کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەقەکردن وەک گوزارشت لە خۆشی دەربڕین!

Monday, 28/04/2014, 12:00


سەردەمانێکی زۆرە ئێمە واتە ئێمەی کورد هەرچۆنێک بێت بە باش و خراپەوە لە هەوڵی ئەوەداین، یان ویستومانە وەک میللەتێکی دیموکراسی و تێگەیشتوو خۆمان دەربخەین یان دەرکەوین چ لە ناوەوە و چ لەدەرەوە لەبەرچاوی هاورێیان و دۆستان و وڵاتان ، کەچی سەرباری ئەوەی تا کاتی نووسینی ئەم نوسینە من لە سلێمانیم و تا ئێستا دەنگی تەقە دەبیسترێت دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی مام جەلال لە میدیاکانی یەکێتی نیشتمانیەوە نمایشکرا، ئەگەرچی من لە نوسینێکی پێشوترمدا باسم لە گەورەیی و بە بەهایی ئەم پیاوە کرد کە بە دۆست و دوژمنەوە هەموو پیی خۆشە کە تەندروست و لەش ساغ بێت کەچی هەر ئەم دوا نیوەرۆیە بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە تەقەیەکی زۆر کرا بە ئاسمانی سلێمانی جا نازانم بۆ شارەکانی دیکە وەک تەعبیر و گوزارشت لە خۆشی دەربرینی ئەندام و لایەنگران و دۆستانی ئەو حیزبە، کە ئەنجامەکەی تا ئەم ساتە 19 برینداری لێکەوتۆتەوە و برینی هەندێکیشیان لە مەترسی بەدوور نیە ، باشە بۆ خەڵکی ئێمە دەبێت لە هەموو شتێکدا ناشاز بێت لە چ شوێنێکی جیهاندا بە تەقەمەنی زیندوو (الذخيرة الحية) گوزارشت لە خۆشیەکانی مرۆڤ دەکرێت؟ زۆرجار هەندێک حاڵەت و گوزارشت و دەستەواژە هەیە کاتێک بەکار دەهێنرێت وەک دۆکۆمێنتێک میللەتێکی پێ هەڵدەسەنگێنرێت، ئێمە تا ئێستا بە بروای من بە بیرکردنەوە لە ساڵەکانی سەرەتای راپەرینداین و تەنها بە رەسم و هەیکەل لە ساڵی 2014 ین بە بەڵگەی ئەوەی هەموو بیرکردنەوەکانمان وەک ساڵانی پێشووە و ئێستاش تەعبیری خۆشیەکانمان تەقە کردنە بە ئاسماندا، ئێستاش بەعسی بوون دەخەینە پاڵ یەکتر بۆ رکابەری، ئێستاش درۆ و بەڵێنی ناراست دەدەین و دواییش ئەڵێی هەر ئێمە نەبوین، زریکە هەستانی تایەی ئوتومبێل و هۆرین لێدان و دوکەڵکردن بەسەر خەڵکانێکی رکابەر و ئاسایی لە شوێنە قەرەباڵخەکاندا، ئێستاش کە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە دونیا دەکرێت بە پەرۆ و پاتاڵ و پۆستەرات و وێنەی ئەو خەڵکە کە دواتر سیمای شار وەک شاری ئاژاوە گێرەکان دەردەکەوێت، کەسمان ئەوی ترمان قبوڵ نیە و گەر تا دوێنی وەک برابوبین ، ئەمڕۆ هەرئەوەندە زانرا ڕامان جیاوازە ئەکەوینە سەنگەر لە یەکتر و هەرچی ناو و ناتۆرە و شتی ناشرینە دەیخەینە پاڵ یەکتر، تا ئەمڕۆ چەکێکی زۆری بێ سەرو بەر و جۆراوجۆر لەناو ماڵەکانماندا بونیان هەیە و بەردەست کەوتنیان لە هەر ساتوەختێکدا لە ئاوخواردنەوە ئاسانترە و هەر هەواڵێکی خۆش یان دەمەقاڵەیەکی گەڕەک، هتد گەرممان دەکات و هەنێک گولەمان پێ دەکات بە ئاسماندا، ئیتر بێ بیرکردنەوە لەوەی کە ئەم تەقە کردنە دیاردەیەکی ناشرین و قێزەونە، لەدەستدانی ئەو تەقەمەنیانەیە گەر لە رووی پاراستنی ئەمنیەتی وڵات لێی بروانیت، ئەگەری لە سەدا سەدی کەوتنەوەی بریندار و کوژراوە بەهۆیەوە و لەهەر شوێنێک بێت کە ئێمە لێی بێ ئاگاین و بێ خەمین، پیسکردنی هەوای پاکی ژینگەیە بە بۆن و دوکەڵی ئەو بارودانە ، بێزارکردن و تۆقاندنی منداڵانی ساوا و بەساڵاچوان و نەخۆشەکانن لە گەرەک و نەخۆشخانەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە