کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەلامارەکانی ئەردۆغان بۆ سەر قەندیل لەپێناو کام ئامانجدایە!

Sunday, 02/08/2015, 2:37


هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتە چەتەکەی ئەردۆ داعش بۆ قەندیلی هێمای بەرگری و ئازادیخوازی، بێ هیچ گومانێک شکستی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان دەگەیەنێت. ئەو پرۆژە دە خاڵیەی ڕێزدار ئاپۆ لەزیندانی ئیمراڵیەوە پێشکەشی کرد بۆ بەکرداری کردنەوەی قۆناخی ئاگربەست و چونەپێشی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، بەشێکی نەتوانینی هەزم کردنی دەوڵەتە فاشیەکەی ئەردۆغان بوو لە نەتوانینی چونە ژێر باری ئەو دە خاڵە. چونکە ناوەڕۆکی ئەو دە خاڵە بەمانای هەڵوەشاندنەوەی کۆی سیستەمی باوی دەگەیاند لەنێو پایەی دەوڵەتدا.
لەلایەکی ترەوە دەرئەنجامی نەهێنانی دەنگی پێویست بۆ پارتەکەی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و چونە پێشی هادەپ، بۆخۆی تەواوی هێز هاوسەنگی سیاسی لاسەنگ بوو بۆ پارتی ئاک پارتی. نیشانەی ئەو دۆڕانە سیاسیە بوو وا ئەردۆغانی توشی ئەو هار بوونە کردوە و تەنها پەلامار دەزانێت و دەناسێت.
پەلاماردانی قەندیل نەک دەبێتە مایەی سەرکەوتن بۆ پارتەکەی ئەردۆغان،بەپێچەوانەوە زیاد لەپێویست مەدی پێکاکای دەچێتە پێشەوە لەنێوخۆی تورکیا و چواردەور و لەنێو نەهجی سیاسی نێودەوڵەتیشدا و بەناچاری دان بەهەقانیەتی پێکاکادا دەنرێت،چونکە ئەوە پێکاکا نەبوو کە پرۆسەی ئاشتی شکست پێدا،بەڵکو تەنها دەوڵەتەکەی ئەرۆغان لێی بەرپرسیارە.
ئێستا دەوڵەتەکەی ئەردۆغان نەیتوانیوە پشتگیری نێو دەوڵەتی و ناوخۆی تورکیاش لەڕوی سیاسیەوە بۆخۆی مسۆگەر بکات لەهێرش کردنی بۆ سەر پێکاکا لەبناری قەندیلدا،ئەو لایەنەی تەنها پشتگیری ئەردۆ داعش دەکات،تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە. پشتگیری سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دەوڵەتەکەی ئەردۆغان و بەمیوان ناونانی پێکاکا لەقەندیلدا، بۆخۆی نیشانەی ئەو پارتەی بارزانی دەگەیەنێت لەخزمەتدان بە پارتە شۆڤێنیە ئیسلام قەومیەکەی ئەردۆ داعش،لێرەدا مەسەلەی نەتەوەیی و کوردایەتی هێندەی تر ڕووی خۆی ڕەش کردوە،چونکە ئەو مەسەلەیە تەنها درۆیەکی گەورەیەو بۆ خۆڵ کردنەچاوی خەڵکی ستەم لێکراوە، ئیتر بەرەی بارزانی لەگەڵ بەرەی ئەردۆ داعشدا خۆیان لەیەک سەنگەردا دەبیننەوە،ئەویش سەنگەری پەلامار و نەتوانینی ڕووبەڕوو بونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەری و، لایەنە سیاسیەکانی تر لەنێو کایەی دابین کردنی ژیان بۆ گشت و جێ چۆڵ کردن بۆ لایەنی دیکەی نێو گۆڕەپانی سیاسی.
ئێستا بۆ ئەردۆغان و بارزانی لەهەر کاتێکی پێشتر زیاتر کەوتونەتە نێو تەنگەتاوی سیاسیەوە و دەرچوون لەو تەنگەتاویە بۆیان بوەتە کارێکی مەحاڵ لەڕێگای ئاشتیەوە،بۆیە پەنا دەبەن بۆ نانەوەی گێژاوی سیاسی و پەلکێش کردنی کۆمەڵگا بۆنێو کایەی جەنگ. دیارە لەم نێوەدا بۆئەوانی دەسەڵاتدار، بەتایبەتیش پارتەکەی ئەردۆ داعش،بردنە پێشی مەدی شۆڤێنیستی قەومی و دینی بۆی بەسودە تا دەگات بەڕەگەز پەرستی ناسیۆنالیستیانە لەنێو خەڵکی تورک زمان و کورد زماندا. بەڵام بەهەرچ لێکدانەوەیەک پێ ناچێت ئەو مەدە ڕاسیستیە وەک سەردەمانی پێشوو جێگای خۆی بگرێت لەنێو کۆمەڵگادا، چونکە لەتورکیادا بەرەی ناڕازی و بەرەی چەپ لەنێو خودی تورکیادا هەنگاوێک چوتە پێشەوە،لەحاڵێکی واشدا دەکرێت چاوەڕێی هەڵوێستی ئەو بەرەیە بین دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆ داعش.
ئەردۆغان و بارزانی هەردوکیان لەنێو شکستدا ژیان دەگوزەرێنن لەبەرانبەر سەرکەوتنی هادەپ و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تا دەگات بەو جەختەی لەنێو خۆی هەرێمیشدا بوونی هەیە لەسەر بارزانی،قەیرانی بێ کاری و نەبوونی پێداویستیە حەیاتیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەشێکی دیکەی نێو ئەو هەلومەرجەن کەوا دەکات ئەو دوو سەرۆکە کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەی جەنگ ببەن.
هەلومەرجی ئێستای دەوڵەتەکەی ئەردۆغان و مەسەلەی سەرۆکایەتیەکەی بەرزانیش لەهەرێمدا هاوشێوەن و هەردولایان لە شکستدان و لەبنەڕەتیشدا هیچ کامیان کورسی سەرۆکایەتیەکەیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا نیە بەو ئەندازەی کە ئەو مانەوە و کورسیەیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و چینایەتیەکانیانە. چونکە مێژووی ئەو جۆرە پارت و دەسەڵاتانە هەمیشە خۆسەپێنەر و دیکتاتۆریەت بوە. بۆیە دەکرێت مرۆڤ بەئاسانی لەسیناریۆ ڕەش و دڕندایەتیەکانیان تێبگات.
ئایندەی ناوچەکە ئێستا لەبەردەم دوو سیناریۆدایە؛ یەکیان سیناریۆی ڕەشی دەسەڵاتی حاکمە کە جەنگ و قەیران پەرچەمەکەیەتی،؛ ئەوی دووەمیان سیناریۆی هاتنە مەیدان و بەرپەرچ دانەوەی پلانەکانی دەسەڵاتی حاکمە لە تورکیا و هەرێمدا.چونەپێشی مەدی ئازادیخوازانەی بەرەی پێکاکا و بەرەی چەپ لە ناوچەکەدا،دەتوانێت وەڵامێکی دروست و بەقازانجی بەرژەوەندی گشتی بێتەوە دژی کۆی بەرەی ئەردۆ داعشیەکان. چونکە تەنها ئومێدێک هەبێت لە ناوچەکەدا و کۆمەڵگا ڕزگار بکات لەبەردەم ئەو سیناریۆ ڕەشەدا،تەنها ئەم بەرەی دووەمەیە، نەک خەڵەتاندنی کۆمەڵگا لەلایەن بەرەی ڕەشی حاکمانی دەرەبەگ ـبۆرژوای ناوچەکە،کەخواستی تەنها درژێژە پێدانی هێنانی جەنگ و بێکاری و نانەوەی ئاژاوەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە