راگه‌یه‌نراوێک له‌ گروپى پارێزەرانى نیشتمان و نەتەوەیی كوردستان

Sunday, 24/04/2011, 12:00


جەماوەرى ناڕازى كوردستان
سڵاوێكى شۆڕشگێڕا نە.....
ئێمە دەستەیەك لە ئەفسەرا ن و هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆ گروپێك بەناوى پارێزەرانى نیشتمان و نەتەوە ڕادەگەیەنین ..مەبەست لە دروستكردنى ئەم گروپە ڕێنوێنى كردنى سەرجەم ئەفسەران و هێزەچەكدارەكان و هێزى پێشمەرگەى كوردستان و هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆیە بەمەبەستى ئاڕاستەكردنیان بۆ پاڵپشتى كردنى جەماوەرى خۆپیشاندەرى كوردستان لەپێناوى گەیشتن بە داخوازى یە ڕەواكانى گەلەكەمان كە ئێمەش بەشێكین لەوان .
ئێمە دەستەى دامەزرێنەرانى ئەم گروپە ئازادى خوازە باوەڕى تەواومان بە داواكارى یەكانى جەماوەرى گەلەكەمان هەیە كە ئەمڕۆ بەشێوەى خۆپیشاندان لەسەر شەقامى شارەكانى كوردستان داواكارى داوا ڕەواكانیان دەكەن .هەربۆیە ڕایدەگەیەنین و هۆشدارى دەدەینە سەرجەم ئەفسەران و هێزى پێشمەرگەى كوردستان و هێزە چەكدارەكان و هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆ بەبێ جیاوازى شوێنى كاركردنیان كە ئێمە بەشێكین لە گەلە ستەم دیدەكەمان و ئەركمان پاراستنى خاكى كوردستان و خەڵكى كوردستانە دور لە هەر تێڕوانینێكى حیزبایەتى كە ئەمڕۆ دا سەپاوە بەسەرماندا و ئەڵقەو كۆتى حیزب كروەتە ملمان .
پیاوانى ئازاو بەجەرگ ...بێگومانین لەوەى كەهەموومان بە نامەو پشتگیرى حیزبێك دامەزراوین و چەكدار كراوین ،بەڵام ئاگاداربن دەستەڵات و حیزب دەیانەوێت ئێمە بەكاربێنن بۆ پاراستنى خۆیان و دەستكەوتەكانیان و فراوانخوازییان.
ئەوان بەوچاوەوە سەیرمان دەكەن كەئێمە پارێزەرى ئەوانین و لە هەركات و شوێنێكدا یان لەهەر مەرامێكیاندا ئێمە بەكاربهێنن و بمانكەن بەگژ یەكترى دا و خوێنمان بە فیڕۆ بدەن و خوێنى نەیارەكانیان بڕێژین وەك ئەوەى لەم ڕۆژانەدا ڕودەدات و دەبینین كەچ تاوانێكى گەورەمان پێ ئەنجام دەدەن .
پیاوانى ئازاو بەجەرگ ...ئەفسەران ...پێشمەرگە...پیاوانى پۆلیس...هێزەچەكدارەكانى كوردستان .
بیرتان نەچێت ئێمە زادەى گەلین و بەشێكین لە گەل نەك پارێزەرى دەستەڵاتدارانى زۆردار و نادات پەروەر، ئەوان ڕۆژلەدواى ڕۆژ زیاتر دەوڵەمەند تر و زۆردارتر دەبن وەك ئەوەى ئێستا دەیبینین , ئەوان نایانەوێت خۆیان لە ئاستى خەڵكى هەژار و نەدار و ستەەم دیدەى كوردستاندا ببیننەوە . ئەوان تەنها باوەشیان بۆ كۆمەڵێك خەڵك كردۆتەوە كە قازانجەكانیان لەگەڵیاندا هاوتەریبە و بەرژەوەندى هاوبەشیان هەیە .ئەوان دەستە گەرییان دروستكردووە و یاسایەك بەڕێوەیان نابات ، تەنها میزاج و ئارەزووەكانیان كردۆتە یاسا و حەقەكانیان لەژێر پێ ناوە ئێمەشیان ناچار كردووە پێ بە پێى ئارەزووەكانى ئەوان هەنگاو بنێین لە پێناوى ڕازى كردنى دڵى گەندەڵییاندا . ئەوان خۆیان لە ناو كۆشكە بەرزو و ڕازاوەكاندا حەشار داوە كەلە پاڵ خوێنى شەهیدان و ووزە و تواناى ئێمەو گەلەكەماندا دەستیان كەوتووە .ئەوان خۆیان لێ بووەتە پاشاو میر و گەورەپیاو و نەجیب زادە.. كۆمەڵانى خەڵكیشیان لێ یۆتە گەدا و ڕەعیەت .ئەوان لەماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا كوڕى خەڵكیان بە كوشت دا و ئازاردا ئەمڕۆش كوڕى خەڵك دەكوژن و ئازار دەدەن كوڕانى خۆشیان خۆش گوزەرانن و ئامادەیان دەكەن لەپاش خۆیان جێگەى ئەوان بگرنەوە بۆ دەستەڵات .ئەوان نەیانتوانى یاسایەك ڕێك بخەن كەدادپەروەرى ویەكسانى تیابێت و هەموومان لەسایەى دەوڵەتێكى پێشكەوتودا ژیان بگوزەرێنین .. ڕێگەش نادەن كەسانى بەتوانا و دادپەروەر بێنە ناو كایەى دەستەڵات .
هۆشداریتان دەدەینێ دەستڵاتدارانى ئەمڕۆ تەنها بۆ دزینى سەوەت و سامانى ئەم وڵاتە ماونەتەوە ئەگینا هەموویان پێگەیان وا لەوڵاتانى ترى جیهان ، بەڵام تابتوانن بەردەوامى بە مانەوەیان دەدەن بۆ دەستكەوتنى زیاتر و لەو پێناوەشدا سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە و ئامادەن خوێنى ئێمە و ڕۆڵەكانى گەلەكەمان بكەنە قوربانى خۆیان .
پیاوانى ئازاو بەجەرگ ... بێتەوە بیرتان لە ماوەى بیست ساڵى حوكمڕانییاندا ئێوەیان بەكوشتدا .. سەردەمێك لەشەڕى ناوخۆ ..سەردەمێك شەڕى دژى پەكەكە و خیانەتى هێنانى سوپاى تورك و ڕۆژێك هێنانى سوپاى بەعس و سوپاى پاسداران و خودا دەیزانێت لە ئێستادا سوپاى چ وڵاتێكى تریش لەم بستە زەمینەدا تەراتێن دەكەن ... خودا دەیزانێت دەستگاى جاسوسى چەند وڵات لەم وڵاتەسوتاوەدا تۆڕیان داناوە لەژێر سایەى ئەمانەدا ...ئەمانە خواستى ئێمەو گەلەكەمان نین .. ئەمانە تەنها خواستى دەستەڵاتدارانە لە ڕابردوو و ئێستاو داهاتووشدا .ئەوان جیاوازییان دروستكردووە لە نێوان خەڵكى كوردستاندا زاخۆ تا مەندەلى و والەقازانجیان بووە و كوردستانیان دابەشكرد ،بەڵام ئێمە هەموو براى یەكین و لێك جیا نابینەوە .
ئەفسەران ...پیاوانى پۆلیس... هێزى پێشمەرگەى كوردستان ...هێزە چەكدارەكان ...بڕیار بدەن گیانتان لەگەڵ گیانى خۆپیشاندەران و ناڕازى یەكاندا بێت ...ئاگادارى فەرمان و بڕیارى ژەهراوى سەر و خۆتان بن و جێ بەجێى مەكەن ، خۆتان بەدور بگرن لە هەڵچونى جەماوەرى خۆپیشاندەر و خۆتان بەبەشێك لە جەماوەر بزانن دڵنیا بن گوڵباران دەكرێن و پاشەڕۆژ شەرمەزارى بەرۆكتان ناگرێت یاساى خواى گەورە وایە تەنها دەستەڵاتە دەبێت بگۆڕێت و ناجێگیرە ، ئەوەى كە جێگیرە تەنها كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانە ...دەبا هەموومان كۆت و زنجیرى حیزبایەتى لە مل داكەنین و تەنها گەل بەخاوەنى ڕاستەقینەى خۆمان بزانین و ئێمەش پارێزەرى خاكى كوردستان و گەلە ستەم دیدەكەمان بین .
بابڕیار بدەین دەست لەناو دەست بۆ یەك مەبەست ، بائیتر خۆمان بەكەم نەزانین و ڕێگەى ڕاستەقینە هەڵبژێرین و بەشداربین لە دروستكردنى حكومەتێكى مۆدێرن و موئسس و دادپەروەر و پەیوەست بین بەبەها ویژدانى و ڕەوشتى یەكانى خۆمانەوە .
بژى گەل .....
بژى دادپەروەرى......
سەركەوتوو بێت جەماوەرى ڕاپەڕیوى كوردستان

گروپى پارێزەرانى نیشتمان و نەتەوەیی كوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە