کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخۆ ئەم جارەیان ئەردۆغان سەرکەوتو دەبێت؟

Wednesday, 29/06/2016, 18:14


ئاخۆ داوای لێبوردنەکەی ئەردۆغان بۆ ڕوسیاو،ئاسای کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێتە هۆکارێک بۆ شکست بەخەباتی گەلی باکورو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان یان ئەو هەنگاوانەی تورکیای ئەردۆغان نیشانەی شکستی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان دەگەیەنێت لەبەرانبەر هەردوو گەلی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆیە ئەم هەنگاوانەی ناوە؟
نەدەوڵەتی ئەمریکای ئیمپریالیزم وە نەدەوڵەتی ڕوسیای ئیمپریالیزم هیچ کات لەخزمەت و بەرژەوەندی گەلانی ژێر دەستەدا نەبوون، بەڵکو هەمیشە کێشمەکێش و ململانێی نێوان ئەو گەلە ژێر دەستانەیان بەکار هێناوە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا. مێژووی ڕابردوی ئەم چەندین ساڵەی ڕابردو شاهیدی ئەو ڕاستیەن.
لەنێو سیاسەتی دەوڵەتانی چەوسێنەر و قازانج پەرستاندا هیچ کات نابێت میلەتانی ژێر دەستەو زەحمەتکێش بڕوا بونیەک دروست بکات لەبەرانبەر بەڵێن و خەندەکانیاندا، بەڵکو ئەوە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوی خودی ئەو گەلانەیە کەدەتوانێت لەسەر ئەرزی واقیع خۆی بسەپێنێت و خودی زلهێزان و دەوڵەتانی چەوسێنەر ناچار بکات کە دان بەبونیدا بنێن.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی خاوەنی ئەلتەرناتیڤێکی دیموکراتی و ئازادیخوازیە لەناوچەی جەنگ گرتودا،وە خاوەنی هێزێکی سەربازی بەهێزیشە کە لەمەیدانی جەنگدا توانای سەرکەوتن و خۆ بەڕێوە بردنی بەهێزی هەیە و وەستاندنەوەی لەبەرانبەر هێزێکی دڕندەی وەک داعشداو شکست پێدانی ئەو هێزە دڕندەیە،بۆخۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم جارە،هیچ سیاسەتێکی چەوسێنەری ناوچەکەو دەرەکیش ناتوانێت شکست بەو شۆڕشە بدات،گەرچی تائێستا ئاستەنگی زۆر زۆری بۆ دروست دەکرێت.
ئەو ملکەچیەی دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعش بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕوسیا،بۆخۆی نیشانەی سەرکەوتنی شۆڕشی باکور و ڕۆژئاوای کوردستانە،کە کارێکی وای کردوە ئەردۆ داعش بەفەرمی داوای لێبوردن بکات لە ڕوسیەو(دیارە لەژێرەوەیش بۆ ئیسرائیلیش هەمان داوای لێبوردنی کردوە). خۆ ئەگەر بهاتبایەو داعش و پرۆژەی داعشیزم لەناوچەکەدا بەرەو داگیرکاری و دەسەڵات بەدەستەوە گرتنی زیاتر بچوایە لەناوچەکەدا،بێگومان ئەو کات ئەردۆغان نەک داوای لێبوردنی دەکرد بەڵکو ئیمپراتۆریەتی خۆی ڕادەگەیاند.
ئەوە نیشانەی دۆڕانی سیاسەتە چەتەیەکانی ئەردۆغان ودەوڵەتە قازانج پەرستیەکەی بوو،وائێستا بەو ڕاشکاویە بەچۆکدا دێت لەبەرانبەر ڕوسیادا. شکستی سیاسەت و هاوپەیمانێتیەکەی لەبەرانبەر دەوڵەتانی ئەوروپایشداو بەکەنار کەوتنی،هێندەی دیکە هۆکارێکن بۆ ئەو داوای لێبوردن کردنە.
دەوڵەتی ئەردۆغان لەنێو قەیرانی ئابوری و سیاسیدایە و هەرچۆنێک و بەهەرچ نرخێک بۆی بڕواتە پێشەوە بۆی گرنگە خۆی و دەوڵەتەکەی ڕزگار بکات لەو گێژاوە سیاسی و ئابوریەی دروستی کردوەو تەنها خۆیشی هۆکاریەتی لە دروست بونیدا.
وەک ئیشارەم پێدا،دەوڵەتانی ئیمپریالیزم هیچ کات دۆستی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و هێزە یەکسانیخواز و پێشکەوتن خوازیەکان نەبون و نایشبن،بەڵام ئەوە هێزو ئیرادەی خۆ ڕێکخراو بوون و سیاسەتی دروستی ئەو چین و گەلە زەحمەتکێشانەیە کە خودی ئەو دەوڵەتانە ناچار دەکەن کە بچنە ژێر دان پێدانانیان و داخوازیەکانیانەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی خاوەنی ئەڵتەرناتیڤی واقعیانەی خۆیەتی و بوونی خۆی سەلماندوە لەنێو کۆمەڵگەکەیداو ناوچەکەیشدا،بۆیە ئەگەرێکی وا نابینرێتەوە تابڵێین ئەم شۆڕشەیش وەک بزوتنەوەکانی کوردایەتی باشور بەرەو بەشودان و شکست پێخواردن دەبرێن.
دەتوانم بڵێم ئەو سەرکەوتنانەی شەڕڤانان لەبەرانبەر داعشداو خەباتی سەرسەختانەی گەلی باکور لەبەرانبەر هێرشە وەحشیەکانی دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعشدا،کارێکی وای کردوە کە لەئایندەدا خودی دەوڵەتی تورکیاو بەناوەندگیری زلهێزان،دیسانەوە دەست ببەن بۆ ڕێکخستنەوەی ناوچەکە و کۆتای هێنان بەجەنگ و دان پێدانانی مافە ڕەواکانی هەردوو گەلی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا.
ئەم وەرچەرخانەی بەڕێوەیە،بۆخۆی وەرچەرخانێکە دەرئەنجامی قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانی خودی زلهێزانی جیهانە. لەم نێوەدا ڕۆژهەڵاتی ناوین ئێستا مەیدانی خۆ خاڵی کردنەوەی قەیرانەکانی زلهێزانی جیهانەو لەبەرنامەیشیاندایە لەبری چارەسەریەکی ئینسانیانە،چارەسەریەکانیان بەبردنە پێشی بازاڕی ئازادو بردنە پێشی دیدی بەکەرتی تایبەتی کردنی کۆی دامودەزگا گشتیەکان،لەم نێوەیشدا نەک چارەسەری بۆ کەم کردنەوەی هەژاری بەدەستەوە نادەن،بەڵکو کارێکی وا تەنها لەبەرژەوەندی شەریکاتە زەبەلاحەکان و چینی بازرگانان تەواو دەبێت.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگری پێچەوانەی ئەو چەمکانەیەو بۆخۆی کار لەسەر کۆتای هێنان بەڕیشەکانی هەژاری دەکات. لەتەواوی ناوچەکەدا،کۆی هێزە سیاسیەکان ملکەچ و پیاوی نمرە یەکن لەبەرانبەر سیاسەت و بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانی زلهێزانی سەرمایەداریدا.بۆیە تەنها ئومێدێک لەم سەردەمەدا هەبێت کە خواستی ڕزگاری واقعیانەی کۆمەڵگەی پێ بێت و کۆمەڵگە دەربهێنێت لەنێو ئەو کەلتورە دواکەوتوی و شێوە بەرهەمهێنانی ڕۆژهەڵاتیانەی دواکەوتویەتی و مل کەچی کردنیەی زۆرینە بۆ کەمینە،ئەوا بەیەقینەوە دەتوانم بڵێم،شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە،نەک هیچ لایەن و پارتێکی تر لەناوچەکەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە