ئایا نەوشێروان و گۆڕان فكرى دەوڵەتداریان هەیە؟.
Saturday, 25/09/2010, 12:00
یەكێك لە دیاردە هەرە خراپەكانى باشورى كوردستان حزبایەتى تەسك بووە، هەر حزبایەتى تەسك بووە واى كردووە چى ئەنفالچى و كورد كوژ هەیە ژوورى دیوەخانى لێ بگرن و تا ڕووخانى ئەخلاقى بگاتە ئەو ڕادەیەى ئەوانە واسیتە بۆ پێشمەرگەى كۆن و خاوەن شەهید بكەن، ئەوەتا تاڵەبانى پارێزگارى گەرمیان لەسەر كارەكەى دەهێڵێتەوە كە نیازیان بوو لاى بەرن لەبەر خاترى كۆنە سەرۆك جاشێك كە زانیارى هەیە تا ڕووخانى ڕژێم پەیوەندى مابوو لە گەڵ حزبى بەعسدا. كەچى ئەو پارێزەرە هەموو تەمەنى پێشمەرگە بووەو چەندین جار بریندار بووەو خوا نەیكوشتووە. ئەوە دیوەكەى بارزانى ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نییە لە دیوەكەى تاڵەبانى(لە گەلانى جیهاندا لەوەیە تەنها ملى ئەستورى مرۆڤى كورد ئەمە قەبوڵ بكات).
ئەوەى بەدى دەكرێت لە باشوورى كوردستان ترسى زۆرە لە هەوڵدان بۆ جێگیركردنى شتە باشەكان ئەوەش بەهۆى ئەوەى سیاسەتمەدارەكان نایانەوێت بەهۆى هەر سیاسەتێكەوە كەمترین زیان بكەن، هەر وەك و چاكسازى نەكردن لە كاروبارى كشت وكاڵ نەوەك چەند بەگ و ئاغایەكیان لێ عاجز بێت. وەك و دەڵێن نەوشێروان خاوەنى بیرى مەكتەبى كۆمەڵایەتییە لە شارەكاندا كە ئەم مەكتەبە هیچ سوودێكى نییەو تەنها بارە بەسەر بوجەى گشتییەوە، هەروەها دەڵێن ئەو خاوەن بیرى مەڵبەندەكان بووە لە قەزاكاندا كە ئەوە واى كرد مانگانە بۆ هەر مەڵبەندێك نزیكەى پەنجا ملیۆن دینار خەرج بكرێت كە ئەمەش كارەساتێكە بۆ خۆى(دواى لێبوردنیش لەو بەڕێزە دەكەم ئەگەر وانییە)، ئێستاش دەیانەوێت موچەى چەكدارەكانى كوردستان وەك و بەغدادى لێ بێت كە ئەمە كارێكى گەلێك هەڵەیە، بەڵام ئەوان بۆیە داواى دەكەن بۆ ئەوەى دەنگى ئەو توێژە زۆرە بەدەست بێنن هەرچەندە زۆربەیان دەنگیان بە گۆڕان داوە بە تایبەت ئەوانەى نزیكن لە بەرپرسەكانەوە كە بە چاوى خۆیان ئەو هەموو دزى و گەندەڵى و نەفس نزمییە دەبینن، هەروەها زۆرلابەیان لە لایەن بەرپرسەكانەوە كراونەتە باخەوان و كرێكارو خزمەتكارو....
ئێمە لەگەڵ ئەوەداین سیستەمێكى دادپەروەرانە لە موچەدا لەم هەرێمە پەیڕەو بكرێت ڕەچاوى بارى سیاسى و ئابورى وكۆمەڵایەتى و دەروونى هاوڵاتیان بكرێت هەروەها دووریش لە چاو بدرێت و ئایندە لەبیر نەكرێت، ناكرێتیش بەغداد وەك و نموونە وەربگیرێت لەبەر ئەوەى هەموو شتێك لەوێ ناسروشتییە، لە گەڵ ئەوەداین دەستكارى موچەى هێزە چەكدارەكان بكرێت ئەوەى ئێستا هەیە ناعەدالەتى تێدایە، پۆلیسێك خاوەن دە منداڵ بێت و بیست ساڵ خزمەتى هەبێت موچەكەى ئەوەندەى پۆلیسێكە كە دە ساڵ خزمەتى هەیەو خاوەن ژن و منداڵ نییە، بەڵام هێزە چەكدارەكان توێژێكى زۆرن هەر دەستكارییەك لە موچەكانیان كاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر بازاڕ دەبێت و كار لەسەر ژیانى خانەنشین و كرێكارو پێشەوەران و خاوەن بڕوانامەكان دەكات كە ئەمەش زیان بە ئایندەو بە ژیانى ئابوورى و كۆمەڵایەتى دەگەیەنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست