کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زەحمەتكێشان پیاوى پاراستن

Wednesday, 20/04/2011, 12:00


ئەمڕۆ لەكوردستان دۆخێك هاتووەتە ئاراوە كە زۆر سەیرە هەموو كەسێك هەوڵدەدات بەهەر شێوەیەك بێت لەسەر حسابى كەسانیتر دەسكەوت بۆخۆى بەدەست بێنێ، ئەو جۆرە كەسانە هەمیشە بەدرێژایى مێژووى حزبایەتى لەكوردستان بوونى هەبووەو ئامادەن هەموو شتێك بكەن تەنانەت مێژووى حزبێك بخەنە ژێر پێوەو بیكەن بە بەردەباز بۆ گەیشتن بە پایەو سەروەتو سامان.
زۆر باس لەحزبى كارتۆنىو پاشكۆى یەكێتىو پارتى كراوە كە شتێكى راستەقینەیەو بوونى هەیە لەگۆڕەبانى سیاسى كوردستانداو ئەگەر بە وردى تەماشاى دۆخەكە بكەین ئەو راستییە زۆر بە ئاسانى هەست پێدەكەین.
كاتى خۆى دوو ساڵ پێش ئێستا لە 28-3-2009 كاتێك باڵى مەكتەبى سیاسى زەحمەتكێشان لەكاك قادر جیابوونەوە بە پاڵپشتى هێزو پارەى زۆر و زەوەندى پارتى، زۆر باس لەوەكرا كە باڵى مەكتەبى سیاسى سەر بەپارتین و ئەڵقە لەگوێى ئەواننو دژى كاك قادر بەكاریان هێناون بۆ ئەوەى پێگەى سیاسى لاواز بكەن. بۆخۆم بە گومانم بووم لەو قسەو باسەى سەر بە پارتى بوونەى دەربارەى باڵى مەكتەب سیاسى زەحمەتكێشان دەكرا، كە توانیان بە هەر شێوەیەك بێت زۆربەى ئەندامان بەلاى خۆیاندا راكێشنو لە دادگاش گرەوى ناوى (حیزبى زەحمەتكێشانى كوردستان) ببنەوە. ئەوەى من دەمەوێ باسى بكەم ئەوەیە كە رۆژ بەرۆژ گومانى پارتى بوونو كاركردن بۆ پارستن لەكردەوەكانى باڵى مەكتەبى سیاسیدا رەنگ دەداتەوە. پێمخۆشە ئەوەش بخەمەوە بیرتان كە چەند مانگێك لەمەوبەر ئەندامێكى سەركردایەتى باڵى مەكتەبى سیاسى كە بەرپرسى جەماوەرییەكان بوو دەستى لەكاركێشاوەیەوە بە هۆى ئەوەى كە پارتى ئەو حزبە بەڕێوە دەبات، ئێستاش كە خۆم ئاشنایەتییەكى زۆرم لەگەلأ ئەندامانى ئەو حزبە هەیە (زەحمەتكێشانى كوردستان-باڵى مەكتەبى سیاسى) زۆرجار باسى پەیوەندى توندو تۆڵى نێوان بەرپرسە باڵاكانى حزبەكەیانو پارتى دەكەنو زۆرجاریش هەندێ ناو دەبەن كە سەرف بە پاراستنیان ناوزەند دەكەنو دەڵێن هەتا ئەوان دانیشتبن ناوێرن باس لە كارە چەپەڵەكانى پارتى بكەنو رەخنە لەسیاسەتەكانى حزبى زەرد بگرن، چونكە دەترسن سیخوڕیان بەسەرەوە بكەن. هەندێجاریش كاتێ ئەو باسە لەنێو خۆیاندا دێتە ناوەوە ئەندامانى سەركردایەتىو مەكتەب سیاسیان دەمیان تەتەڵە دەكاتو ناتوانن وەڵامێكى باوەڕپێكەر بدەنە ئەندامەكانیان.
كاتێ كە مرۆڤ تەنیا بەرژەوەندییەكانى خۆى دەبینێ ئامادەیە هەموو سەروەرییەكانى رابردووى بخاتە ژێر پێ بۆ بەرژەوەندى خۆى، لەوە خراپتر بەرپرسە باڵاكانى ئەم حزبە سەروەرى خەباتى شاخو شارى حزبیان خستووەتە خزمەتى بەرژەوەندى خۆیان، من دەزانم زۆرینەى زۆرى ئەندامانى ئەم حزبە بێزارن لەو رەفتارانەى ئەندامانى سەرەوەیانو وردە وردە خۆیان رێكدەخەن بۆ ئەوەى هەر كاتێك بۆیان رەخسا تۆڵەى ئەو خیانەتەیان لێبكەنەوە، چونكە دەزانن ئەندامانى مەكتەبى سیاسىو سەركردایەتیان (هەموویان نا) لەپشتەوە خەنجەریان لێدەدەنو ستراتیژى حزبیان خستووەتە خزمەت بنەماڵەى پارتىو لەهیچ دۆخێكدا بچوكترین هەڵوێستیان نەبووەو ئێستاش بە توندى دژى ئەم خۆپیشاندانانەنو پێیان باش نییە ئەندامەكانیان بەشدارى لەو كۆبوونەوە ناڕەزاییانە بكەن كە لەشارو شارۆچكەكانى كوردستاندا ماوەى دوو مانگە هەیە، هەر چەندە رێگرى ناكەن، بەلام پێیان باش نییە بەشدارى بكەن. هەروەها بەرپرسەكانیان زۆر بەوردى چاودێرى بارودۆخەكە دەكەنو هەوڵدەدەن بە ناڕاستەوخۆ لەو ئەندامانەیان كە بەشدارى خۆپیشاندانەكان دەكەن زانیارى ورد كۆبكەنەوەو بە راپۆرت بیدەن بە پاراستن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە