کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد قرانە و نەمانزانیوە ! ...

Saturday, 09/11/2013, 12:00




لەوەتەی فامم کردۆتەوە ، تەواو لەگەڵ دەستپێکی راپەرین و سەر هەڵدانی دۆزی کورد و مەسەلەی مرۆڤی کورد لە دونیادا ، ئەوەندەی تێفکریوم و بۆم روون بۆتەوە تا ئەم ساتەی ئەم نوسینەی تیادا دەنوسم مرۆڤی کورد واتە ئەوانەی پێیان دەوترێت کورد و کوردستانی بە خودی خۆشمەوە هەر لە تەنگەتاوی و تالوکەدا ژیاون و هیچ کاتێک نەبووە بۆ ساتێک بە ئارامی و بەختەوەری بژی گەر وردتر بروانین دەبینین چەند ساڵێک لە کوردستانی باشوور شەری ناوخۆ لەسەر (هیچ !!) هەڵئایسا و زۆرێک لە مرۆڤی کوردی هاڕی و بە پۆزش هێنانەوەیەک لەلایەن هەڵگرسێنەرانی تێپەرێنرا ، لە کوردستانی باکوور چەندین ساڵە شەرێکی بیانویاوی و نەگریسی ئەتاتورکەکان یەخەی بە زۆرینەی کوردی ئەو بەشە گرتووە و سەرباری ئەوەی بە تورکی شاخاوی ناویان دەبەن و بە زەبری ئەو سوپا زەبەلاحەی ئەندامی ناتۆیە وەک نۆک دەسکەنەی رۆحیان دەکەن ، لە کوردستانی رۆژهەڵات رۆژانە وەک دەرمان و وەک سەردەمی زوحاک تا ئەمرۆ دەبێت لاوانی کورد و بیرمەندان بکرێن بەدارا و چنینەوەی رۆحیان بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە بۆتە یەکێک لە خەسلەتەکانی دەولەتی ئێران ، هەرچی سەبارەت بە کوردانی کوردستانی سوریاشە هیچ ئاماژەیەکی کوردبون نایانگرێتەوە و تا پێش ئەم حاڵەی ئەسەد و سوریا لە سانا ترین ماف بێبەش بوون کە مافی رەگەزنامە بوو و هەموو بە عەرەب لە رەگەزنامەکانیان ئاماژەیان پێدرابوو و تەنها ئەو کەسە و دایک و باوک و خوای گەورە دەیزانی کوردە ، لە ئێستاشدا چ بە عەرەبەکانی دەستوپێوەندی ئەسەدی دکتاتۆر و چ بە زەبر و فرسەتی هەلقۆستنەوەی بەناو ئیسلامی سیاسی ئیرهاب دەکرێن و تۆقاندن و کوشتنیان حەڵاڵ کراوە و ناچارکراون لە زید و نزرگەی خۆیان هەلبێن و ڕوو لە کوردستانی باشوور بکەن ، بە کولە مەرگی و بە فرۆشتنی بنێشت و کلینێکس و سواڵکردن بژێوی خۆیان پەیدا بکەن ، وا زستانی سەختی کوردستانیش ئەمجارەش دەرگای پێگرتن و ئەویش بەشی خۆیی لێ دەچنێتەوە بە سەرما و نەخۆشی و تەرو و تووشی ، ئەوەی من لەم نوسینەدا باسمکردووە سەبارەت بە لەناوبردنی مرۆڤی کورد بە پیی پلان و سستمێکی لەسەرخۆی دارێژراو مشتێکە لە خەروارێک و نەمویست بچمە وردەکاری ئەوەی کە بەهۆی شۆڕشەکان و پەرتەوازەیی چەندین و چەندین لە کوردان لەژیان بێبەری کران و لەناوچوون کە لەوانەیە هەر بنە بەردێک و ژێر هەر چڵە گیایەکی کوردستانی گەورە بە هەموو بەشە دابەشکراوەکانی رۆحی کوردێکی تیادابێت ئیتر بەهەر بیانوو و بەهەر هۆیەک تیاچوبێت ، ئێمە گیانێکمان بەوەیە نەتەوەیەکی رەسەنین و توانای بەرگەگرتنمان سنووری بۆ نیە گەرنا دەمێک بوو فەنا ببوین و خەڵکانی تر لەشوێن و زێدمان دەگوزەران ، مرۆڤی کورد زۆر دەمێکە هەڵپەی ژیانێکی ئارامێتی کە بتوانێت بە سکی تێر و بێئەوەی لە هیچی کەم بێت بژی چونکە جوگرافیای کوردستان بە گشتی ئەوە دەسەلمێنێت کە وڵاتێکی گەورەی دەوڵەمەندە و توانای ئەوەی هەیە کە مرۆڤی سەرنشینی بێئەوەی پێویستی بە ماندو بوون و کارکردن هەبێت ساڵانیكی دورودرێژ و بۆ هەتایە بژێنێت و نەهێڵیت لە هیچی کەم بێت ، دیارە هەر ئەم دەوڵەمەندی و پر داهات و بە پیتیەیە وایکردووە هەمیشە دوژمنان چاویان لەسەرمان بێت و رەقیب بن بۆ ئەوەی کە هەرگیز نەبینە دەوڵەت چونکە ئێمە وەک کوردستانی گەورە ببینە دەوڵەت توانای ئەوەمان هەیە دەستبگرین بەسەر هەموو جیهاندا سا ئیتر بە توانا و ئازایەتی بێت یان بە زەبری پارە و سامان ، لە ئێستادا ئەوەی من بیزانم کورد نزیکبۆتەوە لە (85 بۆ 90) ملیۆن کەس ئەمە قابیلی قبوڵ نیە کە نەتەوەیەکی ئێجگار وا زۆر تا ئێستا خاوەنی هیچ نەبێت تەنانەت دەولەتێکی بچوکی وەک قەتەر یان سەڵتەنەیەکی وەک عوممان ، هەرچی سەرکردەکانی سەر ساحەی سیاسی ئەم کوردستانەشە بە داخەوە چاڵ و چۆڵ هەڵکەندن بۆ یەکدی و تانەو تەشەر لە یەکتر و خەونی تایبەتی و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیی و کۆکردنەوەی موڵک و سامان لە هەولی سەرەکی بونیان بە سەرکردە و پێشەنگ دوور خستۆتەوە و ئەوەش ویستێکی دوژمنانە و لە خوایان دەویست کە کورد قەت بیری ئەوەی نەبێت بە خەویش ببێتە دەولەت و کار بۆ رەفاهیەتی مرۆڤی کورد بکەن ، بەداخەوە کورد قرانە و نەمانزانیوە ؟ چنینەوەی رۆحی مرۆڤی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان کەسیش گوێناداتێ بەداخەوە مرۆڤی کورد زۆر بێ نرخ بووە و تەنانەت لەناو خۆشماندا لای یەکتر زۆر سوکین ، بەداخەوە .. بەداخەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە