کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سڵاوێ بۆ پەرلەمانتارە ئەنفالچییەكەى پارتى

Monday, 11/01/2010, 12:00


وه‌کو پێشتر رامانگه‌یاند که‌ سه‌رده‌شت عوسمان هه‌ندێک جار به‌ناوی سه‌رۆ سه‌رده‌شته‌وه‌ نووسینی بڵاو ده‌کرده‌وه‌، له‌سه‌ر داوای خۆی ئێمه‌ کاتی خۆی ئه‌رشیفمان بۆی نه‌کردبوویه‌وه‌،  بۆیه‌ ئیستا له‌لایه‌ن به‌ڕێزێکه‌وه‌ ئاگادار کراینه‌وه‌ که‌وا دوو نووسینی هه‌یه‌ نه‌خراوه‌ته‌ نیو ئه‌رشیفه‌که‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سوپاسمان بۆ ئه‌و به‌ڕێزه‌ وا نووسینه‌که‌یمان خسته‌ نێو ئه‌رشیفه‌که‌یه‌وه‌ و  بۆ جارێکی دیکه‌ش هێنامانه‌ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی سایته‌که‌مان.
******************
لەبەرئەوەى سوڵتەى ئەم وڵاتە هەر رۆژەى پیاوێكمان نیشاندەدات كە دەستى پڕە لە ئازار و خوێنى ئێمە و دەیكات بە نیشتیمانپەر و خەباتكار، بۆیە كارێكى گونجاوە كە ئێمەش جار جارە سڵاوێكیان بۆ بنێرین و لە رابردووى خۆیان ئاگاداریان بكەینەوە كە نەوەى كوێنەو لەكوێوە هاتوون.
پیاوێك هەیە كە هێندەى بێتاقەتى من ئەو خۆشبەخت بوو بە بوونى سەددام حسێن و جارێكیش لاپەڕەكانى رابردوویان هەڵدایەوە پڕ بوو لە برینى ئێمە، كەچى لە خولى سێیەمى پەرلەمانى كوردستان پارتى كردییەوە بە پەرلەمانتار و سەرۆكى لێژنەى یاسایی پەرلەمان، ئەم پیاوە كە ناوى شێروان حەیدەرى بوو جارێك فیلەكەى كەوتە دەستمان هاوارمان لێهەڵسا" ئەى خواى گەورە ئەمە خەڵاتى كورد كوژەكان دەكات"، وێنەكانمان بینى كە باوەش بە بە جەللاادەكان دەكات كە نیوەى كوردى ئەم هەرێمەى ئەنفاكرد، لەتاو پیسى پیاوێكەوە ئێمە یەك خولى چوارساڵى پەرلەمان گوێى خۆمان گرت كە نەوەك گوێچكەكانمان پڕ بن لە ڤایرۆس، كەچى پارتى جارێكیدیكە وەك دیارى رەوانەى پەرلەمانى كردەوە تا چاوەكانمان سیغناغ بن لە وێنەى ناشیرین، نازانم ئەبێت دەنگى ئەم میللەتە ئەوەندە بێبەهابێت كە ئاوا سووكایەتى پێبكرێت و بەدەنگى نەوەى شەهیدەكان ئەنفالچییەكان بنێردرێنە پەرلەمان؟ یا پارتى دەیەوێت لەرێگەى یاساوە رۆڵەكانى ئەم جڤاتە بنێرێتە دۆزەخ؟ ئاخر ئێمە گۆرانییەك دەمانگریێنێت كەچى شمشێربەدەستەكان دەمانلاوێننەوە.
ئەم پیاوە لەسەر ئەوەى گەنجەكان فێرى(نا) ببوون وتى ئەبێت بە یاسا زمانى ئەم نەوە بێحورمەتە كورتبكەینەوە،ئەبێت سەرۆكى ئەم هەرێمە بەدبەختە بە چ روویەكەوە بێت و قسە لەسەر ئینتیماى گەنجەكانى ئەم مەملەكەتە بكات؟ ئاخر ئاغاى من تۆ كە بەبڕیارە خێڵەكییەكانت دڵى لاوانى ئەم وڵاتەت لەتلەت كرد لە ئازار ئیدى ئەبێت نیشتیمان چ مانایەكى هەبێت بۆ كوڕە شەهیدەكان؟ نیشتیمانێك كە (نیشتیمانپەروەرەكان وەكوو قەحپە سوارى دەبن) بۆ دەبێت من لەپێناوى بمرم؟ كە سامانى ئەم وڵاتە بەبەرچاوى تۆوە نەوەو هاوڕێكانت تاڵانى دەكەن بۆ دەبێت ببین بە قوربانى پاشەڕۆكەى؟
بەدبەختى بەرپرسانى ئەم وڵاتە ئەوەیە كە دەیانەوێت دەست بۆ كەلاكى كەركووكیش بەرن، ئەبێت بە چ خەیاڵێكەوە بڕۆنە كەركووك و بە كامە گوتار هانى كەركووكییەكان بدەن بێنەوە ژێر خێمەكەى ئەوان؟ خۆ بیرمە كە لە دواى راپەڕینەوە لەو كاتەى كە بەرپرسەكان خەریكى بەتاڵانبردنى وڵات بوون كەركووكییەكان لە كۆڵانەكانى هەولێر و سلێمانى خوێ و وردە نانیان ئەكڕى، ئەبێت بەنیاز بن لەڕێگەى دەنگى كەركووكییەكانەوە كامە ئەنفالچیمان بۆ بكەن بە پاڵوان و زمانى كوڕە بێنازەكانى ئەم وڵاتە ببڕێت؟
هەرچیبێت كارى ئێمەیە كە جار بەجارێك مەرحەبایەك لەم پیاوە ماقوڵانە بكەین بۆ ئەوەى پێیانبلێین كە هێشتا ئەو برینەمان ساڕێژ نەبووە كە خوێنەكەى تا ئێستا بەدەستتانەوەیە.

دێڕى ناو كەوانەكە دێڕە شیعرێكى بەختیار عەلییە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە