چەپڵەیەک بۆ فەرهاد سەنگاوی، بەڵام بە نینۆک
Saturday, 02/08/2014, 12:00
فەرهاد سەنگاوی کاتێک گۆڕان بوو بە هەمان شێوە، دژی بەعس قسەی دەکرد، هەر ئاواش دژی یەکێتی دەدوا. ئەقڵی بەوە نەدەشکا خۆی لە ناو سکی ئەو یەکێتیەوە دەرهاتووە کە قسەی پێ دەڵێت، یان هەر هیچ نەبێت شتێکی تیا بهێڵێتەوە، خۆی سووک و ریسوا نەکات.
فەرهاد کەسێکی بێ توانایە لە سیاسەت، بە گشتیش کەڕەواڵەیە، تەنها دەنگێکی زلی هەیە، کە لەناو زۆر کەسی جاهیلدا بە شان و شەوکەت بۆی هەژمار دەکرێت، ئەوەبوو فەرهاد سەنگاوی لە پڕ گەڕایەوە بۆ ناو یەکێتی. کورد دەڵێت تفێک بەرەو با هەڵیبدەیت روی خۆت دەگرێتەوە. ئەم فەرهادە بەجەرگە ئەمجارەیان لە جیاتی ئەوەی تەریق بێتەوە، گەڕایەوە ناو یەکێتیی و لە سەر لیستی یەکێتیی بوو بە ئەندام پەڕلەمان. یەکەم شەکر لە پەڕلەماندا شکاندی سوێند خواردنەکەی بوو، ئەمەش بە ناوهێنانی کەرکوک. لێرەدا گەوجێتی خۆی پیشان دایەوە، ئەو وا دەزانێت بۆ سوێندخواردن هەر کەسە بە ئارەزوی خۆی چۆنی بوێت دەتوانێت بیڵێت. بەم کارەشی نیشانی دا هیچ لە یاسا و لە پەڕلەمان نازانێت.
ئەو ڤیدیۆیەی خوارەوە ببینە بزانە چی دەڵێت! ئیستاش ئەم قسانە بۆ خەڵک دەکات، بە عەقڵی خۆی دەیەوێت جەماوەر پەیدا بکات. قوڕ بەسەر ئەقڵی ئەو کەسەی، کە قسەی فەرهاد بە هەند وەردەگرێت. فەرهاد دووبارە بە نەڕە نەڕ لە ناو پەڕلەماندا دژی پارتەکان کەوتۆتە قسەکردن، بە داخەوە ئەم نەڕە و دەست راوەشاندنانەی فەرهاد و نمونەکانی تا ئێستاش لای هەندێک کەسی ساویلکە رەواجی هەیە و جێگای پێکەنین نییە. فەرهاد وا ئەزانێت پەڕلەمان جێگای شیعر خوێندنەوەیە. ئەمیش وەک شێرکۆ بێکەس بە قۆڵ راوەشاندن و نەڕە نەڕ دەیەوێت خۆڵ بکاتە نێو چاومانەوە و بە پیاوێکی راستگۆی بناسین، بەڵام لێرەوە من پێی دەڵێم: فەرهاد هەر چییەک بڵێیت لەوە زیاتر خۆت سووکتر و قەشمەر دەکەیت. تۆ ئەگەر ئازای وەرە بە نەڕە نەڕ باس لەو بازاڕەی خۆت بکە، کە بە ملوینەها دۆلار فرۆشتت. تۆ ئەگەر ئازایت وەرە ئەو پرسیارە لە خۆت بکە، کاتێک لە شاخ هاتیتەوە چەندت پارە و موڵک هەبوو؟ چۆن بویت بە خاوەنی ئەو هەموو پارچە زەویانە؟
ئەم دەردە تەنها هی شێرکۆ بێکەس و فەرهاد سەنگاوی نییە، بزووتنەوەی گۆڕانیش ماوەیەکی درێژ دزیی و پیاوخراپیی یەکێتی و پارتی دەردەخست، داوای روخاندنی دەسەڵاتی دەکرد، کەچی لە پڕ لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا هاتنە سەر تەلەفیزون و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پاکانەی بۆ پارتی کرد، پارتی زۆڵانە و لە رێگای ئاشتی هەورامییەوە، گۆڕانی وا لێکرد بە خەڵک بڵێت: ئەوەی وتمان درۆ بوو! ئاشتی هەورامی بە خۆی و کتێبێکەوە هاتە سەر تەلەفیزیون و گۆڕان دانی بەوەدا نا، کە ئیتر هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ هەموو حسابی نەوت تەسفیە کراوە و راستییەکان ئەوەیە، کە لە کتێبەکەی کاک ئاشتی هەورامییدا نووسراونەتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەم خەڵکە هەتاکو کەی بڕوا بەم کەسایەتیە درۆزنانە دەکات، تاکەی ئەم حیزبانە دەستی خەڵکی دەبڕن؟
هەتا کەی گوێ لە کەسانێک دەگرن، کە بە دەم و لەوس و بینینیان پیاو قێزی پێدێتەوە.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست