داود باغستانیش دەبێتە مەسعود بارزانى
Sunday, 28/02/2010, 12:00
من پێموابوو ئەوە تەنیا مەسعوود بارزانییە لەم مەملەكەتە هەرچى یاسا هەیە دەیخاتە ژێر پێڵاوە توركییەكەیەوە و دەتوانێت لەم نیشتیمانە وەدەرمان بنێت ئەگەر وتمان ئەو لولە تفەنگانەى دەمانكوژن فریشتە نین، من خەیاڵم كرد ئەوە تەنیا جەنابى سەرۆكى ئەو هەرێمەیە هێڵى سورى رەنگى جامانەكەى سەریمان بۆ دیاریدەكات كە نابێت بڵێین ئەو خاڵانە توحفەى خوا نین، وەلێ ئێستا گیرۆدەى پیاوگەلێك بووین بە مەرحەبایەكى كەمێك تووند هەڕەشەى كوشتن و ئیهانە و تێهەڵدان دەكەن.
لە چەند رۆژى رابردوودا رونكردنەوەیەكى دەزگاى كوردى-ئیسڕائیلى لە وەڵامى نوسینى چەند گەنجێكى ئەم وڵاتە خەریك بوو تووشى نۆرەى دڵ بم، ئاخر ئەبێ داود باغستانى كێ بێت كە تائێستا نەمزانیوە كاڵەك بە ئەژنۆى رۆژنامەنوسێك ئەشكێنێت؟ ئەبێ كێ بێت كە پەشیمانمان بكاتەوە لەوەى زمانمان لەسەر نۆتەى ترپەى دڵى ئەوەوە نەجوڵاوە؟، خوداى ئاسمان ئەبێ ئەوە كێبێت بەم هەموو گەمژەییەى خۆیەوە شەڕى حیكمەتى ئێمە دەكات؟ ئەمە كامە هێزى ئیسڕئیلى لە پشتەوەیە كە لەناو كوچەى شارەكەى خۆمان هەڕەشە دەكات؟ ئەبێ ئەم پیاوە ئەوەندە خاوەن ماڵ بێت كە بێباكانە تۆمەت بۆ سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانیش دروست دەكات؟ یان لەسەر ئاوازى سەرۆكى ئەم هەرێمە ئەخوێنێت كە دەتوانێت لەسەر عەزابى برینەكانیشمان سزامان بدەن كە ئەوان دروستیان كردووە.
ئەگەر ئەوان لە رێگەى ئەم هەواگرییە بەهێزەى خۆیانەوە بزانن كە دەرگاو رەقەمى ماڵى گەنجێكى ئەم هەرێمە چەندە، ئەوا من دڵنیام رێگەى دادگاش ئەزانن، بەڵام من دڵنیام كە ئەوان رێگەى دیكەیان هەیە بۆ عاقڵكردنمان. ئاخر ئێمە كە بۆمان هەیە گومان لە خواو شەوى هاتنە دونیامان بكەین، ئەبێ كێ بێت مافى ئەوەمان لێبسەنێتەوە بڵێین جەنابى باغستانى سەرى كەچەڵت هى خەمخۆریت نییە بۆ ئێمە؟
بەدبەختییەكە لەوە دایە كە كەسێك لەم حكومەتە و هێزى ئاسایشى هەرێم نییە بڵێت جەنابى داود باغستانى تۆ بەچى گەنجەكانى ئەم هەرێمە ئاقڵ دەكەى، كارى ئێمە گەیشتۆتە ئەندازەیەك كە نەوێرین لەسەر پاسەوانێكى بەردەمى لقێكى پارتى یان مەڵبەندێكى یەكێتیش قسە بكەین لەترسى ئەوەى ناچارمان بكات وەكوو فەرهاد كێوى بێستوونمان پێكون بكات، كار ئاوابڕوات هەرچى گەنجى ئەم وڵاتە هەیە بەیانى دەخرێتە لیستێكى رەشەوە تا دوو بەیانى تەمێ بكرێت.
ئەبێ دەزگایەك كە تەنیا گۆڤارێكى بێكەڵكى هەبێت كە تاقەتمان نییە بیخوێنینەوە بتوانێت لە كەلاوەیەكى ئەم وڵاتە لەبرى خوا گیانمان بكێشێت، ئەوا دەبێت بەیانى بانگەوازى ساڵح موتڵەگ بكەین تاببێتەوە بە سەرۆكمان بۆ ئەوەى زیاتر ئەنفالمان بكات، ئەگەر بەرپرسى رۆژنامەیەك وامان لێبكات كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنین، ئەبێت ناچاربین سڵاو بۆ گیانى سەددام بنێرین كە ئەگەر هیچ نەبێت ئەو خۆى ئەمانیكوشت نەك قەڵەم بەدەستەكان. من تكادەكەم كە جەنابى داود باغستانى ئەو لیستەى ئامادەیكردووە با ناوى ئێمەشى تێبكات تا كاكە خێڵان بەختیار تەنیا نەبێت، چونكە بە دڵنییاییەوە ئەمە سەرەتاى نووسینى منە وەك وەڵامێك بۆ دەزگاكەى و لە هەركاتێكیدیكەدا زۆر تووندتر لەسەرى ئەكەومە قسە، چونكە ئەمە تەنیا سەرەتایەكە بۆ ئەوەى وەك دەزگاكانى ئاسایش ئێمەش تووشى ئەم پەتاى بێدەنگییە نەبین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست