ده‌نگه توڕه‌که‌ی که‌رکوک دابه‌ش بوو
Sunday, 04/04/2010, 12:00
پاش پرۆسه‌ی ئازاد کردنی عێراق ,کوردی دانیشتوی که‌رکوک به گڕوتینێکی زۆره‌وه پێشوازییان له سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌کێتی و پارتی کرد ، به ئومێدێکی زۆریشه‌وه ده‌یانڕوانییه ئاینده‌ی شاره‌که‌یان، پێیان وابوو ئه‌و که‌رکوکه‌ی ساڵه‌های ساڵه کورد له پێناویدا سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید و قوربانی داوه ، ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا به ده‌ستی ده‌هێننه‌وه ،که‌چی مه‌خابن خوێندنه‌وه‌کان و پێشبینیه‌کان بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵه ده‌رچون و له‌بری پێشخستن وچاره‌سه‌رکردنی قه‌زییه‌ی که‌رکوک ، سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حیزب که‌وتنه ململانێی یه‌کتر له پێناو به ده‌ستهێنانی پۆست و پله‌و پایه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبی‌یان ، ئه‌م ململانێیه له‌سه‌ر ئا‌ستی ناوخۆیی که‌رکوک و ئا‌ستی به‌غداشدا به زه‌قی ڕه‌نگی دایه‌وه ، ده‌ره‌نجامیش شێوه‌یه‌ک له حوکمڕانی ناشرین و ناته‌ندروستی لێکه‌وته‌وه ، که بووه جێی نیگه‌رانی دانیشتوانی شاره‌که به تایبه‌ت دانیشتوانه کورده‌که‌ی.
ده‌بێ ئه‌وه بڵێین پشت گوێ خستنی قه‌زییه‌ی که‌رکوک و ئیفلیج کردنی مادده‌ی (140) و گه‌نده‌ڵی ئیداری و مالی ده‌رهاویشته‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ته‌سکی حیزبایه‌تی و ململانێی نێوان کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی یه‌کێتی و پارتی وپه‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی چه‌وت وچه‌وێڵیان بوو،ئه‌م ده‌رهاویشته‌یه‌ش دۆخێکی وه‌های دروست کرد که بێزاری و له ده‌ستدانی متمانه به ده‌سه‌ڵات، به سه‌ر و سیمای دانیشتوانه‌وه ده‌رکه‌ون . ئه‌م دۆخه‌ش ڕۆژ له دوای ڕۆژ له په‌ره‌سه‌ندندا بوو، تا وای لێهات ته‌نها به بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ساده درک به‌وه بکرێت که ئه‌م شاره پێویستی به ئه‌ڵته‌رناتیڤێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م قه‌یرانه ڕزگاریان بکات .
لێره‌وه به ئیش‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه ناساند و به غرورێکی سیاسیشه‌وه به‌ڵام به بێ پشت به‌ستن به خوێندنه‌وه‌ی لۆژیکی و به بێ پشت به‌ستن به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نسرۆپۆلۆژیانه ده‌یوت که‌رکوک ده‌به‌ینه‌وه ، که‌چی ئه‌وه‌ی مایه‌ی شۆک بوو له‌و شاره‌دا ، ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌یه که گۆڕان له شکستێکی گه‌وره‌دا پێی گه‌یشت.
پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌وده‌نگه توڕه‌یه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی پڕ بوو چی لێهات؟! ئه‌و ده‌نگه‌ی به دوای به‌دیلێکدا ده‌گه‌ڕا، له کاتێکدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌و به‌دیله ناساند ، بۆ باوه‌شیان بۆی نه‌گرته‌وه؟!.
بۆووڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه،هه‌وڵده‌ده‌ین تێڕوانینی خۆمان له‌وه‌ها بابه‌تێکی ساکاردا بخه‌ینه ڕوو، ئه‌گه‌رچی به‌دواداچون و خوێندنه‌وه‌ی زیاتر و وردتر هه‌ڵده‌گرێ.
له پێشدا جێی ئاماژه‌یه که بڵێین قبوڵ کردنی گۆڕان له ئێستادا وابه‌سته‌یه به ژینگه‌و بارودۆخی شاره‌کانه‌وه ، فه‌زای گۆڕان له شاری سلێمانیدا جیاوازه له فه‌زای گۆڕان له شاره‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی پارتی و هه‌روه‌ها جیاوازیشه له شاری که‌رکوک ، واتا خوێندنه‌وه بۆ سه‌رکه‌وتنی گۆڕان له شاری سلێمانیدا خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازه له شاره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی وجیاوازیشه له شاری که‌رکوک، ئه‌و که‌شه ئازاد و له‌باره‌ی له شاری سلێمانیدا هه‌یه که زه‌مینه خۆشکه‌ربوو بۆ سه‌رهه‌ڵدان وهه‌ڵکشانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، جیاوازه له‌و که‌شه کۆنترۆڵ کراوه‌ی شاره‌کانی ناوچه‌ی زه‌رد له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتیه‌وه ، هه‌روه‌ها جیاوازیشه له‌و که‌شه‌ی شاری که‌رکوک که له نێوان دوو به‌رداشی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ململانێی شۆڤینیه‌تی به‌غدادایه.
شاری که‌رکوک شارێکه به‌رده‌وام ده‌ستی له گه‌ردندا بووه ، شارێکه ساڵه‌های ساڵه له ژێر فشاری سه‌رکوتکردن و ڕاگواستن وته‌عریب وته‌بعیسدا ژیاوه ، هه‌موو ئه‌م فشارانه‌ش هۆکارێک بوونه بۆ چاندنی ڕق وترس و دڵه‌ڕاوکێ له ناخی تاکی که‌رکوکیدا ،له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌م ڕه‌گه‌زانه هۆکارێکن بۆ دروستکردنی بێ متمانه‌یی له‌ناخی ئه‌و تاکه‌دا ،دواجاریش هه‌موو ئه‌مانه پێکه‌وه که‌م تا زۆر کاریگه‌رییان له‌سه‌ر توانای بیرکردنه‌وه و بڕیاردانیدا هه‌یه.
به تێگه‌یشتنی ئێمه ئه‌و ده‌نگه توڕه‌یه‌ی که‌رکوک که دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌وه‌ستانه‌وه له 7/3 دا په‌رته‌وازه بوون و دابه‌ش بوونه سه‌ر سێ گروپی جیاوازوسه‌ره‌کی ، گروپی یه‌که‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن (کورد) که مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه ،به‌ڵام نه‌چون بۆ ده‌نگدان وده‌نگیان به هیچ حیزب وکه‌س ولایه‌نێک نه‌داوه ،گروپی دووه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن (کورد) که دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستانه‌وه وبه‌دوای به‌دیلێکدا ده‌گه‌ڕان ،به‌ڵام دواجار هه‌رده‌نگیان به لیستی ده‌سه‌ڵات دایه‌وه ، گروپی سێیه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه بوون که پاڵپشتی گۆڕانیان ده‌کرد و ده‌نگیان به لیسته‌که‌یدا.
گروپی یه‌که‌م :
به پێی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی له دوای هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی 7/3 دا ده‌رکه‌وت له شاری که‌رکوکدا له کۆی (418000) هه‌زار کورد که مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو ته‌نها (275،801)هه‌زار هاوڵاتی ده‌نگیان داوه ، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه (142،199) هه‌زار هاوڵاتی ده‌نگیان نه‌داوه .
ده‌پرسین ئاخۆ ده‌نگ نه‌دانی ئه‌م ڕێژه‌یه له هاوڵاتیان بۆچی؟!
له دوای ڕوخانی سه‌دام و ئازادکردنی عێڕاقه‌وه پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراکی ئاواره‌کانی که‌رکوک و گه‌ڕانه‌وه‌یان له شاره جیاجیاکانی هه‌رێمه‌وه بۆ شاری که‌رکوک ده‌ستی پێ‌کرد ، ئه‌وه بوو به‌شێکی زۆر له ئاواره‌کان گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر زێدی خۆیان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه به‌شێکی ئه‌م خه‌ڵکه ئاواره‌یه سه‌ره‌ڕای گواستنه‌وه‌ی فۆڕمی خۆراکیان بۆ شاری که‌رکوک ،که‌چی تا ئێستاشی پێوه‌بێت ئاماده‌گییان نه‌بووه بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شاره،بگره له کاتی هه‌ڵبژاردنیشدا جگه له به‌شێکی زۆر که‌میان ،ئه‌وانی دی هه‌ستیان به‌و به‌ر پرسیارێتییه نه‌کرد وزیانی ئه‌م ئاماده نه‌بونه‌شیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی 7/3 دا ده‌رکه‌وت. له ڕاستیشدا ده‌نگ نه‌دانی لایه‌نێکی ئه‌مانه له هه‌ست نه‌کردن به به‌رپرسیارێتیه‌وه‌یه‌وه دێ و هیچی تر ، به‌ڵام ده‌نگ نه‌دانی لایه‌نی دووه‌می په‌یوه‌سته به نه‌بونی متمانه به هیچ حیزب ولایه‌نێک به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه .
به‌شێکی تری ئه‌م گروپه ، ئه‌و هاوڵاتیه کوردانه بوون که له ناو شاری که‌رکوکدان ،که‌چی به‌شداری ده‌نگدانیان نه‌کرد .
ئه‌مانه دوای چه‌ند ساڵێک چاوه‌ڕوانی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد چاره‌سه‌ری کێشه‌ی شاره‌که‌یان بۆ بکات ،به‌ڵام به پیاده کردنی ئه‌و جۆره حکومڕانیه ناته‌ندروسته‌ی که پێشتر ئاماژه‌مان پێدا ،تووشی بێ ئومێدییه‌کی گه‌وره هاتن ،ئه‌م بێ ئومێدیه‌شیان له‌سه‌ر دوو ئا‌ستی جیاواز دایه، هه‌ندێکیان به‌ڕاده‌یه‌ک بێ ئومێدن که باوه‌ڕ و متمانه‌یان به هیچ حیزب و لایه‌نێک نه‌ماوه تا له خه‌می شاره‌که‌یاندابێ ، له به‌ر ئه‌وه سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌ک به‌دیلێک تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌م متمانه یه بگه‌ڕێنێته‌وه.
ئا‌ستی دووه‌میش ئه‌وانه‌ن که له‌گه‌ڵ بێ ئومێدبونیشیاندا باوه‌ڕیان به به‌دیلێک هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ڕوحییه‌تی به‌دیله له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆکه‌که‌یدا به دیناکه‌ن که نۆشیروان مسته‌فایه، دیاره ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌م هۆکارانه‌ی لای خواره‌وه :
1. پێیان وایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئینتیقامی یه وبۆ دژایه‌تی کردنی یه‌کێتی له دایک بووه ، ئه‌وه‌نده بزوتنه‌وه‌یه‌ک نیه له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی خه‌ڵکدا بێت ، وه دروست بونیشی په‌یوه‌ندی به ناکۆکیه‌کانی نێوان نۆشیروان مسته‌فا و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتییه‌وه هه‌یه ،چونکه ئه‌وه‌ی به کرده‌وه له لایه‌ن ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه ده‌بینرێت دژایه‌تییه‌کی ڕاسته‌وخۆی یه‌کێتی یه و پارتیش تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌م دژایه‌تیه دایه ،له کاتێکدا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دروشمی ده‌یگۆڕینی بۆ دژایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌نده‌ڵی (که له هه‌ردوو حیزب‌دا به‌رجه‌سته‌یه) به‌رزکردۆته‌وه.
2. دوباره ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده‌ی میلیشیایی و پێشمه‌رگه‌ی دێرینی ناو یه‌کێتی به به‌رگ و ده‌مامکێکی تره‌وه ، که بۆته هۆی ئه‌وه‌ی دوباره گومانییان لادروست ببێته‌وه.
3. له به‌ر چاو نه‌گرتنی پڕه‌نسیپی نه‌ته‌وه‌یی له که‌رکوکدا به شێوه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا.
4. که‌سێتی نۆشیروان مسته‌فا ، به‌وه‌ی که‌سێکی توڕه‌یه‌و تاکڕه‌وه له بیرکردنه‌وه‌دا.
5. وروژاندنی هه‌ندێ بابه‌ت ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که نۆشیروان مسته‌فا بیرکردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به خه‌ڵکی که‌رکوک و هه‌ولێر و لادێکان باش نیه وگاڵته‌یان پێ ده‌کات.
6. ڕابردووی نۆشیروان مسته‌فا ، که به ئه‌ندازیار و پاڵه‌وانی شه‌ڕی ناوخۆی کۆن و نوێ ناسراوه، ئه‌مه‌ش له ڕووی سایکۆڵۆجیه‌وه ڕوحێکی ڕقاوی و ئینتیقامیی ناخی نۆشیروان نیشان ده‌دات.
7. مۆنۆپۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن خزم و که‌س و کاره‌وه له گۆڕاندا ، که دوباره کردنه‌وه و تازه‌کردنه‌وه‌ی سیستمی خێڵ و بنه‌ماڵه نیشان ده‌دات نه‌ک تێک و پێک شکاندنی وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ئیدیعای ده‌که‌ن.
گروپی دووه‌م :
سه‌ره‌ڕای توڕه‌بوون و بێ متمانه‌یی به‌شێکی زۆری کوردی که‌رکوک به‌رامبه‌ر به هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 7/3 دا ده‌رکه‌وت ڕێژه‌یه‌کی ئه‌و خه‌ڵکه توڕه‌یه بوو که دوباره لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتیان کرده‌وه وده‌نگی خۆیان پێ دانه‌وه ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته بۆ کردنه و به تێگه‌یشتنی ئێمه‌ش سێ هۆکاری جیاواز و سه‌ره‌کی له پشت ئه‌مه‌وه‌یه:
هۆکاری یه‌که‌م: فشاری ترس و تۆقاندن و نانبڕین هۆکارێکی گه‌وره‌و گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات بتوانێت له ڕێگه‌یه‌وه به‌شێکی ئه‌و خه‌ڵکه توڕه‌یه ناچار بکات دوباره له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا ده‌نگ بده‌نه‌وه ، به‌مه‌ش توانیان گره‌وه‌که ببه‌نه‌وه و وایان لێ بکه‌ن ناچار بن له ژێر فشار و بارودۆخێکی وه‌هادا قوتی ڕۆژانه وژیان و سه‌لامه‌تییان به ده‌نگیان بگۆڕنه‌وه.
هۆکاری دووه‌م : ئامرازی پاره ، ده‌سه‌ڵات توانی به هۆی ئیغڕاکردنه‌وه له ڕێگه‌ی هه‌ڵڕشاندنی پاره‌یه‌کی زۆره وه به‌شێک له‌و ده‌نگه توڕه‌یه سارد بکاته‌وه و ویژدانیان بکڕێت.
هۆکاری سێ یه‌م : لایه‌نی سۆزداری ، به‌شێکی ئه‌و ده‌نگه توڕه‌یه وابه‌سته بوو به مه‌سه‌له‌ی وروژاندنی سۆزه‌وه ، واتا سۆز خاڵی لاوازیان (نقگه چعف) بوو ،بۆیه به کاردن له‌سه‌ر لایه‌نی سۆزدارییان ده‌توانرا توڕه‌تر بکرێن یاخود سارد بکرێنه‌وه ، له‌م باره‌شدا له به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه ،لیستی ده‌سه‌ڵات زۆر به‌هێزتر بوو له لیستی ئۆپۆزسیۆن که به به‌راورد له گه‌ڵ لیستی ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌م توانایه‌ی له که‌رکوکدا له خاڵی هیچدا بوو ، توانییان به کارکردن له سه‌ر وروژاندنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شکاندنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌وه‌ی هیچ ئومێدێکیان تیا به دی ناکرێت، قه‌ناعه‌تێک لای ئه‌مانه دروست بکه‌ن که مه‌سه‌له‌که چاره‌نوسسازه وپێویسته ده‌نگ بدرێت ئه‌گه‌ر چێ بارودۆخه‌که وه‌کو خۆشی بمێنێته‌وه ،به‌مه‌ش توانیان دوباره ده‌نگیان به‌ده‌ست بهێننه‌وه .
گروپی سێ یه‌م:
ئه‌و خه‌ڵکانه بوون که پاڵپشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان ده‌کرد و ده‌نگیان به لیستی ناوبراودا ، ئه‌م گروپه‌ش خوێندنه‌وه و تێڕوانینی خۆی هه‌یه و به شێوه‌یه‌ک واقیعه‌که ته‌ته‌ڵه ده‌کات که ئه‌و سیسته‌مه حوکمڕانییه‌ی ئه‌مڕۆ له ئارادایه و خۆی له سیستمێکی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌نده‌ڵدا ده‌بینێته‌وه ، پێویسته بگۆڕدرێ و کۆتایی پێ بهێنرێت ،تاکه به‌دیلیش بۆ ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، به‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌یه‌که له گه‌ڵ هه‌موو که‌مووکوڕیه‌کانیشیدا فریادڕه‌سی ئه‌م بارودۆخه‌یه و مۆمی ئومێدی بۆ ئایینده پێ یه ، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته پاڵپشتی لێبکرێت.
له کۆتایشدا ده‌مانه‌وێت بپرسین ئاخۆ، گۆڕان به کاری ئاینده‌ی ده‌توانێت سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌نگه توڕه‌یه یه‌کبخاته‌وه وله خۆیدا کۆیان بکاته‌وه؟!له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌ی ئاخۆ کاری ئاینده‌ی هه‌ر دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت جارێکی تر متمانه‌ی سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌نگه توڕه‌و تۆراوه به ده‌ست بهێنێته‌وه؟!
ئه‌مه‌و ئاینده ووڵامی ئه‌م پرسیارانه‌مان ده‌داته‌وه.
تێبینی :
1. مه‌به‌ستی ئێمه له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌و ده‌نگه توڕه‌یه یه که پێشوتر جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی پارتی بوون له که‌رکوکدا وپێشبینی ده‌کرا پاڵپشتی له گۆڕان بکه‌ن.
2. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ده‌نگیان به کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوودا ده‌توانین بڵێین به شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌مان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی پێشوو بوو ، چونکه تێڕوانینی ئه‌م جه‌ماوه‌ره تێڕوانینێکی ئاینییه بۆ مه‌سه‌له جیاجیاکان،بۆیه له حاڵه‌تێکدا گه‌ر متمانه‌شیان به هه‌ردوو حیزبی ناوبراو له ده‌ستدا ئه‌وا چاوه‌ڕوانی حیزبێکی دیکه‌ی ئیسلامی ده‌بن وه‌کو به‌دیلێک ، له به‌ر ئه‌وه ئێمه خستومانه‌ته ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م شیکردنه‌وه ساده‌یه‌وه.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست