گۆڕان پێویستە چاوێك بە كاندیدەكانیدا بخشێنێتەوە لە پاریزگاى سلیمانى
Monday, 07/12/2009, 12:00
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر نوسەرى بەڕێز (نەژادى حاجى برایم) بابەتێكى بە و ناونیشانەى سەرەوە لە هەمان سایتدا بلاو كردەوە كەدەنگۆیەكى زۆرى لیكەوتەوە لە ناو خوینەرەكانیدا , منیش یەكیك بووم لەوانەو بەپیویستم زانى كە ئەم چەند دێڕەى خوارەوەى لەسەر بنوسسم .
هەروەك دەزانین پێكهاتەى گەلانى عێراق مەعدەنێكى نا منسەجمی بەزۆر پێكەوە لكێنراوە لەسەرەتاى درووستبوونى دەوڵەتى عێراق لە 1921 ەوە كە لە هەردوو نەتەوەى سەرەكى عەرەب و كوردو نەتەوە بە ژمارە بچوكەكانى توركمان و سابئى و ئەرمەن و كلدۆئاشورى پێكهاتوە كە دابەش بوون بەسەر چەند ئایین و مەزهەبێكى ناتەباو نەگونجاودا .
هەموو ئەمانەى سەرەوە لە نەخشاندنى بۆردى پەرلەمانى عیراقدا ِرەنگى جیاوازیان هەیە و حیزب و قەوارەى سیاسى گەورەو بچوك لە پشت ئەم پێكهاتانەوەن .كەواتە پەرلەمان دەزگایەكى تەشریعى گرنگە و سەكۆى ململانێ توندو یەكلاكەرەوەكانە بۆ هەریەكێك لەو پێكهاتانە , هەربۆیە دەبینین ئەوە بۆ ماوەى دوومانگ زیاتر دەبێت پەرلەمان هیچ پرۆژەو یاسایەك باس ناكات و تەنها لەگەڵ داڕشتنەوەى ڕەنگەكانى بۆردى داهاتووى پەرلەمان خەریكە كە دەیان كۆبونەوەى ئاسایى و نائاسایى پر لە كیشمەكیشم و ململانیى سەختى بەستوە بۆ دەرچواندنى پرۆژەیاساى هەڵبژاردن و دابەشكردنى كورسى پارێزگاكان و رەهەندى دەرەوەى عیراق . ئەمە لەكاتێكدا كە وولاتە زلهێزەكانى وەك ئەمریكا و بەریتانیا و .... ئەورپا و نەتوەیەكگرتوەكان و هەروەها وولاتانى دراوسێى تێكەڵ بەپێكهاتەكانى عیراق , وەك ئێران و سوریا و توركیا و سعودیەو دەتوانین بڵێین زۆربەى وولاتانى عەرەبى چاودێرى ووردى ئەو بۆردى پەرلەمانەى داهاتوو دەكەن و هەریەك بەگوێرەى بەرژەوەندیەكانى خۆیان لەم وولاتە كارى بۆ دەكەن .
بۆیە پیویستە لەسەر هەموو حیزب و ِرێكخراوو كیانێكى سیاسى بەشداربوو لەهەڵبژاردنەكانى ئەو پەرلەمانە زۆر بەووردى كارنامەى سیاسى خۆى داڕێژیت و لەوەش گرنگتر خەڵكى شیاوو بەتواناى بۆ بپاڵێوێت .... من لێرەدا وەك كوردێكى لایەنگرى بزوتنەوەى گۆڕان كەسەندن و بەدەست گەیشتنى مافە زەوت كراوەكانى نەتەوەكەم لەم بزوتنەویە چاوەروان دەكەم لە پەرلەمانى عیراقدا, بۆیە بەمافى دیموكراتى خۆمى دەزانم كە دید و بۆچوونم بۆ پالیوراوەكانى لیستەكەم بەتایبەتى لە پاریزگاى سلێمانى كە چۆن هەمیشە قوتابخانەى فێربوونى كوردایەتى و بەرخۆدان بووە و بەئاشكرا سەلماندى كەشارى داهینان و بەرەنگاربوونەوەى زولم و ستەمە و شارى گۆرانە بەتەنها . ئاوەهاش پیویستە كە پالیوراوەكانى لە ئاستى ئەو توانا بەرزەى شارەكەدا بێت و سەربەرزى بۆ تۆماربكەن لەپەرلەماندا .
بیگومانم لەوەى كە سەركردایەتى گۆران بیرى لە هەموو خەسلەتێكى بنەرەتى و پێویست كردۆتەوە كە لە پاڵێوراوەكانیدا بەرجەستە بێت, بەلام وەك لە كادیرەكانى زۆر نزیك لە سەركردایەتى بزووتنەوەكەوە دەبیستین كە ژمارەیەكى بەرچاو لە پاڵێوراوەكان لە دوو خەسلەتدا بە كەم و كوڕی لەیەك دەچن ئەمە بەدوور لە شكاندن یان ناو زڕاندنى یەكیك بیت, لەوانەیە ئەم بەڕێزانە لە كۆمەڵیك سفاتى تردا دەولەمەند و بەهیز بن و لەم دوو سیفاتە زۆر پیویستەدا بێهێز بن : وەك بەڕێزان (...................هتد) كەناوەكانیانم بیرچووە ئەم پاڵێوراوە بەڕێزانە دەرچووى كۆلیجى یاساى ئیوارانن كە بەتەمەنى گەورەیی خویندویانەو هیچ مومارەسەو شارەزاییەكیان لە بوارى شەهادەكانیان نیە (كورد ووتەنى بەگەورەیى فیرى پلاوخوارن نابیت) , بەلى خەلكى یاساناس زۆر پیویستە بۆ پەرلەمان و زۆربەى ئەركەكانى پەرلەمانى دەكەویتە سەر , بەلام نەك لەم جۆرە یاساناسانە , خەسلەتى دووەمى هەمان پۆل لەو پالیوراوانە ئەوەیە كە زمانى عەرەبى نازانن , نەزانینى زمان عەیبە نیە مرۆڤ ئەتوانیت فیربیت بەلام نەك لە قوتابخانەى پەرلەماندا كە ناكریت لەوى فیرببیت !!!, چونكە ئەگەر فەیلەسوفی یاسا بیت و عەرەبى نەزانیت ناتوانیت هیچ تیبگات تا هیچى لێ داوا بكەیت كە بیگەیەنیت كەواتە پیویستە بزووتنەوەى گۆران پەلە نەكات لەدانانى پالیوراوەكانى و دوور بیت لە دەمارى سۆز و لیكنزیكى و....هتد بە چاوى مەنتقى و زانستى بروانیتە هەبوونى ئەو خەسلەتە پیویستیانەى پالیوراوەكانى كارى تەواوى بۆ بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست