كۆمپانياكاني تالهَباني و دلێري سهيد مجيد
Tuesday, 08/06/2010, 12:00
گۆڤاری جیهان
دوو حیزبه دهسهڵاتدارهكهی كوردستان بۆ ئهوهی سهروهتی ئهم وڵاته به مهبهستی حیزبی قۆرخ بكهن، ههستان ئهم سهروهتهیان خسته كۆمهڵێ پرۆژهی ستراتیژیله ناوخۆی كوردستان، به تایبهت له سهرهكی ترین كهرتی ئهم وڵاته كه بریتییه له گهیاندن و نهوت و بهڵێنداریهتی و كۆمهڵێ بواری تر. له كوردستاندا دامهزراوهیهكی گهندهڵی تهواو ههیه كه ئهمهش له پاش ساڵی دوو ههزارهوه زیاتر گهشهی سهندووه، ئهم جۆره سیستمهی ئهمرۆ له كوردستاندا پهیڕهو دهكرێت چاولێكهری كۆمهڵی وڵاتی تره كه بهم شێوهیه مامهڵه ڵهگهڵ دهسهڵاتدا دهكهن. قۆرخكردنی كهرتی تایبهت دیاردهیهكی گهندهڵییه و باجهكهشی ههم حكومهت و ههم هاوڵاتی دهیدات، بهڵام ههندێ جاریش حیزب باجهكهی دهدات، لهسهرهتادا ئهو كهشوههوایهی دهسهڵاتی ئهمرۆ تیایدا تێدهپهڕێت رێگهی بۆ ئهم دیاردهیه خۆشكردووه، ههر له لاوازی دادوهری و ناشهفافییهت و نهبوونی لێپرسینهوه و سیاسهتی ئابووری و ئهم دیاردهیه دهبێته زیادبوونی تێچووی گهندهڵی.
سلێمانی
گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان كە زیاتر لە 36 كۆمپانیا و پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە لە خۆدەگرێت و سەر بە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانییە كە لە لایەن (دلێری سەید مەجید)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت و هەر خۆیشی بەڕێوەبەری یەكەمی كۆمپانیاكەیە. ئەم گروپە لە ساڵی (2000)ەوە لە لایەن ئیدارەی گشتییەوە دامەزراوە پێشتر لە ساڵانی (1993-2000) بریتی بوو لە سێ كۆمپانیا بە ناوەكانی(چیا، كوردستان و نۆكان).
گروپی نۆكان لە چەند بەشێكی سەرەكی پێكدێت كە هەر بەشێكیان لە بوارێكدا و لە ژێر تایتڵی چەند كۆمپانیایەكی لاوەكیدا بازرگانی دەكات، لەوانە كۆمپانیای نۆكان بۆ بازرگانی گشتی، كە ئەم بەشەی گروپی نۆكان هەر بە ناوی نۆكانەوە كاردەكات، لە ساڵی(2000)دامەزراوەو بە ناوی رزگار عەبدولقادر فەتحوڵڵاوە تۆماركراوەو كاری ئەم بەشە بریتییە لە ناردنە دەرەوەی (نەوتی خاو، گۆگرد، كبریت، گاز، ماددەی خاو و پلاستیك).
گروپی نۆكان بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی، ئەو بەشەی نۆكان ئەو پرۆژە وەبەرهێنانە دەگرێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان، نۆكان دایمەزراندوون، یان بە نرخێكی هەرزان لە حكومەتی كڕیونەتەوە، یاخود دەستی بەسەردا گرتوون و بە زۆری پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورەن لە بواری پیشەسازی گەورە و بچووك. ئەم بەشەی نۆكان شێخ ئەحمەد سەرپەرشتی دەكات، كارەكانی ئەم بەشە چەند بوارێك دەگرێتەوە وەك هێنانی كەلوپەل وئامێری پیشەسازی، ئۆفیسی سەرەكی ئەم بەشە لە شاری سلێمانییە، بەڵام لە بەغداد و هەولێر و خانەقین لقی هەیە، ئەمە جگە لە بوونی ئۆفیسێكی گەورە لە شاری دوبەی.
بەشی خاوەندارێتی كە لە لایەن عەلی فەتاحی برای عومەر فەتاحەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بە زۆری كارەكانی لە ژێر چەتری دوو كۆمپانیادا كاردەكات ئەوانیش كۆمپانیای نزا و كۆمپانیای نۆكانی سنووردار. ئەم دوو كۆمپانیایە خاوەنی چەندین پرۆژەی گەورەی بازرگانین لەوانە گوندی گەشتیاری دابان، ئوتێل ئاشتی، بازاری ئەسحابە سپی، مۆتێل سەرچنار، ئوتێل سلێمانی پاڵاس كە (نۆكان داویەتی بە فەرەیدون عەبدولقادر بە كرێ)، كۆیە پاڵاس، كۆمپانیای قەیوان كە پێشتر ناوەكەی بەنزینخانەی نۆكان بووە، بازاری خانەقا، بۆڵینگ سەنتەر پشكی 90%، سۆپەرماركێتی زاگرۆس، دەزگای پشكنینی ئۆتۆمبێل كە دەكەوێتە ناوچەی تاسڵوجەوە پشكی 50%ی نۆكانە.
سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بە جیهانی راگەیاند كە نزیكەی (1500) دۆنم زەوی لە سەر نۆكان تاپۆكراوە لەوانە تاپۆكردنی (780) دۆنم زەوی لە دامێنی شاخی ئەزمەر و گۆیژە بە بڕیاری عومەر فەتاح.
بەشی ئەندازیاری نۆكان كە لە لایەن بەهرۆزی فەقێ رەشیدەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بە هۆی ئەم بەشەوە نۆكان قۆرخی كاری بەڵێندەرایەتی كردووە كە بریتین لەم كۆمپانیانە (كۆمپانیای قوباد، رەزگە، توژەڵە، ریكۆ، راز، رێكخراویbsk، رێكخراوی kra، دەرگەزێن لە هەولێر، میراو، ئیرۆن لە كەركوك، بەرزی لەگەڵ نۆكان شەراكەتی هەیە، بەڵام سەر بە نۆكان نییە، وزە).
بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانەی كە لە سلێمانیدا جێبەجێدەكرێن، بە تایبەتی پرۆژە گەورەكان مەحاڵە لە رێگەی یەكێك لەو كۆمپانیانەوە نەبێت كە سەر بە نۆكانن، لەمەشدا نۆكان بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر ئەو پرۆژانە وەردەگرێت وەكو (دەعوە خاسە) كە بە هۆیەوە حكومەت بێ ركابەری تەنها كۆمپانیای نۆكان بانگ دەكات و پرۆژەكەی پێدەدات، وەكو پرۆژەی ئاوی سلێمانی-دوكان، پرۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی سلێمانی عەربەت و قیرتاوكردنی رێگەی سلێمانی- دوكان، كە ئەمانە راستەوخۆ دراون بە نۆكان.
بەشێكی زۆر لە خاوەن كۆمپانیاكانی سلێمانی گلەیی ئەوە دەكەن كە هەتا نۆكان وەستا بێت، بەڵێندەرایەتی پرۆژەكان بەر هیچ كەسێكی تر ناكەوێت، زۆرجار لەو پرۆژە گرنگانەی پارێزگای سلێمانی كە بانگەوازی بۆ دەكرێت وا دەردەخرێت كە بە شێوازی یاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام گروپەكانی سەر بە نۆكان ئەم پرۆژانە دەبەنەوە، چونكە ئەوان بە هەموو كۆمپانیاكانیانەوە بەشدار دەبن واتە هەر كۆمپانیایەك تەندەرێك وەردەگرێت.
بەشێكیش لە بازرگانەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە لە ژێرەوە نرخی تەندەرەكان بە نۆكان دەوترێت، یان تەندەرەكان بە نرخێكی زۆر كەم دەدرێت بە جۆرێك كە هیچ كەسێك ناتوانێت بچێتە ژێر بارییەوە، تەنها كۆمپانیای نۆكان نەبێت، كاتێك كە بەڵێندەرەكانی تر لێی كشانەوە، ئەو كاتە نۆكان دەچێتە پێشەوەو وەریدەگرێت، بەڵام لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا حكومەت پارەی پرۆژەكە زیاد دەكات، بە جۆرێك كە نۆكان زیانی تێدا نەكات، نموونەش بۆ ئەمە پرۆژەی رێگای عەربەت- سلێمانییە.
بە گوێرەی قسەی خاوەن كۆمپانیایەك كە نەیویست ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە كۆمپانیا حیزبییەكان یان ئەو كۆمپانیایانەی كە بەرپرسێكیان لە پشتە بۆ وەرگرتنی تەندەرەكان سلێمانییان داگیركرد، هەر كۆمپانیایەك لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا بەرپرسێكی لە پشت نەبێت بۆ بەدەستهێنانی تەندەرەكان ئەوا ئەو كۆمپانیایە ئیشێكی وای نابێت كە كارەكەی لە قازانجدا بێت.
ئەو خاوەن كۆمپانیایە وتیشی من نزیكەی یەك ساڵە كۆمپانیام داناوە تاوەكو ئێستا پرۆژەیەكی گەورەم بۆ دەرنەچووە، چونكە چی ئیشی باش هەیە بۆ كۆمپانیا حیزبییەكان یان ئەو كۆمپانیایانەی كە واستەیان هەیە تەندەرەكان ئەبەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە دەست گۆڤارەكەمان كەوتوون، بەم دواییانە گروپی نۆكان 16 پارچە زەوی كە دەكاتە 115 دۆنم و 12971 مەتر چوارگۆشە، زەوی بازرگانی لە سنووری سلێمانی لەسەر تاپۆكراوە. ئەو پارچە زەوییانە هەندێكیان لەگەڵ بازرگانی تردا كراوەتە پرۆژەی بازرگانی و هەندێكی تریشیان فرۆشراوەتەوە بە كۆمپانیای تر.
سەرچاوە باوەڕپێكراوەكەی جیهان گوتیشی كۆمپانیای قوباد 9 پارچە زەوی بازرگانی لە سلێمانی وەرگرتووە، بە ژمارە 246/33 كەرتی 8ی ئابڵاخ بە رووبەری 995م چوارگۆشە، زەوی ژمارە 10/320 كەرتی بۆگەنە بە رووبەری 2387م چوارگۆشە، زەوی ژمارە 10/5 بۆگەنە بە پێوانەی 390م چوارگۆشە. كۆمەڵە زەوییەكی تریش لە كەرتی بۆگەنە بە ژمارەكانی 10/57و 56 و 96 و 58 و 132 و 131 و بە پێوانەكانی (630 و 430 و 570 و 710و 400 و 410) مەتر چوارگۆشە. هەروەها كۆمپانیای نۆكان كە خۆشی كۆمپانیایەكە لەناو گروپی نۆكاندا 3 موڵكی بازرگانی وەرگرتووە، بەڵام بە پێوانەیەكی گەورەتر لە پێوانەكانی كۆمپانیای قوباد. یەكێك لەو زەوییانەی كە پێوانەكەی 102 دۆنمە، كۆمپانیای ناوبراو لە كەرتی زەرگەتە بە ژمارە زەوی 28/102 وەریگرتووە، هەروەها موڵكێكیتری لە كەرتی مەڵكەندی دەباشان بە ژمارەی 258/894 و بە رووبەری 4 دۆنم وەرگرتووە. جگە لەوەش موڵكی سێهەمی بە ژمارە 264/2ی كەرتی 8ی ئابڵاخ بە رووبەری 6060 مەتر چوارگۆشە وەرگرتووە.
سەرچاوەكە ئاماژەیشی بەوەدا كە كۆمپانیای توژەڵەش 1 دۆنمی لە مەڵكەندی دەباشان وەرگرتووە بە ژمارەی 197/9، هەروەها لە هەمانكەرتدا 2 دۆنمی تری بە ژمارە موڵكی 197/355 وەرگرتووە، هەروەها كۆمپانیای رەزگەش دوو پارچە زەوی بازرگانی وەرگرتووە بە ژمارەی 20/2117ی زەرگەتەو بە رووبەری 5 دۆنم، زەوییەكەی تریش لە هەمان موقاتەعە بە ژمارەی 20/2050 بە رووبەری 1 دۆنم.
ئەم زەوییانە لەكاتی دوو ئیدارەییدا دراون بە گروپی نۆكان، بە پێی یاسا دەبوایە ئەو زەوییە بۆ پرۆژەی ستراتیژی یان بۆ بواری خزمەتگوزاری خوێندن و تەندروستی تەرخان بكرایە، بەڵام وا چەند ساڵێك تێپەڕدەبێت، ئەم زەوییانە هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژییان تێدا جێەبەجێنەكراوە. ئەمە جگە لەوەی نۆكان هەندێك لەو زەوییانەی فرۆشتۆتەوە، هەندێكی تریان بە شەریكی لەگەڵ كۆمپانیای تردا پرۆژەیان تێدا ئەنجامدەدرێت.
زەوی بۆ وەبەرهێنان لەكوردستاندا لەبواری وەبەرهەمهێناندا زۆرترینیان بۆ بوارەكانی (بارزگانی، گەشتوگوزار، نیشتەجێكردن) دابیندەكرێت. ئەو كۆمپانیایەی دەیەوێت ئەم كارە بكات بۆ هەر بوارێكیان بێت سەرەتا داواكاری پێشكەش دەكات و ئامانجی پرۆژەكە دەخاتە بەردەست.
بەپێی یاسای نوێی وەبەرهێنان كە لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەوە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكرد، زەوی بازرگانی و گەشتوگوزار هەرگیز تاپۆ ناكرێت، بەپێچەوانەی زەوی نیشتەجێكردنەوە پاش تەواوبوونی 30%ی پرۆژەكە تاپۆ دەكرێت، بەڵام حیجزی لەسەر دەبێت، تا 95%ی پرۆژەكە جێبەجێدەكرێت، ئەوسا حیجزەكەی لەسەر لادەبرێت.
هەر بەپێی ئەم یاسا نوێیەی وەبەرهەمهێنان هەر پارچە زەوییەك كە دەدرێت بۆ وەبەرهەمهێنان ئەگەر لەماوەی دوو مانگدا دەستنەكرێت بەكاركردن لە پرۆژەكەدا، ئەوا حكومەت زەوییەكە لەو كۆمپانیایە دەستێنێتەوە. ئەگەر لەكاتی كاركردنیشدا بۆ ماوەی سێ مانگ كۆمپانیەكە كارەكەی بە بێ هۆ راگرت، ئەوا لەمەشیاندا حكومەت زەوییەكە لە كۆمپانیاكە وەردەگرێتەوە. بەپێی ئەم دەرئەنجامە تێكڕای ئەم زەوییانەی تاپۆكراون لەسەر گروپی نۆكان ناشەرعین، چونكە سەرباری ئەوەی كە هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی تێدا ئەنجام نەدراوە، هاوكات هەندێكی فرۆشراونەتەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكانی سلێمانی دەست گۆڤاری جیهان كەوتووە تێدا هاتووە كە لە سنووری پارێزگای سلێمانییدا 2480 كۆمپانیا هەیە كە 350 كۆمپانیایان بیانیین و 250 كۆمپانیاشیان لقی بەغدادن.
هەر لەمبارەیەوە سۆران ئەحمەد بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لە سلێمانی تایبەت بۆ جیهان گووتی دامەزراندنی كۆمپانیا بە پێی ماددەی (17) لە یاسی كۆمپانیاكان ژمارە (21)ی ساڵی 1997 هەموار كراوە، دیارە كۆمپانیا بەو شێوەیە دادەمەزرێت كە بەو شێوەیەی كە یاساكە ئیجرائاتی كردووە، كۆمپانیا كە دادەمەزرێت دەبێت بە كەسایەتی شەخسی مەعنەوی دیارە ئەمەش جیاوازی كردووە لەگەڵ زۆربەی ریستۆرانت و ئوتێل و كارگەو...هتد.
بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمپانیا دامەزراوەیەكی ربحییە، دامەزراندنی كۆمپانیا واتە بوون بە كەسایەتی بازرگانی، واتە لە قانوونی عێراقیدا هەموو كۆمپانیایەك سیفەی بازرگان وەردەگرێت.
لە لای خۆیشییەوە پرۆفیسۆر محەمەد رەئوف پسپۆڕ لە بواری ئابووری و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ جیهان جەختی لەوە كردەوە كە كۆمپانیا چالاكییەكی تایبەتی هەیە كە ئامانجێك بهێنێتە دی، ئەو كۆمپانیایە یان كۆمپانیایەكی تایبەتە و سەر بە حكومەتە كە ئامانجی پێشێلكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانە و لەو پێناوەدا لە لایەن حكومەتەوە خەرجی گشتی لە لایەن حكومەتەوە بۆ دابین دەكرێت و هەندێكیشیان هەیە كە ئامانجیان قازانج كردنە، ئەو كۆمپانیایانەی كە كار دەكەن دەبێت چوارچێوەی یاسایی بۆ دابنرێت.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە گوتیشی گەندەڵییەكە ئەوەیە تێكەڵبوونی حیزبە لەگەڵ حكومەتدا، دوای ئەو پرۆژەیەی مام جەلال بە مەبەستی جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت، ئایا ئەمانیش وەكو جاران بە شێوەیەكی تەندروستانە دەچن مونافەسە لە سەر تەندەرەكان ئەكەن یاخود هەروەكو جاران هیچ كاریگەرییەكی نابێت، بەو پێیەی كە ئەمانە دەسەڵاتیان لە حیزبەوە وەرگرتووە و ئەتوانن خۆیان ئەو تەندەرانە پاوەن بكەن بەبێ ئەوەی كە بزانێت، دواتر حكومەت نەرمونیانە لەگەڵ ئەو كۆمپانیانەی كە ناوی لێنراوە كۆمپانیای حیزب (خۆیان دەڵێن كۆمپانیای تایبەتی).
دەربارەی قۆرخكردنی بازاڕەكان لەلایەن حیزبەوە تاچەند زەرەر لەئابووری وڵات دەدات پرۆفیسۆر حەمە رەئوف گووتی لەراستیدا حیزب مەفروز نییە ببێتە تاجر، بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا حیزب بووەتە تاجر، مەسڵەحەت و بەرژەوەندی هەیە یەعنی تۆ وەك حیزبێك ئیشەكەی ئەوەیە كە مونەزەمەیەكە خەڵكانێك لەخۆی كۆدەكاتەوە بەناوی ئەوەی كەوا ئەگەر بێت و دەسەڵات بگرێتە دەست ئەو بەرنامەیەی كە هەیبوو لەپێناوی وڵات و میللەتدا دەیهێنێتە دی. لە راستیدا هێندیك شتن ناویان حیزبە مەجموعەیەك خەڵكن ئەوانە هەموو شتێكن خۆیان حیزبن و خۆشیان حكومەتن، خۆیان هەموو شتن و ئەو كەسانەی كە لە ناو حیزبەكە دان ئەدائەتی مورەكیزن و بیركردنەوەیان نییە و دەسەڵاتیان نییە و بەشداریش ناكەن لە بڕیار وەرگرتندا وەكو دەرویشێك موتیعی دین و تەواوی ئەو سەركردانەیە كە هەن و ئەوە خەڵكانەی كە لە ناو حیزبانەدان موجەرەد بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەو نەوعە خەڵكانەیە نەك حیزب. چونكە ئەو حیزبانە ئەندامەكانی بیردەكەنەوە هۆشیارن.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە بۆچوونیشی وابوو كە لە كوردستاندا حیزبی راستەقینەمان نییە، بۆیە گووتیحیزبی راستەقینە ئەندامەكانی بیر دەكەنەوە و هوشیارن، ئەگەر حیزبەكەیان لا بدات لە بەرنامەكەیان حیزبی تازە حەتا لە ناو پەرلەماندا دروست دەكەن.
محەمەد رەئوف ئاماژەیشی بەوەدا كە لە وڵاتی ئێمەدا خەڵكی بزنسمانی راستەقینە نین، بزنسمانی راستەقینە بە شێوەیەكی هێمنانە و تەندروستانە بەرز دەبێتەوە یانی خەڵكێكی بە توانایە لە رێگەی كارمەی خۆیەوە ئیش و كارەكانی دەبات بەڕێوە، دوای دەبێتە خاوەن پار، بەڵام لە كوردستاندا خەڵكێك لە پڕ و بە شێوەیەكی ناتەبیعی پارەی رژاوە بەسەرداو بووە بە بزنسمان.
دانا عەبدولكەریم لێپرسراوی پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە جیهانی راگەیاند لە ساڵی 2008 دا 150 تەندەر لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2007، بەڵام لە ساڵی 2008 دا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها 387 تەندەر لە سەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان، 55 تەندەر لە بودجەی وەبەرهێنان، بەمەش كۆی سەرجەم تەندەرەكان لە ساڵی 2008 دا دەكاتە 592 تەندەر.
لێپرسراوی پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەی رەتكردەوە كە زۆربەی پرۆژە زەبەلاحەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ كۆمپانیای نۆكان دەرچێت و گووتی ئێمە هەموو ئەو پرۆژانەی كە هەمانە لە رێگەی بانگەوازی رەسمییەوە ئاشكرا دەكرێت، دواتر هەموو خاوەن كۆمپانیایەك سەربەستە لە وەرگرتنی تەندەرەكان دواتر بەپێی زیادكردنی ئاشكرا بۆ خاوەن كۆمپانیاكان دەردەچێت.
نەبەز مەحمود مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری جیهان باسی لەوە كرد كە لە كوردستاندا كارێكی زۆر مەترسیدار ئەنجام دەدرێت، ئەویش بە كۆكردنەوەی سەرمایەی میللەت و قۆرخكردنی بۆ مەبەستێكی تایبەت و لە خزمەت حیزبێك یاخود تاقم و گروپێك.
نەبەز مەحمود ئاماژەیشی بۆ ئەوە كرد كە ئەم كۆمپانیا حیزبیانە ئەبێتە مایەی كەمبوونەوەی ململانێ ئابووری لە نێوان كۆمپانیاكاندا و ئەمەش ئەبێتە مایەی زیادبوونی تێچووی ئەو كارانەی كە كۆمپانیا حیزبییەكان ئەنجامی دەدەن، پاشان چۆنێتی كارەكە وەكو پێویست چاودێری ناكرێت و لێكۆڵینەوی وردی كارەكە وەك پێویست ناكری تا بزانرێت بە پێی پێویست ئەنجام دەدرێت. دیارە زیاتر مەبەستمان ئەو پرۆژانەیە كە لە لایەن كۆمپانیا حیزبییەكانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەگەر باس لە كەرتی خزمەتگوزاری بكەیت، دەبینین ئەو كۆمپانیانە خزمەت گوزارییەكانیان بە بەهایی گران پێشكەشی خەڵكی دەكەن.
نەبەز باسی لە كۆمپانیا حیزبییەكان كردو گووتیدیاردەیە كار لە دابەزاندنی چالاكی ئابووری كەرتی تایبەت دەكات و زۆربەی ئەو كەس و كۆمپانیانەی كە لە بازاڕی كوردستاندا كاردەكەن بەرەو دواوە دەچن و دەستبەرداری دەبن و نابنە كەسی وەربەهێنی سەركەوتوو و دەبێتە مایەی بەرتەسككردنەوەی بواری بەرهەمهێنان. ئەمەش وا لە كەرتی تایبەت دەكات نەتوانێت ببێت بە تەواوكاری كاری حكومەت، بەڵكو كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی جیاوازییەكی نامێنێت و كاریگەری خراپی دەبێت لە دابەزاندنی توانی ئەو كارمەندانەی لەو شوێنەدا كاردەكەن و كەسی ناشیاو پۆستی باڵا وەردەگرێت لەو جۆرە كۆمپانیانەدا. ئەمەش دەرئەنجامێكی خراپ لە ئابووری وڵاتدا بەجێدێلێت و خەرجی گشتی بەرەو زیادبوون دەڕوات و بە هۆی بە هەدەردانی سامانی گشتی و بوجەی وڵات و دەبێتە مایەی دابەزاندنی داهاتی تاكەكەس و بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەداری.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی گوتیشی كە ئەمرۆ لە جیهاندا دەبینیت كۆمەڵێ كومپانیای كەرتی گشتی، دەدرێتە دەست كەرتی تایبەت بۆ چاكتركردنی ئاستی توانا و بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە كۆمپانیانە كە بە (خسخسە) (تایبەتی كردن) ناودەبرێت، دیاردەی تایبەتی كردنی كۆمپانیاكان لە هەموو جیهاندا گەندەڵی لەگەڵ خوێدا هێناوە بە تایبەت لە روسیا، لە كوردستانیشدا ئەم دیاردەیە دەبینرێت، ئەم كەرتەش قورخكراوە و بەنرخی كەمتر لە نرخی راستەقینەی ئامێر و دەزگاكانی دەخەمڵێنرێت و بە بێ جێبەجێكردنی قۆناغەكانی خسخسە، لەپڕ و بەبێ زیادكردنی ئاشكرا دەرێت دەست كۆمەڵی كەس و كۆمپانیا هیچ جۆرە شەفافییەتێك لەم كارە بەدی ناكرێت، پاشان ئەو ئامانجانەی كە بەتایبەتكردن لە پێناویدا دەكرێت جێبەجێ ناكرێت. ئەمە جگە لە مەترسی سیاسی ئەو خاوەن پارانەی كە دەبنە هێزیكی گەورە و دەسەڵاتدار كەمن بەدڵنیایەوە دەڵم كێشەوە گیروگرفتی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورەتر تووشی حكومەت و تەنانەت خودی حیزبەكانیش دەكات و كاتێ گەندەڵی تەشەنە دەكات، دادپەروەری رۆڵی نامێنێت و ململانێ كۆمەڵایەتی ناوخۆ زیاد دەكات و شكست و بێهیوای روودەكاتە تاكەكانی كۆمەڵگا و دیاردەی توندوتیژی دروست دەبێت و دەبێتە مایەی داڕووخانی بەها كۆمەڵایەتییەكان و كەمبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەم دیاردانەش لە كۆمەڵگای كوردی دەبینرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست