لەبرى ماڵاواییلێكردنى، من گەندەڵییەكانى نەوزاد ئەدهەم ئاشكرادەكەم
Wednesday, 10/02/2010, 12:00
ئارەزوویەك خزاوەتە سەرى ئێمە و ژیانمانى خستووەتە مەترسییەوە، وەلێ لەبەر ئەوەى ئارەزووى پیاوە جوامێرەكانە ئەبێت تا كۆتایی لەگەڵى بڕۆین، لەوانەیە هەندێك كات بێدەنگ بین، بەڵام هەرگیز لاڵ نابین، بەڵكوو لە هەركاتێك بزانین ئەم نیشتیمانە پێویستى بە نوزەیەكى ئێمەیە ئەوا قوڕگى ئێمە ئامادەیە بۆ فیزاع، هەندێكجاریش پێویستى بێدەنگى ئێمە وادەكات زۆر شت هەیە ئاشكراى نەكەین، بەڵام لە هەركاتێكدا گونجاوبێت ئەوا باكمان بە ئاشكراكردنى فەزاحەتەكان نییە، هەندێكجار ئاشكراكردنى دزى و گەندەڵییەكانى بەرپرسێك ئەوەندەى زیانى بۆ ئێمە هەیە جێگەى خۆشحاڵى نین، مەبەستم لە گیانى خۆمان نییە، چونكە دەمێكە پەیامى خۆمان لەمبارەیەوە گوتووە، بەڵكوو لە زۆر كاتدا ئەوەندەى دزى و راوڕووت پلەى بەرپرسەكان بەرزدەكاتەوە ئەوەندە خزمەت قازانجیان پێناگەیەنێت، لە زۆركاتدا سزادانى بەرپرسەكانى حكومەت بە بەرزكردنەوەى بەرپرسەكە كۆتاییدێت، وەك ئەوەى كە سزاى عەبدولعەزیز تەییبیان دا لە بەرپرسى لقى دهۆكى پارتى لایانداو كردیان بە وەزیرى پەروەردە و لەدواییشدا بە وەزیرى كشتوكاڵ. لە هەندێك وەقتیشدا ئەوە بچوكى ئەو پیاوانەى دەسەڵاتن وادەكات زۆرجار بێدەنگ بین، وەلێ بەدڵنیاییەوە كاتى ئەوەیان پێنادەین تا سەر ئاسوودەبن.
لە چەند رۆژى رابردوودا بەڕێوەبەرى ئەندازەى پاڕكەكانى هەولێر (نەوزاد ئەدهەم بەرزنجى) لەسەر زۆرى گەندەڵى و دزییەوە لە شوێنەكەى لادرا و ئەویش لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا هەرچى كەل و پەل و ئامێرەكانى بەڕێوەبەرایەتییەكە هەیە وەك ئەوەى ماڵ بگوازێتەوە بردەوە ماڵ، كارى ئێمەش لێرەدا ئەوەیە كە هەرچى گەندەڵى و گزى و دزییەكانى هەیە بیخەینە روو تا ئەوەندە ناڕازى نەبێت لە بڕیارى لادانى.
نەوزاد ئەدهەم پارچەیەكى زەوى شارەوانى هەولێرى داگیر كردووە لە نزیك قوتابخانەى ئامادەیی (ئانالیند) ئامادەیی كچان لەشارى هەولێر و ئێستا باڵەخانەیەكى لەسەردروستكردووە، كەچى بەپێى یاسا ئەو زەوییە موڵكى شارەوانی و حكومەتە و لەسەر ناوى هیچ كەسێك تاپۆ ناكرێت.
هەر لەشارى هەولێر و لە بەرامبەر وەزارەتى خوێندنى باڵا نەوزاد ئەدهەم لە ماوەى ئەو كاتەى بەڕێوەبەرى ئەندازەى پاڕكەكان بووە گازینۆیەكى راقى و مۆدێرنى كڕیوە و كردوویەتى بە ناوى رائید ئەدهەمى برایەوە، كەچى لەم دواییەدا دەركەوتووە كە رائیدى براى ماوەى چەندین ساڵە لە دەرەوەى وڵاتە.
یەكێك لە فەرمانبەرەكانى ناو بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پاڕكەكانى هەولێر كە چەند رۆژێك لەمەوبەر هەواڵەكەى پێراگەیاندم گوتى" لە كولفەى پارەى بەڕێوەبەرایەتییكا نەوزاد ئەدهەم مانگانە 1000 دۆلارى بۆ كڕینى گوڵ و گوڵزاى ژوورەكەى تەرخانكردبوو بەبیانووى ئەوەى كە كەسانى بیانى سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەكەن" .
هەرگیز بەرپرسەكانى ئەم وڵاتە ئەوندە پاك نەبوون تا لەكاتى بەجێهێشتنى پۆستەكانیاندا سوپاسیان بكەین، بەڵكوو ئەوان لەكاتێكدا لە شوێنەكە دووردەخرێنەوە كە كارى داهاتوویان بازرگانیبێت بەوپارەیەیەى لە حیسابى خەڵكى ئەم مەملەكەتەیان كێشاوەتەوە، ئەوە ئەوانن بە هەژارییەوە هاتوون و بە سەرمایەكى زۆرەوە جێیدێڵن، بەڵام خۆشبەختانە نەوەیەك ئێستا بوونى هەیە لەم وڵاتە رەنگە تا ئەندازەیەك قەبووڵى ئازارەكانى خۆى بكات وەلێ هەرگیز لەبیریان ناكات، رەنگە هەندێكجار بەرگەى ئەو خوێنە بگرین لەجەستەمانەوە دێت، بەڵام ئەوەى ئێمە پێی ئاشنانین بێدەنگییە، رەنگە بێتاقەت بین و وەڕز بین و هەندێكجاریش نائومێد بین، بەڵام هەرگیز نە دەكڕدرێین نە بێدەنگ دەبین. بۆیە چاوەڕوانى ئەوە بكەن كە هەموو شتێك ئاشكرابكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست