی هەموو مەسەلەکانی لە دەست دابێ و دیسپلینیەکانی وا توند بکاتەوە کە ئەو سەرچاوەی هەموو شتیكە و هەموو فەرمان و کارەکان لەمەوە دەردەچن ودەبێ جێبەجێ بکرێن. هەروەها لێپرسراویەتی تەواوی هەمووان هەڵدەگرێ و خۆی لە لێپرسراویەتی نادزێتەوە. بەڵام ئەمەش بە هەماهەنگی و زانیاری دروستی هەموو تاکەکان دەبێ کە لەبەرەکاندان و بە پراکتیکی دەبێ کارەکان ئەنالیزە بکرێن و بتوانن لە پراکتیک بە پراکتیکی بکرێنەوەو هەموو مەسەلەکان دەبێ بۆ هەمووان ڕوون بێ و قابیلی جێ بەجێ کردن بن و بتوانن لە هەنگاوەکاندا خەیاڵاوی نەبن.
بە کورتی ڕابەر دەبێ ڕۆڵی ڕابەری و کۆنترۆل ببینێ، بەو زانیاریانەی کە دەبێ هەیبێ و بەو دیسپلینە سەربازیەی کە دەبێ بە ئەنجامی بگەیەنێ.
لەشەڕ دا پرینسیپی کارکردنی زیرەکانە دەباتەوە نەک پرنسیپی کاری قورس و گران و زۆر کارکردن، کارکردنی زیرەکانە دەبێ ڕابەر بتوانێ دیاریان بکات و بە مەتیریالی پێشکەوتوو یان کۆن(ڕاستە جیاوازن و کاریگەریان جیاوازە) بەڵام بە کاری زیرەکانە دەکرێ زۆر شت بکرێ، هەروەها زۆر کارکردن و هێرشکردن و شەڕکردن بەبێ بەرنامە و زیرەکی دەکرێ تەنها خەسارەت بە خۆدان بێ لە جیاتی سەرکەوتن. چونکە بزوتنەوەی کەرتەکانی نێو جەنگ ئەوەندە ئاسان نین و سەنگەر گۆڕین و دووبارە گەڕانەوە و پێشکەوتن هەموو ئەمانە ئەگەر بە زیرەکی نەبێ ئەوە تووشی گرفتی مەیدانی زۆر دەبن.
ڕابەر دەبێ ڕەچاوی ئەم فاکتۆرانە بکات؛
١.فیزی و میسی و ستراتیژی ئەم بەرەی ئەو لێی بەرپرسیارە دەبێ ئەمە بۆ هەمووان ڕوون بکاتەوە.
٢.دەبێ سیاسەتی دەستخۆشی کردن و سەرکۆنەکردن پەیڕەوی بکات لە سیاسەتی دیسپلینی دا تا هەمووان لە پێشبڕکێ دان بۆ سەرکەوتن و توانا و ئیرادەی هەمووان بەرزبێتەوە.
٣.دەبێ بەرەنجامەکانی لەبەرچاوبێت و ژمێریاری بۆ هەمووان کردبێ ئەگەر بەرەنجام پۆزەتیڤ بوو ئەوا بەم ئەنجامانە دەگەین و ئەگریش نێگەتیڤ بوو ئەوە بەو ئەنجامانە دەگەین.
لە گشتدا ڕابەر دەبێ فاکتۆرە دەرەکیەکان و ناوەخۆکان باش بناسێ لە هەموو مەیدانەکاندا کە کەرتەکانی ڕۆڵی تیا دەبینن. هەروەها ئاڵوگٶڕەکان لە مەیدانە جیاجیاکان و تێگەێشتن و هەزمکردنی هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەسەرەوە دێن و لەگەڵ بەراووردکردنی بە زانیاریەکان و هێزو مەتیریالیەکانی کە بەردەستن. ئەگەر ڕابەر هەموو ئەمانەی بۆ ڕۆشەن بوو ئەوە دەتوانێ بڕیاری دروست و هەماهەنگ بدات و کەرتەکان بە باشی کارەکانیان جێ بەجێ بکەن.
لەلایەکی تر ڕابەر دەبێ هاوسەنگی دروست لە نێوان پرۆسێسەکان ڕابگرێ کە گرنگترین پرۆسێسەکان کۆنترۆل و ڕابەریە لەگەڵ زانیاریەکان و دیسپلین دا، دەبێ باش بزانێ کەی دەست بەرداری هەندێ لە پرۆسێسەکان دەبێ و کەی چڕی دەخاتە سەر کۆنترۆل و دیسپلین. ڕابەر دەبێ هەموو پێداویستەکانی حەوانە و خواردن و خشتەی پاسەوانی لە هەموو وەرزەکان و ساتەکاندا دابین بکات لەگەڵ زامنکردنی کشانەوەو چەک و تفاقی سەربازی و هتد. پشتی بەرەی جەنگ دەبێ پارێزراو بێ.
ئەگەر بە لاچاوێ تەماشای بەرگریەکان و هونەری جەنگی هێزەکانی یەپەگە وپەکەکە بکەین ئەوا لە نێو هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە دا دیسپلینێکی پتەو و ڕابەریەکی مۆبیل هەیە و بەردەوام لە بزوتنەوەنە بەڵام کەمدەرامەتی لە مەتیریال و ئەرسناڵی سەربازی گرفتێکی ترە بەڵام فیزی و میسی و ستراتیژ بۆ هەمووان ڕوونە و بیروباوەڕی کوردایەتی دینەمۆی کارەکانیانە. ئەگەر لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ کارەکنیان بکەی حەتمەن باشتر دەتوانی هۆکارەکانی بەرگریەکان و هێرشەکانیان ئەنالیزە بکەین. بەڵام ئەوەندەی لە میدیاکاندا دەبین ودەبیستین ئەوە بەرخۆدانی کۆبانێ زیندووترین نموونەی بەڕێوەبردنی جەنگە و زۆر بە خێرایی و بەهێزەوە کاریان کردووە و چەندە زیرەکانە لە تاکتیکەکانیاندا سەرکەوتوو بوون ئەوە من ناتوانم حوکم بدەم بەڵام وەدەرنانی داعش لە هەندێ ناوچەی کۆبانێ بەهەق زیرەکی و قارەمانی بەیان دەکەن. ئەمڕۆ میللەتی کورد پێویستی بە ڕابەرایەتیەکی بەهرەدارەو زیرەکانە یە و کارکردن بە لەسەرخۆ و ئەنالیزە و زانیاری دروستە و دەبێ هەمووان کار بۆ ئەوە بکەن ڕابەری دروست لەبەرەکان پەرە پێبدەن و هەروا دەبێ خاوەن دیسپلینی سەربازی ئاسنین بن و وەک دامەزراوەی سەربازی پتەو کاربکەن. نەک وەک هێزی خۆبەخشی کە ئێستا وا دەبینرێن. ئەگەر وەک دامەزراوی سەربازی کاربکەن و ڕابەری دروست هەبوو ئەوە سەرکوتنەکان تۆماردەکرێن و گەلیش بەرهەمەکەی دەبینێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست