کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ ئازاد كردنی گرده‌سپی یه‌وه‌، بۆ, ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

Thursday, 18/06/2015, 22:33


له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا بستێكی خاكت ئازاد كه‌یت گرنگه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ سه‌رسنوربێت و هۆكارێكیش بێت بۆ هاتوچۆ و هێنانی كه‌ره‌سته‌ی ته‌قه‌مه‌نی و سه‌رجه‌می هاوكاریه‌كانیتر به‌دوژمن، به‌ گرتنی گرده‌ سپی چه‌ته‌ داعشیه‌كان، په‌لاماره‌كانیان وه‌ك ڕابردوو نامێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕیگه‌ی سه‌ره‌كی نێوان توركیای هاوپه‌یمان و هاوكاریكاریان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی سه‌ره‌كی چه‌ته‌كان كه‌ ڕه‌قه‌یه‌، دابڕان له‌یه‌كتر، بێ گومان له‌ ڕابردوودا له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ زۆرترین هاوكاری گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ده‌ست چه‌ته‌كان كه‌توركیای دۆست و هاوپه‌یمانیان به‌ به‌رده‌وامی بۆیانی ڕه‌وانه‌ده‌كرد، بۆ زیاتر سه‌ر ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ش ڕۆژنامه‌یه‌كی توركی نوسیویه‌تی، ڕۆژانه‌ له‌و خاڵه‌ سنوریه‌وه‌ واته‌ (گرده‌سپی) مادده‌یه‌ك له‌توركیاوه‌ ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست چه‌ته‌كانی داعش به‌ناوی په‌ینی كشتوكاڵی، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م په‌ینه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ دروستكردنی بۆمب، هه‌ربۆزانیاری زیاتر له‌70%ی شه‌هیده‌ پیشمه‌رگه‌كانی باشور كه‌ له‌ سه‌رده‌ستی چه‌ته‌كان شه‌هیدبونه‌ له‌خاكی باشوری كوردستاندا به‌ بۆمبا چێنراوه‌كانی داعش شه‌هیدبونه‌ كه‌ توركیا پێی داون، هه‌رله‌و ده‌روازه‌شه‌وه‌ داعش بازرگانی نه‌وتی ده‌كرد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك. دواجار به‌ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی گشتگیری هێزه‌كانی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ و بوركانی فوڕات، كه‌تیایدا 124چه‌ته‌یان كوشت، گرده‌سپی ئازاد كرا.
له‌لایه‌كیتره‌وه‌ له‌ دوای ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه‌ له‌ساڵی 1965، به‌دواوه‌ بۆیه‌كه‌م جاره‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌ واته‌ ئێستا به‌ ئازادكردنی گرده‌سپی لكاندنی هه‌ردوو كانتۆنی (كوبانی و جزیره‌) هیچ به‌ربه‌ستێكیان له‌پێش نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناوچه‌ی عفرین خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی داعش و توركیاهه‌یه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌وڵی ئازاد كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌درێت، لیره‌دا ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جدی بۆئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت له‌لایه‌ن كوردانی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستانه‌وه‌، زۆر پێویسته‌ كاربكرێت بۆیه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی یه‌كیتی نه‌ته‌وه‌یی كوردان، له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا تاكه‌ هێز كه‌ لوتی چه‌ته‌ داعشیه‌كانی شكاندبێت ته‌نها هێزی كوردانه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و باشوری كوردستان، به‌جۆرێك پێشڕه‌وی و به‌رگریه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا، چه‌ته‌كانی توشی حاڵه‌تی ده‌رونی كردوه‌، كه‌ ئه‌ژنۆیان شكاوه‌ و به‌و جۆره‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیان شه‌ڕیان پێ ناكرێت. 
سروشتی كورد وه‌هایه‌، سه‌ركه‌وتنی كورد له‌هه‌رپارچه‌یه‌كی كوردستان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر پارچه‌كانیتر، ئه‌مه‌ش مێژوو سه‌لماندویه‌تی، بۆنمونه‌، سه‌ركه‌وتنی كوبانی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ باشوری كوردستان، دواتر سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په‌ی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی توركیادا، سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په‌ كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر ئازادكردنه‌وه‌ی گرده‌سپی و لكاندنی یه‌ك جاره‌كی كانتۆنه‌كانی كوبانی و جزیره‌، بێ گومان سه‌ركه‌وتنی تریشی به‌دوادادێت، له‌ ئێستاشدا ده‌رفه‌تێكی مێژوویی هاتۆته‌ پێش بۆ گه‌لی كورد له‌هه‌رشوێنێك به‌گشتی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی كه‌ یه‌كگرتوییه‌كی زیاتریان هه‌بێت و واز له‌ كێشه‌ و ململانێكانی ناوخۆیی و خۆڕزگاركردن له‌ ناوچه‌گه‌رێتی بێنن و ده‌ست بخه‌نه‌ ناوده‌ست و ڕووبه‌ڕووی چه‌ته‌كانی داعش ببنه‌وه‌، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ ته‌نها كورد به‌خوێنی خۆی بۆخۆی ده‌سته‌به‌ری كردوه‌ نه‌ك وڵاتێكیتر یان نه‌ته‌وه‌یه‌كیتر به‌دیاری بۆمانی هێنابێت، به‌كورتی ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسیه‌كانی سه‌رگۆڕه‌پانی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان خۆیان له‌گێلی نه‌ده‌ن، ده‌م ده‌می ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆیان بنوێنن و ببنه‌هێزێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە