سەردەمى شكستەكانى كۆسرەت دەستى پێكرد
Monday, 03/05/2010, 12:00
- بەرهەم ساڵح بە پیشتوانى كۆسرەت رەسوڵ بوو بە سەرۆكى حكومەت دواتر مەرجەكانى پشتگوێ خست - كۆسرەت داواى ئەوەى لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كردبوو كە (عەبدولباست) بەرپرسى مەكتەبی خۆى ببێتە سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، بەڵام لە یەكەم داوایدا شكستى هێنا و ئەو داوایەى نەهاتە دى و پشتگوێ خرا راپۆرتى: خێڵان بهختیار و سەرۆ زەردەشت
لە ماوەى نزیكەى شەش مانگدا، دوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى دوو شكستى كۆسرەت رەسوڵى لێكەوتەوە، كۆسرەت رەسوڵ كە لە یەك كاتدا جێگرى تاڵەبانى و بارزانى بوو، جێگرى تاڵەبانى لە یەكێتى و جێگرى بارزانى لە سەرۆكایەتى هەرێم، لە هەردوو بەرەدا كارتى زەردى بە روویدا بەرزكرایەوە، یەكەمیان لە دواى هەڵبژاردنى 25ى تەمووزى پەرلەمانى كوردستان كە لە لایەن (محەممەدى مەلا قادر) ئەندامى مەكتەبى سیاسیى پارتییەوە بوو راگەیەندرا كە ئەوان رازینین بە دووبارە دانانەوەى كۆسرەت بە جێگرى سەرۆكى هەرێم، لە بەرەى دووەمیش تۆمەتباركردنییەتى بە شكستى یەكێتى لە هەولێر لە 7ى ئازاردا، لە بەرامبەر لێدوانى ئەندام مەكتەب سیاسییەى پارتى، كۆسرەت رەسوڵ لە رێگەى بەرپرسى راگەیاندنەكەیەوە زۆر بە تووندى وەڵامیدایەوە بەوەى كە ئەو مەمنوونى هیچ كەس نییە بۆ ئەوەى بكرێت بە جێگرى سەرۆكى هەرێم، لە هەمانكاتدا رایگەیاند كە ئەو ئامادەیە پۆسستى جێگرى سەرۆكى هەرێمیش لە رێگەى هەڵبژاردنەوە یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام لە بەرامبەر پەنجە درێژكردنى حیزبەكەى هیچ وەڵامێكى بیستراوى نییە بۆ راگەیاندنەكان، بەڵكو هەر لە دواى هەڵبژاردنەكەوە سەفەرى دەرەوەى وڵاتى كرد، هەندێك لە ماڵپەڕە كوردییەكانیش بڵاویان كردەوە كە كۆسرەت رەسوڵ لە فڕۆكەخانەى فڕانكفۆرت لە ئەڵمانیا بینراوە.
هەشت ئۆتۆمبێلەكە و دارالزیافەكەى لێ دەسەندرێتەوە، ئەو كەسانەشى لە سەرۆكایەتى هەرێم كۆسرەت دایناون دەردەكرێن
دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە چوار مانگ بە سەر هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى هەرێم، هەتاوەكو ئێستا ئەو پۆستە بە تاڵە، كە دەبوو بەپێى رێكەوتننامەى نێوان پارتى و یەكێتى، یەكێتیى كەسێك بۆ جێگرى سەرۆكى هەرێم كاندید بكات، كە لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا ئەم پۆستە هى كۆسرەت رەسوڵ عەلى بوو، ئەمەش لە كاتێكدادێت كە دەبوو پۆستى جێگرى سەرۆكى حكومەتیش لە لایەن دكتۆر بەرهەمەوە دیاری بكرێت، بەڵام پارتى هاوشانى دكتۆر بەرهەم، ئازاد بەروارى لە رێگەى دەنگ و متمانەى پەرلەمانەوە دانا، كە دەبوو بەپێى یاساى پەرلەمان تەنیا دكتۆر بەرهەم متمانەى ئەندامانى پەرلەمان وەربگرێت و لە دواییدا خۆى كاندیدێكى پارتى بۆ جێگرى خۆى هەڵبژێرێت.
لەماوەى چوار ساڵى ئەداى كاركردنى سەرۆكایەتى هەرێم لە نێوان بارزانى و كۆسرەتدا ئەو راستییە بە كۆنكرێتى روونبوویەوە، كە تاوەكوو ئێستا رقى پارتى لە بەرامبەر كۆسرەت رەسوڵدا نەڕەویتەوە كە بەهۆى ململانێى درێژى یەكێتى و پارتى بەتایبەت شەڕى ناوخۆ هاتۆتە كایەوە، كە كۆسرەت رەسوڵ زۆر دڵ رەقانە بەرامبەر بە پێشمەرگەكانى پارتى دەجوڵایەوە، ئەم رق و قینەیەى پارتیش زۆر بە سانایی لە ئەداى كاركردنى بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم لەگەڵ جێگرەكەیدا كۆسرەت رەسوڵ هەستی پێ دەكرا، بەوەى كە شوێنى دانیشتن و سەرۆكایەتى هەریەكەیان لە دوو شوێنى جیاواز بوو، بارزانى ئۆفیسى سەرۆكایەتییەكەى لە سەرى رەش بوو، كۆسرەتیش بارەگاكەى لە خانووەكەى پێشووترى سەرمایەدار ئەحمەد ئیسماعیل بوو لە گەرەكى ئازادى شارى هەولێر، كە دەكەوێتە بەرامبەر خانووە كۆنەكەى پێشووترى، لە ئێستاشدا ئەم خانووە بووەتە شوێنى حەوانەوەى مام جەلال و دكتۆر بەرهەم ئەوكاتەى سەردانى هەولێر دەكەن. لەم ماوەیەشدا كۆسرەت كەمترین دەسەڵاتى سەرۆكایەتى هەرێمى هەبووە و تەنانەت لە كاتى سەفەرەكانى بارزانیشدا، بارزانى بە شاندێكى حیزبى سەفەرى دەكرد و لە غیابى بارزانیشدا لەوكاتەدا دەبوو بە رەسمى كۆسرەت رەسوڵ دەسەڵاتى سەرۆكى هەرێمى لە ئەستۆ بوایە، هیچ دەسەڵاتێكى نەبوو.
ئەگەر لە پێشووتردا باروودۆخ و حاڵەتەكان رق و ناڕەزایی پارتى لە بەرامبەر كۆسرەت رەسوڵ دەربخەن، ئەوا لە سەر زمانى ئەندام مەكتەب سیاسییەكەى پارتى كە محەممەدى مەلا قادر بوو بە دەنگ و پرۆسەى دواى ئەوەش كردارە، ئەویش بە دوور خستنەوەى كۆسرەت لەو پۆستە، راگەیاندنى پارتیش چەند جارێك لە گۆشەنیگاى كزەوە ئاماژەیان بەوەداوە كە پارتى زیاتر لەگەڵ عەدنان موفتییە بۆ پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم، پارتى چاوەڕوانى یەكێتییە بۆ ئەوەى بڕیارى كۆتایی لەو مەسەلەیە بداتەوە.
بە پێى ئەو سەرچاوانەى كە دەست گۆڤارى (ساماڵ پۆست) كەوتوون، ئەوەیە كە لە دواى نەبوونەوەى كۆسرەت بە جێگرى سەرۆكى هەرێم، وردە وردە ئەو فەرمانبەرانەى كە لە سەرۆكایەتى هەرێم و لەو بەشەى كۆسرەت رەسوڵ دەوام دەكەن بەرەو ماڵەوە رەوانەیان دەكەنەوە، هاوكات ئەو سەرچاوە ئەوەشى ئاشكرا كرد كە كۆسرەت هەشت ئۆتۆمبێلى وەرگرتووە كە بووەتە جێگرى سەرۆكى هەرێم، ئێستاش داواى ئەو هەشت ئۆتۆمبێلەى لێ دەكریتەوە، هاوكات ئەوەش ماوە كە لە دواى وەرگرتنەوەى ئەو ئۆتۆمبێل و ناردنەوەى ئەو كەسانەى كە سەر بە كۆسرەتن لە سەرۆكایەتى هەرێم، بڕیارە ئەو خانووەى كە بە ناوى دارالزیافە وەریگرتووە ئەویشى لێ بسەنرێتەوە.
كۆسرەت لە گەمەكاندا یاریزانێكى ئیحتیاتە
لە دواى راپەڕینەوە تاڵەبانى كۆسرەت رەسوڵى وەك یاریزانێكى ئیحتیات خستە ناو گۆڕەپانەكەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى كۆسرەت یاریزانێكى باش نەبوو هەتا دەهات لە مێژووى یەكێتیى فاوڵى تۆمار دەكرد، بۆیە قۆناغى گەمەكانى دیكە تاڵەبانى نەیتوانى چیتر ئەو یاریزانە ئیحتیاتە بخاتەوە ناو گۆڕەپانەكەوە، نەزانینى یارى شەرم نییە، شەرم ئەوەیە خۆت بە یاریزان بزانیت و دەورى یاریەكانت بەرچاو نەبێت، بەڵگەش بۆ ئەوە لە دواى جیابوونەوەى هێڵى سیاسیى گۆڕان لە یەكێتیى، یاریزانە بە ناو ئیحتیاتەكەى تاڵەبانى دەیویست تاك گۆڵانە گۆڵ لە تاڵەبانى بكات، لەو سەردەمەدا مشتومڕێكى بەرچاوى راگەیاندنى لەسەر ئاستى خۆى دروست كرد، كە تەنها ئەوەش لەبەر ئەوەبوو كە گۆڕان بە چاوێكى هێزەوە سەیرى بكات، بەڵام ئەم خەونەشى وەك خەونەكانى دیكە بۆ نەهاتەدى! هەربۆیە تاڵەبانى ئەو تۆپەى كە لە قاچى كۆسرەتدا بوو لەو سەردەمەدا، بە مشتێ دۆلار هەواكەى بە تاڵ كردەوە و گۆڕانیش لەولاوە هیچ ئەرزشێكى بە هێزى تواناكانى نەدا، ئیدى ئەویش بە ناچارى فەترەیەكى باشە تەنها وەك بینەرێك ماوەتەوە و جار جارەش وەك لایەنگرێك لایەنگرى تیپەكان دەبێت، شكستى ئەو جۆرە كەسانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە زیاد لە تواناى خۆیان دێنە مەیدانى گۆڕەپانەكەوە، بۆیە ئەو كەسانە كە شكست بە خۆیانەوەو دەبینن، سەرهەڵدانەوەیان لە كارى سیاسیدا مەحاڵ دەبێت و كەمتر لە چوارچێوەى پێشووترى خۆیشیان دەبیندرێن و هەستیان پێ دەكرێت، ئێستاش تاڵەبانى نەك نایەوێت جارێكى تر بەشدارى گەمەكانى دیكە بكات، ئەو تۆپانەى كە دەكەونە دەرەوەى گۆڕەپانەكەش ئامادە نییە بیانهێنێتەوە.
هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ وەك دەزاندرێت كەسێكى سیاسیى نییە بە مانا، بۆیە هەمیشە بۆ هەڵكشان و دۆزینەوەى رێگەچارە بۆ ئەو شكستانەى كە تێى دەكەوێت، تەنها پشت بە شانس و سودفە دەبەستێت، ئەمەش بەوەدا دەردەكەوێت كە ئێستا كار بۆ نەبەستنى كۆنگرەى یەكێتیى دەكات، كە بڕیار وایە لە مانگى 6ى ئەمساڵدا ببەسترێت.
داخستنى دەرگاى گۆڕانیش بە رووى كۆسرەتدا پێدانى هەلە بە تاڵەبانى كە چیتر كۆسرەت ئەو مەترسیە نییە بۆ سەر تاڵەبانى و یەكێتیى گەر بێت و بە نیازبێت بچێتە ناو ئەو بزوتنەوە و لەوێوە شەڕى خۆی لەگەڵ تاڵەبانى بكات، هاوكات تاڵەبانیش لەوە ئاگادارە و ئەو متمانەیەى لە گۆڕان وەرگرتووە كە ئەو دەرگایە بە هیچ شێوەیەك بە رووى كۆسرەتدا نەكرێتەوە، چونكە كۆسرەت لە دەرەوەى یەكێتیى و ئەو كەسانەى كە مێژوویەكى هاوبەشیان لەگەڵ یەكێتییدا هەیە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك درێژە بە مانەوەى خۆی بدات.
داخستنى دەرگاى گۆڕان بەسەر كۆسرەت رەسوڵ
سێ خاڵەكەى گۆڕان بۆ كۆسرەت رەسوڵ رایەك لە ناو گۆڕەپانى سیاسیى كوردستان هەیە، ئەویش ئەویە كە ئەگەر بێت و پارتى و یەكێتیى لەسەر هەر دیبەیتێكدا ناكۆك بن، ئەوا لەمەڕ لاوازكردنى پێگەى كۆسرەت رەسوڵ كۆكن، رەنگە لە دواى حەوتى ئازارەوە ئەم رایە كاریگەرى و ئەنجامى روونترى هەبێت، بەڵام هەمیشە لە سیاسەتدا لایەنى سێیەم بڕیارى یەكلاكەرەوە دەدات، لەوانەیە لەم روەشەوە كۆسرەت دەرگاى سێیەمى بە روویدا داخرابێت، ئەویش نەوشیروان مستەفا، یان بزووتنەوەى گۆڕانە، هەتا پێش بڵاوكردنەوەى بەشێك لە بیرەوەرییەكانى نەوشیروان مستەفا بە ناوى (لە نێوان مام جەلال و من)دا كۆسرەت بە زمانێك لەسەر نەوشیروان قسەى دەكرد، كە چەند جارێكیش دووبارەى كردەوە كە دەیگوت "كاك نەوشیروان برا گەورەى هەموومانە)، بەڵام دواى بڵاوبوونەوەى ئەو نووسینەى نەوشیروان مستەفا كە ئەزمونى حكومەتەكەى كۆسرەت لە سلێمانى بە گەندەڵ و شكستى لە قەڵەم دا، لە وەڵامێكى تووندترى كۆسرەتیش بۆ نەوشیروان ئەو برا گەورەییەى نەوشیروان لەسەر زمانى كۆسرەت بە تەواوەتى كۆتایی پێهات و چووە سەنگەرى مام جەلال لە بەرامبەر نەوشیرواندا، كە پێشتر خۆى لە ناكۆكییەكانى نێوانیان دەپاراست، ئەمەش بە تەواو لەگەڵ ئارەزوو و ویستى تاڵەبانى یەكیدەگرتەوە، كە دەیویست ئەو دەرگایە بە رووى كۆسرەت دابخات كە دەتوانێت لێیەوە بڕواتە دەرەوە، بەڵام لە برى تاڵەبانى، نەوشیروان ئەو كارەى كرد.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە ناو بزوتنەوەى گۆڕان تایبەت بە گۆڤارى (ساماڵ پۆست) ئەوەى ئاشكرا كرد، كە كۆسرەت رەسوڵ داواى لەو بزوتنەوەیە كردووە دەرگاى ئەو بزوتنەوەى بە روودا بكەنەوە، بەڵام لە ئەنجامدا بەرپرسانى ئەو بزوتنەوەیە تەنها 3 خاڵیان بۆ دەستنیشانكردووە، ئەوانیش وەك:
یەكەم: كۆسرەت و باڵەكەى كە دێنە ناو بزوتنەوەى گۆڕان دەبێت پابەندبن بە یاساى ئەو بزوتنەوە و هیچ جۆرە دەستەگەرى و كوتلەكاریەكى لێ قبوڵ ناكرێت.
دووەم: ئەگەر بە نیازى دروستكردنى تەیارێكى ترە لە دەرەوەى یەكێتیى، ئەوان وەك گۆڕان نە دژایەتى دەكەن، دۆستایەتیش بە پێى بەرژەوەندى.
سێیەم: ئەگەرنا با لە ماڵەوە دانیشێت و بزوتنەوەى گۆڕان ژیانى دەپارێزێت.
لەم چەند خاڵا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە شكستى كۆسرەت رەسوڵ وەك خۆر دیارە و پێویست بە ئاماژە ناكات، چونكە قبوڵ كردنى هەریەك لەو خاڵانەى كە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ كۆسرەت رەسوڵیان داناوە، جگە لە بە كەم سەیركردنى كۆسرەت و نەبوونى هیچ پێناسەیەك وەك كەسێكى سیاسیى چیتر نییە، هاوكات كۆسرەت رەسوڵیش پێى وایە كە تواناى ئەو زۆر لەوە زیاترە كە بەو مەرجانە رازى ببێت، دواتر ئەوەشمان بیرنەچێت كۆسرەت رەسوڵ لە ئێستاشدا ئەو پێگەیەى لە ناو یەكێتیى دا نەماوە و دەسەڵاتەكانى زۆر زۆر كەمبوونەتەوە، كە وەك بانیمارانى دەڵێت: "ئەو خۆیشى هەست بەوە دەكات كە دەسەڵاتى كەمبووەتەوە"، لە نەگەیشتنە ئەنجامى ئەم هەموو ململانێ و خۆ بە زلزانینەى كارى سیاسیى كۆسرەت رەسوڵ دەكرێت بڵێین، تاراوگەى دوورە وڵات باشترین چارەسەركردنى كێشەكانى خودى خۆیەتى، چونكە هێشتا خەباتى كورد زۆرى بە بەرەوە ماوە، كاتێ ئەو بە تاكتیكەكانى تاڵەبانى و گۆڕان نەتوانێت چەند خاڵێك بە دەست بێنێت، ناشبێت چاوەڕوانى ئەوەى لێ بكرێت ماددەى 140ى تەسلیم بكرێت.
لەدەستدانى هەلى زێڕین لە كاتى زیادكراودا
لە دواى 25ى حەوت و بە گوتەى عیماد ئەحمەد دواى دۆڕانى گێمى یەكەمى یارییەكە كە دووجار دۆڕانى كۆسرەت رەسوڵ بوو، جارێك دۆڕانى یەكێتى بوو بە گۆڕان و جارێكى تر لەدەستدانى كورسى جێگرى سەرۆكى هەرێم بوو، گێمێكى دیكەى یارییە سیاسییەكە دەستیپێكردەوە، ئەویش 7ى ئازار بوو، ئەگەر لەم وادەیەدا ئەزمونى كۆسرەت رەسوڵ بخەینە ژێرپرسیارەوە، ئەوا بە تەواوەتى كەم ئەزموونى سیاسیى ئەو پیاوە سەربازییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە تا ساڵى 1991 یەك لێدوانى سیاسیمان لێنەبیستبوو، لەوانەیە بەدیوێكى دیكە مانایەكى دیكەمان پێبدات كە بەردەوام یارییەكانى هەڵبژاردن بە كردنەدەرەوەى پیاوە سەربازییەكان كۆتاییان دێت، چونكە پرۆسەى هەڵبژاردن یارییەكە پێویستى بە یاریكەرى تەكنیكى ئیدارى و سیاسى هەیە، نەك بە تەنیا هێزى شان و بازوو.
لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەى 7ى ئازار كە لە سلێمانى هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد و لە كەركووك تاڵەبانى و لە هەولێریش كۆسرەت سەرپەرشتى هەڵمەتەكانى یەكێتییان دەكرد، لە سلێمانى تا ئەندازەیەك هەڵسانەوەى یەكێتى لەبەرامبەر گۆڕان بەخۆیەوە بینى و لە كەركووكیش بە سەرپەرشتى خودى تاڵەبانى مەركەزى رزگاركەرى یەكێتى بوو، بەڵام هەولێر لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى كۆسرەت رەسوڵ گەورەترین شكستى لە مێژووى یەكێتى لەم شارەدا بەخۆیەوە بینى، تەنانەت شكستى یەكێتى لە هەولێر بەتەنیا شكستى خۆى نەبوو، بەڵكوو گەورەكردن و سەركەوتنى زیاترى پارتى بوو بەوەى كە هەزاران دەنگى كاندیدەكانى یەكێتى بەهۆى پەرش و بڵاوییەوە چوونە سەر دەنگى كاندیدە پارتییەكان و بەدەنگى یەكێتى كاندیدەكانى پارتى چوونە پەرلەمانى عێراق، لە كۆتاییدا ئابڕوو چوونى هەندێك لە كاندیدەكانى یەكێتى لێكەوتەوە كە لەپێشتردا بەغرورێكەوە خۆیان بە بەرزتردەزانى لە بەدەستهێنانى كورسى پەرلەمانى، لێرەشەوە برینەكەى كۆسرەت لەم شكستە قوڵتر دەبێت بە سەركەوتنى گروپى تاڵەبانى، كە هەریەك لە تاڵەبانى و هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد بوون، چونكە لەوانەیە لە رووى دەروونییەوە شكستى ركابەرەكەت شكستى خۆت لە بیر بكەیت، بەڵام شكستى كۆسرەت لە بەرامبەر سەركەوتنى كوتلەى بەرامبەرى ئازارەكەى سەختتر دەكات.
ئەم شكستەى كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر لەوانەیە هەلى لە وەرگرتنى پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم بەكۆتا بێنێت، لەم حاڵەشدا بەهۆى دوو شكستى یەك لەدواى یەكەوە بارى دەروونى كۆسرەتیش ئەوەندە لەبار نابێت تا بە لە خۆرازیبوونە هەمیشەییەكەى خۆیەوە بەهۆى جەماوەرەكەیەوە لەهەولێر پێداگیرى لەسەر وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە بكات، بۆیە ئێستا هێنانە پێشەوەى كاندیدێكى دیكەى یەكێتى ئەوەندە ریسكێكى گەورە نابێت بۆ تاڵەبانى.
میراتەكەى كۆسرەت رەسوڵ
بە ویراسیكردنى دەسەڵات لە خۆرهەڵات كلتورێكى بەردەوامە و بەدەگمەن سەركردەكان بە بێ هیچ كێشەیەك كورسی دەسەڵات جێدەهێڵن، كۆسرەتیش بە پێى ئەو زانیارییانەى دزەیانكردە ناو راگەیاندنەكان لە هەوڵى ئەوەدابوو، كە دەربازى كوڕە گەورەكەى بباتە مەكتەبى سیاسیى یەكێتى و تەنانەت لە كابینەى شەشەمى دكتۆر بەرهەمیش هەوڵى ئەوەى دا یەكێك لە پۆستە وەزارییەكانى ئەو كابینەیە بۆ كوڕەكەى بێت، بەڵام بەهۆى كەمى تەمەن و كەمى ئەزموونى كوڕەكانییەوە ئەو خەونەى نەهاتە دى، كوڕە گەورەكەى كۆسرەت ناوى دەربازە و تەمەنى 25 ساڵانە و لە ئەوڕوپا بازرگانى خوێندووە، ئێستا بەرپرسى پاسەوانەكانى باوكییەتى، لەگەڵ شاڵاوى براى كە كوڕى دووەمى كۆسرەتە هەندێك كارى بازرگانى دەكەن و خاوەنى چەند كۆمپانیایەكن، لەگەڵ كوڕێكى ترى بە ناوى شاكێو، كە ئێستا لە ئەمریكا دەخوێنێت، رێناسیش كچە تاقانەكەى كۆسرەتە و لە كۆلێژى دەرمانسازى لە هەولێر دەخوێنێت، ئەمە جگە لەوەى كە كۆسرەت دوو كوڕى بە هۆى دوو رووداوى جیاوازەوە لەدەستداوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆى دواكەوتنى بەشكردنى پشكەكەى لە یەكێتى، بەڵام لەوانەیە لە چەند ساڵى داهاتوودا كۆسرەت بە تەواوى و لە رێگەى شاكێوى كوڕە بچووكییەوە بێتە سەر باسى میراتەكەى لەناو یەكێتى، كۆسرەت لەم رووەوە نەوەیەك لە بەرامبەر قوباد تاڵەبانى كە پێشتر خرایە ژێر چاودێرى و پەروەردەى ئەمریكییەكان و لەم دەروازەیەشەوە هاتەوە ناو سیاسەت، لەوانەیە خەونى كۆسرەت ئەوەبێت ئەو مللملانێیەى خۆى لە رێگەى كوڕەكەیەوە درێژە پێبدات، كە هێشتا تەواو نەبووە.
بەڵام لە ئەگەرى كشانەوەى كۆسرەت رەسوڵ لە پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم، دەرفەتى دەربازى كوڕە گەورەى بێتە پێشەوە، چونكە لە بەرامبەر قەرەبوو كردنەوەى كۆسرەت، تاڵەبانى هیچ رێگەیەكى دیكەى لەبەردەمدا نییە، چونكە كۆسرەت ئێستا جێگرى یەكەمى سكرتێرى گشتییە و بەهیچ شێوەیەك بەوە رازى نییە، كە پۆستەكەى لەوە زیاتر بەرزبێتەوە و بێتە شوێنەكەى، دووركەوتنەوە لە پۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێمیش ماڵاواییكردنى یەكجارەكى كۆسرەتە لە پۆستە حكومییەكان، تاكە رێگەش بۆ رازیكردن و قەرەبووكردنەوەى لەدەستدانى پۆستەكەى بردنە پێشەوەى دەربازە لە حیزبدا. كە ئەوەش جێى رازى بوونى تاڵەبانى نییە.
كۆسرەت بە سنگە خشكێ بەرەو خوارەوە
بەرهەم ساڵح مەرجەكانى كۆسرەتى وەلانا
لە دواى دەستاودەستكرنى كابینەى پێنج بۆ شەش، كۆسرەت كارى ئیدارى وەكو سیاسیەتى ناو یەكێتیى تەماشا دەكرد و دەیوست ئەو زۆرە ملێیەى كە لە ناو یەكێتیى دا بە كارى دەهێنێت لە ناو كارى ئیداریدا بە ئەنجامى بگەیەنێت، زۆرینەى خەڵك واى چاوەڕوان دەكرد، كە سەركێشیەكانى كۆسرەت رەسوڵ تاڵەبانى لە زەوى دەدا، بەڵام قسەیەكى كۆنى تاڵەبانى هەیە، كە زۆرجار لە سەردەمى شاخدا پێیان دەوت فڵان كەس (...)ى گەورە بووە، ئەویش وەڵامەكەى تەنها ئەوەبووە، كە دەیوت: "خەمتان نەبێت دەیخەسێنم"، كۆسرەت جگە لەو یاریانەى كە بەرابمەر بە پارتى سەركەوتنى بە دەست نەهێنا، تەنانەت لە خودى یاریەكانى ناو یەكێتییشدا مایەپوچ دەرچوو، كە قسەكەى تاڵەبانى سەردەمى شاخ راست بوو هەموو تواناكانى كۆسرەتى بە مشتێ دۆلار خەساند، لە سەردەمى ئاڵوگۆڕى پێنج بۆ شەش، كۆسرەت داواى ئەوەى لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كردبوو كە (عەبدولباست) بەرپرسى مەكتەبی خۆى ببێتە سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، بەڵام لە یەكەم داوایدا شكستى هێنا و ئەو داوایەى نەهاتە دى، هاوكات بەرهەم ساڵحیش یەكەم مەرجى كۆسرەت رەسوڵى پشتگوێ خست و (دكتۆر نورى عوسمان) وەك سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران مایەوە، لێ هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ وەك پێش هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆ پشتێنەى شارى هەولێرى لە دەست خۆی دابوو، ویستبووى فەوجێكى لە ئەنجومەنى وەزیران بباتە ناو ئەنجومەنى وەزیران و ببنە پاسەوان، لێ ئەو داوایەشى كە بابەتێكى ئەمنى بوو ئەویش لە لایەن ئازاد بەرواریەوە پوچەڵكرایەوە، دیسانەوە كۆسرەت مەرجێكى تری پشتگیریكردنى لە دكتۆر بەرهەم هەڵوەشێنردایەوە و بەرهەم ساڵحیش نەبووە جێى متمانەى كۆسرەت تاكو هەممەكانى جێبەجێ بكات.
دەوروپشتەكەى كۆسرەت لگاوچین، یا سیاسیین؟!
لەوەتەى هەیە كۆسرەت باسى دەوروپشتەكەى خۆى دەكات، لەبەر ئەوەى ئیستاش ئەوانەى كە لە دەورى ئەون لەو كەسانە تێپەڕناكەن كە لە 3 گەڕەكى هەولێرن، ئەوانەى كە لە دەورو پشتیشین ئەوەى پێیان بوترێت رەوشتى سیاسیى تێیاندا وجوودى نییە، بۆ نموونە بورهانى سەعید سۆفى، جا بۆیە كۆسرەت تواناكانى خۆى لە ناو ئەخلاقیەتى كەمئەخلاقیەتى ئەو جۆرە كەسانە تواندوەتەوە، كە ئەمەش بووە مایەى یەكدانەوەوى خەڵكى شارى هەولێر، هەربۆیە وردە وردە ئەو نفوسەى كە كۆسرەت لە شارى هەولێر هەیبوو پاڵیاندا بە پارتییەوە.
بێ ئاگاى كۆسرەت لە مێژووى رێكخستنى یەكێتییدا بەشێك بووە لە بە هەڵە بردنیدا، ئەو وایزانییوە مێژووى هەموو رێكخستنێكى سیاسیى تەنها لە بردنە دەرەوەى بڕێك پارەى دائیرەى زەرەعەى سەردەمى حكومەت دەبێت، بۆخۆى دەبێتە داینەمۆى هەموو یەكێتیى، دیارە كۆسرەت لە غرور بوونى خۆیدا قۆناغەكانى رێكخستنى هەمووى لە بیر چوبوەوە، بۆیە لە كاتێكدا بە هەڵەدا چووە كە تەنها بە یەك دوو سەفەرى ئەوروپا (مستەفاى سەید قادر) ب كوتلەى خۆى بزانێت، دەبوو بیزانیبیا كە ناوبراو بەشێكە لە داینەمۆى هاوڕێیتەى كردنى (نەوشیروان مستەفا)، چونكە ئەوكاتەى (مستەفا) لە زینداندا بووە (نەوشیروان) ئیعازى پێداوە، دەبوایە كۆسرەت هەرگیز ئەو گەمانەى نەكردایە كە لە تواناى بیركردنەوەكانى خۆیدا نییە، ئەگەر هەر بڕیاریشیداوە ئەو گەمانە بكات، ئەوا چارەنووسەكەى لەوە باشتر نابێت كە ئێستاكە تێیدایە.
كۆسرەت لە دەرەوەى یەكێتیى هیچى پێناكرێت، بە نیازە لەگەڵ قادر عەزیز و حەمەى حاجى مەحمود تەیارێك دابمەزرێنن
كۆسرەت لاى كۆمەڵگاى كوردى كۆسرەتە، بەس لە قایمەى ئێراندا هەر عەبدوڵڵایە، بۆیە دەشێ بڵێین، لە سەردانەكانى كۆسرەت بۆ ئەوروپا و ئەمریكا هیچى بە دەست نەهێنا، كە بتوانێت هێزێك لە ناو یەكێتیدا دروست بكات، بێ ئەنجامى لەو هەنگاوانەى دەتوانین بڵێین، دەزگایەك لە دەزگاكانى (بەسیج)ى ئێران هانى كاك عەبدوڵڵا رەسوڵى دابێت بۆ گرێدانەوەى لەگەڵ (محەممەدى حاجى مەحمود و قادر قەزیز) بۆ ئەوەى ببنە هێزێك، چونكە مێژووى ئەو دوو كەسە بۆ پەیوەندى كردن بە ئێرانەوە لە رێگاى (بەسیج)ەوە بووە، لە دواییدا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیتڵاعاتدا بەست، ئێستا دەبێت كۆسرەت خەونەكانى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپادا بۆ نەهاتبێتە دى، بۆیە لە رێگەى كۆكردنەوەى ئەو حیزبە بچوكانەوە بیەوێت لە گۆڕەپانى سیاسیدا بەشدارى لە هاوكێشە سیاسیەكاندا بكات، چونكە لە روانگەى ئێستاى سیاسەتى ناو یەكێتییدا دەكرێت بڵێین كۆسرەت رەسوڵ ئەو هاوهێزیەى نەماوە، بۆیە ناچارە پەنا بۆ چڵە پوش ببات، كە ئەویش حیزبە بچوكەكانى دەڤەرى ئیدارەى سلێمانییە و لە هەمانكاتدا پاڵپشتێكى ئێرانیش بۆ خۆى دابن دەكات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست