بەداخەوە وتارەکەی من لەسەر رۆژتیڤی ڕاست دەرچوو !
Thursday, 09/02/2012, 12:00
جارێکی تر هەوڵە دووژمن کارانەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر گەلی کورد سەریگرت. ئەمجارەیان هەوڵەکەیان بەرامبەری رۆژتیڤی بوو، ئەگەرچی تورکیا نەیانتوانی بە شێوەیەکی یاسایی ئەوکەناڵە دابخەن لە دادگایی باڵایی دانیمارک، بەلام بە هۆی کاریگەری ئابوری و هەوڵە دیبلۆماسیەکانیا توانیان کۆمپانیای ئوێئل ساتی فەرەسنی ناچاربکەن بەداخستنی کەناڵەکە.
هەواڵی داخستنی کەناڵێکی کوردی شتێکی ئاسایی نیە بەلایدا راگوزەر بکەین،چونکە هەر هەوڵێکی دوژمن جا بچوک بێت یان گەورە،ئەوە ماناو دەلالاتی گەورەی هەیە، وە زۆر گرینگە کە دەرسی لێوەفێربین، بەتایبەتی بۆ بەرێوەبەران و ستافی رۆژتیڤی و پارتی کرێکارانی کوردستان، چونکە ئەوە یەکەمین هەوڵی چەپەڵی تورکیا نیە و ناشبێت، تورکیا تا ئێستا چەندان کەناڵ و رۆژنامە و رادیۆ و گۆڤار و پارتی یاسایی کوردی داخستوە، هەم لە ناو خۆیی تورکیا هەمیش لەدەرەوە. ئەگەر چی من تەواو گەشبینم بە هەوڵ و تێکۆشانی بەرێەبەرانی ئەو کەناڵە کوردیە، کە دەتوانن بەکاری بەردەوامیان لە کەناڵێکی تر و بە ناوێکی تر وە لە شوێنێکی تر بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆیان بدەن ،هەروەک چۆن کە هەوڵێک هەیە کە کەناڵی سێرک تیڤی شوێنیی رۆژتیڤی بگرێتەوە لەمەو دوا، بەلام ئەوە کۆتایی بەکێشەکە ناهێنێ، چونکە دوژمن لەبۆسەیە هەمیشە، وە یاسا و رێساکانی ولاتانی ئەوروپاش نەگۆرن، بەتایبەتی بەرامەر پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا. بۆیە زۆرگرینگە کە بەرێوەبەرانی رۆژتیڤی لەمەودوا رەچاوی چەند خاڵێک بکات بۆ بەردەوامیبدا بەکارەکانیان، کە من سێ ساڵ لەمەوبەر لە وتارێکی دریژدا لە شێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا باسم کرد بوون، ئەگەرچی بەداخەوە بەشێک لەو خالانەی کە من ئاماژەم پێکردبوون بەراست گەران، ئەگەرچی من هەرگیز خۆزگەم نەدەخواست بۆ بە ڕاست دەرچونی ئەو شتانەی باسم کردبوون لە سەر شێوازی کارکردنی رۆژ تیڤی. لەخوارەوە بەشێک لە وتارەکەم دوبارە بلاودەکەمەوە.
ئایا رۆژ تیڤی دەتوانێ ببێت بەکەناڵێک لە شێوەی بی بی سی و ئەلجەزیرە ؟
زانا بەهرام
لەندەن کۆتایی ساڵی 2009
گرینگی راگەیاندن :
بێگومان راگەیاندن رۆڵێکی سەرەکی و گرینگ ئەگێڕێت لەسەر کۆیی بوارەکانی ژیان ، جا تیڤیش وەک ژانرێکی بەهێزی راگەیاندن ئەتوانێ بەشداریەکی گرینگ تری هەبێت لەم بوارەدا ، بەو پێیەی کە بەشێوەیەکی بیستراو و بینراو راستەو خۆ ئەچێتە ناو ماڵەکانەوە ، بۆیەش هەموو ئەو گروپ و هێز و توێژە کۆمەڵایەتیانەی کە خاوەن پرۆژە و بەرنامەیەکن و نیەتی گۆرانکاریان هەیە لە کۆمەڵگادا وەک چەکێکی بە هێز سەیری ئەکەن ، سەیریش نیە هەر لە دیکتاتۆرترین رژێمەوە تا دیموکراترین حکومەت زۆر بایەخ بە رۆڵی راگەیاندن بدەن و لەم پێناوەش دا ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار سەرف بکەن ، بەڵام ئایا ئێمەی کورد چەندە توانیومانە سود لەم چەکە کاریگەرە وەر گرین بە ئاراستەی ناساندنی کێشەی رەوایی گەلەکەمان بەدونیایی دەرەوە ؟ئایا پارتە سیاسیەکانی ئێمە چەندە ئیشیان بۆ دروست کردنی دەزگایەکی راگەیاندنی خاوەن ستراتیژی نەتەوەیی کردووە ، بۆ نەهێشتنی کاریگەری ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو بەرامبەر بە سایکۆلۆجیەتی مرۆڤی کورد پەیرەو کراوە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە ؟ ئایا کەناڵە ئاسمانیەکانی ئێمە چەندە توانیویانە زومی کامێراکانیان لە سنوری ئەو جوگرافییایە بەر تەسکە دەر چێت کە حیزب بۆی کێشاوە ؟ واتا چەندە توانیویانە لە سەر ئاستێکی نەتەوەیی کار بکەن و سنورە دەست کردەکانی حیزب بشكێنن و بەرەو بە پیشەیی بوون برۆن و هەیمەنەی حیزب لە سەر کارەکانیان بەلایەنی کەمەوە کاڵ بکەنەوە ؟
بۆچی کەناڵی جەزیرە و بی بی سی ؟ وەک ئەزانین رەنگە بەراورد کردن لە نێوان دوو کەناڵی تیڤی یان زیاتر کارێکی سانا نەبێت ، هەروەها رەنگە هەوڵدانیش بۆ لاسایی کردنەوەی کەناڵێك بە کەناڵێکی تر کارێکی مەنتقی و زانستی نەبێت ، چونکە وەک ئەزانین هەر یەک لە کەناڵی جەزیرە و بی بی سی ، سیستەمی کارکردنیان جیاوازە و هەروەها باگراوەندی کار کردنیشیان هەر جیاوازە ، وە هەر یەکەیان تەمسیل و نوێنەرایەتی کەلتور و نەتەوەیەکی جیاواز ئەکەن ، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم کەناڵانە ئەوەیە کە هەردووکیان لەم سەردەمە کاری راگەیاندنی خۆیان ئەکەن و سوود لە یەک تەکنەلۆجیایی سەردەم وەر ئەگرن ، بۆیەش بە هۆیی ئەو پێشکەوتن و ئاستە بەرزەی کە نیشانیان داوە لە بواری راگەیاندن توانیویانە خزمەتێکی زۆر بە نەتەوەکەی خۆیان بکەن و ببن بە سیمبوڵی نەتەوییان ، کە بێگوومان هەر یەک لە دوو کەناڵە لە لایەن دەوڵەتەکەی خۆیانەوە هاوکاری کراون و دەکرێن تا بتوانن لە سەر پێی خۆیان بووەستن ، بەڵام ئەو هاوکاریەش نەبۆتە هۆیی زیان گەیاندن بە کاریی پیشەیی سەر بەخۆیی کەناڵەکە بە شێوەیەکی گشتی ، وە توانیویانە لەوە دەرچن کەناڵێک بن بۆ یەک وڵات بەڵکو توانیویانە ببن بە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکان، بۆیە ئەشێت رۆژ تیڤی ئەگەر خەونی ئەوەی هەبێت ببێتە بە کەناڵێک بۆ هەمووان ، پێم وایە ئەتوانێت سود لە لایەنە باشەکانی ئەم دوو کەناڵانە وەر گرێت لە پیناو بەدەست هێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیی، هەروەها پێویستە چەند خاڵێکی گرینگ لە خوارەوە دەست نیشان بکەین بۆ ئەوەی ئاراستەی خوێندنەوەکەمان روون بکەینەوە لە سەر گرینگی بە دامەزراو کردنی رۆژ تیڤی ، کە ئەویش بەوە ئەکرێت سەرەتا ئەم کەناڵە هەوڵی ئازاد بوونی بدرێت لە ژێر هەیمەنەی راستەو خۆی سیاسەتی پکک ، کە پێم وایە سود مەندی یەکەم خودی (پکک) و ئەو ستراتیجەیە کە پکک تێکۆشانی لەپێناو ئەکات ، دواتر بینەری کورد و هەتا بەرێوەبەرانی ئەم کەناڵەش سودێکی زۆر ئەبینن .
خاڵی یەکەم :
لە رووی یاساییەوە : ئەگەر چاوێک بە سیستەمی کاری راگەیاندن بخشێنین بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژ ئاوا ، دەبینین کە لە هیچ وڵاتێک رێگە نادرێت هیچ حزبێک یان گروپێکی سیاسی یان ئاینی و ئایدۆلۆجی خاوەنی کەناڵی ئاسمانی خۆی بێت ،ئەمەش بۆ ئەوەیە تا نەتوانێت ئەم کەناڵە وەک بڵند گۆیەك بەکار بێنێ و لە وێوە سیاسەت و ستراتیجی خۆی راستەو خۆ بگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەلگا ، چونکە پێیان وایە ئەبێت دەزگاکانی راگەیاندن لە خزمەتی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا دا بن ، بۆیەش کەنالەکانی راگەیاندن لە ولاتانی رۆژ ئاوا بەشێوەیەکی گشتی لە لەلایەن کەرتی تایبەتیەوە بەرێوە ئەچن کە بریتین لە کۆمپانیایی گەورە یان کەسێکی سەرمایە دار ، وە بەشێکیان لە ژیر دەستی حکومەتەکانن و بودجەیەکی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە بۆ نمونە کەناڵی بی بی سی بەریتانی ، کە لە لایەن حکومەتی بەریتانیەوە بودجەیەکی ساڵانەی بۆ دیاری ئەکرێت ، بەلام ئەوەش بەو مانایە نیە کە پارتە سیاسیەکانی رۆژ ئاوا ناتوانن سود لە کەناڵەکانی راگەیاندن ببینن ، چونکە بەشێک لەو کەنالانەی کە سەر بەکەرتی تایبەتن بە جۆریک لە جۆرەکان نزیکن لە سیاسەت و ستراتیجی پارتێک یان ئایدۆلۆجیەتیکی دیاریکراوەوە ، بەڵام ئەبێت بە پێی ئەو یاسا و رێسایانە کار بکات کەلەلایە حکومەتەکەوە بۆیان دیاری کراوە، بۆیەش بەو پێیەی کە رۆژ تیڤی لە ولاتێکی ئەوروپایی پەخشی ئاسایی خۆی دەکات ، بۆیە گرینگی بە دامەزراو بوون و سەر بەخۆ بوونیشی لێرە دا دەر ئەکەوێت ، چونکە ئەبێت بە پێی یاساکانی ئەو ولاتە کار بکات و سەر پێچی یاساکانی نەکات ، بۆ نموونە: ئەبێت وەک هەر دەزگایەکی ئەو وڵاتە ئەوروپیە داهات و خەرجی خۆیی ئاشکرا بکات ، هەروەها ئەبێت بزانرێت کە کارمەندەکانی چۆن و بە چ شێوەیەک کار ئەکەن ، هەتا لە ناوەرۆکی بابەتەکانی کە بڵاوی ئەکاتەوە ئەبێت پابەند بێت بە یاساکانی راگایاندنی ئەو وڵاتە ، وە بە پێچەوانەوە پشت گوێ خستن و پابەند نەبوون پێیانەوە ، فشارەکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر خۆی زیاتر ئەکات ، وە سنوری بۆ دائەنرێت و رێگەی نادەن بە ئارەزوویی خۆیی و پارتەکەی چۆنی بوێت ئاوا کار بکات . تا دەگاتە ئەوەی کە رەنگە توشی داخستن بێت لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە . کە ئەم یاساو رێسایانەش ئەمرۆ وەک دەست و پێ بەستانێکە لە بەردەم کاری رۆژ تیڤی ، چونکە وڵاتانی رۆژئاوا ژیانیان بە یاسا رێک خراوە و دەسەڵاتەکانیان لێک جیا کراونەتەوە و سەربەخۆن ، بەڵام بۆ رۆژ تیڤی کە خەمی گەلێکی بەش خوراو وڵاتێکی داگیر کراوی بە کۆڵەوەیە ، لە هەمان کاتیش دا پرۆژەو سترتیجێکی نەتەوەیی بەدەستەوەیە بۆ جوڵاندن و هاندانی نەتەوەکەی بەرامبەر بە دوژمنانی ، کە بە پێی یاسایی راگەیاندنی وڵاتە ئەورووپییەکان هەموو جۆرە هاندان و جوڵاندنێکی هەستی نەتەوایەتی و چینایەتی نا یاساییە و رێگە پێ نەدراوە ، بۆیە ئەتوانم بڵێم کار کردنی رۆژ تیڤی بەم جۆرەی ئێستایی لە روویی یاساییەوە بەردەوام لە ژێر مەترسی گوشا خستنەسەر و داخستن دایە ، ئەمە لە کاتێکدا کە هەموومان ئەزانین وڵاتانی ئەوروپا لە پێناو پاراستنی بەژەوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ تورکیا (پکک) بە تیرۆرست ئەزانن ، بۆیەش هەر جۆرە بیانو بە دەستەوە دانێک لە لایەن (پکک) و رۆژ تیڤیەوە ئەچێتە قالبی کاری تیرۆرستی لەروویی یاساییەوە ، ئەمە سەرەرایی ئەوەی کە رۆژ تیڤی لە ناو خۆیی تورکیاش رێگەی پێنادرێ بە ئازادی و بە ناوی خۆیی کار بکات و هەواڵ و راپۆت ئامادە بکات ، کە ئەو سیاسەت و فشارە نادیموکراتیەی تورکیا پرشکی کەوتۆتە بەر دەسەڵات دارانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بۆیە لە باشوریش ئاستەنگی زۆر دێتە رێگایی کارکردنی .
خاڵی دووەم :
لە روویی ئابورییەوە :سیستەمی کارکردنی ئەمرۆیی راگەیاندن لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و لە رۆژ ئاوا بە تایبەتی سیستەمێکی ئازاد و لیبراڵە و پشت بە توانایی دارایی خۆیی دەبەستێت ، کە ئەمەش لە دوایی هەرەسی بلۆکی سۆسیالیستی یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە دەستی پێ کردووە ، بەڵام ئەێت ئەوەش بزانین کە تا ئێستاش باویی سیستەمی کارکردنی ئەو جۆرە راگەیاندنانەش هەر ماوە کە لە سەر بودجەو داهاتی حکومەتەکان کار ئەکات و بەرێوە ئەچێت ،بەڵام بە هۆیی ئەوەی میدیای ئازاد تەعبیر لە بیرو بۆچونێکی دیاری کراو ناکات و دەستی کراوە ترە لە کار کردن، بۆیەش رۆژ بەرۆژ ژمارەی دەزگایی راگەیاندنی سەر بەخۆ لە زیاد بوونن ، لە بەرامبەریش دا سیستەم وشێوەی کاری ئەو تەلەڤیزیۆنانەی کە لەسەر بودجەو یارمەتی حکومەتەکانەوە بەر ێوە ئەچن رووەو پاشەکشێیەو بینەریان لە کەم بونەوەیە ، کە ئەم جۆرە سیستەم وشێوەی کارکردنە زیاتر لە جیهانی سێیەم باوی ماوە ، وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا کە ئەمرۆ زۆربەی کەنالەکانی راگەیاندن لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بەرێوە ئەچن ، بۆیەش بۆ بەردەوامی دان بە کارەکانیان و مانەوەیان پشت بە داهاتی خۆیان دەبەستن ، کە بێگومان ئەوەش لە رێگەی ریکلام کردنی کاڵایی کۆمپانیا جۆربەجۆرە بازرگانیەکانەوەیە.
سەچاوەی ئابووری رۆژ تیڤی لە لایەن (پکک)وە دابین ئەکرێت ، کە من پێم وایە ئەمەش زەختێکی زۆرە لەسەر ئەم پارتە لە روویی ئابوورییەوە ، چونکە وەک ئەزانین ئەم پارتە سەر چاوەی داراییەکەی بریتیە لە هاوکاری ئەندام و لایەنگرەکانیەوە ،بۆیەش پێویستە ئەم پارتە خۆیی بیر لە بەرەو بە دامەزراوەیی و سەر بەخۆیی ئەم کاناڵە بکاتەوە ، چونکە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی کرانەوەی ئەم کەناڵە دا ئەبێتە هۆیی بار سوکی لەسەر شانی ئەم پارتە لە روویی ئابوورییەوە ،چونکە رەنگە تێچووی کار کردنی کەناڵێکی ئاسمانی وەک رۆژ تیڤی لە وڵاتێکی ئەوروپی چەندان جار زیاتر بێت لە بەرامبەر کەنالێک کە لە کورستان یان لە تورکیا بەرێوە بچێت ، هەروەها یەکێکیش لە مەرجەکانی سەربەخۆ بونی هەر کەناڵێکی راگەیاندن لە روویی ئینتیمایی سیاسی و حیزبی، پێویستە سەرەتا ئەو کەنالە بتوانێ پشت بە سەر چاوەی دارایی خۆیی ببەستێ و چیتر پێویستی بە هاوکاری حیزب نەبێت ! کە ئەمەش بەوە ئەکرێت کە ئەم کەناڵە بتوانێ زۆرترین بینەر لە خۆیی کۆبکاتەوە، ئەو کاتەش زۆر بە ئاسانی ئە توانێ سەرنجی زۆرترین کۆمپانیا و خەڵکانی سەر مایە دار بۆ خۆی رابکێشێت ،هەروەها رەنگە ئەم کەناڵە سەر ئەنجام بتوانێ ببێتە سەر چاوەیەکی باشی دارایی بۆ ئەم حیزبە ، چونکە وەک ئە زانین بە پێی دوایین ئامار لە سەر نرخی بڵاو کردنەوەی ریکلام لە هەر کەنالێک بۆ خۆلەکێک لە کاتی پەخشی ئاسایی خۆییدا ، زیاتر لە هەشت بۆ دوانزە هەزار دۆلارە ، ئەمە ئەگەر ریکلامەکە لە کاتی پێشکەش کردنی بەرنامەو بابەتی گرینگ بێت نرخەکە چەندان قاتی خۆی زیاد ئەکات و ئەگات بە چل بۆ شێست هەزار دۆلار .
بۆیە بە سەرنجدانمان لە هەموو ئەو ئاستەنگی و رێگریانەی کە لە بەر دەم کارەکانی ئەم کەناڵە کوردیەن ، چ لە لایەنی یاساییەوە ، هەم لە روویی ئابوورییەوە ، هەروەها بۆ ئەوەی کە ئەم کەناڵە بتوانێ زیاتر بەرەو پیشەیی بروات ، لە هەمان کاتیش دا بتوانێ خزمەتی زیاتری ئەو پرۆژە و ستراتیجە نەتەوەییەی بکات کە کردویەتیە ئامانجی کاری سەرەکی خۆیی ،بۆیە باشترین رێگە لە بەردەمیدا کرانەوی زیاتر و هەنگاو نانە بەو ئاراستەیە دا کە لە سەرەوە باسمان کرد ، بە پێچەوانەوە بەردەوام بوون لە کار کردن بەم شێوەیەی ئێستا لە بازنەی حیزبایەتی ئەسورێتەوە وەک تەواوی کەناڵە کوردییەکانی تر و ناتوانێ ببێتە کەناڵیکی نەتەوەیی بۆ هەمووان، وە خۆیی رووبەرووی کۆمەڵێک کێشەی یاسایی دەکاتەوە ، بۆیە من پێم وایە کاڵ کردنەوەی هەیمەنەی راستەو خۆیی پکک لە مەو دوا لە سەر کاری ئەو کەناڵە ئەچێتە خزمەتی بەردەوامی دانی ئەم کەنالە ، بەپێچەوانەشەوە بە زیانی پکک خۆی تەواو ئەبێت هەم لە باری ئابووریەوە هەم لە باریی یاساییەوە هەروەها لە گەیاندنی ئەو پەیامەی کە ئەیەوێت بیگەیێنێ ، سەرەنجامیش زەرەر مەندی یەکەم خودی پکک و بەرێوەبەرانی ئەم کەنالە و دواتریش گەلی کوردە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست