نە سەرۆك خوایە نە كچەكەى
Saturday, 02/01/2010, 12:00
ئێرە ئەم وڵاتەیە كە نابێت بە سەرۆكەكەت بڵێى موچەكەت چەندە؟ بۆ كوڕو نەوە و خزم و كەسوكارت ئەم هەموو پۆستە سەربازى و حكومییەیان پێدراوە؟ نەوەكانت ئەم هەموو سامانەیان لەكوێ بوو؟ جا ئەگەر یەكێك جورئەتى ئەوەى كرد و ئەم پرسیارانە بكات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەكەى بەزاندووە و دەكەوێتە بەر رەحمەتى تفەنگ و قەڵەمەكانى ئەوان، بۆ منیش كە لەیەكێك لە نووسینەكانما ناوى كچەكەى بارزانیم هێناوە ئەوا یەكێك لە هێڵە سوورەكانى وڵات و ئەخڵاق و ئەدەبیاتى راگەیاندنم بەزاندووە.
دیموكراسییەتەكەى ئەم وڵاتە وایە نابێت لە جامانەى سور و گۆچانەكان بدەیت، ئەگەر هات و كەوتیتە هەڵهیەكى ئاواوە ئەوا ئەوانیش رێگەچارەى خۆیان هەیە كە زۆربەمان ئەزانین چین. نازانم كچەكەى سەرۆكى ئەم هەرێمە ئهبێت راهیبە بێت، كە نابێت كەس عاشقى بێت، یان ئەویش موقەدەسە و دەبێت وەك سیمبوڵێكى نەتەوەییمان بمێنێتەوە؟ ئەبى مەترسییەكانى نووسینێك چیبێت كە بە شێوەیەكى كۆمیدیا رەگەزێكى گرنگى ئەدەبیات و هونەرە باس لە سەرۆك بكەین؟ هەر هەموومان فیلمى دیكتاتۆى مەزنى چارلى چاپلینمان بینیوە كە بە كۆمێدیا چ ئازارێك نیشانى دونیا دەدات.
لەبەر ئەوەى زۆرێك لەم ئیمەیڵانەى بۆم هاتبوو هەڕەشەیان دەكرد و داواى وێنە و ناسنامەیان دەكرد وەك ئەوەى شوفێرێك بم و لە ترافیكى سوورم دابێت، منیش وێنەى خۆم بۆ هەموو ئەو برادەرانە نارد، كە دەبێت چ كارێكیان بە وێنەك ههبێت؟ بەڵام ئەم نووسینە تەنیا بۆ وەڵامى یەكێكیانە، كە بوێرى ئەوەى تیادا بوو بەناوى كچێكەوە لە سەرم بنووسێت، سەرەڕاى هەموو شتێك من دەستخۆشى لێدەكەم كە جورئەتى ئەوەى تیابووە وەڵامم بداتەوە، بەڵام تكا دەكەم ئەگەر ئەمجارە ویستى وەڵامم باتەوە با وەك گەنجێكى ئەم وڵاتە بمناسێنێت و نەمخاتە چوارچێوەى نەوشیروانیزمەوە، راستە من دەنگم بۆى داوە لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا، زۆر بە جدى پاڵپشتى ئەو بووم و دەنگم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان بۆ كۆدەكردەوە، بەڵام ئەمانە هەمووى لە چوارچێوەى مەبادئێكەوە بوو كە پێموابوو "شەیتان بە قوتابییەكانى شەیتان بگۆڕینەوە بۆ ئێمه قازانجە"، ئەگەرنا لەهەر كاتێكى گونجاودا بزانم خزمەت بە تاڵەبانى و بارزانى ناكات ئەوا یەكەمین كەسم زۆر بە تووندى بڵێم تۆ بەشێكى لەم مێژووەى كە ئێمە رقمان لێیەتى، لەبەر ئەوەى تۆش وەكوو هەموویان داواى ئەوەت كردبوو كە لەژێرناوى خۆم و وێنەى خۆمدا بنووسم، پێمخۆشبوو وێنەیەكت بۆ بنێرم بەڵام تۆ خۆت ئیمەیڵەكەت لەژێر وەڵامەكەت نەناردبوو بۆیە بمبوورە ئەمە سوچى من نەبوو، لە ئێستاوە من وەك كوڕێكى بێ موبالاتى شەقامەكانى هەولێر ببینە، كە یاخییە لەم هەموو بت و پەیكەرانەى سوڵتەى ئەم وڵاتە، وەكوو ئیبراهیم چاوەڕوانى دەرفەتێكین تا هەموویان خاپووربكەین، دڵنیاش بە من ئەهلى ناوى درۆینە نیم.
ئەم بابەتە وەڵامێكە بۆ یەكێك لەم نووسینانەى لە كوردستان نێت ئەڤین ناوێك نووسیبووى لەژێر ناوى وەڵامێم بۆ نووسەرە جنێوفرۆشەكەى كوردستانپۆست.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست