کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەفرەت لە هەموو شتێک

Friday, 09/05/2014, 12:00


وەرە لە وڵاتێکدا بژیت کە سێهەمین یەدەکی نەوتی هەموو جیهانی تێدا بێت و دانیشتوانەکەی ئەوە بۆ چەندین مانگە خەون بە پارەوە دەبینن، مووچەی مووچە خۆران مانگ بۆ مانگ دوا دەکەوێت و سیاسیەکانی ئەم وڵاتەش مقۆ مقۆی کورسی و دەسەڵاتیانە و خەرکی خۆ خۆرین بۆ دەسەڵات و پێگە و کورسی، ئاخر نەفرەت لە هەموو شتێک کە منی هاوڵاتی لە وڵاتێکدا بژیم نەتوانم بە پێی پێویست نان بخۆم و گەشت بکەم و ماڵ و منداڵم رەفیق کەم نەبێت و نەتوانم بچوکترین کەموکوریەکانی خێزانم چارەسەر بکەم، من چی بکەم لە پارلەمان و حکومەتێک، کە هیچ رێز و بونێکم بۆ دانانێت و گوێ بە داوا و پێویستیەکانم نەدات؟ من چی بکەم لە حیزبی سەوز و زەرد و شین و سوور و قاوەیی؟! بە من چی دەرچوون و دەنگ زۆری یان کەمی فڵانە کەس و فیسارە کاندید کە من باری خۆم هەر بە کۆڵی خۆمەوە بێت؟ بوون یان نەبوونی حکومەتیک و پارلەمانێک چ سودێکی هەیە بۆ منی هاوڵاتی، کە ئازار و برینەکانم هەر لە شوێنی خۆی بێت و بەرپرسان و سیاسیەکانی وڵاتەکەم ئەمرۆ بە سبەینێ بە قوتی منەوە بکەن و ژیانی خێزانم بخەنە سەر محەک، گەر قسەش بکەی ئەڵێن ڕەش بینیە یان سەبری نیە، ئاخر بابە شتەکە ناخۆش بوو سەبری ئەیوبیش بێت کۆتایی هاتووە، کاتێک کار بگاتە ئەوەی هاوڵاتی ئەم وڵاتە خێر و بێر دزراوە گوارەی گویی مندالەکەی لێ بکاتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانە ئیتر ئەبێ دڵی چی خۆش بکەیت بەم وڵاتە و بەم ژیانە، نەفرەت لە هەموو شتێک کە کار بگاتە ئەوەی هەموو مانگێک خۆت بشاریتەوە لە سەحێب خانوو نەتبینێت و داوای کرێی دواکەوتوو بکات و رووت زەرد بێت لە ئاستیا نەزانی بڵێی چی؟ ئاخر ئەم حیزبانە چ شتێکیان بۆ ئەم وڵاتە کردووە تا خەڵکێک ئەمڕۆ لە خەمیان بێت؟ لەمسەر بیگرە و لەوسەر بەریدە ئەڵین ئێمە بەعسمان لەناوبردوو ڕاپەڕینمان کرد، بابە وەڵا رووخانی بەعسیش سێ بەشی خەڵکە چەکدارەکەی ناوەوە و هێزە ئەمنیە کوردەکان و قوتابیانی چەکدار کردی کە پڕ چەک کرابوون لە ترسی ئەوکاتی رژێم لە دابەزینی ئەمریکیەکان بۆ ناوشارەکان بیرمە دەیانوت ئەمریکیەکان بە پەڕەشوت دادەبەزن تەقەیان لێ بکەن من خۆم ئەوکات تەلەبەی سێی ناوەندی بووم تفەنگێکیان دابومێ بە خۆم و هاورێکانم لە قوتابخانە کە بە ئاستەم بۆمان هەڵدەگیرا و نەماندەزانی لە پۆلدا چۆن دانیشین و تفەنگەکان چی لێ بکەین سەرباری ئەو هەموو کتێبەی پێمانبوو حوکمیش بوو دەبوایە بە تفەنگەوە برۆیشتیتایەوە و بهاتیتایەوە، کاتێک ڕاپەرین رویدا ئەو هەموو تەلەبەیە هەڵگەرانەوە و چونە ناو خەڵکەکە بۆ ڕاپەڕین و ئەوسا چەند پێشمەرگەیەک هاتن ئیتر ئەمە ئەو پاڵەوانێتیەیە کە بەردەوام پێمان دەفرۆشنەوە و بەهۆیەوە ئەم بارو دۆخەی ئەمرۆیان بەسەر ئەو جەماوەرەدا هێناوە، بە دەیانیان لێ دەکوژن و کەس نازانێت، بە دەیان و بە سەدان دەستگیر دەکرێن هەریەکەی بە بیانویەک و کەس ئاگای لە کەس نیە، بەدەیان و سەدان کەسیان ئەشکەنجە دەدرێن و ناشرین دەکرێن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت کەس نازانێت بۆچی؟ ئەمە ئەو باجەیە کە جەماوەر و هاوڵاتی ئەم وڵاتە وەریدەگرێتەوە لە دوای نەمانی رژێمی بەعسی عەرەبی، ئەمە ئەو خێرو خۆشیەیە کە سیاسەتمەداران و چەکدارانی وڵاتەکەمان بۆیان فەراهەم کردین دوای زوڵم و ستەمی چەندین سالەی رابردووی رژێمی پێشوو، ئادەی بزانم چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان بەرێوەبردن و حوکمی رژێمی ئەوسا و ئێستا؟ من بەش بە حاڵی خۆم تەنها جیاوازی کە دەیبینم نەمانی سیستمی سەربازی بەزۆرە لەبەرئەوەی یەکەم / ئەمڕۆ گەنجێکی زۆر کە خەڵکانی بەتەمەنیشیان تێدایە لەتاو بێ بژێوی بونەتە سەربازی جۆراوجۆر و هێزی ئەمنی بە مووچەیەک کە وەک دەیبینین بە 70 رۆژ وەردەگیرێت و وەرناگیرێت، دووەم / لەزۆر ناوچە دەبێت خۆت بکەیتە لایەنگری ئەو حیزبەی دەسەڵاتی هەیە و هیچ شتێکی وا نەکەیت بزانێت لە حیزبی رکابەری تا توشی گێچەڵ نەبیت و کارەکانت قفڵ نەکرێت، سێهەم / دێهات و گوندەکان تا ئەمڕۆ زۆریان بێ رێگە و بان و بێ خزمەتگوزارین و ناوچەکانیان لە مین پاک نەکراونەتەوە، چوارەم / چەندین گەڕەک و جادەی ناوەوەی شارەکانە وەک خۆی بە هەڵتەکاوی و بێ قیر و شۆستە و بێ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوە ماونەتەوە جگە لەو گەرەکانەی بەرپرسان دانیشتواننی یان لێوەی نزیکن ئەویش لەبەر عەیبەی خۆیان گەرنا لەبەر خەڵکەکە نیە، پێنجەم / سەفەر و گەشت و بینینی وڵاتان وەک چۆن سەردەمی رژێمی پێشوو قەدەغە بوو بۆ گەنجەکان ئێستاش هەر قەدەغەیە، بەڵام بە جۆرێکی تر چونکە پارە نیە و پێویستە گەر بتەوێت سەفەر و گەشت بکەیت یان بازرگان بیت یان بە نوێنەرایەتی و گروپ و تاقمەکان و خول بۆ چەند رۆژێک و بۆ جێگایەکی مەبەست و دەستنیشانکراو بچیت و هیچیتر، شەشەم/ ماوەی 8 ساڵ شەری قورسی ئێران عێراق بوو کەس نەیبینی مەساسەیەک تا فەردە ئاردێک فلسێک لە سعری خۆی زیادەی بچێتە سەر یان کەلوپەل و خواردنی بێکەڵک و ماوە بەسەرچوو سەرهەڵبدات، کەسێک نەبوو بە دەرمان و دەرزی ماوە بەسەرچوو و هەڵە ئەندامێکی لەدەستبدات یان بمرێت، ئاخر کەسی کاکی خۆ ئەمە بەشان و باڵ هەڵدانی رژێمی پێشوو نیە، بەڵام بە ویژدان گەر وانەبووە خۆتان حوکم بدەن، ئاخر بۆ دەبێت، کە خەڵکێک لەتاو زۆرداری رژێمێک هەوڵ بدات راپەرێت و لە زۆرێک لەم شتانە ببورێت ئاوا بەو شێوەیە بچەوسێنرێتەوە و سوکایەتی بە ژیانی و کەسایەتی بکرێت لەمڕۆی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و دونیای عیلمانیەت و کراوە؟ بۆ دەبێت سیاسەتمەداران و بەرپرسانی ئەم وڵاتە هەست بەوە نەکەن کە بەردەوام غەدرێکی زۆر لەو خەڵکە ئەکەن کە هەر ئەو خەڵکە کردونیەتە ئەو پیاوانەی ئەمڕۆی کورد وتەنی لاف و گەزاف لێبدەن و بە خاوخێزانیانەوە شاهانە بژین و ئەو جەماوەر و خەڵکەش لە بەشمەینتەی زیاتر و خزمەتکاری و چاوەڕوانی هیچیتری بۆ نەمێنێتەوە، ماشەڵا لەم ڕاپەرینە، ماشەڵا لەم ژیانە فەراهەم کراوە شاهانەیە، ماشەڵا لەم بەرێوەبردن و چاکە دانەوەیەی هاوڵاتیانی سەبرگرتوی ئەم وڵاتە، ماشەڵا لەم حکومەت و پارلەمانە، نەفرەت لە هەموو شتێک، نەفرەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە