کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەتی یان لەگەڵمی یان دوژمنمی

Wednesday, 21/05/2014, 12:00




ئەرێ بەڕاست ئەم لایەنە سیاسیانەی لای خۆمان تاچەند لە ئاستی ئەو متمانەیەدان كە لە سەر پەیڕە و پڕۆگرامی هەر یەكەیان بە تێرو تەسەلی باسی "فرە حزبی. یەكتر قبوڵكردن. دیموكراسی. هەموومان بەیەكترەوەجوانین. هەموشمان تەواوكەری یەكتر بۆ بەرەو پێش چونی پرسی گەلەكەمان" یان وازیان لەم دەستەواژانە هێناوە و هەموویان چونەتە سەر ئەو گوتە بەناوبانگەی (جۆرج بۆش)ی سەرۆكی ئەمریكا كە ماوەیەكی كەم لە دوای كارەساتە كەی یانزدەی سێپتەمبەر هاتە سەر تەلەفزیۆن و لە وتارێكدا وتی "یان لەگەڵ ئەمریكا دژی تیرۆر. یان لەگەڵ تیرۆر دژی ئەمریكا" هەر چەندە لە دوای تەواو بونی وتارەكەی لە زۆر بەی وڵاتانی دنیاوە ڕەخنە لەم وتارەی سەرۆكی ئەمریكا گیرا كە دەرفەتی بۆ بێلایەنی نەهێشتەوە و دنیای لە ڕەش و سپی دا هەڵسەنگاند و بە بێ‌ گوێدانە ڕەنگەكانیتر,
ئەوەی من تێبینیم كردوە ئەم حزبانە لەسەر شێوازی گوتەكەی بۆش سیاسەت بە ڕێوە دەبەن. لە ئەنجامدا ئەمەش جگە لە بار قورسیەك بۆ سەر كۆی گشتی سیستەمە سەقەتەكەی باشور هیچیتری لێ‌ چاوەڕوان ناكرێت. ماوەیەكی دورودریّژ بیانومان پێ بو كە بە بەردەوامی دەمانگوت ئەم وڵاتە لە لایەن دوو حزبی باڵادەستەوە بەڕێوە دەچێت و هەموو جومگە هەستیارە كانی بڕیاردانیان بە دەستە و دەرفەتی كار كردنیان بۆ لایەنی تر نەهێشتۆتەوە. لە هەمانكاتدا دەمانگوت سەركردەی ئەم حزبانە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیشیان لە سەر هەمان ئەقڵیەتی یەكتر نەخوێندنەوە پەروەردە دەكەن تا وەك خۆیان بیركەنەوە بە كورتی و كوردی "وتیان ماست ڕەشە" ئەشهەو بیللا یان بۆبكەین,
لە دوای نەمانی دەسەڵاتە زەبەلاحەكانی دوو جەمسەری لە باشوری كوردستان و هاتنە كایەی شێوازێكی نوێ‌ لە حوكمڕانی و دروستبونی یان گۆڕنی كاركردنی لایەنەكان. ئەوەی جێگەی داخە هەمان ئەقڵیەتی یەكتر نەخوێندنەوە بەردەوامەو بگرە لە جارانیش تۆختر. بۆ دەبێت لەگەڵت نەبم ڕاستەوخۆ پێناسەی دوژمنایەتیم بۆ دەكێشی. لەكاتێكدا لایەنە سیاسیەكان پڕن لە كەسانی شارەزا و كۆی كایەكانیتری كۆمەڵگا لەوێوە ئاڕاستە بكرێن,
بەداخەوە كێشەكە لەوەدایە كە هیچ هێزێك نایەوێ‌ گەل وشیاربكاتەوە. تا بەو شێوە یە بژی كە بە پێی بیرو بۆچونی خۆی هەڵسوكەوت بكات. دەبێت هەمووكات كارێك بكەین كە بە دڵی خۆمان نیە. ئەم شێوازی كار كردنە سنوری نێوان لایەنە علمانیەكانی تێپەڕاندوەو كەوتۆتە ناو لایەنە ئیسلامیەكانیشەوە. كە هەر یەكە بەرامبەرەكەی قبوڵ نیە,
بۆیە ئەو كەسانەی كە بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە بابزانن دنیا بەتەنها لەسەر بیرو بۆچونی كەسێك یان لایەنێك بە ڕێوە ناچێت. داواش لە سەركردەو لایەنە سیاسیەكان دەكەم كە بە سیاسەتەكانی خۆیاندا بچنەوە. چونكە گەر بەم شێوەیە كار بكەن و بە سیاسەتی خۆیاندا نەچنەوە چارەنوسیان هەر وەك ئەوانەی پێشو دەبێت و دەبێت ئێمەش لەبەرانبەریاندا پەندە كوردیەكە زیندوبكەینەوەو بڵێین" ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بەپار"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە