بەڵێنى پیرباڵ، بۆ حزب و شەڕى ناوخۆ بێ پاداشت نەبووە
Friday, 21/08/2009, 12:00
وەك هەموان ئاگادارین لە گەرمەى هەڵا و پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن و كێشمەكێشى لایەنە جیاوازەكان بۆ كۆكردنەوەى كورسى و ئیمتیاز، بەڕێز (د. فەرهاد پیرباڵ)ى ڕۆشنبیر، دژى ئاراستە بایدایەوە بەلاى دەسەڵاتدا و ڕۆشتە ژێرباڵ و مەرحەمەتى ئەو گەندەڵ و فاشیانەى كە تا دوێنێ جەنابى دكتۆر بەناشەرعى و فاشى دەیدان لە قەڵەم و ناو زەدى دەكردن و لێیان یاخى بوو. بۆیە ئێمەش وەك كۆمەڵێك خوێنەر گەنجى سەربەخۆ، وەك پەرچەكردارێك بۆ ئەو بەڕێزە هەستاین بە سوتاندنى كتێبەكانى ئەو كەسایەتیە دووفاقیە بۆ دابڕینى لە مێژوو. هەروەها بە حەزەر بوونى لە هەڵوێستەكانى ئایندەی و نەكردنى بە سمبوڵى ماف و بەرژەوەندى گشتى.
بەڵام بەڕێزیان لە لێدوانێكیدا، وەك كەسێكى نەخوێندەوار و چەپێنراو، لە هەگبەى ڕزیوى حزبدا هەڵوێستێكى كۆنینەمان بۆ دەر دێنێت و دەمانداتە پاڵ لیست و گروپ و دەڵێت دەستیان لە پشتەوەیە و خۆى بەوە پاك نووس دەكات، كە ئێمە مەراممان هەبووە لە ئەنجامدانى ئەو كارەدا، بەڵام ئێمە وەك هەمیشە وتومانە و دەشیڵێینەوە؛ كە لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نین و هیچ لایەن و بنكەیەكى گوماناویش بە مینبەرى لانەى خۆمان نازانین و نەشمان زانیوە. شیعارى ئێمە؛ هەمیشە ڕوومان لە جەماوەرە و پشتمان لە دەسەڵاتە، تەنها ئامانجى ئێمە لە ئەنجامدانى ئەو كارە پیرۆزە، تەنها هۆشیار كردنەوەى جەماوەر بووە لەو گێژەڵۆكەى كە ئەو بەڕێزەى تێكەوتووە، ئاگادار بوونیشیان لەو ڕێیەى كە بە درێژایى چەندین ساڵە وەك مرۆڤێكى ماف پەروەر و هاوڵاتیەكى پشت لە دەسەڵات، خۆى بە ئێمە ناساندوە، بەڵام ئەمڕۆ وا بۆ دواجار ڕووپۆشەكان لەسەر خۆى لادەدا و واز لە ڕۆڵ گێڕان دێنێ و كەسایەتیەكى ئیمتیازى و هەلپەرەستمان نیشان دەدا و لە بازاڕى حزبدا خۆى دەخاتە مەزایەدەوە و خۆى هەڕاج فرۆش دەكات.
هەربۆیە ئێمەش بە ئەركى سەرشانى خۆمانى دەزانین، وەك نەوەیەكى دڵسۆز و هەڵوێستێكى مرۆڤ دۆستانە، ڕوومەتى واقعى ئەو كەسایەتیە پیشانى جەماوەر بدەین و لە شەڕ و حۆلاتەكان بیانپارێزین، ئیتر فەرهادیش نەتوانێت خۆڵ بكاتە چاویانەوە و هیچیتر.
هەر دوابەدواى سوتاندنى كتێب و نوسراوەكانى (فەرهاد)ى خوالێخۆش بوو، دەبیستین و دەبینین لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنەوە، گوێ لە مشتانى دەسەڵات و موستەفیدانى هەڵوێستى خۆفرۆشانەى(فەرهاد پیرباڵ)، ئەو حەرەكەیەى ئێمە بە فاشیانە و نادروست و نەخوێندەوارانە لە قەڵەم دەدن و بە كارێكى ناڕەوا وەسف دەكرێت. وەك ئەوەى ئەم مەملەكەتە تاوانى تێدا ئەنجام نەدرابێ و كتێبى تێدا نەسوتێنرابێت، جگە لەم جارە و جگە لەوەى ئێمە. ئەمە لە كاتێكدایە لە مێژووى ئەم دەسەڵاتە كەج ئەندێشەدا، چەندین جار كارى مەراماوى و نامرۆڤانەى ئەوتۆمان دیوە، كە لە پەیامەكانى مرۆڤایەتیدا جێگایان نابێتەوە! وەك كوشتنى (سۆران ى مامە حەمە) و (د. عبدالستار تاهر شەریف) و سوتاندنى كتێبەكانى نووسەر (مەریوان ههەڵەبجەیى) و سوتانى بە خەروارى گۆڤارى لڤین لە سەر شەقامەكان و گڕ تێبەردانى كیژۆڵەكان، لە پێش چاوى ئەوان و جیهانى دەرەوە.. ئەمە جگە لەو یاری و حۆلاتانەى كە ئەو نووسەرە بە ناو (ڕۆشنبیر)ە، بە كۆمەڵانى خەڵكى كردوە و هەر جارەو بە فیكرەیەك خۆى دەكات بە (سێرك و بووكە شوشەی سەر سەحنە) و خۆیمان لێدەگۆڕێت.
ئەو وەك سوریا لیزمێك خۆى نیشان دەدات و لە گڵكۆى ڕیالیزمدا، وەك پڕرپاگەندەى هەڵبژاردن سەر دەردێنێ و پێشنیارى كاندید كردنى كەسانێكمان بۆ دەكات، كە زەمەنێك ڕاویا ناوە و دژیان دەوەستایەوە و بە جەلادى دەزانین! بۆیە ئێمەش لە ئێستاوە تا داهاتووش، وەلە ڕابردوشدا باكمان لە ئەڵقە لە گوێكانى دەسەڵات و لێدوانى كلكە لە قێى ئەوان نەبوە و ناشبێت. لاى ئێمەشەوە ئازاد بن لە هەر تۆمەتێك كە بۆ مێژووى پاك و لە بەرچاوى ئێمەى هەڵدەواسن، دڵنیاشیان دەكەینەوە كەوا ئێمە خۆراكى ئەوان نیین و ناشبین بە داو و تەڵەیانەوە!!
دواجار بۆ نووسەرێكى بەناو ڕۆشنبیر و دوفاقى، بۆ بە ئەرك و مافى خۆى بزانێت، كە لە ساتێكدا وەك تەوژمى سەر لێشێواو پشت لە مێژووى خۆى بكات و سەد و هەشتا پلە دژى بوەستێتەوە و هێشتاش هەر گوڵباران بكرێت؟! بۆچى مافى ئێمەى خوێنەر نەبێت ئەو مێژووە بسوتێنین كە بۆخۆشى پشتى تێكردووە؟! بەبێ ئەوەى هیچ ئەرزشێكى نە بۆ ئێمەى خوێنەر و نە بۆ تێكستەكانى خۆشى دانا بێت؟؟!!
ئەوەى كە زیاتر من نیگەران دەكات، هەڵوێستى بەڕێز ڕێبین هەردیە، كە تاڕادەیەك لە بێئاگاییەوە سەرچاوەى گرتووە، كە بە تووڕە و كۆنە پەرست وێناى كردووین، بەڵام پێى دەڵێم كاك ڕێبینى خۆشەویست: هەڵوێستى ئێمە لە بەرامبەر ڕاى جیاوازى پیرباڵدا نەبووە، بەڵكو لە بەرامبەر بوون بە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنى ئەودا بووە، كە لە دوا ساتەكاندا وەك زاهیدێك كە لە سەرەمەرگدا شەیتان زەفەرى پێبێنێت، دێت و پاكانە بۆ مەرجەعەتێك دەكات. ئێمە لەگەڵ ئەو پەڕى ڕێزمان بۆ قەڵەم و كتێب، وە پۆزشمان بۆ هەر نووسەر و دۆستیارێكى نووسین لە هەر جێگەیەكى ئەم دونیایەدا بن، بەڵام ئەم جارەیان پیرباڵ، خۆى گڕى تێبەردا، بۆیە ئێمەش سوتاندمان!
"ئەوەى كە هەزاران خەڵك بە كرێ بگرین و بە هێز و تواناى پیاوێكى نەخۆشدا هەڵبدەین، كاریگەرى دڵۆپێك دەرمانى ڕاستەقینەیان نیە كە بیخەینە سەر زامەكان." (نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەى)
* یەكێك لە سوتێنەرى كتێبەكانى پیرباڵ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست