کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموو شتێک لە پێناو مانەوەدا

Tuesday, 24/09/2013, 12:00


پاش ئەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان کەوتنە زار و بە شێوەیەکی نافەرمی تا ئێستا کۆتا ئەنجام لە زمانی کۆمسیۆنی باڵاوە بڵاو نەکراوەتەوە لە ئێستادا ئەو قەوارانەی کە دەنگێکی ئێجگار کەمیان بەدەستهێناوە کەوتونەتە پەلەقاژە لەپێناو ئەوەی شتێک زیاد لە دەنگەکان بۆخۆیان بپچرن ئیتر بەهەر نرخ و سەودایەک بێت ، لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی کە یەکێکە لەو قەوارە سیاسیانەی تا ئەمرۆ لەو بروایەدا نەبوو بەوشێوەیە 180 پلە جەماوەری چەند ساڵەی لەدەست بدات کە بەخەونیش بروای نەدەکرد چەندین هەوڵیداوە کە لێرە و لەوێ بە جەماوەرەکەی و لایەنگران و دۆستانی بڵێت ئێمە هێشتا لە دەسەڵاتداین و ماوینەتەوە ، تاوێک دەڵێت گزیمان لێکراوە و تاوێک دەڵێت فێڵ وتەزویراتمان لێکراوە و تاوێک دەڵێت کۆمسیۆنە هتد ... باشترە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێندەی سەرقاڵی ئەوەیە کە هەرچۆنێک بێت و بە هەر نرخێک بێت مانەوەی خۆی بە تۆقاندن و بە زەبری هێز بسەپێنێت بگەرێت بەدوای خاڵە لاوازەکانی ئەم دەرەنجامەی ئەمرۆ تێی کەوتووە، بەراستی زۆر ناخۆشە وەک دکتۆر بەرهەم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بۆ کرد یاری بە هەست و بریاری جەماوەر و خەڵک بکەیت دوای ئەوەی بە بەڵگە بۆت ساغ بۆوە شکستت هێناوە! لەم وڵاتە جەماوەر دوای ساڵانێکی زۆر لە هۆشیاریدان بە یەکێتی نیشتمانی دواجار توانی بریاری خۆی بدات و بیشی سەپێنێت و یەکێتی بخاتە بەردەم ئەمری واقیع ، ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە بۆچی یەکێتی ئەم شکستەی قبوڵ نیە؟ بۆچی یەکێتی خۆی لەوە لادەدا کە ئەم ساتوەختە چاوەروانکراو بوو؟ دەسەڵاتدارانی یەکێتی گوایە نەیاندەزانی کە رۆژێک دێت یەکێتی تووشی ئەم شۆکە و ئەم بارە دەبێت؟ ئایا نەیاندەزانی کە ئەو نەهجەی ئەوان پەیرەویان دەکردوو تاک لایەنە کاریان بۆ دەکرد بێ گەرانەوە بۆ پرس و راو جەماوەرەکەیان دەیانگەیەنێتە ئەم دەرەنجامە؟ کاتێک کە هانگاوت ناو نەتزانی پێت لەکوێ دابنێیت دەبێ چاوەروانی ئەوە بیت کە زۆر خۆت ناگریت و دەکەویت سا ئیتر بەلادا بێت یا بە پشتا ، لە ئێستادا کە شکستێکی ئاوا گولچک بر توشی یەکێتی بووە لەم دۆخەدا کارێکی باش نیە لە لایەن هەر دەستە و گروپێکی ناوەوەی هاندان هەبێت بۆ نانەوەی بشێوی و دروستکردنی بارێکی نائارام و نا ئاسایی چونکە ئەو کارە هێندیتر یەکێتی ناشرین دەکات و لە قەبارەی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی دادەبەزێنێت و ئەوەندەی تر دۆست و لایەنگران و ئەندامانی بەشۆکهاتوو دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەمەیە پەیرەوی یەکێتی؟ ئایا دەبێت و گونجاوە بۆ ئێستای یەکێتی کە بەو ئاقارە کاربکات لەم دۆخەی ئێستادا؟ ئەو دەنگۆیانەی لەنێو جەماوەری یەکێتی و خەڵکیدا بڵاوە ناواخنەکەی ئەوەیە کە دەوترێت: یەکێتی دەیەوێت لەم شکستەیدا بشێوی و نائارانی دروست بکات و بەزۆر خۆی بسەپێنێت و دەستبەرداری دەسەڵات نەبێت، خەڵکی پێیان وایە یان خەریکە ئەو راستیەیان لا بەرجەستە دەبێت کە چەندین ساڵە یەکێتی یاوا کاریکردووە لە رابردوشدا دەنا کەس مەعسوم نیە لە شکست و کەوتن گرنگ ئەوەیە چیت پێیە بۆ هەستانەوە و نوێبونەوە ؟ چۆن هەوڵ دەدەیت ئەم دەرەنجامە تاڵە هەرس بکەیت و ببێتە وانەیەک بۆداهاتوو؟ گرفت و هۆکارەکان و چۆن لێک دەدریتەوە و دەست چۆن دەخرێتە سەر خاڵە لاوازەکان و برینەکان؟ بۆنابێت ئەو راستیە قبوڵبکرێت کە لە دەرەنجامی هەڵەی خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم رۆژگارە دروستبوو ؟هەرگیز ئەوە لە رێکخراوێکی سۆشیال دیموکراتی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان چاوەروان نەدەکرا کە بەو شێوە تەعەسوبەوە ئەم دەرەنجامی هەڵبژاردنە گەرچی تا ئێستا نافەرمیە ئاوا لێکدانەوەی بۆ بکرێت و هەڵە بە هەڵە چارەسەر بکات، باشە گەر جەنابی مام جەلال ئێستا حزوری ببوایە ئاوا بیری دەکردەوە و ئاوا بریاریدەدا ؟ ئایا ئەو یاکێتیەکان و یەکێتی چەند ساڵە بەو شێوەیە پەروەردە دەکات؟ ئایا ویستی ئەو بوو کە پاش کەمێک دورکەوتنەوە لە یەکێتی هەڵسوراوان و بەرپرسانی بەو شێوەیە دوای خۆی یەکێتی بەرێوەبەرن؟ راستە شکست ناخۆشە بەڵام بەرەنگاربونەوە و وەرگرتنیشی بەوە شێوە نادیموکراسی و گرژییە هێندی شکستەکە نەشیاو ناشرینە، دوای هەر کەوتنێک هەستانەوەیە بەڵام دەبێت تەواو لەگەڵ دۆخی پێش کەوتن جیاوازبێت و بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ جۆرێک هەمان وەک دەوترێت تاس و حەمام نەبێت، گەر یەکێتی ئەو دەرەنجامەی ئەمرۆی قبوڵ نیە و بەتەواوی هەستیکردووە کە ئیتر تەواو کۆتایی هاتووە دەبێت بێ هیچ گیرو گرفت دروستکردن و بشێوی نانەوەیەک مەیدانی سیاسەت و کۆمەڵگە و جەماوەر جێبهێڵێت ، خۆگەر نیازی ئەوەشی ببێت سەرلەنوێ هەستێتەوە ئەوە دەبێت رێزی نەیاران و بریای جەماوەر و دۆخەکە بگرێت و هەوڵ نەدات هەڵە بە هەڵە چارەسەر بکات و عەرەب وتەنی (يزداد الطين بلة) واتە قورەکە زیاتر تەڕ نەکات و تیایدا ئاودامان بێت بۆ هەتایی هەمووشی تەنها لەپێناو مانەوەدا بێت و هیچ خزمەتێک نە بە خودی یەکێتی و نە بە جەماوەر و خەڵکیش ناکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە