کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌موو راكه‌ن شکوور ئازادییمان بۆ هات

Friday, 29/01/2010, 12:00


ئێمه‌ به‌دیار به‌ردێكه‌وه‌ دانیشتووین و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵهێنانیشین، وه‌لی خه‌ریكه‌ عومری نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێده‌كه‌ین جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكه‌ین، كه‌ ده‌ست بۆ ئه‌م توحفه‌یه‌ بكه‌ین تا بزانین ئایا‌ به‌رده‌ یان هێلكه‌، چونكه‌ پێمان وایه، كه‌ زۆرناسكه ‌و له‌وانه‌یه‌ بشكێت. به‌ڵام نه‌وه‌یه‌ك حه‌زده‌كات ماهییه‌تی ئه‌م توحفه‌یه‌ كه‌شف بكات كه‌ میلله‌تێكیان پێوه ‌سه‌رقاڵكردووه‌.
ئه‌مه‌ ئه‌و ئازادییه‌یه، كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ری دابنیشین و گومان له‌بوونی نه‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌ نه‌كه‌وتۆته‌ سه‌ری پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌ نه‌وه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ له‌چی راده‌كه‌ن؟ ئایا‌ ئه‌وه‌ ئازادییه‌، كه‌ گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ راوده‌نێت یا تاعونه‌كه‌ی ئه‌وانه‌، كه‌ به‌ ئازادیی پێمانی ده‌فرۆشنه‌وه‌؟ به‌دبه‌ختی و كڵۆڵی ئه‌م پیاوه‌ بچوكانه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌یه‌، كه‌ پێیان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانین قسه‌بكه‌ین كه‌واته‌ ئازادیی هه‌یه‌، ئه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد ده‌كرێت بپرسین ئه‌ی دوای ئازادی چی؟ كوشتن یان لێدان یان نانبڕین؟
ئه‌وه‌ نائارامییه‌ی هه‌ندێك رۆحی كورده‌، كه‌ نۆكه‌ری قه‌بووڵناكه‌ن نه‌ك ئازادییه‌كه‌ی سوڵته‌ی كوردی، هه‌رچی به‌رهه‌می ئازادیی تفه‌نگ به‌ده‌سته‌كانه‌ بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌عییه‌ت و له‌شكرێك له‌ پیاوی نۆكه‌ر، وه‌لی نه‌ قوڕگی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ بچووكه‌ تا له‌سه‌ر خوانی ناشیرینی ئه‌وان دابنیشین و خه‌ریكی خواردنی تیكه‌ی شه‌رمه‌زاریی بین، نه‌ نوێژ بۆ خوداكه‌ی ئه‌وانیش ده‌كه‌ین تا بڕۆینه‌ سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی ئه‌وان، وه‌لی ئه‌وان به‌ ئازاره‌كانی ئێمه‌ دڵخۆشن. به‌ڵام به‌دبه‌ختی ئه‌وانیش لێره‌وه‌یه‌، كه‌ واده‌زانن ئه‌توانن ئازارمان بده‌ن، كه‌چی ئێمه‌ ده‌مێكه‌ پێمانوتوون، بمانبه‌خشن حه‌زمان به‌م ژیانه‌ نییه‌ ئه‌وان بۆمانی دروست ده‌كه‌ن.
هه‌میشه‌ پێموابووه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت ستاییشیان بكه‌ین به‌یانی داوای جنێو و شه‌ڕی ئه‌وانی دیكه‌مان لێده‌كه‌ن، له‌وانه‌شه‌ بۆ ئه‌وان كارێكی ئاسایی بێت، كه‌ هه‌موو رۆژێك ئاوازێكی ناشیرینتر له‌ دوێنی ببچڕن، به‌ڵام بۆ نه‌وه‌یه‌ك، كه‌ جوامێری له‌ ئیراده‌یه‌تی مانای شه‌رمه‌زارییه‌.
ئه‌وه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌ ئه‌مڕۆ بڵێین نێچیرڤان پیاوی سیاسه‌ته‌ و به‌یانیش هه‌ڵسینه‌وه‌ سه‌ره‌ی دكتۆر به‌رهه‌م بێت تا پێیهه‌ڵبڵێین، كاری ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌رینه‌كه‌مان هه‌ر رۆژه‌ و لای به‌رپرسێك جێبێڵین و خه‌ریكی میكیاجكردنی ناشیرینببه‌كانی ئه‌م و ئه‌و بین، كه‌سانێكین نه‌ كوردمان كوشتووه‌ و نه‌ بانگه‌وازی كورد كوژیمان كردووه‌، وه‌لی ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ناشیرینانه‌ی لێدابنیشێت هه‌زار میل دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.
له‌هه‌رشوێنێكدا بزانین ده‌نگی ئێمه‌ی پێویسته‌ پڕ به‌ گه‌روومان هاوار ده‌كه‌ین، له‌هه‌ر جێگایه‌كیشدا زانیمان شوێنی ئێمه‌ نییه‌ لێده‌گه‌ڕێین با پیاوه‌ حیزبییه‌كان یه‌كتر سووك بكه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌ر چركه‌یه‌كدا هه‌ڵبكه‌وێت ئێمه‌ مێژوویان بیرده‌خه‌ینه‌وه‌ تا خۆیان بیرنه‌چێته‌وه‌. ده‌بێت زوو زوو بیریان بخه‌ینه‌وه‌، كه‌ نه‌ ئێوه‌ فیگوری ئازادین، نه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ن شه‌ڕی ئازادیتان كرد، ئه‌وه‌ باوك و براكانی ئێمه‌ بوون بۆ ئازادی مردن و ئێوه‌ش خه‌ریكن به‌شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رم بکه‌ن خوانه‌كه‌ی ده‌خۆن.
له‌وانه‌یه‌ی كاری ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بێت، كه‌ بزانین ئه‌وه‌ چییه‌ له‌سه‌ری دانیشتووین، جگه‌ له‌ به‌دبه‌ختی هیچی بۆ ئه‌م وڵاته‌ پێ نییه‌، به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌موو ده‌نگی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌بێت، كه‌ تێ بگه‌ین ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ری پاڵكه‌وتووین و دڵخۆشین پێی به‌رده‌ یان هێلكه‌، لوغمه‌ یان ته‌قینه‌وه‌، بۆیه‌ ئیشی به‌رده‌وامی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ به‌رد بگرینه‌ ئه‌و توحفه‌یه‌، كه‌ كه‌سانگه‌لێك ماچی ده‌كه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە