کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گردبوونەوە و مووچەی دەسەڵاتی کوردی

Monday, 12/05/2014, 12:00


ئەرێ سەیر نییە لە وڵاتێکدا بژیت بە گردبونەوە و خۆپیشاندان و رێگەوبان بەستن نەبێت مووچە، کە ساناترین مافی فەرمانبەرە وەرنەگیرێت ؟ ئەرێ بەراست ئەم وڵاتە بۆ وا بێسەرە و بەرە بوو؟ بۆچی ئەوەی پێی دەوترێت حکومەت و پارلەمان خەمی بژێوی ئەو خەڵکە ناخۆن، بۆ دەبێ هەموو داوایەکی ئەو خەڵکە بە زۆر و توندوریژی و گردبونەوە بێت، باشە من دەپرسم ئایا سەرۆکی هەرێم یان حکومەت یان هەر بەرپرسێکی حکومی لەهەر ئاستێکدا بێت گەر بەیانیان بەنزینی حکومەت نەبێت بۆ ئتومبێلە حکومیەکەی تا چەند رۆژ بڕ دەکات لەسەر گیرفانی خۆی بچێت بۆ دەوام؟ ئەمە لە کاتێکدا بێت کە 50 - 70 رۆژبێت مووچەی وەرنەگرتبێت؟ ئایا دەتوانێت دەوام بکات و گەر نەشچێت یان دوا بکەوێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت؟ ئەوە چ قەدەرێکە خەڵکی کوردستانی عێراق دەبێت حوکوم بێت و لەچارەی نوسرابێت کە بەوشێوەیە بژی؟ ئایا دەست خستنە بینە قاقای خەلکی و دەستبەسەردا گرتنی مووچەکانیان ئەبێ چ هونەر و سیاسەتێکی تێدا بێت؟ ئەوە سەیر نیە هەموو لایەنەکان بێ جیاوازی بە حکومەت و پارلەمانیشەوە ئەوە 7 - 8 مانگ دەچێت سەرقاڵی کورسی و مێز و پۆست و پلە و پایەن و هیچ باکێکیان نیە کە خەڵکی بە فەرمانبەران و بازارەوە بونەتە پەندو عیبرەت؟ ئایا دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە لەوە ناترسن کە ئەم دواخستنی مووچە و نەبوونی پارەیە لە بانکەکان ببێتە دیاردە و بەردەوام بێت تا سەر؟ ئەی باشە هەر نەبونی و نەداری نیە دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکانی میللەت بیر لە کارو کردەوەی ناشیاو و قێزەون بکەنەوە و ئاست و ڕێژەی تاوان زیاد بکات و هونەری جۆراوجۆری دەستبڕین و تەڵەکەبازی بێتە ئاراوە؟ لەهەمووی خۆشتر و سەیەرتر ئەوەیە کە تاوانی بێ پارەیی و بێ مووچەیی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، ئێ باشە کێ و چی و بۆچی حکومەتی ناوەند لەپڕ وایکرد کە دەست بەسەر مووچەی خەڵکی ئەم وڵاتە بگرێت؟ ئایا هەر هۆکارەکەی سیاسەتی هەڵە و خۆدزینەوە لە ناوەند نەبوو؟ ئەی گەر وا حساب بکەین کە مافی خۆمانە نەوت بفرۆشین و خاوەنی داهات و سەروەری خۆمان بین و پەیوەندیمان بە ناوەندەوە نەبێت، ئەی نابێت خەتی رەجعی و پلانمان هەبێت بۆ ئەو ئەگەرانەی ناوەند بیخاتە بەردەممان وەک نەناردنی مووچە و داهات؟ فەرموو بزانن چۆن ناوەند ئەوە چەند مانگێکە ئەم هەرێمەی خستۆتە تالوکە؟! فەرموو بزانم هەرێم دەتوانێت تەنها گرفتێک کە ناوەند بۆی دروستکردووە کە نەناردنی مووچەیە بۆی چارەسەر دەکرێت؟ کە بەلای حکومەتی ناوەندەوە ئەو کارە زۆر ئاسانە و ئەوە تەنها هەی لێ لێ یە و هەی لۆ لۆی ماوە گەر بیەوێت، حکومەت و پارلەمان چۆن دەبێت کارێکی وا بکات چارەنوسی هەرێمێکی گەورە و گرانی وەک کوردستان ببەستێتەوە بە ناوەند کە بەغدای پایتەختی عێراقی عەرەبیە؟ ئەی دەفەرموو ئەوە حال و ئەوە حساب، من پێم وانیە کە نەتوانین وابەستە نەبین بە حکومەتی ناوەند لەبەرئەوەی بە جوڵەیەکی زۆرئاسان دەتوانێت زۆر بڕیار و کردەوەمان پێ بگۆرێت، کە ناچاریشین بەگوێی بکەین و دڵی بدەینەوە هەمووی هۆکارەکەی ئەوەیە کە تائێستا سەرکردایەتی کورد نە لە کوردستان و هەرێم و نە لە بەغدا نەیتوانیوە بەردێک بخاتە سەر بەردێک و هیچ شتێک بکات لە بەرژەوەندی دۆزی کورد و هەرێمە رزگارکراوەکەی بێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەندین ساڵە کورد چ لە هەرێم و چ لە بەغدا سەرقاڵی پارە و سامان و بازرگانی و کورسی کورسی و پلە و پۆست داگیرکردن و دابەشکردنن و چەندیش بۆیان کرابێت سەنگەریان لەیەکتر توند کردووە و دژی راوبۆچونەکانی یەکتر کاریان کردووە، بەجۆرێک سەرەنجام متمانەی جەماوەری کوردیان لەدەستدا و بونە بنێشتە خۆشەی ناوەند و عەرەبەکان لە بەغدا و لەسەر ئاستی دەریشەوە پێش هەموو شتێک هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان چونە لیستی ڕەش و تیرۆر ئیتر نازانم دەسەڵاتدارانی کورد کەی هۆشیان دێتەوە بەرخۆیان و ببنە فریاد رەسێک بۆ خۆیان و بۆ میللەتی کوردستانیش کۆتایی بە دۆخی چەقبەستوی چەندین مانگە بێنن و تۆڵەی ساڵانی بەفیڕۆچوی دەسەڵات و متمانەی جەماوەری کوردستایش بکەنەوە کە وەک ئەوە وایە ئاویان لە بێژنگ کردبێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە