له‌هه‌ر کوێدا دادگایی‌کردنی ئاشکرا نه‌بوو، له‌وێدا دادپه‌روه‌ریی نییه
Wednesday, 22/08/2012, 12:00
ئێمه که له خواره‌وه ئیمزامان کردووه، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه هاوبه‌شه‌وه سه‌رکۆنه‌ی توندی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ ده‌ستگیرکردنی کارمه‌ندی ئاسایش و ڕۆژنامه‌نووس کارزان که‌ریم له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی گشتییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که له‌سه‌ر ناڕێکیی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی شوێنی کاره‌که‌ی خۆی له سایتی کوردستانپۆستدا بڵاویکردۆته‌وه. ئێمه جگه له‌و هۆکاره هیچ هۆکارێکی تر بۆ ده‌ستگیرکردنی نابینین، وه ئه‌وه‌ی که ئاوا دۆزه‌که دوای نۆ مانگ هێشتاش به نهێنیی ڕاگیراوه و به‌دوور له ڕای خه‌ڵک له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کان و ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به وورده‌کاریی دۆسییه‌که، له زینداندا سزا ده‌درێت، ئه‌مه واده‌کات که له سبه‌ی ڕۆژدا هه‌ر تۆمه‌تێکی تری بخرێته پاڵ جێگه‌ی بڕوای ئێمه نه‌بێت و وه‌ک تۆمهتههڵبهستنی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ چاوترساندن و سزادانی ڕه‌خنه‌گرانی خۆیان چاوی لێ بکه‌ین. هه‌روه‌ها ئێمه به نیگه‌رانییه‌کی زۆره‌وه ده‌ڕوانینه هه‌واڵی ئه‌شکه‌نجه‌دانی، وه ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌یوه‌ندداری هه‌رێم ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه که ئه‌شکه‌نجه‌دان شکاندنی ئه‌و په‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییانه که وڵاتی عێراقیش خۆی پێوه پابه‌ند کردووه و کارێکی وا، دره‌نگ یان زوو، به‌رپرسان ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاساییان ده‌کاته‌وه.
ئێمه پێمانوایه که ئه‌و جۆره ڕاپۆرتدانهی کارزان که‌ریم ده‌ستی بۆ بردووه نابێت سزای هه‌بێت، وه ئه‌وه به موبالهغهپێکردنێکی ناواقیعیی و غهرهزداری پارتی دیموکراتی کوردستان و ده‌زگای ئاسایش ده‌زانین که ده‌ڵێن گوایه ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی کارزان که‌ریم کارکردی سه‌لبیی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بووه و ده‌بێت. ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له فه‌زای گشتیی‌دا به به‌ڵگه‌ی قهناعهتپێکهرهوه پاکانه‌ی ئه‌مه بکات که ئایا چۆن کارکردێکی سه‌لبیی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و ده‌بێت هەموو بەڵگەکان کە ئاسایش بۆ سه‌لماندنی یاساشکێنیی تۆمەتبار هەیەتی، لەبەردەستی خەڵکیشدا بن. ئه‌مه پره‌نسیپێکی گرنگی دادگایی‌کردنی ئاشکرایه، وه ئه‌وه هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاته بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک کاتێک ده‌ڵێت که ڕۆژی دادگاییکردنه‌که‌ی ئاشکرا ده‌بێت و گوایه پره‌نسیپی دادگایی‌کردنی ئاشکراش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه.
ئەوە تەنها داواکاری گشتیی و پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگریی و دادوەرەکانی دادگا نین کە بتوانن له‌ناو ژووره داخراوه‌کانی بیرۆکراتییه‌ت و هۆڵه‌کانی دادگادا گومان یان قەناعەتیان هەبێت کە ئەو کەسە تاوانبارە و به‌و جۆره سزای بده‌ن. له‌هه‌ر کوێدا دادگایی‌کردنی ئاشکرا نه‌بوو، له‌وێدا دادپه‌روه‌ریی نییه. به‌تایبه‌ت له کوردستانێکدا که دادگاکان ڕۆژ نییه له‌ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئیهانه و بێحیساب نه‌کرێن.
ڕاپۆرتنووسینی کارزان که‌ریم له‌سه‌ر ناڕێکییه‌کانی ناو شوێنی کاره‌که‌ی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی هاوڵاتییه‌که بۆ سنووردانانێک له‌م بهدئیستیفادهیهی ده‌سه‌ڵاتداران له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆیان. ئه‌وه‌ی کارزان که‌ریم کردوویه‌تی ته‌نانه‌ت شکاندنی نهێنیی کاریش نییه چونکه پره‌نسیپی نهێنیی کار بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵی گه‌نده‌ڵییانه نییه که ته‌نها له‌ڕێگه‌ی گه‌یشتنیان به‌گوێی خه‌ڵک مومکینه سنووریان بۆ دانرێت. که‌یسی کارزان که‌ریم ده‌بێت له‌م سیاقه‌دا لێک بدرێته‌وه و هه‌ر هه‌وڵێکی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سزادانی له‌سه‌ر ئه‌م دڵسۆزیینواندنهی، به‌لای ئێمه هه‌وڵێکه بۆ به‌دئیستیفاده له ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت بۆ داکۆکیی له گه‌نده‌ڵیی و گه‌نده‌ڵکاران.
بۆیه ئێمه لێره‌دا داوا ده‌که‌ین:
1. کارزان که‌ریم ده‌ستبه‌جێ ئازاد بکرێت، ڕه‌د ئیعتیباری بۆ بکرێت وقه‌ره‌بووی ئه‌و زیانه مادیی و مه‌عنه‌وییانه‌ی بۆ بکرێته‌وه که لێی که‌وتووه.
2. لێکۆڵینه‌وه‌ی جێگه‌ی باوه‌ڕ بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دانی بکرێت و به‌رپرسه ڕاسته‌وخۆکان و ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی له پشت ئه‌مری ئهشکهنجهدانییهوهن، ئیجرائاتی یاساییان له‌گه‌ڵدا بکرێت.
3. ئه‌گه‌ر ده‌زگای ئاسایش هه‌ر تۆمه‌تێکی به‌رامبه‌ر کارزان که‌ریم هه‌یه، له فه‌زای گشتیی‌دا ڕایبگه‌یه‌نێت و به‌ڵگه و ئارگیومێنتی قه‌ناعه‌تپێکه‌ری خۆی له‌سه‌ر تۆمه‌تباریی ئه‌و بخاته به‌رچاوی ڕای گشتیی.
4. له حاڵه‌تی واشدا ئێمه هیچ زه‌روره‌تێک بۆ هێشتنه‌وه‌ی کارزان که‌ریم له ته‌وقیفدا نابینین تا ڕۆژی دادگایی‌کردنی. زه‌روره‌تی هێشتنه‌وه‌ی له ته‌وقیفدا ده‌بێت له دادگایه‌کی عهلهنییدا به‌به‌رچاوی خه‌ڵک و ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه دادوه‌رێک بتوانێت به‌ڵگه‌ی قه‌ناعه‌تپێکه‌ری بۆ بهێنێته‌وه.
5. له حاڵه‌تی هێشتنه‌وه‌یدا له ته‌وقیف، ده‌بێت له زیندانێکدا دابنرێت که ستاندارده‌کانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانی بۆ زیندان تیا بێت، ده‌بێت سه‌ردانی هه‌بێت و میدیاکانیش بتوانن چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ساز بده‌ن تا بتوانێت له‌وێوه ڕای خۆی له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کان بگه‌یه‌نێته ڕای گشتیی.
نههاتنهژێرباری هه‌ر داواکارییه‌ک له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ ئێمه، سووربوونی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر گه‌نده‌ڵیی و له سه‌ر سه‌رکوتگه‌ریی ده‌گه‌یه‌نێت.
ناوەکان:
کەمپینی ئازادی بۆ کارزان کەریم
گروپی ١٧ شوبات / ستۆکهۆلم
کۆمیتەی سوێدی جاودیری کوردۆساید /چاک
کۆمەلەی گەلی کوردستان/ سوێد
ماڵپەری مالاما (کرمانجی)
کۆمه‌ڵه‌ی گه‌رمیان له یۆتۆبۆری/ سوید
کۆمه‌ڵه‌ی سکۆنه کورد له مالمۆ
کۆمه‌ڵه‌ی کلتوری کوردستان له یۆتۆبۆری
کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی کورد له سوید
گه‌نجانی کورد له سوید
کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌له لە سکۆنە سوید
کۆمەڵەی رەوەندی کوردی لەئۆریبرۆ/ سوێد
مالپەڕی مالمۆ کورد
په‌یجی ئازاری گه‌ل له سه‌ر تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک
دەزگای راگەیاندنی هاوپشتی / سوێد
٢٠١٢/٠٨/٢٢
ئمێل
[email protected] تەلەفۆن ٠٠٤٦٧٣٥٣٦٦٧٥٧
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست