ئایە عێراق نزیكە لە جەنگێكى ناوخۆ؟
Saturday, 24/04/2010, 12:00
وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە/سەرۆ زەردەشت
تۆماس سبرێگا California independent network voter))
ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكەى 7ى ئازار تائێستا دڵنیاكەر نییە، سەرۆك وەزیرانى ماوە بەسەر چووش نوورى مالیكى ركابەرییەكى سەختى ئەیاد عەلاوى دەكات، كەجێگەى متمانەى ئەمریكایەو لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەى دەنگەكانى بەدەستهێنا، لەكاتێكیشدا ئێستا ئەم دوانە ململانێ لەسەر بەرزترین پۆستى عێراق دەكەن، ئەو راستییە وەك خۆى ماوەتەوە كە مالیكى بەرپرسى گشتى هێزە سەربازییەكانى عێراقە.
هەرچەندە هەریەك لە مالیكى و عەلاوى هەردووكیان شیعەن، بەڵام عەلاوى توانى دەنگى ملیۆنى سوننەكان بباتەوە و لە پارێزگاى كەركووكیش زۆر بەهێز دەركەوت كە پارێزگایەكى زۆرینە كوردە و دەوڵەمەندە بە بە نەوت، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆى تەقینەوەى چەند بۆمبێكەوە دەیان هاوڵاتى ئەو شارە كوژران و لەوانەیە لەئەگەرى هەر گۆڕانكارییەكدا شەڕێكى دیكەى ناوخۆیی بەخۆیەوە ببینێت.
عەلاوى پێیوایەو رایدەگەیەنێت لەماوەى 8 بۆ 10 مانگى رابردوو ئاسایشى عێراق بەرەو خراپى رۆیشتووە جگە لەوەى ئاشتبوونەوەى نیشتیمانى شكستیهێناوە قەومییەت هێشتا باڵادەستە. بۆیە عەلاوى پێیوایە مالیكى دەبێت ئەم بەرپرسیرییەتە بگرێتە ئەستۆ، هێزە چەكدارییەكانى سونەو ئەلقاعیدە جارێكیدیكە دژایەتى خۆیان دژى حكومەت راگەیاندەوەو لەماوەى رابردووشدا چەند ئەندامێكیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانى عێراق دەستگیركران، لەم نێوەندەشدا عەلاوى پێیوایە كە لەكاتى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق كە بڕیاروایە لە مانگى ئابى ئەمساڵدا ژمارەى هێزەكانى ئەمریكا بۆ 50 هەزار سەرباز كەمبكاتەوەو ئەم كەمبوونەوەیەش بەبەرزبوونەوەى كردە تیرۆریستییەكان و پێشێلكارى یاسایی تەواو دەبێت.
لەهەمان كاتیشدا عەلاوى ئێران بە دەستتێوەردانى كاروبارى ناوخۆى عێراق تاوانبار دەكات و پێیوایە لەدواى هەڵبژاردنەكانەوە و بەهۆى غیابى حكومەت دەستى لەبەرزبوونەوەى كردە تیرۆریستییەكاندا هەبووە.
بەگوێرەى راپۆرتێكى دامەزراوەىcfr بەناونیشانى(بەرزترین پەنجەرەى ترس) دا دەنووسێتسەركردە شیعەكان لە لوتكەوە بۆ خوارەوە سوریا تۆمەتباردەكەن بە هاوكاریكردن و مەشقپێدان و ناردنە ناوەى تیرۆریستەكان بۆ ناو خاكى عێراق بۆ كردەى خۆكوژى، بەڵام سوننەكانى عێراق ئێران بە بەرپرسیارى یەكەم دەزانن لەبەرامبەر ئەو تووندوتیژیانەى لەبەرامبەریاندا دەكرێن.
لەناوچەى سەوزى بەغداد، سیاسەت لەسەرووى ئەو باسانەیە كە وتووێژى لەبارەوە دەكرێت، بەڵام تەنیا بۆ خەڵكانى زەنگین، ئەم پراكتیزە هەڵەیەی سیاسەتیش تا ئەندازەیەك لە شەڕێكى ناوخۆیی نزیكمان دەكاتەوە و هاوشانى ئەمەش بووتە جێگەى سەرنجى ئەمریكا.
یەكێك لە رۆژنامەنووسەكانى ئەمریكاش بەناوى نیر رۆسن كە لەسەرەتاى هێرشەكەى ئەمریكا ئامادەیی نزیكى لە رووداوەكانى عێراقەوە هەبووە و دیدارى زۆرێك لە بەرپرسانى عێراقى و ئەمریكییەكانى لەو وڵاتەدا كردووە دەنووسێت" چەند ساڵێك لەمەوبەر چاودێرەكان سەرنجى دەسەڵاتى میلیشیاكانیان دەدا، بەڵام ئێستا گومان لە هێزەكانى ئاسایش دەكەن، ئەو هێزانەى كە عێراقییەكان چاوەڕوانى ئەوەیان لێدەكردن كە لە كردەوە تووندوتیژییەكان بیانپارێزن".
لەساڵانى نێوان 2006 بۆ 2009 عێراق تا ئەندازەیەك ئەزمونى شەڕى ناوخۆیی چەشتووە، ئەم شەڕەش بە شێوەیەكى ناڕەسمى لەلایەن گڕوپە شیعى و سوننەكان و هەندێك جاریش كوردەكانى تێوەدەگلا بەردەوامى هەبوو.
شیعەى زۆرینە ئێستا لەدەسەڵاتن، لەژێر دەسەڵاتى شیعەكانیشدا گروپى تیرۆریستى ئەلقاعیدە دەستیكرد بە پاكتاوكردنى قەومى لە بەرامبەر شیعەكان و لەبەرامبەریشدا هێزە چەكدارەكانى شیعە بەتایبەتى چەكدارانى سەدر سێگۆشەى مەرگیان لەبەرامبەر سوونەكان راگەیاند، لە ساڵى 2007دا سەرۆك بۆش بڕیارى پڕ چەككردنى چەكدارە سوننەكانى داو لە چەند مانگى رابردووشدا ئەم هێزانە هێرشى سەربازییان دەكردە سەر سوپاى ئەمریكا، ئەم گروپە چەكدارییانەش ناونرا ئەنجومەنى سەحوەو تایبەت بوو بە هێزە سوونییەكان و ژمارەیان خۆى لە 100 هەزار چەكدار دەدا، لەوكاتەشدا عەلاوى لەلێدوانێكیدا رایگەیاند " ئەمریكا هەردوو بەرە پڕ چەك دەكات و بەمەش مەترسى بۆ جەنگێكى تائیفى دێنێتە كایەوە".
نیر رۆسن لە چاوپێكەوتنێكدا خەڵكى ئەمریكاى تووشى شۆك كرد كاتێك وتى" لەسەردەمى سەددام حسێندا كەس نەیدەزانى شیعە چییەو سوننە چییە، هاوسەرگیریش لەنێوان ئەم دوو مەزهەبەدا بەربڵاو بوو و لەسەردەمى رژێمى بەعسدا زۆرینە سوپاى عێراقى شیعە بوون، بەڵام تاكە شتێك لە ئێستادا هەبێت ئەوەیە كە هەردوولا دەسەڵاتى یاسایی و چەكیان هەیە".
لە ساڵى 2008 دا دێڤد پاتریۆس بەرپرسى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق وتى" شەڕى ناوخۆ لەوكاتەدا لە عێراق تەواو دەبێت كە شیعەكان هەستبكەن براوەن و سوننەكانیش هەست بكەن دۆڕاون"، ئەگەر ئێستاش سەردانى عێراق بكەى ئەو ئەنجامە دەبینى كە بەر لە دوو ساڵ پاتریۆ پێشبینى كردبوو، هێزەكانى ئەمنى لەوانەیە تا ئەندازەیەك تووندو تیژ بن و لەوانەشە لە گەندەڵییەوە گلابن، بەڵام لە ئێستادا ناتوانن بەشێوەى سێگۆشەى مەرگ هەڵسو كەوت بكەن، ئێستا ئەم هێزانە بە هەموو شارەكانى عێراقدا بڵاو بوونەتەوەو خەڵكى ئیدى سڵ لە باسكردنى گەندەڵییەكان ناكاتەوە، خەڵكێكى زۆریش دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانى پێشووى خۆیان كە پێشتر بەهۆى شەڕى سوننەو شیعە ئاوارە ببون.
بەڵام كاریگەرى كاریگەرى سوریاو ئێران بەسەر عێراق و هەڵەو شكستى مالیكى لە راكێشانى زۆرینەى خەڵكى عێڕاق ئێستا جێگەى تێڕامانى ئەمریكان، مالیكى ویستى لە رێگەى ئەجێندایەكى ناسیۆنالیستى دوور لە قەومییەت سیاسەت بكات، پشتبەستنیشى بە هەناردەكردنى نەوتى عێراق بۆ دەرەوە ئاماژەیەكن بۆ سیاسەتێكى دژە ئەمریكى.
نیر لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەنووسێت، ئایە عەلاوى تەنیا بردییەوە یان بە شێوەیەكى یاسایی بردیەوە؟ عەلاوى باشترینى كاندیدەكانە كە بتوانێت سەركردایەتى حكومەتێكى سەقامگیربكات، بەڵام بەبێ ئاماژەدان بەوەى كە ئایە ئەگەرى ئەوە نییە ئەم ئەنجامەى هەڵبژاردن ببێتە هۆى هەڵگیرسانى شەڕێكى دیكەى ناوخۆیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست