کەمپین و پیتاک کۆکردنەوە ..
Sunday, 08/06/2014, 12:00
لە دوێنێ شەوەوە تەلەفزیۆنی کوردسات دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی پیتاک کۆکردنەوە لە ژێر ناوی (ژیانەوە) بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ توشبووان و چارەسەری نەخۆشی شێر پەنجە کە بە ڕای من ئەمە ئیفلاسی سیاسی و راگەیاندکاری و بە لارێدا بردنی بیر و هۆشی خەڵکی کوردستانە چونکە من وەک تەعاتوفی بەردەوامم و خەمخۆریم بۆ هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە قسەم لەسەر وەزعەکە و چەواشەکاری و گەوجاندنە ، کە لەخوای گەورە داواکارم و دەپارێمەوە کە شیفا و چارەسەری بێبەرامبەر و خودایی بۆ هەر کەسێک کە تووشی ئەو نەخۆشیە بوبێت بکاتە دیاری ،
بەڵام بەراستی شورەییە کۆکردنەوەی پارە بۆ کڕینی بە وتەی خۆیان ئامێری تیشک بۆ چارەسەری شێرپەنجە کە هەر ئامێرێک هەر بە وتەی ئەوان بە 80 دەفتەر دۆلارە و کەوتونەتە بانگەشە بۆ ئەو خەڵکە داماوە کە بێن بە هانای تووشبوانی شێرپەنجە و منداڵ پیشان دەدەن دەخیلەکەی خۆی بردووە و ئافرەت گوارەی گوێی خۆی دادەنێت و جگە لەوە کۆمەڵێکی تر بۆ نمایش و خۆ نواندن هەڵدەستن بە پێدانی چەنین دەفتەر و دەچنە بەر کامێراکەی کوردسات و داوا دەکەن خەڵک بێت و پارە بدات ، گەلی برادەرینە ئەمە زۆر عەیبە بۆ چەندینجارە کەناڵی ئاسمانی کوردسات و گەلی کوردستان کە بە حسابی خۆیان داهێنان و دەستپێشخەری دەکەن هەڵدەستن بە سازدانی ئەم جۆرە کارانە یان ریکلام کردن بۆی ،
جارێ پێش هەموو شتێک من ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەو کەناڵانە بۆ خۆیان گێل دەکەن ؟ گوایە نازانن کە جگە لە چەند کەس و گروپێک کەسی دیکە پارەی پێ نیە نان بکرێت بۆ ژەمە خواردنێک ؟ ئەو کەناڵانە بۆ ناچنە بەردەم وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و ئەم کەمپینە ببەنە بەردەرگای وەزارەت تا چەند سەد ملیۆنێک لە پارەی نەوت و مافی خودی ئەو خەڵکە بە نەخۆشانی شێرپەنجەشەوە بدرێتە ئامێر و چارەسەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان بە شێرپەنجە ؟ ئەم سواڵکردن و پیتاک کۆکردنەوەیە جارێک بۆ لێقەوماوانی زەمین لەرزەکەی وان و جارێک و چەندینجار بۆ ئاوارەکانی سوریا و ئێستاش بۆ شێرپەنجە ، ئەی دەوری حکومەت و داهاتەکان لەم وڵاتە چیە ؟
ئایا لە توانای میللەتدا هەیە فریای هەموو شتێک بکەوێت و خۆیان بەهانای خۆیان بێن و هاوکاری لێقەوماوانی دەوروبەریش بکەن ؟ بەچی ؟
لە کاتێکدا کە چەند کەناڵێک بانگەشەو پیتاک و سواڵ کۆدەکاتەوە لێرە و لەوێ کەناڵی تر ئامادەسازی دەکات بۆ گێڕانی ڤیستڤاڵی هونەری بێ رێ و جێ و بێ بنەما و داوەت کردنی گۆرانیبێژ و سەماکار ، پارەیەکی زۆر بە هەدەردان ! کوردسات بۆ ناچێتە بەردەم کۆمپانیاکانی نەوت و بەردەم پارلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و کۆمپانیا مشەخۆرە بیانیەکان و داوا بکەن چارەسەر و ئامێر بکردرێت بۆ شێرپەنجە ؟ ئەم وڵاتە لە توانایدا هەیە بە داهاتەکانی هەزارەها ئامێر و هەزاران نەخۆشخانەی زۆر گەورە و پێشکەوتوو بکاتەوە لە هەموو بوارەکاندا ،چارەسەر و ئامێرکرین و نەخۆشخانە دامەزراندن و بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکان لەتوانا و داهاتی حکومەتدایە و کەی ئەرکی بەزۆر قایلکردنی خەلکی سادەیە و لە خشتەبردنێتی بەناوی هاوکاری و خێر و سەدەقە و لەم بابەتانە ، خۆ ئێمە لە سودان یان تورکیا یا سوریا ناژین تا داهات و پارەمان نەبێت ، برا بەخوا ئەوەی زۆرە لەم وڵاتە تەنها ئاڵتونی ڕەش و پارەیە ئیتر نازانم بۆ چاویان لە گیرفان و دەخیلەی مناڵان و مووچەی فەرمانبەرانە بۆ تەنگانەکایش .. نازانم ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست