کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆکارەکانی شکستی یەکێتی و رزگاربوون لەو دۆخە ..

Saturday, 28/09/2013, 12:00




من پێم وایە و وەک پێشتریش لەچەند نوسینێکی تردا سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پارلەمانی کوردستان و درەنجامەکانی هاتنەخوارەوەی ئاستی جەماوەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیچ پەیوەندی بە چۆنێتی کارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەزویرات و فرت و فێڵەوە نیە و بە ئیعترافاتی زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبە جیاجیاکانی ئە حیزبە هەمووی باجی چەندین ساڵ کارکردنی تاکلایەنە و وەلاوەنانی یەکێتیە کە نەدەبوو وابوایە ، ئەویش تەنها لەبەرئەوەی یەکێتی حیزبێکی نوێ نیە و نامۆ نیە بە کوردستان و خەباتی گەلی کورد ، حەق وایە بپرسرێت و بەدوادا چوون بۆ ئەوە بکرێت ئایا ئەم دۆخەی یەکێتی تێکەوتووە دەستی ناوەوەی لە پشتەوە نەبووە تا بەم حاڵە بگات ؟ ئایا لە ناوەوەی خودی ئەو حیزبە زۆر بە وریایی و لێزانانە و دواتر بە نهێنی کار بۆ ئەم شکستە نەکراوە ؟ کێ دەڵێت باڵێک یان چەند کەسانێک بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون کە یەکێتی بەم ئاستە بگات بەتایبەت دوای دوورکەوتنەوەی مام جەلال کە هەمیشە و بەردەوام ویقار و داینەمۆی هزر و توانای ئەو حیزبە بووە و بۆ ئەو حیزبە من بە پیاوە پۆڵاینەکە ئاماژەم بۆ دەکرد ، ناکرێت و نابێت لەچاوتروکانێکدا حیزبێکی تەمەن درێژی پڕ خەبات و شەهید و ماندوێتی بەم رۆژگارە بگات ، نەخێر ئەوە هەرگیز پەیوەندی بە چەندایەتی و چۆنایەتی دەنگەکان و ئاراستەی هەڵبژاردنەکان نەبووە ، باشتر وایە یەکێتی گەر بریاری مانەوە و بەردەوامبوون بدات چیکێکی سەرتاپا و سەرانسەری خۆی بکاتەوە و بەتەواوی سەرجەم بەرپرسان و ئەندامانی مەکتەبەکان و سەرکردایەتی وەلاوە بنێت و دوریانخاتەوە چونکە چەندین ساڵە لەو ساتەوەی یەکێتی بوەتە حکومەت و دەسەڵاتدارێکی ئیداری لە کوردستان و خەباتی چەکدارانەی شاخی وەلانا ئەم بەرپرس و ئەندامانە هیچ کارێکی ئەوتۆیانەی سحرییان بۆ ئەو یەکێتیە نەکردووە کە هەریەکەیانی بەجۆرێک و بە شێوەیەک دروستکرد ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستکەری زۆرێک لەو پیاوانەیە کە ئێستا لە دورەوە رەخنەی لێ دەگرن و سەروگوێلاکی دەکوتنەوە و گەر ئەو یەکێتیە نەبوایە ئێستا خوای گەورە دەیزانی لەم وڵاتە چ کارە دەبوون و بە چیەوە خۆیان سەرقاڵ دەکرد ، حەیف بۆ ئەوێ رۆژانێک کە هەمووان لەپێناو یەکێتیدا بوو ، نەک یەکێتی لەپێناو هەمووان ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبوایە تا ئێستا لە جیاتی شکست بە پێچەوانەوە بۆ ئەودیو سنوری کوردستانی باشوور برۆیشتایەو لە ئێستادا مەڵبەندەکانی سەقز و سنە و هەکاری و دەرسیم و قامیشلۆی دامەزراندایە و باڵای بەقەد باڵای کوردستان بوایە نەک ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار ، پێویستە لە هەستانەوەدا لەمەودوا کار بەو ئاقارە بکرێت و یەکێتی گەنج بێتەوە و ببێتە حیزبێکی لاو و بە گشتگیری و بە پرس و را بریارەکانی بدات و دوور کەوێتەوە لە کارکردن بە سیستمی ترس و تەزکیە و نان برین و دانەمەزراندن و تورەبوون و رەنجاندنی دۆست و لایەنگران و ئەندامەکانی کە ئەمانە بەشێکی زۆری هۆکاری شکستی ئەمساڵ بوون ، گەر بروانیتە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لە ساڵی 1991 تا ئێستا هەر هەمان ئەو کەسانەن و وەک ئەوە وایە قۆرخ کرابێت یان بەتەنها بریتی بێت لە یەکێتی یان حیزبی ئەو چەند کەسە ، کێ بینیوێتی گەنجێکی مەڵبەندەکان یان کۆمیتە و کەرتەکان بتوانێت بچێتە سەرەوە ؟ لە ئۆرگانەکانی خوارەوە کەسانێکی شایستەی زۆر باش هەبوون کە دەکرا بگەنە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەڵام بەداخەوە هەر وەک خۆی لە خوارەوە ماوەتەوە تا تەمەنی تێپەری کردووە ! باشە ئەو خەڵکەی خوارەوە لەناو ئەو حیزبە لەخۆیان نەپرسیوە کەی بێت بگەنە سەرەوە و رۆژێک بچنە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و مەرکەزی قەرار لەو حیزبەدا ؟ ئەم هەڵسوکەوتە تەواو ئەوەم بەبیر دێنێتەوە کە کاتێک لە ساڵانی رابردودا تا ئەمرۆشی لە گەڵدابێت کەسانێک کراونەتە وەزیر و بەرپرسی فەرمانگە حیزبی و حکومیەکان کە تا ئێستا بەردەوامن و هیچ گۆرانکاریەکیان بەسەردا نەهات وەک ئەوەی کە یەکێتی تەنها ئەو کۆمەلە کەسە شک دەبات و لەوان زیاتر لەکەس رانابینێت و کەسیتر بە شایستە نازانێت پلەو پایەی حیزبی بەرزیان بداتێ یان پۆستی باڵا و شیاویان بداتێ لە حکومەتدا ، یەکێتی نیشتمانی زۆر لە مێژە هیچ گۆرانکاریەکی لە ناوەوەی حیزب و پۆستە ئیداری حکومیەکاندا نەکردبوو دەقی گرتبوو بە چەند کەسێکەوە کە لەوانەیە خودی ئەوکەسانە خواخوای ئەوەیان بوبێت رۆژێک بێت و حیزبەکەیان رێزیان لێ بنێت و سوپاسگوزاریان بێت و خانەنشینیان بکات بەڵام حیزب هەر لێیان نەدەگەرا و ئەوانیش بەو شێوەیە لە حکومەت و لە حیزبیشدا کاریان کرد وەک بینیمان و دەرەنجامەکانیشمان بینی ، کە لە ئێستادا خودی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کەوتونەتە پرسیارکردن لە یەکتری و ئەم دەستی چەوری بەودا دەسرێت و ئەو تۆمەت دەخاتە پاڵ ئەم و بەڵێنی سزادانی یەکتری دەدەن و کەسیان نازانم سەرچاوەی ئەم شکستە لەکوێوە بوو و ناشزانن چی بکەن بۆ سرینەوە و لەبیرکردنی و چارەسەرکردنی .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە