کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەرن با سەگ نەبین!!...

Monday, 08/06/2009, 12:00


لەزگەیەك خۆى نوساند بە دیوارێكى بۆیاخكراودا، رۆژگار هاتو رۆژگار چوو، بۆیاخەكە ڕزىو لە دیوارەكە بوەوە، رەنگە بۆرو چڵكنەكەى دیوار دەركەوت، ئەگەرچى دیوارەكە بوبووە رێگر لەبەر دەم رێگاى هاتووچۆو روانینى خەڵكى، بەڵام لەبەر بۆیاخە جوانەكەى زۆر كەس حەزى نەدەكردو بگرە پارێزگاریشى لێ دەكرد لەوەى كە بە بەربەستێك لە رێگاى روانینو هاتووچۆیدا ناوزەدى بكات ، ئەوانەش كە ناوزەدیان دەكرد بە دیوارێكى رێگرو بەربەست لە روانینەكان لەبەر بۆیاخە جوانەكەى هێندە دڵڕەقانە بیریان لێ نەدەكردەوە، بەڵام هەر كە بۆیاخەكە رزىو دیمەنە راستەقینەكە دەركەوت گەلێك كەسى عاشق بە دیوارەكە تووشى شۆك بوون وەك ئەوەى كارەبا لێى دابێتن تێفكرین لە جوانىو سەختى دیوارەكە، ئەوانەش كە هەر لە سەرەتاوە بەدڵیان نەبوو ئیدى بە نەرمى لێدوانیان نەكرد لەسەرى، چونكە ئەوان لە مێژ بوو نهێنى ئەو دیو دیوارەكەیان ئەزانىو بە نەشیاویان لە قەڵەم ئەدا، بۆیە لەگەلأ دەركەوتنى رەنگە راستییەكەیدا بێگومان بوون لەوەى كە دەیڵێن (ئەبێت ئەم دیوارە نەمێنێت!!) .
با لەزگەكەمان لەبیر نەچێت.. لەگەلأ رزینى بۆیاخى دیوارەكەو لێبوونەوەى، ئەو لەزگەیەى هێندە تووندو پتەو خۆى نوساندبوو بە دیوارەكەوە تاكو هەردەم لەبەر چاو بێت؟! لێبوەوەو كەوت ، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەم بە تەنها لێنەبوەوە، بەڵكو بۆیاخەكەى هەر بەخۆوە نوساندبوو، لەبەر ئەوەى تازە لەوە دەرچووبوو بە شتێكى ترەوە بنووسێ خۆى لە بۆیاخەكە نەدەكردەوە، ئەمە لە كاتێكدا بۆیاخەكە خۆى رزى بوو!.
وتەیەكى پیرۆزو جوان هەیە دەڵێ (رۆژگار وەڵامى هەموو پرسیارەكان ئەداتەوە!...)، دوانیوەڕۆیەكى درەنگ بەرەو ئێوارە ئەچوو، ناوەندى شارەكەم بە هەنگاوە ماندووەكانم ئەپێوا ، بە بەردەم وێنەكەى (شێخ مەحمود)ى سەركردەدا لەبەر دەركى سەرا، بە تەنیشت پەرتووك فرۆشەكانى سەر شۆستەى شەقامەكەدا رێم دەكرد، لەپڕ كۆمەڵێكم لەخەڵك بینى وەك ئەوەى لە شتێك ئاڵابن، لێم روانین، لەسەر سەریانەوە بە گەورەیى لەسەر پارچە قووماشێك نووسرابوو (وەرن با سەگ نەبین!!) سەرم سووڕما، پێكەنینم هات بە نوسراوەكە، حەزم دەكرد بۆ وەڵامدانەوەى ئەو رستەیە هەر بۆ كۆمیدیا بووەڕم بەڵام شەرم رێى پێنەدام، چونكە ئەو رستەیە كۆپلەیەك لە دیمەنێكى كۆمیدیاى هێنایە پێش چاوم، كە گەیشتمە لاى كۆمەڵە خەڵكەكە بینیم لە مێزێك كۆبوونەتەوە كە لە بەردەم ئەو نوسراوەى (باسەگ نەبین!) دانرابوو، مێزەكە پەڕاوێكى گەورەو چەند پەڕەیەكو پێنووسێكى لەسەر بوو، یەك دوو كەسیش لە پشتى مێزەكەوە لەسەر كورسییەك دانیشتبوون، خەڵكەكەش ناوى خۆى دەنووسىو واژۆیەكى لە تەنیشت ناوەكەى خۆى دەكرد، دواى ئەوەى لەم نوسراوەو لەم ناو نوسینو واژۆ كردنەم پرسى بۆم دەركەوت، كە حكومەتەكەم لە زارى بەرپرسى راگەیاندنى وڵاتەكەمانەوە میللەتەكەمان بە سەگ ناودەبات!! .. ئاى چ خەمێك دایگرتم .. ئیتر ئەو پێكەنینەى كە سەرەتا لەلام دروست بووبوو ئەو دیمەنە كۆمیدیایەى یەكەم جار پێش زانینى كۆمەڵەكە لەلام دروست بووبوو یەك پارچە بووە وێرانەو پڕ لە دیمەنى تراژیدیا .. ئاى دەبێت چەندین هەزار كەس نیگەران بووبێتن، بەڵام وەك ئەوەى وەك من بێدەسەڵات بنو هیچیان پێ نەكرێت، جگە لە ناو نوسینێكو واژۆ كردنێك هیچى تر نەبوو، وەك ئەوەى بێنو بڵێن "ئێمە سەگ نین ئێمە هاونیشتمانى وڵاتى خۆمانین ، ئێمە مرۆڤین" .. ئاى چەند بەزەییم بە خۆمدا دێتەوە كاتێك دەزانم دەیان هەزار لە رۆڵەى ئەم میللەتە بۆ نانى سبەى ئەم خەڵكە خۆى بە كوشتندا ئێستاكەش ئەو خەڵكە سەگ بێت!!، ئەى دەبێ ئەوانەى بۆ نانى ئەم خەڵكە خۆیان بە كوشتندا چى بووبێتن!!! .. هەموو دەربەدەرییەكانمان لەسەر نانى مناڵانى وڵاتمان بوو ئێستا سەگ بین!!، ئاى چەند غەمبار بووم.. ئێ كە من نان نەخۆم هیچ وشەو بیرێك بە مێشكى ماندوومدا نایەت بگرە دەرگاى گوێم بۆ هیچ دەنگێك ناكەمەوە ...
ئۆخەى..، ئەمە ئەو رۆژەیە كە وەڵامى دەنگە زوڵالأو بەرزەكەى حكومەتم ئەداتەوە، جەنابى (سەرۆ قادر)، كە بەم میللەتەى وتبوو (ئەم خەڵكە وەكو سەگ وان ، نانیان بەرێ ناوەڕن).. جەناب سەرۆ قادر، ئێستا ئەمە ئەو رۆژەیە كە رەشو سپى تێدا دەردەكەوێت، ئەمە ئەو رۆژەیە كە ئاشكراى دەكات سەگەكان كێنو گورگە كێویەكانیش كێن، تۆ دەبوایە چیرۆكى سەگو گورگەكەت ببیستایە ئەوسا ئەم میللەتەت بە سەگ بزانیایە، چونكە گورگەكە دەڵێ با لە برساندا بمرمو پیاوى كەس نەبم، ئەى ئەوە نییە بە هەزارن كەس لەم میللەتە نان بڕاو دەكەن لە باوەشى دایكى نیشتمانیان وەك ئەوەى ئێوە باوكى ئەم وڵاتە بن، سەیرەكە لەوە دایە ئەوانەى نان بڕاویان دەكەن حەپەیان نایەت بەڵكو دەلورێننو هاوەڵەكانیان ئاگادار دەكەنەوەو دەڵێن ، سەگەكان بەرماوە خۆرن.. سەگى بەر قاپى ئاغاكانیانن.. ئێمە لەوان نیین، سەگەكان گەر ئاغاكانیان نانیان نەدەنێ پاسى پاسارییەكیان بۆ ناكرێ ئەگەر چى ئاغاكانیان تەنانەت دەرگاى ماڵەكانیشیان بۆ قاییم ناكرێ!، دەلورێننو دەڵێن ئێمە نە ئاغاى كەسینو نە كەس ئاغامانە، ئێمە نیشتمانێكمان هەیە ماڵى خۆمانە، یەكدى بانگ دەكەنو دەڵێن وەرن با كۆبینەوەو خاكەكەمان لە ئاغاو سەگەكان پاك بكەینەوە، ئەو گەنمەى لەم خاكەدا دەڕوێ با بە لەشى سەگەكان گڵاو نەبێ چونكە نانى مناڵەكانمانە...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە