کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود عه‌بدوالخالق - سه‌رۆكی ده‌زگای (ستانده‌ر) :سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان تاله‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان بوون سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یا�

Monday, 05/04/2010, 12:00


مه‌سعود عه‌بدوالخالق چاودێری سیاسی و سه‌رۆكی ده‌زگای (ستانده‌ر) بۆ راگه‌یاندن له‌ دیدارێكی‌ تایبه‌ت به ‌(ئیسلام په‌یك) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراق كورد زه‌ره‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ بووه‌ به‌تایبه‌تی‌ یه‌كێتی‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ ستراتیژیه‌كه‌ی‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌، چونكه‌ پارتی‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ مام جه‌لاله‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌، هه‌روه‌ك ده‌شڵێت:سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان تاله‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان بوون سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یان مسۆگه‌ركرد، به‌ڵام كه‌ ماڵیان گواسته‌وه‌ ناو هاوپه‌یمانی‌ شكستیان هێناو ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وانه‌ حه‌ل بكرێن، ناوبراو هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات یه‌كێتی‌ حكومه‌ت ته‌سلیم به‌پارتی‌ بكاته‌وه‌ و بێته‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن باشتره‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ به‌قانوونی‌ یه‌كێتی‌ فرێبداته‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌كارته‌كانی‌ سیاسی‌ و جه‌ما‌وه‌ری‌ و قانوونی‌ هه‌مووی‌ له‌به‌ر ده‌ستی‌ یه‌كێتی‌ سووتاوه‌، راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر مام جه‌لال ببێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌ به‌ته‌ئكید حكومه‌ت له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ده‌سێنرێته‌وه‌و له‌به‌غدا پۆستێكی‌ پێده‌درێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ تائێستا نێچیرڤان بارزانی‌ هیچ پۆستێكی‌ له‌ناو پارتی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، چونكه‌ دڵنیایه‌ جارێكی‌ تر ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ئه‌و چاودێره‌ ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌:پارتیش بۆته‌ حیزبێكی‌ لۆكاڵی‌ و پاڵێوراوه‌ بۆ شكست له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ به‌نیازه‌ چاكسازێكی‌ گشتیی‌ بكات له‌ناو رێزه‌كانی‌ پارتی‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا، ناوبراو وتیشی‌:ئه‌گه‌ر هاتوو مادده‌ی‌ 140 و كێشه‌كانی‌ تر هاتنه‌ پاڵ مام جه‌لال و بڵێن كام لاتان ده‌وێت هه‌ڵبه‌ته‌ نابێت ئه‌و كاته‌ سه‌رۆك كۆمارمان بوێت، چونكه‌ سه‌رۆك كۆمار به‌و شكسته‌ی‌(ی‌ ن ك)و په‌یوه‌ندیه‌ خراپه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ل ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردی‌ هیچی‌ پێناكرێت و پێشووتریش تاڵه‌بانی‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هیچی‌ وای‌ پێنه‌كراوه‌، ناوبراو ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات:پارتی‌ بۆیه‌ زۆر ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌مام جه‌لال ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك كۆمار، چونكه‌ پارتی‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر مام جه‌لال له‌كوردستان بێت كێشه‌ و ئاژاوه‌ی‌ بۆ دروست ده‌كات بۆیه‌ ده‌یه‌وێت تاڵه‌بانی‌ له‌كوردستان دوری‌ بخاته‌وه‌ به‌هه‌ر جۆرێك بێت و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بخاته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌.

هه‌رته‌لی‌:خوێندنه‌وه‌ی‌ جه‌نابت بۆ هه‌ڵبژاردانه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ عێراق چیه‌ كه‌ له‌7/3 به‌رێوه‌چوو، وه‌ك ده‌بینرێت كورد دۆڕاوی‌ گه‌وره‌یه‌ و له‌ نێوانیشیان یه‌كێتی‌؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ كۆمه‌ڵێك گۆرانكاری‌ نویێ‌ زۆر گه‌وره‌ هاته‌ دی، له‌پێشدا له‌كوردستاندا ده‌نگی‌ هاوپه‌یمانی‌ هاته‌خوارێ‌ له‌(53)كورسی‌ بۆ(43)كورسی‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراقیش به‌راوردێكی‌ زۆر ئاسان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین پیشانی‌ بده‌ین كه‌كورد شكستی‌ هێناوه‌ به‌ ژماره‌: ئه‌گه‌ر به‌وردی‌ لێكیبده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین سێ‌ پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی له‌ عیراق هه‌یه‌، دوو پێكهاته‌(سوننه‌ و كورد)یه‌كسانن رێژه‌یان وه‌كو یه‌كه‌ له‌ 22% تا25%ی‌ عێراق پێكده‌هێنن،كه‌چی‌ له‌ناو سوننه‌ لیستی‌ عێراقییه‌(91)كورسی‌ هێناوه‌، به‌ڵام به‌هه‌مان رێژه‌ كورد(43)كورسی‌ هێناوه‌، كه‌واته‌ گه‌وره‌ترین دۆڕاو له‌عێراق كورده‌ ئه‌وه‌ شتێكی‌ روونه‌، تائێستا ئه‌و حیسابه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كان و رۆژنامه‌كان و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن پاڵپشتی‌ نه‌كراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ئاوا به‌ ڕێژه‌ی‌ پێكهاته‌ ئاشكرا بكرێت كێ‌ دۆراوی‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌كورده‌، هۆیه‌كه‌شی‌ خراپی‌ ئه‌دای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیه‌ كه‌چه‌ند جاره‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌دۆرێت، ئه‌وه‌ی‌ كه‌زیاتریش دۆراوی‌ پێوه‌ دیاره‌ ناوچه‌ دابراوه‌كانه‌، جاری‌ یه‌كه‌م له‌موسڵ(18)كورسی‌ دۆران، ئه‌و جاره‌ش(4)چوار كورسی‌ تر دۆراوه‌، له‌دیاله‌ زیاتر دۆراوه‌و له‌كه‌ركوكیش دۆڕاوه‌، له‌ناو دۆراوه‌كانی‌ كوردستانیش یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان زۆر ترسناكتر دۆڕاوه‌ به‌رامبه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ نزیكه‌ی‌ نیو سه‌ده‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كترن تا ئێستا یه‌كه‌م جاره‌ به‌و شێوه‌یه‌ بدۆرێت، له‌مه‌یدانی‌ جه‌نگدا جار وابووه‌ پارتی‌ و جاری‌ واش هه‌بووه‌ یه‌كێتی‌ زاڵ بووه‌، به‌ڵام وه‌كو شه‌رعیه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كه‌م جاره‌ یه‌كێتی‌ به‌رامبه‌ر پارتی‌ ده‌دۆرێت كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێ‌ ده‌نگه‌كان پارتی‌ به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، به‌گه‌شتی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ ئاوابووه‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ حیزبه‌ بچووكه‌كانیش ئه‌و(11)حیزبه‌ش كه‌ هاوپه‌یمانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌(یه‌كێتی‌ و پارتی‌)بوون شكستیان هێناو و ده‌ركه‌وت هه‌ر كه‌سێك نزیك ده‌سه‌ڵات بكه‌وێت چۆن به‌خۆیان شكست ده‌هێنن خه‌ڵكی‌ ده‌وروبه‌ریشیان شكست ده‌هێنێ، پێشتر حیزبی‌ سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كرد سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا، هه‌ر ماڵیان گواسته‌وه‌ ناو هاوپه‌یمانی‌ ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وانه‌ هه‌ر(11)حیزبه‌كه‌ حه‌ل بكرێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگێكی‌ وایان نه‌هێناوه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێن لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ تریش وه‌كو یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ده‌نگێكی‌ وایان نه‌هێناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌هه‌ردووكیان(6)كورسیان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌تا(10)كورسیشیان هێنابا هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌(20)ساڵه‌ ئه‌وانه‌ كار ده‌كه‌ن و به‌و (20)ساڵه‌ش ئه‌و چه‌ند كورسیه‌ زۆر كه‌مه‌، تاكی‌ كوردی‌ ده‌بێت(20-30)ساڵی‌ تر چاوه‌رێ‌ بكات تائه‌وانه‌ ده‌بنه‌(10-15)كورسی‌،كه‌واته‌ به‌رامبه‌ر به‌وكاته‌ی‌ به‌شكست حیسابه‌ نه‌ك به‌سه‌ركه‌وتن، بۆیه‌ پێویسته‌ بیر له‌ شێوه‌و میكانیزم وجۆره‌ فۆرمێكی‌ تر له‌ ئیش كردن بكه‌نه‌وه‌ و بیدۆزنه‌وه‌.

هه‌رته‌لی‌ :كێ‌ ده‌ڵێ‌ ئێمه‌ سه‌ركه‌وتووین؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:ئه‌وه‌ی‌ ده‌ڵێت من سه‌ركه‌وتووم دوو سێ‌ لان، یه‌كێكیان یه‌كێتی‌ نیشتیمانییه‌ ئاهه‌نگی‌ گێرا به‌بۆنه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن كه‌ئه‌وه‌ زۆر مه‌ترسی‌ داره‌، تاراده‌ێكیش كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ ده‌ڵێت من سه‌ركه‌وتووم، سه‌ركه‌وتن به‌مانای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ نییه‌ چاكسازی‌ بكا ئومێد ناداته‌ تاك بڵێت من شكستم هێناوه‌،ئه‌گه‌ر وتی‌ شكستم هێناوه‌ لایه‌نگرانی‌ ئومێدی‌ ده‌بێت و ده‌ڵێت دیاره‌ گۆرانكاری‌ ده‌كات و ئیتر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ حیزبی‌ ئیسلامیی‌ وتی‌:ئێمه‌ شكستمان هێناوه‌، ته‌نانه‌ت پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌شی‌ به‌ ده‌ست هێناوه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ سه‌ركه‌توو نین و چاكسازی‌ ده‌كه‌ین، گۆران تاراده‌یه‌ك له‌نێوان سه‌ركه‌وتن و شكست دایه‌ ئه‌ویش ده‌ڵێت من گۆرانكاری‌ گه‌وره‌تر ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ واچاكه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌كۆمه‌ڵ و یه‌كێتی‌ بڵێن ئێمه‌ شكستمان هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ بكه‌ن و خۆیان قایم بكه‌نه‌وه‌ تاكو له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌كورتی‌ شكستی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ كه‌ یه‌كێتیه‌ گۆرانكاری‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر پشتی‌ ئه‌و روو ده‌دات له‌كوردستان مادام به‌ خۆی‌ گۆڕانكاری‌ ناكات.

هه‌رته‌لی‌:پێیتواییه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ رێكه‌وتنامه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كه‌ خۆیان به‌ستراتیژی‌ ناوی‌ ده‌نێن هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ ئاماژه‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و پارتیش به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ هه‌ڵوێستی‌ زۆر گۆراوه‌ و به‌رده‌وامیش پارتی‌ ده‌ڵێت:ئێمه‌ رێكه‌وتتنامه‌مان له‌گه‌ڵ مام جه‌لاله‌ نه‌ك یه‌كێتی‌.

مه‌سعود عه‌بدولخالق:ئاماژه‌ گه‌وره‌كانی‌ سه‌ره‌كی‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ نامێنێت، یه‌كه‌م:پێش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن ببێت پارتی‌ لابه‌لا ده‌یگوت ئه‌و(29)به‌(29)یه‌ ئه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ هی‌ ئێمه‌ بوون یه‌كێتی‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی‌ نه‌مابوو، ته‌نانه‌ت باسی‌ ئه‌وه‌یان ده‌كرد و ده‌یانگووت:یه‌كێتی‌(8-12)كورسی‌ هه‌بووه‌، بۆچوونه‌كه‌شیان تاراده‌یه‌ك ده‌رچوو له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ركه‌وت هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی‌ هه‌وڵی‌ دا ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ پارتی‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، به‌ڵام شكستیان هێناو ته‌نها(12)كورسێكیان هێناوه‌و هه‌ندێكیشیان له‌رێگه‌ی‌ كۆتا به‌ده‌ستكه‌تووه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ به‌شێك له‌ پارتی‌ كه‌ ده‌یگوت:حكومه‌تیان ناده‌ینێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورسییه‌كانیان كه‌مه‌ ده‌ركه‌وت ئێستا ڕاست ده‌رچوو وكه‌وتنه‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی‌ پارتی‌، (پ د ك) ته‌نها پابه‌ندی‌ یه‌ك شت ده‌بێت ئه‌ویش رێكه‌وتنی‌ نێوان خودی‌ كاك مه‌سعود و مام جه‌لاله‌، كه‌ سه‌رۆك كۆماربیت له‌به‌غداو و كاك مه‌سعودیش سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێت، باقیه‌كه‌ی‌ تر ده‌ڵێن كاتی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ ئه‌وه‌ رێكه‌وتنمان كردووه‌ كه‌ هه‌ر دووكمان نێوه‌ به‌نیوه‌ یبووین، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی‌ داكه‌لاوه‌و جه‌ماوه‌ری‌ نه‌ماوه‌و زۆر زۆر كه‌م بووه‌، بۆیه‌ پارتی‌ ده‌ڵێت:ئێمه‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ماجه‌لاله‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌،ئه‌وه‌ش مانای‌ سیاسی‌ ویاسایی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، ئاماژه‌ی‌ تریش كه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ تێكده‌چێت هه‌تا ئێستا كاك نێچیرڤان بارزانی‌ هیچ پۆستێكی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، وه‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ تری‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌تاوه‌كو ئێستا بودجه‌كه‌ راگیراوه‌و په‌سندنه‌كراوه‌.

هه‌رته‌لی‌: هۆكاری‌ په‌سندنه‌كردنی‌ بودجه‌ به‌رای‌ تۆ بۆچی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:هۆكاره‌كه‌ی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ یاساییه‌ی‌ ڕوو له‌ حكومه‌تی‌ د به‌رهه‌م ده‌كات، به‌كورتی‌ ئه‌وه‌یه‌:كاتی‌ خۆی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسێك رێكه‌وتن كه‌ بودجه‌كه‌ دابه‌شی‌ بكه‌ن(50)به‌(50)كورسی‌ بێنن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام پارتی‌ ئێستا سێ‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ یه‌كێتی‌ كورسی‌ هێناوه‌، بۆیه‌ پارتی‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ فۆرمات بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ خۆی‌(سێیه‌ك)، به‌پێی‌ ئه‌و كورسیانه‌ی‌ كه‌ هێناویه‌تی‌ به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت وئیداره‌و بودجه‌..، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی‌ تر و ئه‌وه‌ی‌ له‌گوڵان له‌و ماوه‌یه‌ نوسرا له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌م و ئه‌و وتاره‌ی‌ پێشوتری‌ كاك سامی‌ شۆرش و ئه‌وه‌ی‌ له‌ زۆر لای‌ تر هه‌یه‌، نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌پارتی‌ به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌(نیوه‌ به‌ نیوه‌) له‌یه‌كێتی‌ ده‌سێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستگۆری‌ ده‌سه‌ڵات وسه‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ دیموكراسی‌ ئاساییه‌.

هه‌رته‌لی‌: پێتوانیه‌ یه‌كێتی‌ حكومه‌ت ته‌سلیم به‌پارتی‌ بكاته‌وه‌ و بێته‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن باشتره‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ به‌قانوونی‌ یه‌كێتی‌ فرێبداته‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن.

مه‌سعود عه‌بدولخالق:ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر گرنگه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ وای‌ به‌سه‌ر بێت له‌ئێستاوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ كه‌مه‌ و نیسابی‌ قانوونیشی‌ پێناێت، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ تریش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خۆشه‌ی‌ نییه‌، كارته‌كانی‌ سیاسی‌ و جه‌ماره‌وری‌ و قانوونی‌ هه‌مووی‌ له‌به‌ر ده‌ستی‌ سووتاوه‌، هه‌ندێكی‌ به‌خۆی‌ سوتاندوه‌و هه‌ندێكیشی‌ بارودۆخ سوتاندویه‌تی‌، له‌و ساته‌ كه‌س نیه‌ حكومه‌ت له‌گه‌ل كوتله‌ی‌ كه‌سێك پێك بهێنێ‌، بۆیه‌ واچاكه‌ یه‌كێتی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ئاسانی‌ ته‌سلیمی‌ پارتی‌ بكاته‌وه‌ و بڵێت ئێوه‌ حكومران بن ئه‌و چوار ساڵه‌ و من ده‌چمه‌ رێزی‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وكاته‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ راسته‌قینه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ راسته‌قینه‌ش دروست ده‌بێت، تا ئه‌و هه‌موو غموزه‌ی‌ پێوه‌ی‌ دیاره‌ كۆتایی‌ بێت، نازانرێت خه‌تای‌ چیه‌ و له‌به‌رچی‌ ده‌سه‌ڵات نابێته‌ ده‌سه‌ڵات، یاسا نابێته‌ یاسا، پێشمه‌رگه‌ نابێته‌ پێشمه‌رگه‌، ئاسایش نابێته‌ ئاسایش، هه‌مووی‌ دوو دووه‌، هه‌تا له‌كه‌ركوكیش هه‌موو شته‌كان دوو دوون و شه‌قام هه‌یه‌ سێ‌ ناوێ‌ لێیه‌، واته‌ كۆتایی‌ به‌و وه‌زعومه‌ینه‌تیه‌ی‌ كورد دێت، بۆیه‌ واچاكه‌ یه‌كێتی‌ بكشێته‌وه‌و پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار بێت، ره‌نگه‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ ره‌ئی‌ تر هه‌بێت بڵێت بۆ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بین پارتی‌ نه‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

هه‌رته‌لی‌:ئایا كێ‌ له‌و نێوانه‌ براوه‌یه‌ و ده‌توانێ‌ كارته‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ به‌كاربهێنێت؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:له‌و ده‌مه‌ كۆتایی‌ هاتووه‌ پارتی‌ سه‌ركه‌وتووه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ هه‌م له‌ كورسی‌ هه‌م له‌ دیپلۆماسی‌ و په‌یوه‌ندی‌، ده‌مێنێت یه‌ك شت كارتێكی‌ گرنگ هه‌یه‌، چونكه‌ پارتی‌(29)كورسی‌ و یه‌كێتیش (29)كورسی‌ هه‌یه‌ هیچ لایه‌ك به‌ته‌نها حكومه‌تیان پێی‌ پێك ناێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ تر، كه‌واته‌ كارتی‌ سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ كێ‌ كوتله‌ی‌ دووه‌مه‌ ئه‌ویش گۆرانه‌ یان ئۆپۆزسیۆنه‌ به‌گشتی‌، ره‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆن مه‌فهومێكی‌ چاكتر بێت، له‌و روه‌ یه‌كێتی‌ ئه‌و كارته‌ی‌ له‌ده‌ست خۆی‌ سوتاندوه‌ له‌و ماوه‌یه‌ گه‌وره‌ترین شه‌ری‌ له‌گه‌ڵ گۆران كردو په‌یوه‌ندی‌ گه‌یانده‌ راده‌یه‌ك گه‌رانه‌وه‌ی‌ نه‌بێت، به‌لای‌ كه‌م دوو سێ‌ ساڵی‌ تری‌ پێده‌چێت هه‌تا ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ وه‌كو جارانی‌ لێدێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و كارته‌ له‌ ده‌ست پارتیه‌ تابتوانێت حكومه‌ت پێك بێنێت، بۆیه‌ زۆر زۆر ئاساییه‌ ئۆپۆزسیۆن رۆڵكێكی‌ گرنگ ببین، مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ بچنه‌ ناو حكومه‌ت، كاتێك قه‌یرانێك روو له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات ده‌بێته‌ ده‌نگدان و ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ لێك ده‌بنه‌وه‌ له‌هه‌موو دونیا ئه‌و شتانه‌ زۆر ئاسایه‌، جاروایه‌ ناگه‌نه‌ خاڵێك لێك ده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ خۆیان له‌په‌رله‌مان عه‌رز ده‌كه‌ن، وا پێده‌چی‌ له‌كوردستانیش ماوه‌یه‌كی‌ تر وا ڕووبدا ده‌بینی‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ ده‌نگ ده‌هێنێت و یه‌كێتی‌ ده‌نگ ناهێنێت به‌هۆی‌ خراپی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ بوێت، به‌ره‌ئێ‌ من (ئه‌وه‌مه‌علومات نییه‌ ته‌حلیله‌)، پارتی‌ چۆن بۆ یه‌كێتی‌ زانایان ئیشی‌ كردو ئاوا سه‌ركه‌وتووبوو، هه‌روه‌ها چۆن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراق كاری‌ كردو واسه‌ركه‌وتوو بوو پێیموایه‌ له‌و باره‌ش پارتی‌ كاری‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ‌ به‌ئاسانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مسۆگه‌ر بكات، له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ قووڵه‌ منیش وه‌ك تۆ ده‌ڵێم با یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن و خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌و جارێكی‌ تر خۆی‌ فۆرمات بكاته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ باشبكات و به‌هه‌ڵه‌كانی‌ دا بچێته‌وه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ تاخوار، ره‌نگه‌ بۆ داهاتوو خۆی‌ هه‌ڵبژێری‌ یان چاكتر دبێت یان خراپ تر، ئێمه‌ش ده‌بێت بوار بده‌ینه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بزانین ئه‌گه‌ر ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ ئیشی‌ باشی‌ كرد و زۆر چاك بوو ئێمه‌ ده‌نگی‌ ده‌ده‌ینێ‌ به‌هه‌موو لایه‌ك، ئه‌گه‌ر خراپیش بوو ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ولایه‌ی‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ باش ده‌بێت

هه‌رته‌لی‌:ئایا پێیتوانییه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ پۆستێكی‌ له‌ناو پارتی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، چونكه‌ دڵنیایه‌ جارێكی‌ تر ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و هه‌روه‌ها ناوبراو سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌چی‌ سه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ توركیا و ئێران و ئه‌مریكا ده‌كات كه‌ ئه‌وانه‌ش چه‌ند ئاماژه‌یه‌كن.

مه‌سعود عه‌بدولخالق:تاراده‌ێكی‌ زۆر ئه‌و حیسابه‌ هه‌یه‌ به‌پێی‌ جمووجۆڵه‌كانی‌ ئێستای‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وته‌واوی‌ پارتیش وای‌ لێ‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ تاراده‌یه‌ك ره‌زامه‌ندێكی‌ گشتیش له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆن و میلله‌ت و خه‌ڵكی‌ تریش بۆ نێچیرڤان بارزانی‌ دروست بووه‌، بۆیه‌ش هیچ پۆستی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ چونكه‌ دوو شتی‌ له‌پێشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناوپارتی‌ مایه‌وه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت سه‌ڵاحیه‌تێكی‌ ته‌واو وه‌ربگرێت و چاكسازێكی‌ گشتی‌ له‌ناو پارتی‌ بكات، چونكه‌ پارتیش وه‌كو خۆی‌ باسی‌ كردووه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ ته‌نها له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ سه‌ركه‌وتووبووه‌ ئه‌گه‌ینا له‌ سلێمانی‌ و كه‌ركوك و له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌سه‌ر نه‌بووه‌ ده‌نگێكی‌ وای‌ نه‌هێناوه‌و پارتیش بۆته‌ حیزبێكی‌ لۆكاڵی‌ و پاڵێوراوه‌ بۆ شكست له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ به‌نیازه‌ چاكسازێكی‌ گشتیی‌ بكات مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ له‌هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی‌ بكاته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك گۆرانكاری‌ گه‌وره‌ بكات و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ به‌ره‌ئی‌ ئه‌و به‌كه‌ڵك نه‌ماون بیان گۆرێت وه‌كو به‌رپرسی‌ لقه‌كان و ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ میلله‌ت و له‌گه‌ڵ دائیره‌و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی‌ گۆرانكاری‌ هه‌یه‌ ره‌نگه‌ بیكات، وه‌كرانه‌وه‌یه‌كی‌ بیرۆستررایكایی‌ و گڵاسنۆستی‌ ره‌نگه‌ له‌ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو پارتی‌ مایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقیش مام جه‌لال بێت ئه‌وه‌ به‌ته‌ئكید حكومه‌ت له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ده‌سێنه‌وه‌ و واپێده‌چێت پۆستێكی‌ به‌غدا كه‌ به‌پێی‌ رای‌ چاودێران وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌درێته‌ دكتۆر به‌رهه‌م، چونكه‌ دكتۆر به‌رهه‌م خۆدی‌ خۆی‌ كه‌سایه‌تێكی‌ سه‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌و سیستمه‌ له‌ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو نابێت موتڵه‌قه‌ن، بۆیه‌ له‌ به‌غدا پۆستێكی‌ ده‌ده‌نێ‌ و حكومه‌ت بدرێته‌وه‌ ده‌ست نێچیرڤان بارزانی‌، به‌ڵام به‌ره‌زامه‌ندنی‌ ئۆپۆزسیۆن، پێده‌چێت رێكه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ و گرنگ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بكه‌ن و داواكاریه‌كانی‌ ئه‌وان و میلله‌ت و كۆمه‌ڵكیك گیرگرفت هه‌یه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن وحكومه‌تێك ده‌بێت له‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ په‌رله‌مان.

هه‌رته‌لی‌:پارتی‌ زۆر ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌وه‌دكات كه‌مام جه‌لال ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق و چاودێرانیش ده‌ڵێن پارتی‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر مام جه‌لال له‌كوردستان بێت كێشه‌ و ئاژاوه‌ی‌ دروست ده‌كات بۆیه‌ پارتی‌ ده‌یه‌وێت دوری‌ بخاته‌وه‌، ئایا پارتی‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد یان خۆی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:دووشتی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ چاودێران ئه‌و ره‌ئییه‌یان هه‌یه‌، خاڵی‌ دوومیش ئه‌وه‌یه‌ مام جه‌لالیش تاراده‌ێك ئه‌و پۆسته‌ی‌ پێخۆشه‌ و هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ وه‌كو ده‌وڵه‌تی‌ ‌وئێران و لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش ئه‌وه‌یان پێ باشه‌، بۆكوردیش ئه‌گه‌ر به‌رێكه‌وتن بێ‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان رازی‌ بكرێن مام جه‌لال بكرێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار باشه‌ بۆ كوردیش، به‌ڵام له‌سه‌ر حیسابی‌ خواست نه‌بێ‌، ئه‌گه‌ر هاتوو مادده‌ی‌ 140 و كێشه‌كانی‌ تر هاتنه‌ پاڵ مام جه‌لال و بڵێن كام لاتان ده‌وێت هه‌ڵبه‌ته‌ نابێت ئه‌و كاته‌ سه‌رۆك كۆمارمان بوێت، چونكه‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئه‌وجاره‌ به‌و شكسته‌ی‌(ی‌ ن ك)و كه‌م بوونه‌وه‌ی‌ كورسی‌ كوردو په‌یوه‌ندی‌ خراپی‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ل ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردی‌ هیچی‌ پێناكرێت و پێشووتریش تاڵه‌بانی‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هیچی‌ وای‌ پێنه‌كراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌رای‌ ئه‌وه‌ش سه‌رۆك كۆمار هه‌بێت باشه‌، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌م هه‌نگاوه‌ی‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ كه‌ مام جه‌لال به‌سه‌رۆك كۆمار داده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردستانیش بدرێته‌ كاك مسعود، تائێستا یه‌كێتی‌ له‌و سه‌ودایه‌ی‌ زه‌ره‌ری‌ كردووه‌ وه‌كو حیزب، به‌ڵام ره‌نگه‌ وه‌ك كورد قازانج بێ‌ ، به‌ره‌به‌ره‌ یه‌كێتی‌ بچوك ده‌بێته‌وه‌ و له‌و هه‌نگاوه‌ی‌ بچووكتریش ده‌بێته‌وه‌، ته‌نها كاتێ‌ مام جه‌لال ده‌بێت به‌سه‌رۆك كۆمار ره‌نگه‌ هه‌ندێك ئاهه‌نگ بگیرن، به‌ڵام پاشان كۆتایی‌ پێدێت و برینه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وكاتی‌ كاری‌ زۆری‌ لێده‌كه‌ن و زۆر زۆر بچووك ده‌بێته‌وه‌و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، پارتی‌ كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بچووك و قه‌تیس كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌یاندنی‌ مام جه‌لال به‌سه‌رۆك كۆمار، وادیاره‌ یه‌كێتیش جگه‌ له‌باڵی‌ كۆستره‌ت ره‌سول ئه‌وانی‌ تر هه‌موویان رازی‌ بوون به‌و داواكاریه‌ بچووكه‌ی‌ كه‌ مام جه‌لال ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك كۆمار، پارتی‌ له‌لای‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌و كاره‌ی‌ كردووه‌ به‌هه‌مووانی‌ راگه‌یاندوه‌ كاتێ‌ نێوانی ئۆپۆزسیۆن و یه‌كێتی‌ ناخۆش بوو، پارتی‌ وشیاری‌ پێدان كه‌ مام جه‌لال خه‌تی‌ سووره‌ نه‌ی‌ وت یه‌كێتی‌ خه‌تی‌ سووره‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دێته‌وه‌ كه‌ پارتی‌ ده‌ڵێ رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌یه‌ نه‌ك له‌گه‌ل یه‌كێتی‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ماناكه‌ی‌ روون و ئاشكرا دیاره‌ كه‌ پارتی‌ ته‌نها مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌یه‌ مام جه‌لال بگه‌ێنێته‌ سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام یه‌كێتی‌ ته‌حجیم بكرێ‌ و قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ بدرێتێ‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن هێناونی‌ و ده‌سه‌ڵات بدرێته‌ ده‌ستی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ براوه‌یه‌.

هه‌رته‌لی‌:گۆڤاری‌ گوڵانی‌ زمانحاڵی‌ پارتی‌ راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌م بڵاوكرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌كێتی‌ بێده‌نگه‌ چونكه‌ پارتی‌ پۆزشی‌ هێناوه‌ته‌وه‌، ئایا پێوایه‌ پارتی‌ بێ‌ ئاگا بێت له‌و راپۆرته‌؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق: یه‌ك له‌وبه‌ڵگه‌ دیارانه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ زۆر بچووك بۆته‌وه‌ راپۆرتێكی‌ ئاوا هه‌موو یه‌كێتی‌ هه‌ژاند، نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی‌ كارته‌كانی‌ له‌ده‌ست نه‌ماوه‌ و هه‌مووی‌ خستوه‌ته‌ ده‌ست پارتی‌، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ڵبژاردن پارتی‌ سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌چی‌ یه‌كێتی‌ ئاهه‌نگی‌ ده‌گێرا، به‌ڵام كه‌بینی‌ ئه‌و شته‌ له‌گوڵان رویدا زۆری‌ یه‌كێتی‌ هه‌ژاند، خۆی‌ گۆڤاری‌ گوڵان زمانحاڵی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌، پێشتریش سامی‌ شۆرش ئه‌و نوسینه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ پارتی‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ركرد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌رای‌ پارتی‌ وایه‌، ئه‌م جاره‌ش كه‌ گۆڤاری‌ گوڵان ئه‌و راپۆرته‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ یه‌كێتی‌ زانیاری‌ چاكی‌ هه‌یه‌، سه‌رچاوه‌ێكی‌ نزیكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ به‌منی‌ وت هه‌م ئه‌وه‌ی‌ گوڵان و هه‌م روونكردنه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ له‌یه‌ك رۆژ به‌یه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كرابوون!، زیاتریشی‌ به‌دواداێت، هه‌تا ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌موو ژووره‌كانیشی‌ ته‌سلیم نه‌كراوه‌ و كاتییه‌، من پێیموایه‌ دكتۆر به‌رهه‌م بۆناوبانگی‌ سیاسی‌ و زانستی‌ خۆی‌ كه‌ پیاوێكی‌ لێهاتووه‌ به‌ خێرای‌ حكومه‌ت به‌جێبهێڵێت باشتره‌.

هه‌رته‌لی‌:دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ سه‌ردانی‌ مام جه‌لال و كاك مه‌سعود بارزانی‌ و نێچیرڤان و كاك نه‌وشیروان مسته‌فای‌ كرد به‌مه‌به‌ستی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ نێوماڵی‌ كورد ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ چۆنه‌ به‌رای‌ جه‌نابت؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ بۆ پێكهێنانه‌وه‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان له‌كوردستان هه‌نگاوێكی‌ زۆر زۆر جوان بوو، زۆر پێویست بوو بره‌و به‌و ئیشه‌ی‌ بدرێت نه‌وه‌ستابوایه‌ تاوه‌كو ته‌حقیقی ئه‌و ئامانجه‌ی‌ ده‌كرد، به‌ڵام كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ مه‌جانی‌ بڵێت من ده‌نگ ده‌ده‌مه‌ مام جه‌لال و به‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ بكه‌وێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ێكی‌ زۆر زۆر گه‌وره‌بوو، چونكه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ كوردایه‌تی‌ نییه‌ كه‌مام جه‌لال ده‌چێته‌ به‌غدا له‌به‌رامبه‌ری‌ رێكه‌وتنی‌ مادی‌ و پۆستی‌ سیاسیی‌ و حكومییه‌، رێكه‌وتنی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاك مه‌سعود سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ... له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ رێك كه‌وتوون، له‌به‌رچی‌ ده‌چیه‌ ناو پرۆژه‌یك كه‌كه‌س فه‌رمووی‌ لێنه‌كردبیت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ كوردایه‌تی‌ بێت شتێكی‌ باشه‌، به‌ڵام كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌سه‌ر شتی‌ تر رێكه‌وتوون من ناچمه‌ ناوپرۆژه‌ێكی‌ ئاوا مه‌گه‌ر به‌رێكه‌وتن بێت، دواتر به‌بێ‌ پرسی‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌و كاره‌ ناكه‌م، بۆیه‌ تاراده‌یه‌ك ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بوو، فه‌رموو ئه‌و چاكه‌یه‌ی‌ كرد له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت نیوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ لێبرین، خه‌ڵكی‌ له‌لای‌ خورماڵ لێگرتن ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاری‌ خۆیان، له‌به‌ر چی‌ من چاكه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بكه‌م، له‌باتی‌ ئه‌و چاكه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ده‌یكه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌یكه‌م و هه‌وڵده‌ده‌م ماڵی‌ ئیسلامیی‌ یه‌كخه‌م و پاشان ماڵی‌ ئۆپۆزسیۆنیش یه‌كخه‌م، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هه‌ڵه‌ییه‌یان راستكردۆته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن رێكه‌وتوون، هه‌روه‌ها واچاكه‌ ئه‌وانیش بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و بۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن قسه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌و پۆستانه‌ و كاری‌ بۆ بكه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ داخوازی‌ میلله‌ت كه‌ مه‌غدووره‌ و خۆشیان مه‌غدورن كار بكه‌ن نه‌ك بڕیاڕی‌ مه‌جانی‌ بده‌ن .

هه‌رته‌لی‌:هۆكاری‌ برینی‌ بودجه‌ی‌ حیبزبه‌كان بۆچی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق:خۆی‌ خودی‌ بودجه‌ به‌شێكه‌ له‌و داوه‌ یاساییه‌ی‌ بۆ حكومه‌تی‌ دكتۆر به‌رهه‌م دانراوه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو حیزب َبه‌شدارنین، كۆتایه‌كه‌شی‌ هه‌ر به‌وه‌ی‌ دێنت كه‌باسمان كرد كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام بودجه‌كه‌م كردنه‌وه‌كه‌ هه‌ده‌فێكی‌ تر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌تیش بۆ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر هانا بهێن و رازی‌ بن و پشتی‌ گۆڕانیش به‌ربدن، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ‌ مه‌رج و ئه‌ساس بێن رازی‌ بن به‌وه‌ی‌ مام جه‌لال له‌به‌غدا سه‌رۆك كۆمار بێ‌ و وه‌ ئینزیمامی‌ هاوپه‌یمانی‌ بكه‌ن به‌مه‌جانی‌ وبه‌و نیوه‌ بودجه‌یه‌یه‌.

هه‌رته‌لی‌: ئه‌و دانیشتنه‌ی‌ نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چۆن ده‌بینی‌.

مه‌سعود عه‌بدولخالق:كه‌س نییه‌ یه‌كخستنی‌ ماڵی‌ كوردی‌ پێ‌ خراپ بێت، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كۆمه‌ڵێك خاڵی‌ چاك باس كراوه‌، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن به‌گشتیی‌ له‌بیری‌ چووبوو كه‌ ئه‌وه‌ ئینزمام كردنی‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌، خراپ نییه‌ ئه‌گه‌ر بشچنه‌ ناو هاوپه‌یمانی‌، به‌ڵام به‌مه‌رجی‌ خۆی‌، چونكه‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ دروست نه‌بووه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ پۆست و سامان و نه‌وت و پێكهێنانی‌ ده‌سته‌ڵات دروست بوو بۆیه‌ ده‌بوایه‌ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌وكاته‌ بچنه‌ ناو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ سه‌قه‌ته‌یان پێ‌ هه‌ڵوه‌شیننه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردستان پێك بێنه‌وه‌ و داوای‌ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكیان كردبا له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ یان ئه‌وه‌تا ئه‌وانیش به‌شداربوونایه‌ له‌دابه‌شكردنی‌ پۆست و سامان و نه‌وت و هه‌یئه‌ی‌ ئیداری، ‌ ڕه‌نگه‌ له‌ دانیشتنی‌ سێ‌ شه‌مه‌ ئه‌و باسانه‌ بكرێت، وه‌كو بیستومه‌ جارێ‌ باسی‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نیوه‌ بودجه‌ قوت كراوه‌كه‌ بۆ حیزبه‌كان بگێڕنه‌وه‌ .. ئه‌وه‌ داواكاری‌ زۆر ساده‌یه‌ ده‌بێ‌ داواكاری‌ ومه‌رجه‌كانیان وه‌ك ڕێكه‌وتنێكی‌ تازه‌ بێت، ئێستا ده‌رقه‌تێك له‌به‌رده‌م ئۆپۆزسیۆن ماوه‌ كه‌ ئه‌و سێ‌ شه‌ممه‌یه‌ پێویسته‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌قیس خۆیان نه‌ده‌ن و به‌شداریه‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت هه‌م له‌ كوردستان و هه‌م له‌ به‌غدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە