کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئایا گشت ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن؟

Saturday, 16/09/2017, 23:56


لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا ئەم ڕستەیە داهێنرا کەگشت ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆما، بەمانای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما خاوەن زلهێزترین هەیمەنەت بووە لەو سەردەمەدا،بەتایبەتیش لەڕوی سەربازی و توانا بێ ڕکابەریەکەی لەداگیرکاریەکانیدا. ئیپراتۆریەتی دەوڵەتی ئەمریکایش لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهانەوە بەناڕاستەوخۆ ئەو ڕێگاچارەیەی خستۆتە نێو ستراتیژو هێزو توانا ئابوری و سیاسیەکانیەوە،هەر بەو پێیەیش گشت لایەکی لەدەرەوەی خۆی ناچار کردوە کەیان بچنە ژێر هەیمەنەتیەوە یان دەبێت لایەنی ملکەچ نەکردو چاوەڕێی گۆشەگیر کردن و زەبر وەشاندن بێت ئیتر لەڕووی سەربازیەوە بوبێت یان لەڕێی گۆشەگیر کردنیەوە لەڕوی ئابوری و بازاڕەوە بوبێت.
ململانێی نێوان بلۆکی شورەوی و بلۆکی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەسەدەی ڕابردودا یەکێک بوو لەو ململانێ نێونەتەوەییە زەبەلاحەی کەهیچ شوێنێک نەما لەم سەر زەمینە بتوانێت لەدەرەوی ئەو هاوکێشەیەدا بمێنێتەوە،بەپێچەوانەوە کۆی دەوڵەتەکان دابەش کران لەنێو ئەو دوو جەمسەربەندیەدا،تادواجار بلۆکی شورەوی نەیتوانی لەنێو ململانێکەدا بەردەوام بێت و شکستی هێنا.(گەرچی تائێستایشی لەگەڵدا بێت بلۆکی شورەوی لەسەر سۆسیالیزم کرا بەماڵ و بەشکستەکەیشی وابەجیهان ڕاگەیەنرا کەجیهانبینی سۆسیالیزم بەکەڵکی ژیانی مرۆڤایەتی نایەت و گەر پێچەوانە بوایە ئەوا شکستی نەدەهێنا لەبەردەم هەیمەنەو ستراتیژی بازاڕی ئازادی نیولیبراڵیزمی سیستەمی سەرمایەداریدا.لەڕاستیدا بلۆکی شورەوی بنەماکانی سیستەمێکی سۆسیالیستی نەبردە پێشەوە بەتایبەتیش لەسەردەمی ستالینەوە،هێندەی برەویان بەسەرمایەداری دەوڵەتی دا بەچارەکی ئەوە برەویان بەپێشکەوتن و ئەڵتەرناتیڤی ئابوری سۆسیالیستی نەدا،بۆیە لەدوادەرئەنجامیشدا سەرمایەی دەوڵەتی شکستی هێنا لەبەردەم ستراتیژو هەیمەنەتی بازاڕی ئازدی نیولیبراڵیزمداو دواجار خودی دەوڵەتی نوێی ڕوسیە بوو بەهەڵگری هەمان ستراتیژو ڕێوڕەسمێک کەنیولیبراڵیزمی سەرمایەداری بەشوێنیەوەیەتی)ٚ.
ئایا کۆی ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن؟ بێگومان وەڵام دانەوە بەپرسیارێکی وا،ڕەنگە بەشێوەیەکی قەتعی نەبێت و هەرکەسەو یان هەر لایەو شێوە شرۆڤەیەکی تایبەتی خۆی بۆ بکات.چونکە ئێستاو پێش چەند دەیەی پێش ئێستایش چەندین وڵاتی جیهان لەگەشەکردنی بەردەوامدان لەڕوی ئابوری و سەربازی و داهێنان لەبورای زانست و تەکنەلۆژیا جۆراوجۆرەکاندا،بۆیە ئەو دەوڵەتانەیش بەئەندازەیەک کار لەسەر ئەو ستراتیژە دەکەن کەئاراستەی ڕێگاکە بەرەو واشنتۆن بگۆڕن و هەریەکەو بەپێی توانا گەورەکەی پێی گەیشتوە دەیەوێت ئاراستەی ڕێگاکە بەرەو ماڵەکەی خۆی بێت. لەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت لەواقیعدا ژمارەی گەورە بن،لەچینەوە بیگرە تادەگات بەهیندو ئەوروپاو ڕوسیاو یابان و وڵاتانی دیکەی وەک بەرازیل و مەکسیک،تادەگات بەوڵاتانی وەک ئێران و کۆریای باکور،ڕەنگە وڵاتانی دیکەیش هەبن،ئەمانە بەگشتی کار لەسەر گۆڕانی ڕێگاکە دەکەن کەتائێستا ڕووی لەواشنتۆنە. جائەم دەوڵەتانە کەخۆیشیان دەوڵەتی سەرمایەدارین تائێستا نەیان توانیوە بەتەواوەتی ببنە ئەو ژمارەیەی کەهاوسەنگ بن لەکۆی ئەو بوارە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکا خاوەنیەتی،بۆیە تائێستایش گشت ڕێگا لاوەکیەکان ناچارن لەدوا دەرئەنجامدا بچنەوە سەر ڕێگا ڕاستیەکە کەلەواشنتۆنە.
کۆی ململانێیەک و کێ بەرکێیەک بونی هەیە لەنێو دەوڵەتە جۆراوجۆرەکاندا بەدەر نیە لەکۆی ئەو تێگەیشتنەی کەسیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری هەیەتی بۆ ڕێکخستنی ژیانێکی چینایەتیانە. مێژووی کۆی کۆمەڵگەکان بەدەر نیە لەململانێی مێژووی چینایەتی،ئەم دێڕەی مارکس و ئەنگڵس لەمانیفێستی پارتی کۆمۆنیستدا تائێستایشی لەگەڵدا بێت زانسترین شرۆڤەی واقعیە بۆنێو ژیانی کۆمەڵگەکان. دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکا،کۆی هەیمەنەتێک هەیەتی بەسەر کۆمەڵگەکانی دەرەوەی خۆیدا،بەو ئەندازەیەیش هەمان هەیمەنەتی هەیە بەسەر ژیانوگوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی کرێ وەرگردا لەناو ئەمریکادا،بۆیە هەردەوڵەتێکی سەرمایەداری ببینین بەهەمان شێوەو بەپێی قەبارە ئابوری و سەربازیەکەی کەهەیەتی بەو ئەندازەیەیش ئاوا ئەو دەوڵەتە لەنێو خودی کۆمەڵگەکەدا،هەیمەنەی چینایەتی خۆی سەپاندوە بەسەر زۆرینەی چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکاندا.
لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتی چینی کرێکارداو نائامادە بوونی جیدی لەمەیدانە سیاسیەکەدا لەگشت وڵاتانی جیهاندا،بەئەندازەیەکی گەورە ڕێگاکان لەبەردەم هەیمەنەتی شەریکاتە زەبەلاحە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا کراوەترن و هەرلایەو بەپێی توانایەک کەهەیەتی وێڵە بەشوێن داگیرکاریداو توانەوەی سنوورەکان لەبەردەم خۆیدا. تائێستایشی لەگەڵدا بێت شەریکاتە زەبەلاحەکان کەنوێنەرایەتی دەوڵەتی سەرمایەداری دەکەن،شەریکاتە ئەمریکیەکان خۆیان بەبێ ڕکابەر دەبینن و نایانەوێت بگەنە شوێنێک کەڕکابەرێک ئێستا بوونی هەیە بیانەوێت لەسبەینێدا بەسەریاندا زاڵ بن. لەحاڵەتێکی وایشدا دەوڵەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی پێویستی بەجەنگ و پشێوی هەیە،تالەو ڕێگایەوە ڕێگا کراوەکەی خۆی لەهەیمەنت کردندا بۆ چەند دەیەی ئایندە مسۆگەر بکات. لەو پێناوەیشدا ملی ڕێگایەک گرتویەتی بەر نایەوێت هەروا بەئاسانی لەدەستی بدات.کۆی ئەو جەنگە کاول کاریەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەستی داوەتێ و لەڕێی ململانێی وەکیلەکانیەوە دەبرێتە پێشەوە بۆ گرتنە دەستی زیاتری دەسەڵاتێتی بەسەر ئایندەی ئەو وڵاتانەو هەر لەو ڕێگەیەیشەوە دەیەوێت وەڵامی گشت ڕکابەرە تازەپێگەیشتوەکانی بداتەوە کەئەو تەنها خۆیەتی دەتوانێت ڕابەرایتی جیهان بکات و بڕدنەپێشی هەیمەنەتی سەرمایەداری تەنها لەڕێی ئەمەوە دەتوانێت بەسەرکەوتووی بمێنێتەوە.
کاتێک دەتوانین بەسەرکەوتوویی و شێوازێکی زانستیانە شرۆڤەی ئەو جەنگو کاولکاریانە بکەین کەلەوڵاتانی وەک عێراق و سوریاو یەمەن و ئەفغانستان و چەندانیتری وەک سۆماڵ و باشووری سودان و کێشمەکێشی نێوان کۆریای باکورو لەگەڵ جیهانبینی ئەمریکاداو ململانێی نێوان ڕوسیاو ئەمریکا،لەوێوەیە کەبتوانین بەدروستی لەماناکانی خواست و ئامانجە گشتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.گەر نەمان توانی ئەو دەرهاویشتانە بەشێوازێکی زانستیانە بناسین و نەمان توانی قۆناێک کەتێیدا دەژین بیناسین و ،ئەوا پێدەچێت شرۆڤەکان بەکرچ و کاڵی بمێننەوەو وەک ئەو سەرگێژیەی لێبێت کەبارزانی خەڵکی هەرێمی تێکردوە لەوەی کەدەیەوێت وەک ڕابەرێکی ناسیۆنالیستی پلەیەک دەربکەوێت و وای نیشان بدات کەئەم دەتوانێ سەربکەوێت بەسەر ئەو ستراتیژو خواستانەی کەکۆشکی سپی هەیەتی بۆ هەرێم و عێراق و گشت ناوچەکە. بەڵام لەواقیعدا بارزانی وەک میزەڵدان فوی لەخۆی کردوەو خۆیشی باش دەزانێت پێگەکەی لەکوێدایە،بەڵام لەڕێی شکست و ئەو کۆ مەینەتیەی کەلەگەڵ پارتە هاوەڵەکانیتریدا لەبەرەی کوردایەتی کەلەماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا هێناویانە بەسەر خەڵکی هەرێمدا بشارنەوەو جارێکیتر وانیشان بدەن کەئەمان لەدەرەوەی ئەو کایەو ئامانجانەوەن کەسیستەمی سەرمایەداری جیهان بەشوێنیەوەیەتۍ.
دواجار گەر بارزانی یاریەکەی بەهەرچ شێوازێک بکات،ناتوانێت وابێت کەلەقازانج و بەرژەوەندی گەلی کوردیدا بێت،هێندەی گەمەکەی بەو شێوازە دەبێت کەلەخزمەتی ئەو ڕێگایەدا دەبێت کەڕوی لەواشنتۆنە.
بەداخەوە،لەغیابی بزوتنەوە جەماوەریەکان کەوا خواست و ئامانجیان کوتای هێنانە بەم جەنگەڵستانەی کە سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمی هێناوە،دەکرێت چاوەڕێی ئەو ئایندەیەیش بین کەوڵاتانی ڕۆژهەڵات لەهەرچ ئاڵوگۆڕێکی نوێیدا لەدابەش کردنیەوەبێت یان هاتنی دەوڵەتی بەهێزی نوێیەوە بێت،ئەوا دواجار هیچی لەبەرژەوەندی گەلە زەحمەتکێشەکەی ناشکێتەوە، بۆسەدەیەکیتر دابەش کاریەکە هەروەک ئەوەی پێشو دەبێت کەلەجەنگی یەکەمی جیهاندا کرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە