بە تەزویرو فشارى زۆر، زۆرینەى نوێنەرانى دەزگاى پاراستن بوونە ئەندام كۆنگرەى پارتى!
Monday, 04/10/2010, 12:00
ماوەى زیاتر لە 3 هەفتەیە پڕۆسە ساختەكاریى و تەزویرەكەى بە ناو دیموكراتى بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى كۆنگرەى 13 ى پارتى ، لەسەرانسەر لێژنەكانى ئامادەكارى بۆ هەڵبژاردنى كاندیدانى كۆنگرەكە، لەسەدا 65 ى كاندیدان و نوێنەرانى دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بارزانى سەركەوتنیان بەدەست هێناوە!
بە واتایەكى دیكە نوێنەرانى مەسرۆر بارزانى توانویانە بەسەر نوێنەرانى نێچیرەڤان و باڵى مەكتەبى سیاسى سەركەوون؟!
بەر لە 3 مانگ پێش وادەى هەڵبژاردنەكان، جۆرێك لە ئاڵۆگۆڕو گواستنەوەو لادانى بەرپرسانى زۆرینەى لقەكانى پارتى ئەنجامدرا، ئەوەى زیاتر دەستى لەو ئاڵۆگۆرانەدا هەبوو، كوڕانى مەسعودبارزانى و بەتایبەتى مەسرور بارزانى بەرپرسى دەزگاى پاراستن ، یارى بە داشەكان كردووەو، هەموو ئەوانەى دانراون لەسنورى لقەكان بە فلتەرى مەسرورو باوكیدا تێپەڕیوون و، وەك كاردانەوەى ئەو هەرەس و دۆڕاندنانەى لە سنورى سۆران بەتایبەتى سلێمانى و كەركوك بە ئاشكرا هەستى پێكرا، كە چۆن بنەماڵەى بارزانى و حزبەكەیان لە دەڤەرى سۆرانیەكان بەرەو پوكانەوەو لەناوچون و ماڵئاوایى كردن چارەنووسیان بووە!
هەرچەندە نەك كۆنگرەى 13 ، بەڵكو بە پێى زۆرێك چاودێرانى سیاسى پارتى لەو سنورانە هەموو ڕۆژێك كۆنفراس و كۆنگرە ببەستێت ئەوا كۆتایى پێهاتووەو، باشترین بەڵگەش ئەوەبوو كۆمەڵانى خەڵكى سنورى سۆرانیەكان بەتایبەتى لە سلێمانى و گەرمیان و هەورامان و بیتوێن و باڵەكایەتى بۆ هەڵبژاردنى مەسعود بارزانى بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم، لەسەدا15 دەنگیان پێدا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە پارتى و بنەماڵەى بارزانى بۆ هەتا هەتایى كۆتایان پێهاتووە لەو سنورانەى باسمانكردوون!
ئەوەى دەمێنێتەوە، كێشەو ململانیەكانى نێوان مەسرور بارزانى و نێچیرەڤان بارزانى و باڵى مەكتەبى سیاسیە، و لە ناو كۆنگرەشدا دەرئەنجامەكان دەبینین و دەبیستین، كە چۆن كۆڕانى مەسعود بە هەرەشەو چاوسوركردنەوەو تۆقاندن، هەوڵدەدەن زۆرترین كانیدیان بۆ كۆمیتەى ناوەندى و مەكتەبى سیاسى دەردەچێنن ، هەرچەندە نێچیرەڤان هەر پێش كۆنگرەكە بەڵێنامەى خۆى وەرگرتووە، كە بە دەستەڵاتێكى زۆر و كاریگەرەوە دەبێتە جێگرى سەرۆكى پارتى و، لەوەش كەمتر كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە تا ئاستى لێكهەڵوەشاندنەوەو جیابوونەوەى نێوان و مام و برازاكان!!
هەرچەندە بەپێى سەرچاوەیەكى نزیك لە نێچیرەڤانەوە، ئەوەمان زانیوە كە پێدەچێت بارزانى خۆى بۆ پۆستى سەرۆك كاندید نەكات و، ئامادەسازیشى كردووە تا منداڵەكانیشى بەو بڕیارە ڕازیبن، كە نێچیرەڤان ببێتە سەرۆكى پارتى، بەڵام ئەمە جێگاى گومانە و، مەسعود عاشق بە دەستەڵات بە ئاسانى وازبهێنێت!
بە پێى سەرچاوەیەكى نزیكیش لە داڕشتنەوەى پەیرەو ناوخۆى پارتى ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە بە هەموو شێوەیەك دەستەڵاتەكانى جێگری سەرۆك زۆر زیادى كردووەو، شتێكى وەهاى كەمتر نیە لە دەستەڵاتەكانى سەرۆك، ئەمەش ڕێتێدەچێت بۆ رازیكردنى نێچیرەڤان ئەو گۆرانكاریانە كرابێت و، تا ئاستێك بۆ كێشمە كێش و ململانیەكانى نێوان مەسعود و نێچیرەڤان دابنرێت!
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەزگاى پاراستن بە هەموو توانایانەوە دژایەتى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى دەكەن، ئەوانەى نەبوونەتە پاشكۆى دەزگاى پاراستن، بەتایبەتى مەحمود محەمەد و، لە نزیكەوە چاودێرى دەكەن و تا ئەوەى پاراستن هەموو هێزى بەكار هێنا تا بەختیارى براى مەحمود محەمەد كە بەرپرسى لێژنەى ناوچەیە لە هەڵبژاردنەكاندا ماوەیان نەدا دەربچێت و، لە جێگاى ئەو نوێنەرێكى پاراستن دەرچوو!
هەروەها ئەوانە گومانیان لەلا دروست بووەكە بەجدى لەناو پارتى ئیش بۆ سۆرانیەكان دەكات و نێچیرەڤانیش پشتیوانى لێدەكات !
سەرچاوەیەك لە نزیك نەزهەت حالى و سەباح مزورى و كە دوو بەرپرسى باڵاى پاراستنن، ئەوەیان نەشاردۆتەوە، كە بە هەموو هێزیان هەوڵدەدەن و ڕاسپێردراون دژایەتى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى بكەن، بەتایبەتى مەحمود محەمەد و، ئەوەشیان نەشاردۆتەوە بۆ پۆستى سەرۆكى پەرلەمانیش مەسرور بارزانى و باوكى ڕێگربوونە و، ئێستاش هەوڵ دەدەین لە كۆنگرە مەحمود محەمەد كە بە كوتلە بزوێنەرەكەى نێچیرەڤان لەناو مەكتەبى سیاسى ناسراوە بیخەن، یا نەهێلێن بكرێتەوە بە (م س) ى داهتووى پارتى!!
دوا خوێندنەوەشمان بۆ ئایندەى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، لە 3 ساڵى داهتووش هەولێرو دهۆكیش وەك خەڵكى سلێمانى و كەركوك و ناوچەكانى دیكە، دەنگى ناڕەزایەكانیان كە خەفەبووە، بەوە تۆڵەى دەكەنەوە ماوەنادەن مەسعود بارزانى تەزویر بكات و حزبەكەشى ئەوەندەى نامێنێتەوە كەشایانى باسكردنبێ!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست