کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاوڕدانەوەیەک بە ئەزمونی دەنگدان و لە خشتەبردنی کورد

Thursday, 10/04/2014, 12:00


ماوەی 200 رۆژە خەڵک دەنگیداوە بە بە ناو سیاسەتمەدارانی ئەم هەرێمە تا کابینەی نوێی حەوتەم دابمەزرێت و حکومەت دروستبکرێت و ، دۆخی چەقبەستوو دەسەڵاتی تاک لایەنە کۆتایی پێ بێت ، کەچی بەو دەردە چوین کە هەمووان دەزانین چۆنە ، ماوەی 200 رۆژە هەموو خەڵک و دانیشتوانی ئەم هەرێمە بەش مەینەتە هاوار دەکەن و دەپارێنەوە و داوا دەکەن کە دەنگەکانیان بەفیرۆ چوو ؟ سوتا ؟ ئەو هەڵبژاردنە کامێرای شاراوە بوو ؟ فیلم بوو ؟ چی بوو ئەو هەموو هەڵای دەنگدان و وەعد و بەڵێن و گفت و هتد ... ئەی بۆ حکومەت دانەمەزرا ؟! گەلی برادەرینە من ئەمەوێت زۆر راشکاوانە ئەوەتان پێ بڵێم کە دەنگدان لەم هەرێمە جگە لە لە خشتە بردن و درۆ و فێڵی گەورە هیچی تری لێ سەوز نابێت جا زۆرتان پێ ناخۆش بێت ، سەرەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای ئەوەی کە شکستی هێنا ئیدی بەجارێ جڵەوی شتەکانی بەردا و کەوتە شێوە سزادانێکی خەڵکی کوردستان و جەماوەرەکەی خۆشی بەتایبەت لە سلێمانی و بە دۆرانێکی گەورەی زانی کە تەواوی خەڵکی کوردستان دەزانن تەنها هۆکار خودی ئەو حیزبە خۆی بوو کە تاکلایەنە و بە رەوتی حیزبایەتی کاری حکومەتی بەرێوە دەبرد و گوێی لە کەس نەدەگرت و بەرپرسانی کەوتبونە کۆکردنەوەی پارە و سامان ودروستکردنی ڤێلاکان چ لە ناوەوەی کوردستان یان لەدەرەوەی ، تا ئەمرۆ کار گەیشتە ئەوەی قوتی خەڵکی ببرن کە مووچەیەکی مەژی و مەمرەیان پێ دەدرێت وەک سەدەقەیەک کە بەو موچانە منداڵەکانیشیان ئەستەمە خۆیان بگرن تا سەری مانگ نەک خۆیان ، کە ئەمە عەیبەیەکی زۆر گەورەیە بۆ هەرێمێک سەر لە بەری پارە و نەوتە بێگومان ئەم دۆخە هیچ کاریگەریەکی نەکردۆتە سەر خودی ئەو بەرپرسانە بە بەڵگەی ئەوەی ئاشیان دەگەرێ و چاک خۆیان گرتووە لە سایەی زۆر و زەوەندی کۆمپانیا و بازرگانی و هتد .. کە بە زەمانەتی چەندین ساڵی تر بەرهەمی ئەو راو و رووتە لەپاڵەوە بێخەم دەخۆن ، ئەوەی لێی قەوما و لە خشتە برا و تیادا چوو تەنها و تەنها میللەت بوو ، وەک پارتی دیموکراتیش ساڵانێکی زۆر دورو درێژە هیچ پەیوەندیەکی بە سلێمانی و ئەو ناوچانەی پێشتر بە ناوچەی سەوز دادەنرا نەبووە و هەرگیز بەردێکی سەر بەردێک نەناوە و وەک هەرێمێکی نەیاری خۆی لە سلێمانی روانیوە و کاری خۆی بەبێ سلێمانی کردووە و باکی بە دەنگی سلیمانیش نەبووە چونکە هەمیشە زانیویتی لە سلێمانی هێندی نەفەری پاسێک دەنگی تیادا نیە بۆ ئەوان گەر بە ویژدانەوە بیر بکەنەوە و لەوەش دڵنیان چونکە بەم نزیکانە وتە بێژی فەرمییان لە دیدارێکی کوردستان تیڤی بە (جەعفەر) ناوێک زۆر راشکاوانە وتی ئێمە لە سلێمانی هیچمان بۆ ناکرێت و پێ ناکرێت ، هەرچی حیزبە ئیسلامیەکانیشە تەنها دەیانەوێت فریاد رەسێک بێت و ئەمان لەو چەقبەستوییە رزگار بکات و شتێکیان بەش بدات لە کێکە گەورەکە چونکە ئەوانیش جەماوەری خۆیان تایبەتە و لەگەڵ هەموو کەس نین بەتایبەت سەر روتەکان و سفورەکان و عیلمانی و مەیخۆرەکان ئەمانە ئەم کەسانەیان قبوڵ نیە نە وەک جەماوەر و نە دەنگەکانیشیان دەوێت ئەمە وایکردووە کە وەک رێژەی نەگۆڕ بمێننەوە و ساڵانە جگە لە منداڵانی خودی جەماوەرە تایبەتەکەی خۆیان کە تەمەنیان دەگاتە ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن و ببنە ئەندام و لایەنگر کەسێکی تر پەیوەندیان پێوە ناکات و لایەنگریان نابێت یان باشترە بڵێم ئەمان قبوڵیان نیە گەر مەرجە ئیسلامیەکانی تیادا نەبێت ئەو کەسە ، ئەوانەی خۆیان دەیانەوێت چونکە مەرجەکانی موسوڵمان بوون لای ئەوانیش جیاوازی هەیە لەگەڵ لایەنێکی دیکەیان هەر لە شێوازی پۆشاک و دەستگرتن لە کاتی نوێژدا ، حیزبی شیوعی لەوەتەی هەیە بە تەنها ماوەتەوە و نە عیلمانیەکان و نە ئیسلامیەکان لەگەڵیاندا نەبوون ئەگەرچی یەکێکە لە حیزبە دێرینەکانی تەواوی عێراق و کوردستانیش کە زمەنێک لەمەوبەر چمکێکی زیندوو و کاریگەری کوردایەتی و رێکخستنەکان بووە بەتایبەت لەبەغدای پایتەخت ، چەند حزبێکی بچکۆلانەی ورد لێرە و لەوێ هەن کە هەندێکیان باڵی ئەوی تر بووە و لەسەر مەسەلەکانی بودجە و داهات و تەوزیعاتی پارە و سامان رێک نەکەوتوون و جیا بونەتەوە و خۆیان وەک حیزبێکی جیاواز ناساندووە ئەمانەش تەنها ئەو گروپانەی خۆیان و کەسوکاریان نەبێت هیچ کەسێکی تریان لەگەڵ نیە و تا هەتایە بە دابراوی دەمێننەوە چونکە لەم هەرێمە کار بە یاسای مانەوە بۆبەهێزتر دەکرێت و ئەمانە گەر هەروا نەمێننەوە لە کۆتاییدا دەبن بەژێر دەست و پیوە ، دوا حیزب کە ماوەتەوە بزوتنەوەی گۆرانە کە خەڵکانێکی زۆر ئەمرۆ لەدەوری ئەم بزوتنەوەیە کۆبونەتەوە و وەک فریاد رەسێک لێی دەروانن بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەو دۆخانەی باسمکردن و هەموو ئەو نا عەدالەتی و نا سەقامگیریە لە دەسەڵات و ماف و ویژدان و ژیاندا هەیە ، ئەم بزوتنەوەیە تا ئێستا کەسێک کارو فرمانەکانی نەبینیوە بە بەلگەی ئەوەی تا ئێستا بەشداری لە کاری حکومی و دامەزراوەییدا نەکردووە ، بەڵام ئەوەی لە ماوەی کاری پارلەمانی رابردوو ئەم بزوتنەوەیە لە رێگەی فراکسیۆنەکەیەوە دەیکرد لە بریار و پێشنیار و هەڵوێستی بوێرانە وایکرد کە خەڵکی لەخۆی نزیک بکاتەوە و هیوایەک و ئاسۆیەکیان پیشان بدات ئەوەبوو خەڵکی کوردستان لە چاوەروانی دەرفەتێکدا بوون بۆ هێنانە پێشەوەی ئەم بزوتنەوەیە و متمنانە پێدانی تا بە هەمان رۆحیەتی پێشوەوە کار بکەن بۆ رزگاری کوردستان بە هەموو نالەباریەکانیەوە ، دواتر پێش 200 رۆژ لەمەوبەر بە دەنگەکانیان ئەم بزوتنەوەیەیان کردە پێشەنگ و براگەورە تا بتوانێت بە هانایانەوە بێت و داری ئازادی ئاوبدات و کۆتایی بە گەندەڵی و راو رووت و بێکاری و حیزبایەتی و نەبوونی ویژدان و ناعەدالەتی بهێنێت ، وەلێ حیزبە دەسەڵاتدارەکان تا ئەم ساتەش خەریکی ئەوەن بەربەست و ئاستەنگ بخاتە بەردەم هاتنە ناوەوەی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەش دوای ئەوەی زانرا کە زۆرینەی جەماوەر و خەلکی لە پشتە ئەوەتا تا ئێستا حکومەت دانەمەزراوە چونکە ئەم بزوتنەوەیە کە لە دەنگداندا براوە بوو بووە دووەم هێزی کوردستان داوای پۆستە گەورە و بەهێزەکان دەکات تا گۆرانکاری ریشەیی و سەرەتایی لە حکومەتەوە دەست پێ بکات بەڵام هەرگیز ناهێڵن ، چونکە زۆر چاک دەزانن زیانی گەورە لەو کردەوەیە دەکەوێتەوە و وەک دەستی شکاو مەحاڵە جێی خۆیان بگرنەوە ناهێڵن بێتە حکومەتەوە و بە سەدان و هەزاران کۆسپ و بروبیانوو هێنراوەتە پێش کە وایکردووە تا ئەم ساتە دامەزراندنی حکومەت مەحاڵ بێت ، ئێستا وا وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە دیسانەوە دامەزراندنی حکومەت دواخرا بۆ دوای ئەم هەڵبژاردنە و لە ئێستادا هەریەک لە دوو حیزبی دەسەڵاتداری پێشوو کەوتونەتەوە بانگەشە و بەڵینە دوبارە و سێبارەکان و لە سلێمانی یەکێتی بە کاندیدە هونەری و بێ ئەزمونەکان ئەمجارە دەیەوێت ویژدان و عاتیفەی جەماوەری سلێمانی و ناوچەی پێشووی دەسەڵاتی بە دەستبهێنێت ئەویش بە کاندید کردنی جەزای ساز و ئاڤان جەمال و دارا حەسەنی کەشناسی و سەلمەی کوردسات کە بە بروای خەڵکی ئەمە کردەیەکی هەڵەیە و یەکێتی نایەوێت هیچ گۆرانکاریەک نە لە خۆیدا و نە لە رێبازەکەی و نە لە بیرکردنەوەیدا بکات چونکە بەم کەسایەتیانە ئەوەی سەلماند کە هیچی لەبەردەستدا نەماوە و لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە ، سەبارەت بە پارتی دیموکراتیش هەمان بالۆرە کۆنەکان و وەک برغوی سلاک دەسورێت و نە توند دەبێت و نە دەشکرێتەوە و گوێ بە بەڵێن و چاکسازی نادات چونکە بەرنامەی ئەوان ئەو شتانەی تیادا نەبووە و نیە و بە فرمان چی داوا بکرێت ئەوە جێ بەجی دەکرێت و لادان لە دەق هێڵی سوورە ، میللەتی داماویش مێگەلەکەیە ، یەخ دەدرێت بۆ دەنگدان و دواتر فەرامۆش دەکرێت و دەخرێتە پەراوێز تا بە ویستی خۆیان بە رێیان دەکەن ئیتر ئەمە حاڵی ئەم هەرێمەیە کە تا 1000 ساڵی تر لەسەری بدوێیت و قسە بکەیت تەواو نابێت بۆیە ئەمەی من باسمکرد مشتێکە لە خەروارێک و هێشتا هیچم نەوتووە و بە ناچاری کۆتایی بە نوسینەکەم دەهێنم .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە