دووبارەبوونەوەی مێژوو و کارەساتی شەنگال
Saturday, 16/08/2014, 12:00
ژن و کەنیشکان بردن وەشینا
خۆیان شاردەوە گەورەی گەورەکان
ئەمە ئەو دوو دێرە لەو پارچە شعرە کۆنەیە کە باس لە کوشتن و بڕینی ئیسلامیەکان دەکات، کاتێ ئاگرەکانی زەردەشتیان کوژاندەوە و گاتەکانیان لە نێو بردن و کچ و ژنەکانیان برد و سەرکردە کوردەکانی ئەوکات یش خۆیان شاردۆتەوە و ئیسلامیەکان کوردستانیان داگیرکردووە، خەڵکەکەیان ناچار کرد و کورد بە زۆر بوون بە ئیسلام، تەنها هەندێکیان نەبێ.
ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا هەمان ئەو وەزعەیە کە ئەم شعرە بۆمان باس دەکات، ئەگەرچی لە مێژووی ئەدەبی کوردی ئەم هۆنراوەیەیان بە دروستکراو لە قەلەم درا، بەڵام هەرچی بێ ئەوە ئەوەی لەشەنگال ڕوویدا ئەوە بوو داعش هەمان مێژووی ڕەشی پان ئیسلامی تیرۆریست و شۆڤینی عەرەبی جینوسایدی دژی ئەوان دووبارە کردەوە.
بەڵام هەقە ئەوانەی لەشەنگال کەمتەرخەم بوون، لێپرسینەوەی نەتەوەییانەیان لەگەل بکرێ، نەک حزبی وڕێکخراوەیی.
ئەوەی بەرسەر کوردە یەزیدیەکان هاتووە لە مێژوودا و دوبارە بوونەوەی هەرجارێ بە جۆرێ بۆ لەبەین بردنیان و کۆتایی هێنانیان، ئەگەرچی ئەم کەمایەتیە لە گەلی کورد کە باوەڕ و دیدێکی تریان بۆ ژیان و مان هەیە. بەڵام ئیسلامیزم بەڕەوای نابینێ بۆیان و هەردەم نیزەی ڕمیان لەسەر سەری ئەوانە، ئەگەرچی ئەم هەموو فشارەی لەسەریانە و کارەساتە مرۆییەی بەسەر ئەوان هات دەبێ نەک هەر خەڵکی کورد بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی و زل هێزەکانی دونیا پشتیوانی تەواویان لێ بکەن و گرەنتی ئەوەیان بدەنێ کە جارێکی تر ئەم کوشت و بڕین و فەرهود کردنەی ئیسلام دژی ئەوان نابێ دووبارە بێتەوە. جێگای خۆیەتی ئاماژە بە جینوسایدی کریستانەکانیش بدەین لە نەینەوا و شارۆچکەکانی دەورووبەری و دەشتی نەینەوا، ئەمانیش لە بەر بێ بەرگری و شوێنی ژیان و گوزەرانیان هەردەم پێخوستی هێزە ئیسلامی و ناسیونالیستەکانن. تاکە شوێنی ئارامیان کوردستانە.
داعش هەر هێزێکی پان ئیسلامی توندڕەو نیە بەڵکو هێزێکی شۆڤینیزمی عەرەبی سوننەیە و دەیەوێ خەلافەتی عەرەبی لە ڕۆژهەلاتی ناوەند و بەلکان و ئەندەلوس بگێرێتەوە، هۆیەکانی دەست داعش ئەمڕۆ تەنها هێزە مرۆیەکانی کە گەنجە ناڕازیەکانن لە هێز و بزوتنەوە ئیسلامیە جۆربەجۆرەکان و سووننە شوڤینیەکان نیە بەڵکو مەڵبەندی ئابووریان لە دوای گرتنی نەینەوا و کێلگە نەوتیەکان بوو بە هێزێکی پتەو و تۆکمە کە لە ئەزموونی ئیسلامیەکانی پێش خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە بەهرەمەند بوون لەگەڵ ئەزموونی کۆنە بەعسیەکان کە ووڵاتی عێراق و شامیان بۆ چەندین دەیە بەڕێوەبردووە و سەرکردایەتی کردوە. ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەوانە درێژە دەکێشێ و ئەوەندە ئاسان نیە لەم دەورانە مێژوویەی ناوچەکەدا.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێزە ڕێکخراوبوونێکی سەربازی و دیسپلینی بەرز و پلانی سەربازی تۆکمە و ئامرازی جۆراو جۆر لۆجیستی سەربازی و تاکتیکی گۆڕاوی دەوێ. لەم نێوەدا نابێ دوژمن هەست بە یەک شێوەی بەرگری و هێرشکردن بکاتەوە و جەنگێکی دەروونی دژە دوژمنیشی دەوێ و کە هەردەم هێزەکانیان پەرتەوازەبکات. چونکە دژایەتی هێزێکی ئیدعا بە ئایین و بە ئەزموون ئەوەندە ئاسان نیە. ئەگەرچی داعش لەبەرامبەر یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کۆبانی شێرە بەفرینە بوون گورزی کوشندەیان خوارد لەگەڵ ئەوەش تەنها بوون لە دوای ئەم مێژووە ئیتر تەنها نین و دەبێ هەموو میللەتی کورد بە هەر شێوەیەک بێ یارمەتی و کۆمەکیان بکات.
ئێستا دیپلۆماسیەت و سیاسەتی حکومەتی کوردستان توانی کەسبێکی سیاسی باش بکات بۆ یارمەتی و بەهاتنەوەهاتنی ئەمریکا و هێزە ئاسمانیەکانی دژی داعش بەکاربێنی و ئامراز و لۆجیستی سەربازی کۆمەک بە هێزی پێشمەرگە بکەن و کۆمەکی ئاوارەکانی شەنگال بکەن. ئەم هەنگاوەی حکومەتی کوردستان جێگای دەستخۆشیە و دەبێ هەردەم لەم مەیدانەدا بە ڕاشکاویش هەنگاوەکانی ئایندە و وەزعیەتی سیاسی کورد و هەنگاوی ئایندە بە هەماهەنگی لەگەل گەل یەکلا بکەنەوە.
هێزە کوردستانیەکان و گرێلاکان و جەماوەری خۆبەخشی کوردستان لە هەموو لایەکەوە هەروا لە خۆڕا نەهاتنە مەیدان و پشتیوانی کردن، چۆن لە مەیدانی جەنگدا هەمووان یەکین لە ئاشتی و دیارکردنی چارەنووس و ئابووریشدا دەبێ هەموومان هاوبەش بین.
تاکە وانە لە کارەساتی شەنگال ئەوەیە کە یەکگرتنی گەلی چەوساوە تاکە ڕێگایە بۆ ئازادی و ڕیگەگرتن لە سەرکوت و جینوساید، ئەم برینەی ئەوان قووڵە دەبێ هێواش هێواش ساڕێژ بێت ئەمەش هێزی هەمووانی دەوێ.
فرمێسکی ڤیان دەخیل لە پەرلەمان و خوێنی دەنیز فوراتی پێشمەرگە و ڕۆژنامەنووس و خوێنی ئەم سەدان پێشمەرگە قارەمانە کە سڵ لەهیچ ناکەنەوەو گیان لەسەر دەست خۆیان دەکەن بە قوربانی ئازادی نەوە بەنەوەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بوون، لەگەڵ هاوپشتی هێزە نێونەتەوەییەکان کۆتایی بەم مێژووە دێ کە ئالای ڕەشی داعش پەیامبەریەتی. خەلافەتی داعش لە یەکەم هەنگاوی شکستی هێنا و کوردستان وەک یەک بلۆک ڕوو بەڕووی داعشیەکان بووەو بەڵام شەنگال هەروا خوین لە جەستەی دەچۆڕێ، مژدەی ساڕێژی لە مەخمور و کەرکوک و جلەولاوەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست