لە هەژدەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی شاری كەركوك , كاتی ئەوە هاتووە شتێك بڵێین ..
Tuesday, 17/03/2009, 12:00
باوەنوور
[ راپەڕین ئاڵای گەل و نەتەوەو نیشتمانێكی شەكاندەوە , هێندەی نەمابوو دوا تەڵقین بۆ زمان و نەتەوەكەی دابدەن و زیندە بەچاڵی بكەن ... ] .
راپەڕین یا بە ناوە بەربڵاوەكەى (ئینتیفازە) , ئەو كردارە شۆڕشگێرییەیە كە لە هەناوی كۆمەڵگەیەك لەدایك دەبێ و لەپاش جەورو ستەم و زوڵم و زۆردارییەك دێتە دونیای واقیع و لەگەلأ روحە شۆڕشگێرییەكە بەرجەستە دەبێ بۆ گەیشتنە مەرامێك كە هەموو هیواو ئاواتەكانی ئەو میللەتەی تیا بەرنامەرێژكراوە , كەواتا لەدوای هەموو ستەمكارییەك بەرهەڵستكارو دژێك پەیدا دەبێ كە مەرامی رزگاربوونە لە ستەم و چەوساندنەوەو گۆڕینی رەوتی حكومداری و زاڵبوونە بەسەر سەرجەم دام و دەزگا سەركوتكەرو چەوسێنەرەكانی لایەنی حكومدارو قەڵەمڕەو . هەر لەو دیدگایەوە دەكرێ راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 ى میللەتی ستەم لێكراوو ئەنفال و كیمیابارانكراوی كورد تەماشا بكەین و هەڵسەنگاندنێكی واقعیانەی بۆ بكەین كە میللەتی كورد سەرەرای ئەوەی خاوەنی شۆڕشێكی درێژ خایەنی قۆناغە جیا جیاكانی مێژوو بووە , بەڵام لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا بەشێوەیەك لە شێوەكان شۆڕشەكەی سەركوتكراوەو بەپیلانی ناوخۆو دەرەوەی هەرێم و عیراق لەناو بردنی شۆڕشەكەیان كردۆتە دیاری دەستی ووڵاتانی ئیقلیم و كوردیش یا مالأ لەكۆڵ و دەربەدەری شاخ و هەردان بووە یا ئەوەتا لە تۆپزاوای خوارووی كەركوك و چۆڵەوانی و بیابانەكانی خوارووی عیراق لە نوگرە سەلمان و زیندانی و قەسابخانەكانی ئەبو غریب و موێڵ زیندە بەچالأ و گوللەباران كراون . دەكرێ ئەمە بە ژیانی چەندین نەوەی جیا جیای ناوەراست و كۆتایی سەدەى رابردوو ببینرێ , واتا لە چەرخى بیست و بیست و یەكەمیندا چەند نەوەیەك كە دەكرێ چڕی بكەینەوە لە نێوان لەدایكبووانی 1935 تا كۆتایی شەستەكان بوونەتە سوتماكی شۆڕشە لەدوای یەكەكانی كورد لە كوردستانی عیراق , ئەمەش هەر لە شۆڕشی ئەیلول بە هەردوو قۆناغەكەیەوە تا ساڵی 1975 و پاشان شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەدوایدا سڕینەوەی گوندو لادێكانی كوردستان و كردنیان بەپارچەیەك زەوی سوتێنراوو دابڕاو لە هەموو بوون و ماكێكی مرۆڤ و مرۆڤایەتی . ئەم كارە دوور لە مرۆڤایەتییەى كەرژێمێك ئەنجامی دا بەئاگرو ئاسن حوكمی هاوڵاتیانی خۆی (بەتایبەت كورد و خەڵكی كوردستان) ی دەكرد , تا ئەو دەمەی زەمینە سازدراو كات لەبار بوو بۆ بەگژداچوونەوەی دام و دەزگای ئەو رژێم و دەسەڵاتدارەى كە لە ماوەی تەمەنی حكومداریدا بە سەدان و هەزاران هەزار گەنج و لاوو كوڕو كچ و ژن و پیاوو پیرو منداڵی كردە سووتەمەنی درێژكردنەوەی تەمەنی كورتی حوكمڕانی , هێندەی نەخایاند زەمینەیەكی لەبار هاتە پێش بۆ كوردو تەواوی عیراق بۆ رزگار بوون لە حوكمی دیكتاتۆریەت كە ئەویش بەگژدا چوونەوەو داگیر كردنی دەوڵەتێكی خاوەن سیادەو دانپێنراوی نێودەوڵەتی هاوسێ و هاوسنوری عیراق لەلایەن حكومەتی مەركەزی عیراقەوە كە ئەویش دەوڵەتی (كوێت) بوو . ئەمە وەكو پێشینەیەك بۆ میژووی ئەو راپەڕینەى كە حوكمی دەسەڵاتدارانی حزبی بەعسی لە سێچارەكی كوردستان دەرپەڕاند و وەدەریان نان , رەنگبێ ئەو (سەردە) مێژووییە كورتە بۆ وەبیرهێنانەوە بێ زیاتر نەك بۆ قسە لەسەر كردن , چونكە لەماوەی ئەم هەژدە ساڵەى راپەڕیندا لە هەموو بۆنەو یادكردنەوە نەتەوەیی و نیشتمانیەكاندا زۆر قسەی لەسەر كراوەو یاد كراوەتەوە . ئەوەى لێرەدا ئامانجمە كە قسەی لەسەر بكەم و خاڵێك بخەمە سەر پیتێك ئەوەیە كە :
1. ئایا راپەڕین چی بۆ كورد كرد ؟
2. ئامانجەكانی راپەڕین پێكێنراوە ؟
3. ئەو نەوەیەی هاتە سەر سفرەی ئامادە , چی بۆ دەسكەوتەكانی راپەرین پێشكەشكردووە ؟
4. نەوەی خۆ فیداكارو سەرو مالأ بەختكردوو لەكوێی هاوكێشەى دەسكەوتەكانە ؟
ئەمانەى كە وەكو پرسیار بەدووی یەكدا ریز بەندم كردوون رەنگبێ زۆر پرسیاری دیكەو زەق و بەرچاویش مابێ بەڵام گرنگ ئەوەیە گۆمەكە بشڵقێ و لە خەونی سەر سینەى سەركەوتن و دەسكەوتەكانی راپەڕین بە ئاگا بێینەوە .
راپەڕین هەروەكو لە سەرەوەی ئەم نوسینەمدا بە مانشێتی گەورە نوسیومە (ئاڵاى گەل و نیشتمان و نەتەوەیەكی شەكاندەوە , هێندەى نەمابوو دوا تەڵقین بۆ زمان و نەتەوەكەی دابدەن و زیندە بەچاڵی بكەن ..) , كەواتە راپەڕین لەتەنگژەو نەهامەتی و تاریكییەكدا فریاد رەسێك بوو بۆ میللەتێك كە نەوەكان بەدووی یەكدا خەریكی دوا نەزەرو دوا هەناسەی ماڵئاوایی یەكجارەكی بوون لەئاڵاى شاردراوەو لوولدراوی نێو سینەو زمانێكی كۆنترۆڵكراوی ژێر دەستی رەقیبێكی نەشازو دڵ ڕەق و نیشتمانێكی بێ سنورو بێ ناوو نیشان , هەڵبەت ئەم كردەی راپەڕینە بەرنامە بۆ داڕێژراوە بەخوێنی چەندین گەنج و لاوو پێشمەرگەو ژن و كەسانی هاونیشتمانی ئەم كوردستانە هاتۆتە بەرو كوردی لە میللەتێك و نەتەوەیەكی ژێر دەست و چەوساوەوە كردە میللەتێكی خاوەن قەوارەى دیارو دەسەڵات .
ئەوەی كە راپەڕین بۆی تێكۆشا و خوێنی بۆی رژان , ئەوەندە بوو كە میللەت لە ژێر دەستی و زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتدارانی بەغدا رزگاریان بوو , ئەمە وەكو ئامانجێكی گرنگ و بەرچاوو ستراتیژی , بەڵام ئامانجی زۆر گەورەو گەورەتر هەبوون كە دەكرێ بەم چەند خاڵە پێشچاویان بخەین :
1. راماڵینی دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە سێچارەكی رووبەری كوردستان (كەركوك و خانەقین بۆ ماوەی دە رۆژێك).
2. جاڕدانی هەڵبژاردن بۆ حوكمڕانی گەلی كوردستان .
3. پێكهێنانی پەرلەمان و تەشكیلكردنی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێم .
4. هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی تاڕادەیەكەم ( گوندە خاپورو وێرانكراوەكانی) كوردستان .
5. ناساندنەوەی میللەتی كورد بەدونیای دەرەوەو ئەوروپا وەكو میللەتێكی چەوساوەی خاوەن ماف و نیشتمان .
خاڵێكی گرنگتر كە هەقە هەموو بە ویژدانەوە هەڵوێستەى لەسەر بكەین و ببێتە جێگەی مشت و مڕی هەر لەیەك لە ئەندامانی ئەم كۆمەڵگەی كوردەواریە چونكە وا دەبینرێ ئەو نەوەیەی كە بە نەوەی دوای راپەڕین ناوزەد دەكرێن لەئاستی ئەو دەسكەوتانەو تەنانەت ئەو مێژووە پڕ خوێناوییەى دوێنێی میللەتەكەیان هێندەى پێی بوترێ خەمخۆر خەمی نە ئایندەو نە دوێنێشیان لە كۆڵ ناوە . چۆن ؟ سەیر كردنی بەها كۆمەڵایەتییەكان بەچاوی كەم , خۆی لەخۆیدا كەمییە , بەهەند سەیر نەكردن و نەخوێندنەوەی خەبات و ماندووبوون و تێكۆشان و كەوتن و هەستانەوەی دوێنێی دوورو نزیكی خەڵكی تێكۆشەر و میللەتێك , سڕینەوەی هەموو موقەدەسات و شتە جوانەكانی ئەو كۆمەڵەیە كە بە هەق خوێنێكی زۆر و قوربانییەكی بێشوماری داوە تا گەیشتۆتە ئەم شوێن و پلەیەی كە بتوانێ بەخۆی بڵێ نەتەوەو خاوەنی نیشتمانێك .. ئەمە بۆ لایەنی نیشتمانیی . بۆ لایەنی كۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی ئەوەندەی هەست بكرێ خۆشەویستییەكی وا یا ئینتمایەكی بەو شێوەو ناوە نابینرێ لەم نەوەیەی پاش راپەڕین بۆ نیشتمان و هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە , ئەگەر بێت و بەم ستایل و رووانینەوە كار بۆ ئایندە بكرێ دوور نییە هەرچی داب و نەریتە پیرۆزو جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری هەیە لە % 30- 40 ى وەكو خۆی نەمێنێتەوەو لەبیریش بكرێ .. ئەمەش بۆ خۆی كارێكی نەرێتی دەكاتە سەر ئایندەیەكی دوورو نزیكی كۆمەڵ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و دوور نییە لێكترازان و دابڕانێكی ئیتیكی كۆمەڵایەتی و خێزانی گەورەی لێبكەوێتەوە كە دووبارە بەرەو هەڵدێرو ناڕۆشناییەكی دیكەی ژیان و گوزەرانێكی خراپ بكەوینەوە . هەر لەم دیدەشەوە دەڵێین كز بوون یا نەمانی ئینتما بۆ خاك و نیشتمان و نەتەوە فەنا بوون و لەناوچوونێكی دیكەى ئەو پەروەردە ناتەندروستەیە كە كۆمەڵى كوردەواری تووشی بووە . (بەڵگەش زۆرە بۆ ئەم ووتەیە ئەگەر پێویست بكات ..) . كەواتە نەوەی پێشوو لە هەوڵ و قوربانیدانێكی بێوچان دا بوونە تا ئەوەی كە بوون و مافی خۆیان بسەپێنن و بچەسپێنن , بەڵام لە پێگەیاندنی نەوەی نوێ دا بۆ دروستكردنی نەوەیەكی خۆ بەخش و خاوەن بڕواو ئینتمایەكی باڵای نیشتمانی نەتەوەیی , لێرەدا دەتوانین بڵێن سەركەوتوو نەبوون و بەڵكو نەوەیەكی ئەنتی داب و نەریت و كلتورو دوێنێی شوڕگێڕی و مێژوویەكی خوێناوی بەرهەم هێنراوە .
ئەو نەوەیەى كە خۆبەختكەرو فیداكارو كوڕانی رۆژە سەخت و پڕ كێشمەكێشەكانی ژیان بوون تا ئەوەی بتوانن كۆمەڵگەیەكی بەختەوەرو دوور لە چەوساندنەوە بێننە دی , لەم رۆژی پاش راپەڕین و ئەوەندە ساڵەى حوكمدارێتی كوردیدا نەتوانراوە لە % 75 یان دەستوری ئەو ژیانە باشەیان بۆ دابین بكرێ كە وەكو خاوەن مافێكی رەوا لە كەش و هەوایەكی جێگیردا ژیانێكی باش بەرنەسەر , بگرە زۆربەیان لە ژیانێكی خوار مامناوەندیدا دەژین , ئەمەش بۆ خۆی كەمتەرخەمی دەسەڵاتی كوردییە لەبەرامبەر ئەو كەسە خۆ نەویست و شۆڕشگێڕانەدا كە دەبوو وانەبایە , لەبەرامبەریشدا %25 كەى كە ماوەتەوە لەژیانێكی زۆر بەرزو رافاهییەتدا دەگوزەرێنن چ خۆیان یا كەس و كاری تەنانەت خزمە پلە دوو سێیەكانیشیان كە ئەگەر بەپێوەری عەدالەت ئەم مقیاسە بپێورێ ئەوا ناعەدالەتییەكی زۆر بەدیدەكرێ كە نەدەبوو ئاوا بێت .
ئەم هەموو هاوكێشە ناسەنگانەی كەداومانەتە بەردیدی پیاهەڵدان و رەخنەو بەكەم سەیركردن و بەرز نرخاندن و ...هتد , سەرجەمیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو مالأ كاولییەى كە كوردو دەسەڵاتی كوردی لەم ماوەی هەژدە ساڵە تیا گوزەری كردووە , دوور نەڕۆین ئەگەر لاپەڕەى دوێنێی نزیك هەڵدەینەوە لەپاش راپەڕین فشارو كارتە سوورەكانی ووڵاتانی دراوسێ و ئەدای ناكامڵی حوكمڕانی نیو بەنیوی كوردی و پاشان شەڕی هەڵبەستراوی نەگریسی ناوخۆ كە لێرەشدا (نەوەیەك بوونە سوتماك و قوربانی ئەو شەڕی خۆ كوژییە) و نەبوونی یەك خیتابی سیاسی كوردی چ لە ناوەو چ لەدەرەوەی هەرێم و لەتبوونی حكومەت بۆ دوو ناوچەی جیای حوكمڕانی سەربەخۆ و ....هتد , هەموو ئەمانە بەسەر یەكەوە بوونە هۆكاری گەورەی دروستكردنی لەمپەر لە ئاستی گەشەی كۆمەلایەتی - سیاسی ئابوری رۆشنبیری و .... هتد , ئەمە تاكو ساڵانی پێش پرۆسەی ئازادی عیراق و پاشان نەمان و فەنا بوونی دەسەڵاتی دیكتاتۆری بەعس لە 9 / 4 / 2003 بەهێزی سەربازی پیادەو دەریایی و ئاسمانی ئەمریكای زلهێزو هاوپەیمانەكانی لە عیراق , كوردستانی ئازادیش وەكو بنكەیەكی گردبوونەوەی زۆربەی ئۆپۆزسیۆنەكانی عیراق و حیزبە كوردیەكان و ناوچەیەكی ئامین بۆ پلاندانانی چۆنیەتی لێدانی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان وەكو كەركوك و موێڵ و خانەقین و دیالە و شوێنەكانی تر . لەپاش پرۆسەى ئازادی عیراق كورد بەحوكمی هەبوونی لە ناوچەكەو ئیسپاتكردنی خۆی وەكو هەرێمێكی فیدراڵی دەكرێ بڵێین خاوەنی دەنگ و سەنگێكی خۆی بوو لە وەسەتی حوكمڕانی عیراقدا . لەپاش یەكەمین هەڵبژاردنی سەرتاسەری لە ساڵى 2005 لە عیراقدا كورد توانی لە ئەنجومەنی نواب دا دەنگی خۆی هەبێ و سەرۆكی كۆمار بۆ كورد بێ و جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كورد و جێگری ئەنجومەنی نواب دووبارە كوردبێ. ئەمانە راستە هەموو دەسكەوتی گەورەبوون بۆ كورد لەسەر ئاستی عیراق و كوردستانیش بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و پێوەتلانەوەی كورد بێ تاكو ئێستاو ئەم ساتەوەختە ئەوەیە كەلەكاتی نوسینی یاساو دەستوری كاتی یاخود لەكاتی نوسینەوەی یاساو دەستوری دائیمی عیراق كە زۆرینەی دەنگی گەلی عیراقی بەدەستهێنا لە مەسەلەى كەركوك و ناوچە كێشەلەسەر بووەكان كە لەم دواییەدا ئەو ناوەیان بەباڵای كەركوك و دیالەو خانەقین و هەندێ شوێنی دیكەدا بڕی نابوایە كورد بەو شێوە پەلەكردنە ئەو ماددە دەستورییەى (كاتی 58) و (هەمیشەیى 140) وابەسانای بەسەردا گوزەری بكردایە , هەر هیچ نا ئەوەی كە راستە ئەم ناوچانە كێشەیان لەسەرە بەڵام واقیع و مێژوو دۆكۆمێنتەكان شتێكی هەق دەڵێن كە ئەم ناوچانە ناوچەی كوردن و لەسنوری جوگرافیای كوردستانیشدان , بەڵام رژێمی نەتەوەپەرستی بەعسی بۆ ئامانج و مەرامێكی سیاسی كۆمەڵێ سیاسەتی چەوتی دەرهەق بەو ناوچانە بەگشتی و كەركوك بەتیبەتی كردووە كە دەبایە ئەوە بەنەزەری ئیعتیبار وەربگیرایەو ئەوسا ئەوەی هاوردەیە با پارە وەرگرێ و بڕوا بەڵام كورد ئەگەر چی لەخاك نیشتمان و شاری خۆی دەریشكراوە بەڵام چاوەڕێی (تەعویز) و شتی لەو جۆرو بابەتە نییە تەنها مەرامی كورد گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆی وبردنە سەری ژیانێكی گونجاوەو هیچی دی . لەپاش ئەمانەش كە زەرەری زۆرمان لەسەرى كردووەو تا ئێستاش بە دەستی ئانقەست و بەبەرنامە بۆ رێژكراو هەر تلاوتل بە ماددەی 140 دەدەن كوردیش لەكەركوك هەڵەیەكی دیكەی زەق و نا راستی پیادەكرد كە ئەویش لەكەركوك دەبایە بەهەموو لایەكمان كوردایەتیمان بكردایەو حزبایەتی و شەڕە پەڕۆمان نەبردایەتە نێو ئەو شارەی كە ناویان لێناوە (المنگقە المتنازعە علیها) لەمەش زەرەری زیاترمان كردو نەمانتوانی ئەدایەكی جوانی كوردایەتی بە شارەكەو ئەو كەمەنەتەوە جیاوازانەی كە لەشارەكەدا لە گەڵماندا دەژین پێشكەش بكەین , جا هەموو گوناهەكە دەكەوێتە ئەستۆی حزبەكان بەگشتی و هەردوو حیزبی سەرەكی بەتایبەتی بۆ كاڵكردنەوەی روحی شۆڕشگێری (هەرچەندە خوانەخواستە هەرچی قەیران و تەنگژەیەكی سیاسی سەربازی دروست بێ ئەوا لە % 80 90 كەمتر نایەنە پێشەوە بۆ ئامادەبوون وەكو بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگریش خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی 28 / 7 / 2008 باشترین بەڵگەی زیندووە لەسەر ئاستی كەركوك و بۆ كوردستانیش ئاوا رەنگبێ رێژەیەكی لەوە كەمتر یا زیاتر ئامادەییان تێدا بێت . جا بۆ نەوەی نوێ كە قسەی زۆرمان لەسەر كەمتر ئامادەیی لەسەر گۆڕەپانی كوردایەتی و بزربوونی هێزێكی لەبن نەهاتووی كۆمەڵی كوردەواری ئەوەندەی پێم دەكرێ دەیگەڕینمەوە بۆ دووبارە خراپ بەكار بردنی ئەدای سیاسی كە حزب تێكەڵی ماڵ و خێزان و حكومەت و تەنانەت رۆژانەی سادەی ژیان بووە كە ئەمیش پەرچەكرداری خراپی لێدەكەوێتەوە وەكو بەچاو دەیبینین , جا هیوادارین بۆ ئەم هەڵبژاردنەى ئایندە كە بڕیارە لە پێش كۆتایی مانگی مایسی 2009 دا لە كوردستان ئەنجام بدرێ , بتوانرێ هەرچى هەڵە و كەم وكوڕییەكانە چاك بكرێ و نەهێڵرێتەوە بۆ كەلەكەبوون و كوردایەتیش دروشمی هەموان بێ بۆ ژیانێكی پڕ رەفاهیەت تر و هێنانە بەرهەمی نەوەیەكی شۆڕشگێری بیرو نیشتمان پەروەر بۆ زیاتر خۆشگوزەرانكردنی خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی زەق و گەورە .. لێرەشەوە دروود دەنێرم بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری و تێكۆشان بەگشتی و شەهیدانی شاری كەركوك بەتایبەتی .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست