ژیانى مرۆڤ لاى هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی تالانچی یەكسانە بە بڕێك پارەیە!!

Thursday, 30/06/2011, 12:00


زۆر لە مێژە دەقێك نەماوە بەناوى ئازادیی لە كوردستاندا، دەبێت ئازادى لاى هەندێك حزب چۆن بێت و چى بێت؟ پەیڕەوكردنى رستەى: "گەر لەگەڵمى دۆستمى گەرنا دوژمن"، دەبێت كەى و لەكوێى نەخشە سیاسیی كوردستاندا كۆتایی پێبێت. تێنەگەشتن لە ئازادیی گرفتى گەورەى سیاسییەكانى كوردستانە، ئەوان تەنها لەو ئازادییە گەشتون كەخۆیان بڕوایان پێیەتى، لە دەرەوەى ئەوە پێناسەیەكى دیكە بۆ ئازادیی دەكەن، پێشیان وایە ئەوەى ئەوان ڕاستە!
حزبەكانى كوردستان لەسەر قازێك لەنێو خۆیاندا كردیان بەشەڕ، قبوڵنەكردنى حزبێك كە ئایدۆلۆژیاى یەك نەگرێتەوە لەگەڵ ئەوى دیكەدا كوشتارى لێكەوتەوە، پێم بڵێن یەكێتى و پارتى كام حزب ماوە شەڕى پێنەفرۆشن؟! كام ناوچەى كوردستان هەیە شەڕى براكوژییان تێدا نەكردبێت؟! كام سیاسیی و كام قەڵەم بەدەستى رەخنەگر هەیە بەدەستى ئێوە تێى هەڵنەدرابێت و نەكوژاربێت؟! دەبێت كێ لەگیانى خۆى مسۆگەربێت تا بەیانى لە سایەى ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەدا كە نەفڕێنرێت و پاشان نەكوژرێت؟!
عەقڵەیت و سیاسەتى كاركردنى ئەم دوو حزبە تەنها ئەوكەسەر رەخنەگرانە دەگرێتەخۆ كە رۆژێك لەرۆژان ئیمتیازێكیان لەوان وەرگرتبێت تا لە ئایندەیەكى نیزكدا پێى بفرۆشنەوە! هەڵبەت كەسانى لەم جۆرەش زۆرە، شاعیرێك رەخنەدەگرێت تۆڵەى لێدەكرێتەوە، كارمەندێك رەخنەى هەیە دەردەكرێت، پێفرۆشتنەوەى هەر ئیمتیازێك بۆتە كلتوور لەنێو ئەم دوو حزبەدا، تەنانەت دوو رۆژەكەى لەشاخ بوون بووەتە ئەزموون و خەباتێكى وا هەموو بابەتەكانى دیكەى پێ دەسڕنەوە، ئەم كلتوورە هێندە گەورە بووە، شاخى دەركردووە و بوەتە رفاندن و كوشتن.
كلتوورى رفاندن و كوشتن لەسەردەمى شاخەوە تا شار درێژەى هەیە تا ئەم ساتەش ئێمە قسەى تیادەكەین، پلانى رفاندن و گرتن و كوشتن هێندە كوشندەیە لاى ئەم دوو حزبە تەنانەت پلان داڕێژەرانیش خۆیان لەخۆیان دەترسن، لەوە دەترسن رۆژێك بێت لەترسى بڵاوبوونەوەى هەواڵەكە كەسە پلان داڕێژەرەكانیش بگرێتەوە تا ئاشكرا نەبێت كێى لە پشتەوەیە! لە هەمووشى نیگەرانتر ئەوەیە ئەم كلتورە زیاتر خودى كورد خۆى گرتۆتەوە، جێگەى داخیشە دواى ئاشكرا كردنى رفاندن و پاشان كوشتنەكە، بكەرى كارەكە لە بەرامبەر بڕینەوەى هەندێ بودجەدا قەناعەت بە بەرامبەر دەكات، یاخود دەڵێت كارێكى سیاسییە و دەچێتە چوارچێوەى بارودۆخێكى نەخوازراوەوە!
رفاندن و كوشتنى كەسە حزبیەكانى دیكە لاى ئەم دوو حزبە دەسەڵادارە وەك مۆدیلێك سەیر دەكرێت تا حزبە بچووكەكان بگەڕێنەوە باوەشیان، هەمیشە پارتى و یەكێتى لەسەر مۆدێلى تۆڵەكردنەوەى دۆخێك هەڵوێستییان بەرجەستە كردووە، دەكوژن دەڵێن موچەتان بۆ دەبڕینەوە، دەفڕێنن دەڵێن كەیسەكەدابخەن با سوڵح بكەین، ئیدى خانەودەیەك لە پێناوى كلتووری حزبى سەقەت و سوڵحى پارەدا هیچ مانایەك بۆ مرۆڤ بوون، بۆ سیاسەت كردن، بۆ جیاوازیی ئایدۆلۆژیا، بۆ ژیانێكى دوور لە ژیان و ئازادیی ئەوان جێگەى نابێتەوە، دەبینین بە بەرچاوى هەموو دونیاوە خەڵكێكى ناڕازیی لەسەر شەقامەكان كوژران، كەچى دەسەڵات دێت دەڵێت موچەتان بۆ دەبڕینەوە! بەڵام رێگە بە ویژدانى خۆى نادات بكوژەكان دەستگیر بكات، ژیانى مرۆڤێك لاى ئەوان یەكسانە بە بڕێك پارە!
تێكدەر، توندڕەو، تیرۆرست، ئەو كەیسانەن كە ئەم دوو حزبە لەدواى هەموو رفاندن و كوشتنێك دەیخەنە پاڵ كەسێك كە جیاواز لەوان بیردەكاتەوە، تەنانەت ئەم كلتوورە هێندە قێزەونە رۆشنبیر و نووسەر و ئازادیخوازە دیارەكانیشى گرتۆتەوە، پێیان ناخۆشە عەلمانیەك لە هەندێك بیروبۆچووندا بژی لەگەڵ دژەكانیان، ئەمە بە قەولى پارتى و یەكێتى، بەڵام لەولاوە دەكرێت خۆیان رێكەوتنى ستراتیجى بكەن لە پێناوى مانەوەدا، رێكەوتنێك لە پێناوى تۆڵەكردنەوەى دۆخێك، رێكەوتن بۆ بەهەدەردانى سامانى گشتیی، ئەوان ئامادەن رێكەوتن بكەن لە پێناوى وەرگرتنى هەموو كایەكانى ژیاندا، رێك دەكەون بۆ ئەوەى ژیان لە مرۆڤەكان بسەننەوە، رێك دەكەون بۆ خاترى وەدەستخستى دەسەڵات و پارە و پۆست بۆ نەوەكانیان، رێك دەكەون لە پێناوى مانەوە و دژایەتیكردنى مردنیان!!
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە