چاوپێکەوتنی یواکیم مێدین لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدیدا


كێ پارچە زەویەكى شك برد بەناوى منەوەبێت با پیرۆزى بێت!!

Thursday, 14/07/2011, 12:00






كەس خۆى بەخاوەنى هیچ شتێك نازانێ، بەڵام دەبینیت هەرێمى كوردستان بووەتە نیمچە (دبى)!! كۆمپانیا، باڵەخانە، زەوى و زار، تەنانەت مقاولات و وەكیل و شەریكەبەشیش هى خۆیانە، كەچى دەڵێن گەر یەك كۆمپانیا یان پارچە زەوى، یاخود باڵەخانەیەكم هەبوو پیرۆزى خۆتان بێت، تۆبڵێت وەرەسەى كەسوكارى بێت بۆى مابێتەوە، یاخود كاتێك لەشاخ بووە كڕیویەتى و دایناوە و چاوەڕێى بڕیارێكى حكومەتى كردووە تا سلفە یان شتێكى لەو بابەتە بیگرێتەوە!!
بۆ نابێت، هەموو شتێك لەم هەرێمەدا جێگەى دەبێتەوە تەنها كارى باش نەبێت، خانەوادە هەیە بەتوڵى درێژایی تەمەنى بنەماڵەكەى دانیشتووى شارى سلێمانی یان هەولێر یان زاخۆیە، بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیوە دۆنمێك زەوى وەدەست بخات، بەڵام برادەریش هەیە خەڵكى شارەكەش نییە، گەڕەكێك بوەتە هى ئەو، كاتێك بەلاى پارچە زەوییەكى بەتاڵدا تێپەڕ دەبم، بیرم بۆ ئەوەدەچێت تەلەفۆنێك بۆ شارەوانى بكەم و پێیانبڵێم تكایە فڵانە زەوى تا نەدراوەتە كەسێك بیكەنە باخێك بۆ جوانتركردنى ئەو ناوچەیە. خۆشترین شوێن بۆ حەوانەوەى هاووڵاتیانى ئاسایی سەیرانگاكان بوو، بەتایبەتى سەیرانگا بەناوبانگەكان، بەڵام ئێستا ئەوەندە سنوور دروست بووە لەم ناوچانەدا دەبێت بە ترسەوە سەردانى ئەم ناوچانە بكەیت، دۆنمێك زەوى هى فڵانە، ئەو دۆنمەیان هى خێزانى فڵانە، ئەوەشیان هى كچە بچووكەكەى فیسارە، ئیتر چۆ دەوێریت رووى تێ بكەیت.
هەموو رۆژێك چاوپێكەوتنى بەرپرسێكى ئەم هەرێمە یان لە رۆژنامە، یاخود لە كەناڵێكى تەلەفیزیۆنى دەخوێنمەوە و دەبینم، كاتێك پرسیارى ئەوەى لێدەكرێت دەربارەى ئەوەى زانیارى هەیە لەسەر بوونى باڵەخانەیەك یان كۆمپانیایەك، لە وەڵامدا دەڵێت: كێ پارچەیەك زەوى شك برد هى من بێت با پیرۆزى بێت!! بەڵام كاتێكیش دێمە سەر پەیچى كۆمەڵایەتى فەیسك بووك، دەبینم وێنەى باڵەخانەیەكى چەندان قاتى دانراوە و لە ژێریدا ناوى خاوەنەكەى لەسەرە، یاخود وێنەى پارچە زەوییەك دەبینم وێنەى بەرپرسێكى پێوەیە! لەوەش سەمەرەتر ئەوەیە ئەم باڵەخانەو زەویانەى بینیومە بەس تایبەتە بە بەرپرسەكە خۆى، واتە خێزانەكەى بەجیا و كوڕ و كچەكەشى بەجیا زەوى و باڵەخانەی تایبەت بەخۆیان هەیە!
دەوڵەمەندبوونى ئەم بەرپرسانە لە قسە لەسەركردنیان تێ پەڕێوە، چونكە هێشتا دان بەوەدا نانێن كە هیچ شتێكیان هەبێ لەم هەرێمەدا، خۆشبەختانە بەهۆى كرێكارێك یان هاوڕێیەكى یان خزمى بەرپرسەكە هەموو زەوى و باڵەخانە و كۆمپانیاكانیان ئاشكرا دەبێت، سەیر لەوەدایە ئەم بەرپرسانە تێربوونیان نییە، پێدەچێت لەشاخ زۆریان برسی بووبێت! دەیانەوێت تامردن حەقى برسیبوونەكەیان بكەنەوە، بەڵام لەسەر حسابى كێ؟ لەسەر حسابى ئەو گوندە هەژارانەى شەوانە دایك لەبەر نامووسى كچەكەى نەیدەوێرا بخەوێت تا رۆژ دەبویەوە و ئەوانى بەڕێ دەكرد! ئەمە وتەى ژنێكى گوند نشینە. بۆیە دەپرسین ئێوە كەهیچتان خاوەنى مەترێك زەوى نەبوون، ئەى باڵەخانەو زەوی و زار و كۆمپانیا و خانوەزەبەلاحەكانتان ئێستاش هى خۆتان نییە، گەر هى خۆتان نییەو بەناوى ئێوەشەوە نییە، كەواتە دەبێت ئەو كۆمپانیا و باڵەخانە و زەوی و زارانە هى كێ بێت؟!
[email protected]

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە