کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەشە و پەتپەتێن

Wednesday, 23/04/2014, 12:00


من زۆرم پێ سەیرە ئێوە پێتان سەیر نیە ؟ هەر لەگەڵ وادەی هەر هەڵبژاردنێک نزیک دەبێتەوە لە نێوان حیزبە رکابەرەکان شتێکی سەیر دێتە ئاراوە دوور لە هەڵبژاردن و بانگەشە ، ئەزانن ئەو شتە چیە ؟ ئەو شتە ئەمبەراو بەرکردن و پەتپەتێنی بەرپرسان و ئەندامە باڵاکانە لێرەوە بۆ ئەوێ و لەوێوە بۆ ئێرە !! فڵان بەرپرس خۆیی و ئەوەندە کەس چونە فڵان شوێن ، فیسار کەس وئەوەندە کەس ئەمڕۆ هاتنە فڵانە جێگە !! هەموو ئیشێکی ئەم کوردە توشی شۆکت دەکات ! نازانم چ سودێکی هەیە ئەم ئەمبەراو بەر کردنە ؟ باشە ئەبێ ئەو لایەنانە چ دڵێکیان بەم جۆرە کەسانە خۆش بێت ؟ ئەبێ چ هیواو و بروایەکیان پێی بێت دوای ئەوەی ئەولایە دەفرۆشێت و لێ دەگەڕێ و دێتەوە ئەمبەر ؟ ئەدی ئەمبەر چۆن متمانەی پێ دەکەنەوە کە پێشتر فرۆشتونی و جێی هێشتوون ؟ ئێستا شتێکی نوێ بۆ ناو زڕاندن لەم سەروبەندی هەڵبژاردن و بانگەشەیەدا هاتۆتە ئاراوە ئەویش بەستنی شتێکە بەناوی (دیبەیت) کە تیایدا بەرپرسی لیستەکان یان کاندیدەکان لەسەر شانۆ هەڵدەکوتنە سەریەک و ئەوەندەیە بە سەرو گوێلاکی یەکتردا نادەن لە پێش چاوی جەماوەرەکانیان ؟! بەراستی سەیرە کورد وشەی ئیتهام کردنی بۆ یەکتر بە بەعسی بوون هەرگیز لێ ناگەڕێ و هەرکەس ئەوی تری قبوڵ نەبێت هیچی پێ نەکرێت هەوڵ دەدات دۆکۆمێنتێکی بەعسی بوونی بۆ بدۆزێتەوە ؟ من دەپرسم کێ هەیە بەعسی نەبوبێت سەردەمی رژێم ؟ خۆ لەسەدا 85 - 90 کورد گەر لە ترسیشا بوایە چەندین جۆر پێناس و پسوڵەی تەواری و خەفیفە و سەقیلە و جاش و پۆلیس و لەم بابەتانەی لە گیرفان نابوو کەسیش بەویتر قەڵس نەبوو ؟ بەتایبەت ئەوی خوێندنی باڵای بویستایە یان تەواوی کردایە ئیدی خوێندنی سەربازی بوبێت یان مەدەنی دەبوایە بە تۆخیش بەعسیبونی بۆ رژێم بسەلماندایە ئەوسا بە لالوتێکەوە و لەپاڵ واستەدا وەردەگیرا ، ئیتر ئەمە چیە ئەم ناوزراندن و شکاندنی یەکترە دوای 23 ساڵ لە نەمانی بەعسی و تێپەراندنی ئەو رژێمە ، خۆ ئەوە 23 سالە بەعسیەکان نەماون ئەی بۆ ئەم دۆخە هاتۆتە ئاراوە بۆچی کوردستان بەو شێوەیە کەوتۆتە گێژاو و پارە و ئارامی و یەکتر قبوڵکردن و تەنانەت کەش و هەوای جارانیشی لێ بڕاوە ؟ بۆچی وامان لێهاتووە کەسمان ئامادایی ئەوەمان تیادا نیە دان بە هەڵە یان کەوتندا بنێین ؟ بۆچی بیرمان بە شێوەیەک تەسک بۆتەوە کە هەندێکجار خۆشمان نازانین چیمان دەوێت ، من نازانم بە روونی ئێستا رێژەمان چەندە بەڵام گەر وای دابنێین 6 ملیۆنین ئەوا بە دڵنیاییەوە تەنها 10 کەسمان راو بۆچونمان وەک یەک نیە و هەموو جیاوازین یان خۆمان بە جیاواز دەزانین ، من بێگومان گەر زاراوەیەکی تر هەبوایە بۆ شوێنی وشەی بەعسی و خەڵکانی نەیار و ڕا جیاوازەکانی پێ تۆمەتبار بکرایە ئێستا لە هەموو جێگەیەکی ئەم کوردستانە ئەم کاندید بەویتری دەوت و دواجار دەبووە وشەیەکی جێگیر لە ئەدەبیاتی کوردیدا ، گەلی برادەرینە بۆخاتری خوا لە موهاتەرات و تەشەنوج و تانەو تەشەر دورکەونەوە و لە پێناو کورسی و دەسەڵات و گەیشتن بە پارە و سامان و دەسەڵات یەکتر سووک مەکەن چونکە بۆ دواجار هەموو هەر کوردین و هەمووش بەم دۆخە ناجێگیرە نیگەرانین و بادوور لە شکاندن و قسەی حەلەق بەلەق هەوڵ بدەین هەرێمەکەمان لە قەیرانە کەڵەکە بووەکان رزگار بکەین ، تکایە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە