کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گوڵه‌ په‌نابه‌ره‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ

Friday, 09/12/2011, 12:00


ته‌واو ...
له‌مه‌ودوا له‌سه‌ر هه‌ناسه‌ی هه‌ر دیوارێ
نوستنی گوڵێک به‌ ڕووتی ده‌کێشرێ
له‌ ڕژانی هه‌ر گۆرانی یه‌کی هیلاك
کۆڵانه‌کان سه‌ر به‌ کۆشی خه‌م ده‌که‌ن
ئیتر ته‌واو ...
بوك و زاواکانی شار
به‌ شه‌قامێکی بێ تارا ده‌ڕۆن و
ده‌لاقه‌یه‌كی ماچ له‌گه‌ڵ خۆیان نابه‌ن
سه‌ما یه‌ك بۆ نیگای ئاسمان ناده‌ن به‌ با
ئێواره‌یه‌کی باوه‌شیش هه‌ڵناگرنه‌وه‌ ..
لێره‌ ئیدی ده‌ست له‌ملی ئاو ناکه‌ین
وه‌ڵامی سڵاوی دار گوێزه‌کان ناده‌ینه‌وه‌
حیکایه‌تی شه‌وچه‌ره‌کان ده‌کوژین و
شه‌هره‌زاد ته‌ڵاق ده‌ده‌ین
ئێره‌ مه‌مله‌که‌تی ئه‌و ڕووباره‌ی
بۆ دڵۆپێك پیاسه‌ی ئاو شێت ده‌بێ
بۆ فڕینێك له‌ باڵی عه‌شق ده‌مرێ
بۆ تارماییه‌ك له‌ ووشه‌ی په‌ریسای شه‌و
بۆ نیانی ده‌ستی سپێده‌یه‌ك
بۆ نوێژی خوایه‌کی بێ ده‌مامك
بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی کتێبی ئه‌و هه‌ورانه‌ی
فێڵ له‌ باران ناکه‌ن
ئێره‌ جه‌سته‌ی سۆڵۆیه‌کی هه‌میشه‌
تاڤگه‌ گریانه‌و ..
به‌ سوتماکی گه‌ڵا ده‌مانژه‌نێ
ئێره‌ به‌رمۆدای پرسیاره‌ !
پرسیار له‌ نه‌مانی بوون و
له‌ ڕووت بوونی مانگ
له‌به‌ربوونه‌وه‌ی ده‌نکه‌ درۆزنه‌کانی به‌فرو
له‌ تووڕه‌ بوونی ڕه‌شه‌با ..!
پرسیار له‌ مردنی ئاوو و
له‌ به‌ر بوونه‌وه‌ی ئاسمان .!
ئێره‌ ئێستا ئه‌و ژنه‌ بێ پیاوه‌یه‌
هه‌موو پیاوێك ده‌کاته‌ شه‌وی خۆی
ئه‌و خۆره‌ نه‌خۆشه‌یه‌
به‌ پرچی شه‌و هه‌ڵدێ و
به‌ ڕاموسانی که‌نارێکی بێ عه‌شقیش
ئاوا ده‌بێ .!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە