کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەنگ و هەرێمی کوردستان و بن بەست ...

Wednesday, 18/02/2015, 12:00


من پێموایە کە بارودۆخی ئەم هەرێمە گەیشتۆتە بن بەست و هیچ رێگە چارەیەک نیە کە بتوانێت ئەو هەموو نەهامەتی و گرفتە یەک لەدوای یەکانە چارەسەر بکات چونکە هیچ پلان و بەدواداچونێک نیە بۆ کێشەکان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشە و گرفتی نوێ دێتە ئاراوە و دەچێتە سەر سکەی خۆیی و پیادە دەکرێت ، کاریگەری هەموو گرفت و روداوە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ و سات لەدوای سات ڕوبەڕوی تاکی کورد دەبێتەوە لەم هەرێمە کەمەر شکێنە و وردە وردە بۆتە هۆکاری ئەوەی سادەترین ماف و داواکارییەکان بگڕیتەوە و کار وا بڕوات ئەم هەرێمە دەبێتە یەکێک لە ناوچەکانی ئەفریکای باشوور کە رووبەرووی چەندین جۆر نەخۆشی دەروونی و قات و قڕی بۆتەوە ، لەم هەرێمە خۆدزینەوە بۆ قوتاربوون لە هەر پرسیارێک کە ڕوو بە ڕووی بەرپرسان و شارەزایان دەبێتەوە بە مەبەستی چارەسەر لە ئێستادا تەنها بە ڕستەیەک وەڵام دەداتەوە کە ئەویش ئەوەیە (هەرێم لە جەنگدایە) ؟ کامە جەنگ ؟ ئەو جەنگەی بەڕای 3/4 ی تاکی کورد بەزۆر کرا بە بەرۆکی ئەم هەرێمە و بووە شەڕی کورد ؟ ئێستا سنوری هەرێمی کوردستان بۆتە پێگەی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە ئایینی و تایفی و مەزهەبیەکان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جگە لە دەستخۆشی و قسەی باق و بریق هیچ هەڵوێستێکی تر بە دی ناکرێت ، کۆتایی هێنان بەم جەنگە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی کردەی تەنها 2 ڕۆژە گەر بیانەوێت و بەرژەوەندی و گەرمکردنی بازاڕی چەکەکانیان بهێڵێت ، وەگەر نا دوور نیە ئەم جەنگە 100 ساڵی دی نەخایەنێت و کۆتایی بە کورد و کورد بوونی هەرچوار پارچەکەش بهێنێت ، درێژە پێدان و بەردەوامی ئەم جەنگە زۆرێک لە هاوکێشەکانی ناوچەکەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەریشەوە گۆڕی ، لەسەر ئاستی ناوەوە هەلێکی ئێجگار باش دەست حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی ئیداری کەوتووە بۆ بیانوو هێنانەوەی نەبوونی داهات و مووچە و نەوت و بەنزین و خۆراکی کولێتی بەرز و دەرمان و هتد .. ، تەنها کەسێکیش کە باجەکانی زۆر بە سەختی لەسەر کەوتووە و دەیدات تاکی کوردە ، هاوڵاتی سڤیلی بێ دەرامەت و داهاتە ، ئەو هاوڵاتیەی سەرباری نەبوونی بژێوی و لانە و خۆراک لە بەرەکانی جەنگێکی نەویستراو ونەخوازراودا رۆژانە دەبێتە سوتەمەنی و بە دەستی خەڵکانێک لەناو دەچێت نازانرێت کێن و لە کوێوە هاتوون و چییان دەوێت ؟ هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی دەڵێن لەسەربانەوە بیخەیتە خوارەوە بەو شێوەیە کەوتە ناو ئەم جەنگە و گورزی کەمەر شکێنی لەگەڵ خۆیدا وەشاند کە هێنانی قات و قڕی و بە بن بەست گەیاندنی ئەم هەرێمە بوو تا دوا بڕگەکانی ژیان تیایدا ، لەسەر ئاستی دەریشەوە بازاڕێکی ئێجگار گەورە و زەبەلاحی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی واڵا کردووە کە مەحاڵە بەو زوانە دەرگا و دەڕابەکانی دابخرێن لە کاتێکدا کە ریکۆردی ئابووری و ژێرخانی ئابووری وڵاتان لە ئاستە نزمەکانیدایە بە تایبەت بازاڕی چەک و تەقەمەنی کە گەر بە وردی بڕوانینە ئەو بازاڕە تەنها لە سوریا و عێراق جمەی دێت و کێ بڕکێکە ئەوەیە کە هەر وڵاتە و بە پێی تواناکانی خۆی بەشداری دەکات لە چمکێکی ئەو جەنگەدا و بەپێی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی خۆی دەیەوێت مامەلەیان پێوە بکات و ساغیان بکاتەوە ، هاولاتیان لەوانەیە لە نەگەن کە هەر گوللەیەک لە سنووری هەرێم بتەقێنرێت نرخەکەی زۆر گران لەسەرمان دەکەوێت و بە دەیان و سەدان قات لێمان وەردەگیرێتەوە جا وەرە بۆ حساباتی هاتوچۆی فڕۆکە و بۆمب و تەقەمەنی قورس و جۆراوجۆری تر ، وەی بە حاڵمان بۆ ئەو گرفت و نەهامەتیانەی دوای جەنگیش ، چونکە تاڵاوی وەرگرتنەوەی پارە و پولی جەنگمان چەشتووە لە ڕابردودا بە نمونەی قەرەبوی جەنگەکانی کوەیت و ئێران ، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ، یان باشترە بڵێم هەر چەند ساڵ جارێک و بە جۆرێک باجی جەنگ و شەڕی بێ بنەما و کەمەر شكێن دەدین و بێ نان و ئاو و کارەبا و بەنزین و مووچە و لانە دەبین ، ئاخر تاکی کورد تا کەی بەرگەی ئەو هەموو ئازار و برین و داچۆڕانە بگرێت ؟ تاکەی جەنگ و نەبوونی و قات و قڕی ؟ تاکەی بێ پلای و خۆ گلاندن لە شتانێک کە هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە ؟ بۆ دەبێت خۆمان وەربدەینە هەندێک گرفتی وا گەورە کە لە ئاست نێودەوڵەتیدا بن و پاشان هەوڵ بدەین بە گژیا بچینەوە ، ئاخر بە کامە داهات و بە کامە چەک و بە کامە پشتگری ، ئاخر خۆ ئێمە هیچ نین تا بمانەوێت دەرکەوین و خۆمان بسەلمێنین ئەویش لە روانگەی توانای جەستەیی و شەڕکردنمان ! باشە ئەم هەرێمە تا ئێستا نەیتوانیوە سادەترین ماف و بنەماکانی مرۆڤایەتی دابین بکات بۆ تاکەکانی چ جای بیەوێت لەسەر ئاستی نێودەولەتی خۆی دەربخات ، ئێمە ئەوە ماوەی 30 ساڵ دەبێت ناتوانین ماڵی خۆمان بەڕیوە بەرین و پێداویستیە سەرەتاییەکانمان فەراهەم بکەین لە کارەبا و نەوت و بەنزین و خۆراک و مووچە تازە بە تازە مان دەگیرێت بۆ مووچە لەم هەرێمە کە با تانکەر نەوت دەفرۆشێت و داهاتی ناوخۆیشی بەردەوامە ، من ئەوەندە دەڵێم سەردەمی ڕژێمی پێشووی سەدام حسێن لە هەموو داهاتی عێراق تەنها 5% خەرجی کراوە بۆ دانیشتوانەکەی و بەو شێوەیەش ژیان دەگوزەرا کە زۆرێکمان بیرمانە ئەمە لە کاتێکدا بوو کە عێراق لە جەنگێکی قورس و سەختی 8 ساڵەدا بوو لەگەڵ دەوڵەتێکی تری گەورە ! خەلکی ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی وەک ئێستا هیلاک و ماڵوێران نەبوون ! ئێستاش دەمی هەر کەسێکی ئەو سەردەمە بکەرەوە دەڵێت کورە بابە کێ ەیزانی ئەسڵەن کە شەڕە ؟! ئەی باشە بۆ ئێستا لەگەڵ خەرجکردنی ئەو هەموو ترلیۆن و ملیارد و ملیۆن و 17 % ی داهات بەو حاڵە بەڕێوە دەچین ؟ ئایا ئەمە سەیر نیە ؟ ئایا ئەمە سیحر نیە ؟ ئەمە جیاوازی نیە ؟ کێ وەڵامی نهێنی ئەم هاوکێشەیە دەداتەوە ؟ کێ هەیە بتوانێت ئەم (لوغزە) وەک ئەڵێن حەل بکات ؟ لە هەرێمی کوردستان ئێمە بۆ ناژین لەگەل ئەو هەموو داهات و پارە و نەوتە ؟!! ئایا ئەم هەرێمە بە بن بەست نەگەیشتتوە ؟تکایە هەرکەس زانی با وەڵام بداتەوە پاداشتی گەورەی لە دونیا و قیامەت دەبێت و من وەک خۆم بە بلیمەت و پرۆفیسۆر و بیرمەند و شارەزا ناوی دەبەم و دەیناسێنم .

جیڤارا کمال

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە