دایكى من و دایكى بارزانى ...
Thursday, 28/07/2011, 12:00
"إنا لله و انا اله راجعون"
ئێستاش ئەو رۆژەم لە یادە هەواڵى كوشتنى براكەمیان گەیاند بە دایكم، باوكم لە عەزرەتان دایە پڕمەى گریان، دایكم لە پەلوپۆ كەوت، خوشك و براكانم هەموومان پێكەوە ناخمان دەكوڵا، سەرەڕاى تەعزێباریش هەواڵى ئەوەشمان بیست كە تەرمەكەى ناتوانرێت رزگار بكرێت، چونكە كوڕەكەى حەمایل خان رێگەنادا تەرمەكەى بگەڕێتەوە دەستى كەسوكارى!
بۆیە نامەوێ وشەى (شەهید) بەكاربهێنم، چونكە شەڕى ناوخۆ هێندە نەگریسانەبوو، پەڕۆ سەوزەكان لێیان دەكوژار دەیانگوت شەهید، پەڕۆ زەردەكانیش بەهەمان شێوە بوو، لەو نێوەندەدا كەس نەیدەزانى كێ شەهیدە، لە پێناوى چیدا شەهیدە، بۆچى رۆحى خۆى دەكاتە قوربانى، نەدەزانرا قوربانى لە پێناوى چیدایە، تەنها سەركەوتنى پەڕۆ مەبەستە سەركییەكە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا پارە پێوەرى سەرەكى بوو بۆ بەدەستهێنانى سەركەوتن و بردنەوەى شەڕەكە.
رەنگە ئێستا زۆركەس بڵێت جا ئەم چیرۆكە چ پەیوەندییەكى بە ناونشانى بابەتەكەوە هەیە، راستە ئەمە هیچ پەیوەندییەكى بەو باسەوە نییە، بەڵام دەمەوێت بارزانى بزانێ مردنى كەسێكى نزیك چەند ناخۆشە، چەند خەمبارت دەكات، دەبێت ئێستا هەستى چۆن بێت، بارزانى بەدەستى خۆى و لە بەرچاوى خۆیدا و بەئاسانى تەرمى دایكى بەخاك دەسپێرێت، بەڵام دارودەستەكەى لە سلێمانى هیچ باكیان نەبوو بە كوشتنى جەرگى دایكى ئەو شەهیدانەى 17ى شوبات و دواى 17ى شوبات، بارزانى باكى بەوەنەبوو دایكم چۆن چاوەڕێى گەڕانەوەى كوڕەكەى دەكات، بەڵام ئەو رێگر بوو لە دانەوەى، هیچ كەس باكى نەبوو بەوەى سێ رۆژ ماتەمینى رابگەیەنێت لەسەرتاسەرى هەرێمدا، بەڵام بارزانى لەوەشدا دەبێت جیاوز بێت لە خەڵكانى دیكە بە ئاسانى شوێن و كاتى ماتەمینى لەسەرتاسەرى هەرێمدا رادەگەیەنێت، تەنانەت تەلەفزیۆنى وەك: (كۆڕەك، كەناڵ چوار) و ئەوانى دیكەش بە كەناڵەكانى جەلال تاڵەبانیشەوە نیشانەى ماتەمینى دادەنێن، كەناڵى كۆڕەك 24 سەعات شایی و لۆغان بوو لەكاتى كوژارنى شەهیدەكانى 17ى شوبات و رۆژانى دوایدا، كەچى ئێستا خێرە وا مات وەستاوە؟!
ئێستا لەم ساتەوەختەدا ئێمە وەك مرۆڤ رێز لە مردووەكان دەگرین و بە بارزانى دەڵێن " "إنا لله و انا اله راجعون"، بەڵام تكایەكیشم هەیە كە با وێنەى دایكى نەكاتە رەمزى كوردایەتى و لە پەرلەمان و شوێنە گشتییى و حكومییەكاندا هەڵبواسرێ، با وێنەى ئەو خاتوونە خوالێخۆشبووە تەنها لاى خۆتان بمێنێتەوە هیچ مرۆڤێك و كەسێك لە كەسێكى دیكە بە گەورەتر و موقەدەس نەزانرێ، چونكە هەموومان مرۆڤین بە دایكى تۆش و دایكى منیشەوە، تەنها خوا موقەدەسەو گەورەیە، چونكە لاى خواى گەورە تەنها "إن أكرمكم عند اللە أتقاكم" گەورەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست