کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەنگی چاڵدێران و هەڵوێستەیەک

Thursday, 22/05/2014, 12:00


ئەمڕۆ 500 ساڵ واتە 5 سەدە تێپەڕی بەسەر چەنگی چاڵدێران کە کەسمان نیە نەمانبیستبێت چاڵدێران چییە؟ ئەوەی من ئەمەوێ لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە کە 500 ساڵ لەمەوبەر کورد نەیزانیوە چۆن بژی و ببێتە خاوەن دەوڵەت کە بارودۆخ زۆر لەبارتر و ڕەخساوتر بووە، چۆن؟ 500 ساڵ لەمەوبەر شا ئیسماعیل بۆ بەرەنگاربونەوەی دەوڵەتی عوسمانی هەستا بە هێنانی بیرۆکەی ئاینزای شیعە لە نەجەف و کەربەلای عێراق بۆ ناو ئێران بەمەبەستی پتەوکردنی دەوڵەتی سەفەوی کە خۆی رابەرایەتی دەکردوو زۆرێک لە کوردستانیشی لەژێر دەستابوو و زوڵم و ستەمێکی زۆریشی لە کورد دەکرد بە بیانوی ئەوەی کە سوننە مەزهەبن و زیاتر وەک بیر و باوەڕ لە دەوڵەتی عوسمانیەوە نزیکن، لێرەدا سوڵتان سەلیمی یەکەم سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی تورک هەستا بە کۆبونەوە کردن بە میری زۆرێک لە هۆز و تیرە کوردەکان و پیی وتن کە شا ئیسماعیل کافر و زەندیقە و دەیەوێت ئاینێکی نوێ لە دەوڵەتەکەی کە دەوڵەتی سەفەوی بوو بێنێتە ئاراوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانی ئیسلامخواز و هەروەها پێی وتن کە هاوکاری بکەن و شەری بۆ بکەن لەپێناو کۆتایی هێنان بە دەوڵەتی سەفەوی ئەوەبوو لەم کارەدا 16 میری ئەوکاتی کورد بۆ رزگاربوون لە زوڵم و ستەمی شا ئیسماعیل و دەوڵەتی سەفەوی تەحالوفی کرد لەگەڵ عوسمانیەکان بۆ لێدان و لەناوبردنی دەوڵەتی سەفەوی کە ئەوکات سوڵتان سەلیم توانی لە رێگەی کەسایەتیە ئیسلامیەکانەوە کاربکاتە سەر کوردەکان و هانیان بدات بۆ شەر لەوانە (مەلا ئیدریسی بەدلیسی) کە بە یەکێک لە پیاوە زانا و دیپلۆماتەکانی ئەو سەردەمە ئەژمار دەکرا، بەرێزان 500 سال لەمەوبەر کورد لە خشتە برا بەناوی ئاینەوە تا شەری چاڵدێران بکات بۆ دەوڵەتی عوسمانی لە دژی دەوڵەتی سەفەوی و شەرەکەی بردەوە کە تەبرێزی پایتەختی ئەوکاتی ئەو دەڵەتەی گرت و شا ئیسماعیل بە برینداری هەڵدێت، لە پاداشتی ئەمکارەدا سوڵتان سەلیمی یەکەم هەستا بە بردنە سەری هەندێک لەو گفت و بەڵینانەی بە میرە کوردەکانی دابوو لە پای بردنەوەی شەرەکە و کۆتایی هێنان بە دەوڵەتی سەفەوی و ئەوە بوو چەند زەوی و زارێکی بەناوەوە کردنو پلەو پایە و نازناوی دەوڵەتیشی پێ بەخشین وەک (بەگ و خان) و لەم بابەتانە ، ئەوەی سەیرە کە لە شەری چاڵدێراندا بەپێی سەرچاوەکان نزیکەی 200.000 کەس بەشدار بوون کە ئەوترێت زیاتریش بوون ئەم هەموو کوردە ئەوکات ئەو شەرە گەورەیان کرد بۆ دەوڵەتی عوسمانی بۆ رزگاربوون لە دەست جەوری سەفەویەکان و دواتر چونە ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە داگیرکار و ستەمکارێکی تر بوو بەرامبەر بە کورد ، باشە گەر کورد هیچ نەبوایە ئەوکات ئایینی بەکار بهێنایە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی خۆی چی دەبوو وەک ئیمپراتۆرتەی عوسمانی و سەفەویش کە هەردوو دەوڵەت لەسەر بنەمانی ئاییی دامەزران و گەورە بوون بە جۆرێک کە سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی وایلێدێت لە دوای داگیرکردنی وڵاتی میسر و هێنانی عەبایەکی پێغەمبەر محمد (د.خ) دەڵێت ئەوە ئیتر من خەلیفەم و شوێنگرەوەی پێغەمبەرم و عەباکە دەدات بەسەر شانیداو دەکەوێتە داگیرکاری و گەورەکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە دەوترێت تا ئەوروپاش هەنگاوی ناوەوە و لە سنووری پیەننا نزیک دەبێتەوە ، لەوەتەی هەیە کورد هەر کاری بۆ سەروخۆی کردووە و زۆر دڵسۆزانەش مامەلەی کردووە و تەنانەت ئایینیشی زۆر بە دڵسۆزی وەرگرتووە و هەرگیز هەوڵی نەداوە ئایین بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆخۆی وەک لە دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەک ئێران و سعودیە و زۆرێک لە دەوڵەتانی ئیسلام مەزهەب کە لە رێگەی ئایینی ئیسلامەوە بونەتە دەوڵەت و رەگیان داکوتاوە ، تا ئەمڕۆش و لە سەردەمی میرە کوردەکانەوە هەرگیز سەرکردە کوردەکان نەیانتوانیوە تەنها دوانیان یەک قسە بن قسەیەک کراوە وابزانم چەرچڵ بووە وتویەتی کورد قارەمانن بەڵام هەمیشە ویستویانە یەکەمی 10 کەس بن و قبوڵیان نەبووە هەرگیز دووەمی 1000 کەس بن، تا ئەمڕۆش هەر سەرکردەیەو تەنها دەیەوێت خۆیی و حیزبەکەی یەکەم بن و کەس گوێ لە قسە و پێشنیاری ئەویتر ناگرێت و هەر بە ژێر دەستەیی ماوینەتەوە و دەمێنینەوە 500 ساڵ لەمەوبەر ویستومانە لە ژێردەستەیی و زوڵم و ستەم رزگار بین تا ئێستا هەر دەمانەوێت رزگار بین؟! کەواتە هەڵەکان لە خۆمانەوەیە و لە میر و دەرەبەگ و خان و سەرکردەکانمانەوەیە و تا بەو شیوازە بیر بکەینەوە لەجێی خۆمان دەبین و تاکە میللەت دەبین کە کاتێک دونیا کۆتایی پێ دێت ئێمە دەوڵەتمان نابێت و بە پەرتەوازەیی لەناو دەچین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە