لەنەبوونی سەرکردەیەکی دڵسۆز، بەڵێ بۆ پێشوازیی مەسعود بارزانی
Sunday, 10/05/2015, 19:09
ئاراس محەمەد
هاوڕێیەک ئەم هەفتەیە تەلەفونی بۆکردم و لێی پرسیم "ئەرێ ناچی بۆ لای بارزانی؟"
– منیش پێم وت: جا من چییم تا بچم بارزانی ببینم؟
– وتی "نەبابە تۆ هەڵەی خەڵکی وا چوە تۆ هەربەخەیاڵتدا نایەت"
– منیش وەڵامم دایەوە "وەک کێ؟"
– "چاوەڕوانی چی دەکەیت، ئەوەتا کوڕانی شاخی یەکێتی ڕیزیان بەستوە و تەلەفون لەسەر تەلەفون داوادەکەن ڕێگەیان دەن بچن بۆ پێشوازی مەسعود بارزانی"
– توڕەبوم و وتم "ئاخر ئەی بۆیە من شانازی بە فایلەکەمەوە دەکەم کە هەرگیز نەیەکێتی یان پارتی نەبووم"
ئەمەم وت و کەوتمە خەیاڵ و ئەندێشەیەکی قوڵەوە. هێندە هێنام و بردم سەرم دایە ئێش و لەگەڵیدا کەوتمە وڕێنە..."ئێ باشە زانیمان ناوچەی خۆرهەڵاتی نزیک ناهاوسەنگیەکی سیاسی و ئابوری سەری لێهەڵدا دوای ئەوەی ئەمریکا عێراقی جێهێشت. بۆ هاوسەنگ کردنەوەی هاوکێشەکان، زۆرشت ڕویاندا، لەوانە درێژبونەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و شەڕی خوێناوی و سەختتری عەرەب و ئیسرائیل و گەورەبونی بڵقی داعش و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا و ئێران و خەلیجیەکان لەناوچەکە. لەسەرئاستی جیهانیش دیسانەوە سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی تری سارد لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەمانە هەموی کارتی سیاسی ودبلۆماسی کورد بەگشتی و بارزانیان بەتایبەتی بەبەها کرد. ئەمریکاش بۆ هێشتنەوەی پێگەی سیاسی خۆی ،کە کورد بەشێکە لە و هاوکێشانە، هەرچەندە بەڕێژە، کاریگەری کەمیش بێت، بەڵام یەکسانە بە سفر بۆیە وەک بیستمان هەردوو یەکێتی و پارتیان لە لیستی تیرۆر دەرهێنا. بەڵام ئایا ئەمە تەواوی وێنەکەیە؟ باشە ئەگەر ئەمریکا کارێکی بە بارزانی هەیە، ئەی ئێمەی کورد وەک نەتەوە، لەکوێی ئەم هاوکێشانەداین؟ بارزانیەک مێژوی خۆی و بنەماڵەکەی پێمان دەڵێ کە خۆیو حیزبەکەی لە بنەماڵە بەخێوکردن زیاتر هیچی تری بۆکورد بەڕەوانەبینی ئەی ئەمڕۆ لەدەستکەوتی بنەماڵەیی زیاتر چی زیادە بۆکورد دەکات؟
من گلەیی لە پارتی یەک ناکەم، کە تەواوی عەقڵ و مەنتیق لە ژیانیدا هەمیشە غایب بوە و حیزبەکەی لە کۆیلایەتی شێخەکانی بارزان و وشەی "ئەزبەنی" زیاتری نەیوستوە فێربکات، ئەی باشە بۆ کۆنە پێشمەرگەیەکی یەکێتی پاش ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ لە هەڵوێست و خەبات هەڵدەستێ سەرنەوی دەکاو دەچێتە پێشوازی مەسعود بارزانی. ئاخۆ بۆچی بچێ و داخوا ئەگەر بەبێ ترس و ئازادانە بتوانێ قسەبکات داخوا چی لەناخیدا بێت؟ ئەمە خەیاڵمی هێندەی تر فڕاند بۆ ڕۆژانی کۆتایی حەفتا و سەرەتای هەشتاکان ئەو کاتانەی کادرەکانی یەکێتی کە وانە حیزبی و شۆڕش گێڕیەکانیان دەوتەوە کڵانشینکۆفەکەیان لەنزیک خۆیان دادەنا و ئەوانەشی کە پێیان نەبو، بە نیتاقێکی سەربازیەوە لەسەرپشتێنەکەیان و دەمانچەیەک و یەک دووشانە و کیفێک بۆ نامیلکەیەکی بچوک بەپێوە و لەبەردەم کۆمەڵێ پێشمەرگەی نیوەدانیشتو، نیوە هەڵتروشکاو، وانەکانیان دەوتەوە. کە تێکەڵاوێک بون لە وانەی پارتی زانی و ڕێکخستن و دژایەتی کردنی دەسەڵاتی خێڵ و ئەقڵیەتی دەربەگایەتی. زەمانە هات و چو لەلایەک هەمان کادیر و شۆڕشگێڕ ئێستا بونەتە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و لەلاکەی تر ئەو پێشمەرگەیەی کە بەنانەسکی و ماندوێتی هەڵدەتروشکا، ئێستا ئەگەر لەژیاندا مابێت، وەک زۆربەی زۆریان هێشتا هەر پیشمەرگەیەو ڕۆژانە دڵی لەناومستیایەتی و ئەمڕۆنا سبەی چاوەڕوانی مردن یان کەم ئەندام بونە. خەیاڵێکی لای دوژمنەکەی و خەیاڵەکەی تری لای خێزانەکەیەتی، ئاخۆ کەی دەیانبینێتەوە و نانێکی ئیسراحەت دوای وەرگرتنی موچە پێکەوە بخۆن. سەیرکە خەیاڵ بۆکوێ ی بردم من بیرم چو بابەتەکە سەردانی بارزانی بو.
دنیا سەیرە یان کۆمەڵگەکەی ئێمە؟ ئەوەی ڕودەدا ئەوەیە ئەوانەی دوێنی ناومان نان سەرکردە، و بەتایبەتی ئەوانەی نەکوژران و لەئەنفال و شەڕی براکوژی ڕزگاریان بوو، هەرچی هەبو لەکەرامەت و دڵسۆزی و بەتەنگەوەهاتن لە هەگبەکەیاندا نەما. جاران وشەیەک هەبوو "هەڵوێست" بڕواناکەم جارێکی تر ئەم ووشەیە لە سەرزاری خەڵکی ببیستین، تەنها لەدوتوێی پەڕتوکەکانی مێژودا نەبێ، ڕەنگە نەوەیەکی تر ئەم وشەیە لە فەرەهەنگی کوردی دەربێنێ، لەبەرئەوەی چیتر بەکارنایەت. دوێنی هەر سەرکردە بو هانی پێشمەرگەی دەدا و سەدان شەڕی بەعس و کوردکوژی بە پێشمەرگە کرد و ئێستاش هەر سەرکردەیە، بە ستایڵی ژیانی شار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ناو دامودەزگاکانی حکومەتیاندا، کۆنە پیشمەرگەی شاخ لەهەڵوێست و شکۆ وە دەهێنێتە سەرچۆک و چاولەبەرژێری موچەیەکی بندیوار و نانێکی ئیسراحەتی دەکات.
هێشتا ئەمە هەمو وێنەکە نیە. ئەی ئەوانەی لەرۆژئاوا دەژین کە هیچ ژیان و گوزەرانیان پەیوەست نیە بە حیزب و حکومەتی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان و تەنانەت خۆی بە خەرجی خۆیی و دەیان سەعاتی ئیسراحەتی خۆی سەدان میلی جادە دەبڕێ بۆ سەردانێکی ٢٠-٣٠ خولەکی سەرانی دەسەڵاتی هەرێم. من ئەمەم پێ ناجورێ! ئەرێ چیتر هەیە من نایبینم، ئەوەی دوێنێ بە بارزانی دەوت "باڵاکەت مەتر و سیە...." ئەمڕی کەتۆتە ڕێ و ٦٥٠ میلی هایوەی دەبڕێ بۆسەردانێکی بارزانی!؟ ئەمە ١٥ – ٢٠ ساڵە لە ئەمریکا لە سێبەری دیموکراسی و ئازادی دا دەژی و کەچی کەدەچێتە ناوکۆمیونیتی کوردەوە، کۆیلەکەی بلەوبارزانە و ئێستاش نەبەخۆی و نەبەکۆمەڵگەکەی ڕەوانابینێ کە خاوەنی سەرکردەی خۆنەویست و بەهەڵوێست بێ و ئەمیش دیسانەوە درێژکرەوەی دواکەوتویی و کۆیلایەتی دەسەڵاتی خێڵە.
لەکۆتاییدا دەمەوێ بڵێم نەنوسینی من بۆ ئەو ڕەشە خەڵکەیەو نەچاوەڕوانم بیخوێننەوەوە و لێی ڕامێنن. ڕوی دەمم لە و بڕکەمەی کوردە کەهێشتا نەتەوە و کورد و کەرامەت و هەڵوێست و خاک لایان بەنرخە و خەمی ڕۆژانەیانە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕودەدات هۆکاری زۆری هەن، بەڵام لەهەموی کاریگەرتر نەمان و ون بونی سەرکردەی خۆنەویست و بەهەڵوێستە. هەتا ئەوکاتەشی کە سەرکردە بونی نەبێ، بە پێشرەوایەتی مەسعود و هێرۆ و نەوشیروان و کۆسرەت و بەرهەم و... هتد کوردستان لەمڕۆ باشتر نابێت.!
٨ی مایس٢٠١٥
ئەمریکا- ڤێرجینیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست